دەقی وتارى سه‌رۆكى حكوومه‌ت له ڕیوڕهسمى سى و یه‌كه‌مین خولى ده‌رچووانى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین

ئێواره‌ى رۆژی پێنجشه‌ممه، 28ى حوزه‌یرانى 2012، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى ئاهه‌نگى ده‌رچووانى خولى سى و یه‌كه‌مینى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دیندا كرد كه به به‌شداریى قوتابیانى ده‌رچوو و كه‌سوكاریان و به ئاماده‌بوونى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیران و به‌رپرسانى حكوومى؛ له لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیى زانكۆى سه‌لاحه‌دینه‌وه له یاریگاى نێوده‌وڵه‌تیى شه‌هید فه‌ره‌نسۆ هه‌ریرى له هه‌ولێر ساز كرا.
سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا وتەیەکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:
به ناوی خوای گه‌وره
مامۆستایانی به‌ڕێز..
قوتابیانی خۆشه‌ویست..
خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ لێره‌م و له‌گه‌ڵ ئێوه‌م بۆ به‌شداریكردن له ڕێوڕه‌سم و ئاهه‌نگی ده‌رچوونی ئه‌مساڵ له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین.
پیرۆزبایی له قوتابیانی ده‌رچووی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و ئێوه‌ی كه‌سوكاری قوتابیان و هه‌موو قوتابییه ده‌رچووه‌كانی ئه‌مساڵی گشت زانكۆكانی كوردستان ده‌كه‌م. ئه‌رك و ماندووبوونی مامۆستایانی دڵسۆزیش زۆر به به‌رزى ده‌نرخێنم .
خوێندكاره ده‌رچووه‌كانی ئه‌مساڵیش له دوای قۆناغی خوێندنی زانكۆیی ده‌چنه قۆناغی كار و ئه‌ركی زیاتری ژیانه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌ركی به‌كارهێنانی ئه‌و زانست و زانیاریه‌ی له ماوه‌ی خوێندنی زانكۆدا وه‌ریانگرتووه ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی ئه‌و قوتابیانه. حكوومه‌تیش له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، به‌رپرسیاریه‌تیی دابینكردنی دۆخێكی ئارامی ژیان و كاركردن، هه‌روه‌ها زه‌مینه‌سازكردن بۆ دروستكردنی هه‌لی كار؛ ده‌كه‌وێته سه‌ر شانى.
ئێمه له خه‌ونه‌كانی ئێوه تێده‌گه‌ین بۆ ژیانێكی خۆش و سه‌رده‌میانه، كارنامه و نه‌خشه‌ی ئێمه‌ش دابینكردنی ئه‌و ژیانه‌یه بۆ نه‌وه‌ی تازه له كوردستاندا.
هیوادارین ئه‌و قوتابییه ده‌رچووانه‌ی ئه‌مساڵ كه ده‌بنه فه‌رمانبه‌ری حكوومه‌ت، ببنه هۆی زیاتر چالاكبوونی ده‌زگاكانی حكوومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌زگاكان زیاتر كار بكه‌ن و خزمه‌تی زیاتر پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بكه‌ن.
ئێوه ئه‌مڕۆ سه‌ركه‌وتن، پیرۆز بێت، پیرۆز بێت لێتان، به‌ڵام له بیرتان نه‌چێت، له بیرتان نه‌چێت ده‌بێ كوردستانیش به ته‌واوه‌تی سه‌ربكه‌وێت، ئه‌وكات سه‌ركه‌وتنی هه‌موومان ته‌واوتر ده‌بێت.
قوتابیانی خۆشه‌ویست..
ده‌زانین هه‌مووتان پێویستیتان به كاره، به‌ڵام نه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نه هیچ حكوومه‌تێك له جیهان ناتوانێ هه‌موو ده‌رچووان له كه‌رتی گشتیی حكوومه‌تدا دابمه‌زرێنێ. بۆیه‌ش هه‌ر لێره‌دا به ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌ڵێم ئێوه خاوه‌ن هێزێكی گه‌وره‌ی كاركردنن، به جورئه‌تی گه‌نجانه‌ی خۆتانه‌وه تێكه‌ڵی هه‌موو بواره‌كانی كاركردن ببن. بێگومان حكوومه‌ت به گشتی و هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زاره‌تی پلاندانانیش به ته‌واوی یارمه‌تیی ئێوه ده‌ده‌ن.
ئێمه وه‌ك حكوومه‌ت به گشتی به دابینكردنی ئاسایش، كاركردن له‌پێناو بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی كوردستان و بووژاندنه‌وه‌ی بواره جیاجیاكان، هه‌لی كاری زیاتر له كوردستان دروست ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها پڕۆژه‌كانی پێدانی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری و قه‌رزی بچووك و پێشینه‌ی خانووبه‌ره درێژه پێده‌ده‌ین، ناردنی قوتابیانیش بۆ ده‌ره‌وه بۆ خوێندن كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له كابینه‌ى شه‌شه‌مه‌وه ده‌ستى پێ كردووه، درێژه‌ى ده‌بێت و به‌رده‌وام ده‌بێت. ڕێوشوێنی باشتریش دانراون كه قوتابیان باشتر بتوانن سوود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرن. له هه‌مان كاتتدا له لێكۆڵینه‌وه‌داین كه پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون سوودی زیاتر به خاوه‌ن داهاته دیاریكراوه‌كان بگه‌یه‌نن.
لێره‌دا ئه‌م بۆنه‌یه به هه‌ل ده‌زانم، بۆ ئه‌وه‌ی داوا له هه‌موو كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییه‌كان بكه‌م له كوردستان كه سوود له توانای گه‌نجانی كوردستان وه‌ربگرن له كار و پڕۆژه‌كانیاندا.
داوا له سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و هه‌موو زانكۆكانی كوردستانیش ده‌كه‌م، كه سوود له ئه‌زموونی چه‌ند زانكۆیه‌كی كوردستان وه‌ربگرن له دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیاكان، بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیانی ده‌رچوو هه‌لی كاریان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێ.
هه‌ر لێره‌شه‌وه داوا له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و هه‌موو زانكۆكانی كوردستان ده‌كه‌م، توێژینه‌وه‌كانیان هێشتا زیاتر نزیكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بكه‌نه‌وه، لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆرتر و باشتریش بكه‌ن له سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كوردستان و لێكه‌وته‌كانی له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، لێكه‌وته‌كانی وێرانكردنی كوردستان له سه‌ر كۆمه‌ڵگه و تاكی كوردستان له لایه‌ن ڕژێمه‌كانی رابردووی عێراق، چۆنیه‌تیی بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی كشتوكاڵ، هه‌روه‌ها چۆنیه‌تیی نه‌هێشتنی توندوتیژیی خێزان و توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان و چاره‌سه‌ریی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا.
به‌و شێوه‌یه قوتابیان و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان زیاتر ده‌توانن سوود له زانكۆكان وه‌ربگرن.
به‌ڕێزان..
به‌بێ هیچ كه‌م و زیاده‌یه‌ك ده‌ڵێم: ئێمه له كوردستان؛ ئێستا له قۆناغێكی هه‌ستیارداین، به هۆی ئه‌و ته‌نگژه سیاسی و دهوڵهتدارییهی له عێراق هه‌یه، هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی به كرده‌وه له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه هه‌یه كه ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقى له سه‌ر دامه‌زراوه كه ئه‌ویش سیسته‌می دیموكراسیی فیدرالیی بوو، كه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كێشه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی كوردیش ده‌بووایه تا ئێستا به ته‌واوی چاره‌سه‌ر ببووایه. كه‌چى به داخه‌وه كێشه‌ی سنووری كوردستان كه ماده‌ی 140 كرایه ڕێگه‌ی دیاریكردنی، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه و مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و غاز و دابه‌شكردنی داهاته نه‌وتییه‌كان خرانه ناو ده‌ستوور، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاكوو ئێستا هیچ كام له‌و خاڵانه جێبه‌جێ نه‌كراون، كه خاڵی گرنگ و حهیاتین بۆ گه‌لی كوردستان له عێراقدا. گه‌لی كوردستان زیاتر له‌و ماوه‌یه‌ی كه له ده‌ستووری عێراقدا دیاری كرابوو، چاوه‌ڕێی كرد و سه‌بری كردووه، بۆیه‌ش ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه هه‌موومان به یه‌ك ده‌نگ بڵێین چیتر پێشێلكردنی ده‌ستووری عێراق و پشتگوێخستنی مادده و ماوه ده‌ستوورییه‌كان له جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی په‌یوه‌ست به گه‌لی كوردستان و په‌یوه‌ست به دیموكراسییه‌وه، قبووڵ ناكرێت.
له هه‌مان كاتدا له ڕووی ئیداری و حكوومهتداریشهوه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه پێویسته حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی به‌رامبه‌ر هاووڵاتیانى هه‌رێم و پارێزگاكان و پێدانی به‌ش و مافه‌كانیان، تێكه‌ڵی ململانێ سیاسییه‌كانی عێراق نه‌كات، نابێ ئه‌و ماف و به‌شانه بكرێن به كارتی فشار بۆ سه‌ر هیچ هه‌رێم و پارێزگایه‌ك. ئه‌وه سیاسه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه له سه‌رده‌می ڕژێمی سه‌ددامدا و ئێستاش له عێراقی فیدراڵ و سیسته‌مێك كه بڕیاری لێدراوه ده‌بێ دیموكراسیانه بێت؛ نابێ دووباره بكرێته‌وه، ته‌نانه‌ت نابێ هه‌ر بیریشی لێ بكرێته‌وه.
به داخه‌وه له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌شی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی بودجه و له ڕووى سووته‌مه‌نییه‌وه به ته‌واوی نه‌دراوه و له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ و له مانگی ڕابردووش به‌شی هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له سووته‌مه‌نى كه‌م كراوه، به شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌كان و سیاسه‌تی چه‌ند ساڵی ڕابردووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌بووایه له بواری نه‌وت و غازدا، ئێستا كوردستان به‌و گه‌رمایه له بارودۆخێكی زۆر مه‌ترسیداردا ده‌ژیا، چونكه كاره‌با ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی ژیان و خزمه‌تگوزاری و كاره‌كانی حكوومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت و هاووڵاتیانه، ئه‌مانه هه‌موویان په‌یوه‌ستن به كاره‌باوه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان نه‌كردبا، له به‌ر بێ كاره‌بایی له هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌روه‌ها له شارى كه‌ركووكی خۆشه‌ویستیش ئێستا ژیان ده‌وه‌ستا.
كه ده‌ستمان به‌و هه‌نگاوانه كرد، سه‌ڕه‌رای ڕێگریی ده‌ره‌كی ، زۆر ڕه‌خنه و ته‌نانه‌ت دژایه‌تیی ناوخۆییش له هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕوومان كرانه‌وه، به‌ڵام گه‌وره‌یی ئامانجه‌كه كه خۆشكردنی ژیانی هاووڵاتیان بوو؛ هانده‌رى ئێمه بووه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بۆیه سارد نه‌بووینه‌وه و سه‌ركه‌وتین. كه‌چى به داخه‌وه ئێستاش زۆر جار له لایه‌ن هه‌ندێ لایه‌نه‌وه ڕه‌خنه له‌و سیاسه‌ته نه‌وتییه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گیرێت. له سه‌ر ئاستی عێراقدا ده‌ڵێین: هه‌رێمی كوردستان به پێی ئه‌و مافانه جوولاوه‌ته‌وه و ده‌جوولێته‌وه كه له ده‌ستووری عێراقدا به هه‌رێمی كوردستان دراون، له سه‌ر ئاستی ناوخۆییش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر جار ڕوونكردنه‌وه‌ی داوه‌ته په‌رله‌مان و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و حزبه سیاسییه‌كان، ئێستاش ئاماده‌ى هه‌ر وه‌ڵام و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى تریشه ئه‌گه‌ر له‌مباره‌یه‌وه پێویست بێت.
ئه‌مڕۆ ده‌رفه‌تێك بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵكه‌وتووه كه ئه‌م جاره له جیاتی ئه‌وه‌ی نه‌وتی خۆمان ببێته پاره‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ی كوردی پێ له ناو ده‌برێ، ئه‌وه ده‌بێته مایه‌ی پێشكه‌وتن و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ گه‌له‌كه‌مان. ئێستا هه‌رێمی كوردستان له سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهاندا ناوێكی دیار و به توانایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له ستراتیژییه تێكه‌ڵی مه‌سه‌له‌ی ته‌سكی سیاسی و حیزبی نه‌كه‌ین، باوه‌ڕ بكه‌ن ژیان و ئاینده‌یه‌كی زۆر باش بۆ گه‌لی كوردستان دابین ده‌كرێت، بۆیه‌ش ئێستا له‌و مه‌ڵبه‌نده زانستییه‌وه ده‌ڵێم: ئه‌مڕۆ شانسێكی گه‌وره‌ی پێشكه‌وتن بۆ كوردستان هه‌یه، پێویسته وشیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆسیه‌یه بكه‌ین و گرفت بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه مێژووییه‌ى هه‌رێمى كوردستان دروست نه‌كرێت له هیچ لایه‌نێكه‌وه.
ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان؛ پێداگیری ده‌كه‌ین له سه‌ر ئه‌نجامدانی چاكسازی و ئه‌وه‌مان كرده ئامانجی حكوومه‌ت و پلانمان بۆی هه‌یه و كاریشى بۆ ده‌كه‌ین به كرده‌وه و به‌رده‌وامیش ده‌بین.
له هه‌موو هه‌نگاوێكدا ئامانجمان ئه‌وه‌یه یه‌ك حكوومه‌ت بچه‌سپێنین، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی من دهیهاوێژم، هه‌نگاوی جێگری سه‌رۆكى وه‌زیرانه و هه‌نگاوی هه‌موو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه. كه جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانیش هه‌نگاو ده‌نێ، پاڵپشتى و پشتگیریى من وه‌ك سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى هه‌یه، هه‌نگاوه‌كانی ئه‌ویش به هه‌مان شێوه. ئێمه حكوومه‌تمان هه‌یه، نه‌ك ئیداره‌ی فڵان و فیسار حیزب، من خۆم به‌و شێوه‌یه سه‌یری حكوومه‌ت ده‌كه‌م، وا بزانم ئه‌و تێڕوانینه‌شم هیچ جیاوازى نییه له‌گه‌ڵ بۆچوونی خه‌ڵكی كوردستان به گشتى.
ساڵ به ساڵ ڕێكوپێكى و شه‌فافیه‌ت له بودجه‌دا زیاتر بووه، كار و هه‌وڵی هه‌موو لایه‌كیش له‌و بواره‌دا جێگه‌ی ڕێز و پێزانینى ئێمه‌یه له هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ڕابگه‌یه‌نم قه‌ت شتێكی گونجاو نییه هه‌نگاوه‌كان و ئه‌ركه‌كانمان تێكه‌ڵ بكه‌ین، نابێ هه‌موو شتێك بكه‌ینه بابه‌تی سیاسی بۆ هه‌لبژاردن و ئینتیخابات، ده‌بێ وا بكه‌ین ده‌زگاكانی ئێمه كاری خۆیان بكه‌ن، ئێستا په‌رله‌مانێكی كارامان هه‌یه، ئێمه وه‌ك حكوومه‌ت پێمان خۆشه ئه‌و په‌رله‌مانه كه سه‌رچاوه‌ى شه‌رعیه‌ته له هه‌رێمى كوردستاندا كارا بێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی چاودێرانه‌ی خۆی ببینێ، كه ئه‌و ڕۆڵى خۆى ده‌بێت، بێگومان حكوومه‌تیش چالاكتر ده‌بێت.
هه‌ر لێره‌وه ده‌مه‌ێ سوپاسى په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌م كه له‌و ماوه‌یه‌دا به جددى كاریان كردووه له هه‌موو بواره‌كانى ژیانى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستاندا.
قوتابیانی خۆشه‌ویست، دووباره دڵخۆشم به دڵخۆشیی ئێوه و كه‌سوكارتان، دڵخۆشم به سه‌ركه‌وتنتان، پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم، ته‌مه‌نتان درێژ بێت و خواى گه‌وره مووهفهقتان بكات و هه‌ر له سه‌ركه‌وتندا بن له ژیاندا و زۆر زۆر به خێر بێن به سه‌ر چاو.
دیسانه‌وه پیرۆز بێ لێتان.. زۆر سوپاس.




