٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كاتی بریاردان لە پرۆژەی كرانەوە بە رووی كورددا نزیك دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 سەدات ئەرگین

ئەم 15 رۆژەی پێشەروومان بۆ داهاتووی پرۆسەی ئاشتەوایی كە حكوومەتی ئاكەپە لەگەڵ ئوجەلاندا دەستیان پێكردووە زۆر گرنگە و دوای 15 رۆژ ئەم پرۆسەیە دەكەوێتە نێو قۆناخێكی ئاڵۆزترەوە. هۆكاری ئاڵۆزبوونیش نزیك بوونەوەی كاتی بریاردانی حكوومەتی توركیا لە سەر چۆنیەتی هەنگاو نان و جۆری ئەو هەنگاوانەیە كە بریارە لەمەو بەدواوە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتەوایی جێبەجێیان دەكات. دوو رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ چەند هاوكارێكی خۆم سەردانی هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاشمان كرد و لە سەر قۆناخی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتەوایی گفتووگۆیەكی بەرفراوانمان كرد و سەلاحەدین دەمیرتاش باسی داهاتووی ئاڵۆزی پرۆسەی ئاشتەوایی كرد و گوتی: ئەو پرۆسەیە كە لە لایەن ئاكەپە و ئوجەلانەوە لە ئیمراڵی دەستی پێكراوە دوو مێژووی زۆر گرنگی هەیە و یەكێك لە مێژوویانە یەكی ئەیلوولە و لایەنی كوردی دەڵێت دەبێت تا یەكی ئەیلوول لە رووی چارەسەر كردنی پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتەواییەوە چوارچێوەیەكی دیاریكراوی گشتی بۆ چارەسەر كردن لە لایەن حكوومەتی توركیاوە دەستنیشان بكرێت. مێژووی دووەمیش 15ی تشرینی یەكەمە و لایەنی كوردی داوا دەكات كە ئەو هەنگاوانەی كە لە چوارچێوەی قۆناخی چارەسەریدا دەستنیشان كراون جێبەجێ بكرن و پێویستە حكوومەت لەم روویەوە هەنگاوی كرداری بنێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ئوجەلان چەندین هێڵی سووری هەیە، بۆ نموونە بۆ ئەوەی كە ئەندامانی پەكەكە بگەڕێنەوە بۆ توركیا پێویستە حكوومەت تا 15ی تشرینی یەكەم یاسای تایبەت بۆ ئەم مەبەستە ئامادە بكات. دەر كردنی یاسای تایبەت بۆ ئەندامانی پەكەكە یەكێكە لە مەرجە سەرەكییەكانی ئوجەلان. سەلاحەدین دەمیرتاشیش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر بێتۆ حكوومەتی توركیا یاسای تایبەت ئامادە نەكات ئەوا تەنانەت یەك ئەندامی پەكەكە ناگەڕێتەوە بۆ توركیا. دەمیرتاش دەڵێت: بۆ ئەوەی كە تا ماوەی دیاریكراو كۆتایی پێ نەهاتووە حكوومەت ناچارە كە هەنگاوی گرنگ بنێت، بۆیە پێم وایە كە لە رۆژانی داهاتوودا حكوومەت زۆر بە خێرایی دەست بە جێبەجێ كردنی چەندین هەنگاوی گرنگ دەكات، چونكە هاوكات لەگەڵ هاتنی پایزدا هەڵبژاردنە هەرێمییەكان و هەڵبژاردنەكانی سەرۆكۆماری دەكەونە رۆژەڤی توركیاوە و لە بارودۆخێكی بەمجۆرەدا قۆناخی چارەسەریش دەكەوێتەوە مەرحەلەی دووەمەوە و كەس گرنگی پێ نادات.

 

لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە ئایا قۆناخی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتەوایی بە پێ ئەو كاتەی كە لە لایەن ئوجەلانەوە دەستنیشان كراوە بەرێوە دەچێت یا نا؟ لە راستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە گرێدراوی بریارەكانی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغانە، چوونكە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان لە چەند رۆژی داهاتوودا هەم لە رووی ستراتیژیی و هەم لە رووی سیاسییەوە لەگەڵ هەڵسەنگاندنی هەر هەمووی فاكتەرە گرنگەكانی بارودۆخی هەنۆكەیی توركیا چەندین بریاری گرنگ دەربكات. هەر كەس دەزانێت كە حكوومەتی توركیا ماوەیەكی زۆر درێژە لە سەر پاكێجێكی دیموكراتیزاسیون كە پرسی كوردیشی تێیادایە كار دەكات. سەرۆك وەزیر لە رێكەوتی 8ی ئابدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە زۆربەی هەرە زۆری كارووباری ئامادە كردنی پاكێجی نوێ دیموكراتیزاسیون كۆتاییان پێهاتووە و حكوومەت بەو پەری هێزی خۆیەوە سەرقاڵی ئامادەكاری بۆ پێشكەش كردن و جێبەجێ كردنی ئەم پاكێجەیە. بریارە دوای كۆتایی هاتنی ئامادەكارییەكان سەرۆك وەزیری توركیا ناوەرۆكی ئەم پاكێجە بۆ رای گشتی شرۆڤە بكات و بۆ ئەوەی كە پاكێجەكەیش دەنگی لە سەر بدرێت رەنگە پەرلەمان زووتر كۆتایی بە پشووی خۆی بهێنێت و دەست بە كاروباری خۆی بكاتەوە.

 

ئێستە گەیشتنە هەستیارترین مەرحەلەی قۆناخەكە و رەنگە حكوومەت لەم چەند هەفتەی داهاتوودا ئەنجامی ئامادەكارییەكانی خۆی پێشكەشی رای گشتی بكات و باسی ئەم پاكێجە نوێیە بكات. ئەم پاكێجە بۆ توركیا زۆر گرنگە چوونكە بێجگە لە پرسی كورد چەندین پرسی دیكەی توركیا لە نێو ئەم پاكێجەدا باسیان لێوە كراوە و چارەسەری پێویستیشیان بۆ دەستنیشان كراوە. رەنگە ئەم پاكێجە لە داواكارییەكانی ئوجەلان، قەندیل و پەكەكە زۆر دوور بێت بەڵام سەرەڕای ئەمەیش ئوجەلان، پەكەكە و بەدەپە لە رووی ماف و ئازادییەكانی كوردەوە ئەم پاكێجە وەكو دەستكەوتێك دەبینن چونكە ئەم پاكێجە چەندە لە داواكارییەكانی ئوجەلان و پەكەكە و بەدەپە دوور بێت هەر ئەوەندەیش شتی باشی دیكەی بۆ كورد دابین كردووە كە نە ئوجەلان و نە پەكەكە و بەدەپەیش ناتوانن رەدیان بكەنەوە.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە لە بارودۆخێكی بەمجۆرەدا بزافی كوردی هەڵوێستێكی چۆنی دەبێت؟ باوەر ناكەم كە بزافی كوردی بە یەكجار بە هۆی ئەم پاكێجەوە بتوانێت واز لە قۆناخی چارەسەری بهێنێت و لەم بارەیشەوە سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێت: سەرەڕای هەر جۆرە ئەگەرێك بەڵام ئێمە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین كە جارێكی دیكە چەك بەكار نەهێنرێت.

ئەگەر بێتۆ تا 15ی تشرینی یەكەم حكوومەت هیچ هەنگاوێكیش نەنێت رەنگە ئوجەلان خۆی لە قۆناخەكە بكێشێتەوە و حكوومەت ناچار بكات كە راستەوخۆ لەگەڵ قەندیلدا دەست بە گفتووگۆ بكات و هەڵوێستێكی بەمجۆرەی ئوجەلانیش بێگۆمان كاریگەرییەكی یەكجار زۆری لە سەر ئەنقەرە دەبێت.

سەرچاوە: حوریەت

 

هەواڵی پەیوەندیدار