٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شەری ئاكەپە و جەماعەتی گولەن: ئاشكرا و مەترسیدار

سەرچاوە: KDP.info

قەدری گۆرسەل

وەقفی رۆژنامەنووس و نووسەران كە وەكو رێكخراوی سەرەكەی بزافی خزمەتی گەلە و لە نێو كۆمەڵگەدا جەماعەت ناسراوە، هەفتەی رابردوو راگەیندراوێكی سەرنجڕاكێشی 11 خاڵی بڵاو كردەوە و وەڵامی ئەو تاوانانەی دایەوە كە خراونەتە پاڵ جەماعەتەوە. خاڵی سەرنجڕاكێشی ئەم راگەیندراوە ئەوەیە كە لە سەرەتای راگەیندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە هەر هەمووی تاوانەكان لە لایەن دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدانەوە خراونەتە پاڵ جەماعەتی خزمەتەوە.

بۆیە وەقفی رۆژنامەنووس و نووسەران كە رێكخراوی سەرەكەی جەماعەتی خزمەتی گەلە ( جەماعەتی گولەن) لە ژێر ناوی وەڵامێك بۆ ئەو تاوانانەی كە لە لایەن ئاكەپەیەوە خراونەتە پاڵ خزمەتەوە راگەیندراوێكی بڵاوكردەوە و خاڵی گرنگی ئەم راگەیندراوە ئەوە بوو كە لەم 11 تاوانەدا ژمارەیەكی زۆریان یەكەم جارە كە بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكرن. بۆ نموونە سێیەمین تاوانی سەرتایی ( پشتگیری كردنی بزافی خزمەت لە رووداوەكانی پاركی گەزی، ئەو كەسانەی كە دەستیان لە رووداوەكانی پاركی گەزیدا هەبووە لە لایەن دادوەرەكانی سەر بە جەماعەتەوە ئازاد كراون و پولیسەكانی سەر بە جەماعەت بە مەبەستی گەورەتر كردنی رووداوەكان و ئاڵۆزتر كردنی بارودۆخەكە هێرشیان كردووەتە سەر خۆپێشاندەرەكان و چادری خۆپێشاندەرەكانیان سۆتاندووە. ئەم سێ تاوانە بۆ یەكەمینجارە كە زۆر بە ئاشكرایی باسیان لێوە دەكرێت و پێشكەشی رای گشتی دەكرن. من تا ئێستە نەمبیستبوو كە بەرپرسێكی ئاكەپە باسی ئەم رووداوانە بكات و هیچ كاناڵێكی راگەیاندنی ئاكەپەیش باسی ئەم رووداوانەی نەكردبوو.

ئەگەر حاڵەتێكی دەگمەن هەبووبێت ئەوا من ئاگام لێ نییە بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئەمە یەكەمینجارە كە ئاكەپە بە رەسمی ئاماژە بەوە دەكات كە جەماعەت پشتگیری لە رووداوەكانی پاركی گەزی كردووە و ویستوویەتی ئەم رووداوانە ئاڵۆزتر ببن. دیارە بەرپرسانی ئاكەپە لە كاتی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانی جەماعەتدا باسی ئەم سێ تاوانەی جەماعەتیان كردووە بەڵام نەیانویستووە كە رای گشتی لەم مەسەلەیە ئاگادار بكەنەوە.

لێرەدا شتی سەرنجڕاكێش ئەوەیە كە تا ئێستە لە نێو كۆمەڵگەدا كەس ئاگاداری ناكۆكییەكانی نێوان جەماعەت و ئاكەپە نەبوو بەڵام بڵاو بوونەوەی ئەم راگەیندراوە 11 خاڵییە كە وەڵامدانەوەی تاوانەكانە بوو بە هۆكاری ئەوەی كە چی دیكە شەڕ و ناكۆكییەكانی نێوان ئاكەپە و جەماعەت بە نهێنی نەمێنێتەوە و ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە ئەم ناكۆكییانە گەیشتوونەتە ئاستێكی مەترسیدار. چونكە پشتگیری كردنی جەماعەت لە روداوەكانی پاركی گەزی كە وەكو تەقینەوەیەكی كۆمەڵایەتی سەرۆك وەزیری توركیای كردبوو ئامانج، یا خۆی تاوانبار كردنی جەماعەت بە ئاڵۆزتر كردنی رووداوەكان نیشانەی ئەوەیە كە لە لایەن جەماعەتەوە هەڕەشەیەكی یەكجار گەورە لە سەر رەجەب تەییب ئەردوغانە. ئەو سێ ئیدیعا یا ئەو سێ تاوانەی یەكەم جۆرەیەك نین كە مرۆڤ بتوانێت لە بیریان بكاتەوە یا لێیان خۆش بێت. چونكە نیشانەی ئەوەن كە جەماعەت ویستوویەتی بەو هێزەی كە چە لە نێو پولیس و چە لە نێو دەسەڵاتی دادوەری توركیادا بۆ خۆی كۆی كردووەتەوە رووداوەكان ئاڵۆزتر بكات تا بەمجۆرە ئاكەپە و سەرۆكی ئاكەپە رووبەرووی قەیرانێكی یەكجار گەورە بكاتەوە و لاوازیان بكات. بێگۆمان ئەمەیش پلانگەرییەكی یەكجار مەترسیدارە بۆ سەر ئاكەپە و سەرۆكی گشتی ئاكەپە. ئەگەر هەر هەمووی ئەو ئیدیعایانە كە لە نێو راگەیندراوەكەدا ئاماژەیان پێكراوە راست بن ئەوا دیارە كە خسوومەت و دوژمەنایەتی نێوان ئاكەپە و جەماعەت گەیشتووەتە لووتكەی خۆی.

بێكۆمان لە 7ی شۆباتی ساڵی 2012یەوە پەیوەندییەكانی نێوان ئاكەپە و جەماعەت وردە وردە ئاڵۆزییان بە خۆیانەوە بینیوە چونكە لە 7ی شۆباتی ساڵی 2012دا قەیرانێكی یەكجار گەورە لە توركیا روویدا كە ئەویش قەیرانی نێوان میت و دەسەڵاتی دادوەری توركیا بوو.

لەم راگەیندراوەیشدا جەماعەت لە خاڵی هەشتەمدا وەڵامی ئەو ئیدیعایەی داوەتەوە كە گوایا جەماعەت ویستوویەتی لە 7ی شۆباتی 2012دا سەرۆك وەزیری توركیا دەستگیر و زیندانی بكات. بێگۆمان لە كاتی ئەم قەیرانەیشدا من بابەتێكم نووسی بوو و ئاماژەم بەوە كردبوو كە قەیرانی نێوان میت و دەسەڵاتی دادوەری تەنیا قەیرانی دەسەڵاتە و هیچ شتێكی دیكە نییە.

بەر لە 7ی شۆباتی 2012 ئاكەپە و جەماعەت خاوەن هاوپەیمانییەكی بەهێزی هاوبەش بوون بەڵام دواتر بە هۆی ناكۆكییەكانی تایبەت بە دەسەڵاتەوە ئەو هاوپەیمانییە لاواز كرا و لە 7ی شۆباتی 2012یشدا بە یەكجار هەڵوەشێندرایەوە و بۆیە ناكۆكییەكان وردە وردە بەرفراوانتر بوون و تا گەیشتە ئەو ئاستەی ئەمرۆ و لەمەو بەدواوەیش لە ئاكەپە و نە جەماعەت ناتوانین ناكۆكییەكانی نێوانیان لە چاوی كۆمەڵگە بشارنەوە.

سەرچاوە: میللیەت

هەواڵی پەیوەندیدار