67 مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و لەدایكبوونی پێشمەرگە، ناسنامەیەكی نوێی مێژویی گەلی كوردستان

رێبوار حەمەلاو شوانی
دوای بە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم سیستەم و شێوازێكی نوێ بۆ گەلان بەرپابوو و لەم نێوەندەدا پارتی دیمۆكراتی كوردستان وەك هێمایەك هاتە ناو گۆڕەپانی سیاسی و جڤاكی كوردستانی نەك بەتەنیا بۆ باشوور،بەڵكو بۆ تەواوی بەشەكانی تری كوردستان و هەر ئەمەش وای پارتی لەكاتی دامەزراندنیەوە و تاوەكو ئەمڕۆ ببێتە خاوەن گەورەترین لایەنی سیاسی كوردستانی و هەموو لایەك بەدۆست و دووژمنەوە ئاماژەیەكی تایبەتی بۆ دەكەن،چونكە مێژوو هەردەم ئەوەی سەڵماندووە بۆ كورد ئەگەر پارتی بوونی هەبێت،ئەوە كورد بوونی خۆی دەسەلمێنێت، نەوەك بەتەنیا لەكوردستاندا،بەڵكو لەنێوەندەكانی سیاسی نێونەتەوەیی جیهانیدیشدا .
67ساڵ پێش ئێستا ناسنامەیەكی تازە هاتە نێو مێژووی گەلی كورد بێگوومان ئەم مێژووەش یەكێكە لە گەورەترین و پربایەخترین مێژووی هاوچەرخی كورد،بەڵێ لە 16 ی ئابی 1946 بەڕابەرایەتی باوكی ڕووحی نەتەوەیی كورد (بارزانی نەمر) پارتی دامەزراو ودووبارە خەبات و تێكۆشان و دڵنیایی بۆ كورد دەستی پێكردووەو ئەو خەباتە تاوەكو ئێستاشی لەگەڵدابێت بۆ یەك سات درێغی نەكردووەو بەردەوامە لە خەبات لە پێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان بە گشتی.
دوای 67 ساڵ،تا ئێستا دەبینین كە زەروورەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بووەتە رێكخەری بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد، پارتی لەخەباتی67 ساڵی رابردوویدا پشتی بە میللەتەكەی خۆی و رەوایەتی پرسەكەی بەستووە،تاوەكو وەڵامی غەدری مێژوو و غەدری هێزە گەورەكانی پێبداتەوە.
لەكاتێكدا یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەینەوە، دەبینین كە دنیاو ناوچەكە بەگۆڕانێكی گەورەی سیاسییدا تێپەڕدەبێت، خەباتی گەلان بۆ رزگاربوون لە رژێمە دیكتاتۆرەكان لەوپەڕی توندی و كۆتاییدایە،هەموو ئەو گۆڕانكارییانە خەباتی نەتەوەیی ئێمەش دەخەنە بەردەم دەروازە و كرانەوەی نوێ بەرەو هەنگاوی گەورەتر.پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماوەی 67 ساڵی تەمەنی پڕشكۆمەندییدا هیچ كات لە پێناو بەرژەوەندی تاكی حزبی خۆی و بەدەستهێنانی ناوبانگ خەبات و تێكۆشانی نەكردووە و بەڵكو بەردەوام لە تێكۆشان و خەبات بووە بۆ بەدەسهێنانی مافی گەلی كوردستان لە بەشەكانی تری كوردستاندا.
هەر بۆیە سەرۆك بارزانی بە روحیەتێكی باوكانە و كوردانە و حەكیمانە هەڵسوكەوت لەگەڵ سیاستەتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان دەكات و هەمووكات بەردەوام بووە لە هەوڵەكانی بۆ ناساندن دۆزی گەلی كوردستان و بەدەستهێنانی مافەكانی .
لە ئێستا دا دوای 67 ساڵی خەبات و تێكۆشان و نوێبوونەوەی بەردەوام و پێگە و ریشەیەكی بەهێزی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا داكوتییەوە، پارتی بەرەو مەودایەكی دوورتر هەنگاوی مەزن دەنێت. ڕووەو نەخشەبۆكێشانی ستراتیژی نەتەوەیی بۆ ئایندە و بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و سەرخستنی كۆنگرەی نەتەوەیی دەچێتە پێشەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە 67 مین ساڵیادی لە دایكبوونیدا، جەخت لەسەر پرنسیپە گەشەكانی دیموكراسی و یەكترقبووڵكردن و چارەسەری ئاشتیانە دەكاتەوە چ لەنێوخۆی باشووری كوردستان و چ لە پارچەكانی دیكەی كوردستاندا، چونكە بڕوای قووڵی بەوە هەیە كە تەنیا ئاشتی و دیالۆگ و لەیەكگەیشتن كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانن
پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پارتییەی كەوا لە 16 ی ئابی 1946 بەڕابەرایەتی هێمای و سونبولی نەتەوە كورد (مستەفا بارزانی نەمر) بەردەوام كاری بۆ یەك ڕیزی ماڵی كورد كردووەو هەردەم بۆ مافە ڕەواكانی میللەتی كورد سازشی نەكردووەو سازشیش ناكات،چونكە بەدرێژایی مێژوو زۆر ڕاشكاوانە دیارە كەچەند دووژمنانی كورد هەوڵییان دا و بەردەوام هەوڵیش دەدەن بۆ لاوازكردنی ئەو پارتە كەهەڵقوڵاوی ناو ماڵی كوردە، بەڵام هەموو هەوڵ و تەقەڵەكانی دووژمنانی كورد و ڕێبازی بارزانی بەرانبەر ڕۆڵەكانی پارتی بێ سوود بوون،
بەهۆكاری ئەوەی پارتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی ئەوەندە ساناوساكار نییە دەرزی بخرێتە ناو،چونكە بۆ كورد بۆتە ڕاستیەك كە بێ پارتی ئەستەمە ژیان بەردەوامی پێ بدرێت ئەمەش مێژوو سەلماندوویەتی نەوەك ئاخافتنی سەر زارەكی بێت، كورد و پارتی لەناو یەك چوارچێوەن ئەوە چوارچێوەش پێی دەگووترێت چوارچێوەی كوردایەتی و بەردەوام بوون لەخەبات و تێكۆشان تا گەیشتن بەئامانجی سەرەكی كەئەویش سەربەخۆیی كوردستانە.
لە ئێستاش دا پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك وپێشمەرگە مەسعوود بارزانی بەردەوامە لە سەر هەمان رێبازی بارزانی نەمر توانیۆیتی بەسەر هەموو ئەو كۆسپ و پیلانە نێودەوڵەتییانە كە دەرحەق بە گەلی كوردستان و پارتی زاڵ بێت و سەركەوتن بەدەست بێنێت و تا بەدیهێنانی گشت مافەكانی میللەتی كورد و گەیاندنی كەناری ئارام بەردەوام دەبێت لە تێكۆشان و كوردایەتی.
پارتی دیموكراتی كورستان بە ئیرادەیەكی بەهێز و لە سەرخۆیانەوە، توانی ئەو سەردەمەی حوكمڕانێتی لە سەرۆكایەتی و پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بكاتە سەردەمی بووژاندنەوەی ژێرخان وئاوادەنكردنەوە كوردستان و پەرەپێدانی سیستەمی ژیانی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەی كوردستان.




