٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەستوور بووەتە مەسەلەیەكی ناوخۆیی ئاكەپە

سەرچاوە: KDP.info

 ئەسەر قاراقاش

لە بارودۆخی ئەمرۆی پەرلەمانی توركیادا وردە وردە دەر دەكەوێت كە كۆمیتەی ئامادەكاری دەستوور یا كۆمسیونی لە یەكتر نزیك كردنەوەی لایەنەكان لە سەر پرسی دەستوور بەم عەقڵیەتەی ئێستەیەوە ناتوانێت لایەنە سیاسییەكان لە سەر پرسی دەستوور نزیكی یەكتر بكاتەوە. لە راستیدا نەدەبوایا ئەوەندە چاوەڕوانی ئەم كۆمسیونە كرابا چوونكە چاوەڕوانی كردنی دەستووری نوێ توركیا لە كۆمسیونێكی بەمجۆرە تێگەیشتنێكی هەڵە بوو.

بە تایبەتی ئەگەر دەستوورێكیش ئامادە كرابا ئەوا ئەو دەستوور بەو جۆرەی كە رای گشتی توركیا و پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی توركیا چاوەڕوانیان دەكرد، دەستوورێكی سەردەمییانە و ئیدەئال نەدەبوو. دەستوورە بنەڕەتییەكان تكستێكە بۆ ماف و ئازادییەكان و تەشكیلاتە سەرەكییەكانی دەوڵەت و لەم چوارچێوەیەیشدا ستانداردەكان دیاریكراون، بۆیە پێكهاتن لە سەر دەستووری بنەڕەتی بە تایبەتی لە بواری ماف و ئازادییەكاندا بە مانای پێشەل كردنی ماف و ئازادییە سەرەكییەكانە و ئەگەر ماف و ئازادییەك لە چوارچێوەی دەستوورێكدا كە بە پێكهاتن ئامادە كرابێت دەستنیشان بكرن ئەوا زۆر بەرتەسك و بێ چوارچێوەن چوونكە بە هۆی هەوڵدان بۆ سازان و پێكهاتنی لایەنە سیاسییەكان ئەم ماف و ئازادییانە بە ناچاری فیدا دەكرن. دەستووری نوێ بە پێكهاتن و سازانی پارتە سیاسییەكان لە نێوخۆیاندا ئامادە ناكرێت. بەڵام ئەو پارتانە كە لە نێو پەرلەماندا خاوەن گرووپن دەتوانن لە چوارچێوەی پیوانە جیهانییەكان و ستانداردەكاندا پێش نووس یا رەشنووسێكی دەستووری بنەڕەتی ئامادە بكەن و ئەمەیش دەتوانێت دوور بێت لە سازان یا پێكهاتنی پارت و لایەنە سیاسییەكان.

گفتووگۆ كردن لە سەر ئامادە كردنی دەستوورێكی نوێ لە چوارچێوەی پیوانە جیهانییەكان و ستانداردەكاندا بۆ توركیا زۆر گرنگە و ئەو پارتەی كە خاوەن زۆرترین كۆرسییە لە پەرلەمان دەتوانێت وەكو هەنگاوی سەرەتایی چەند پارت یا لایەنێكی دیكەی پەرلەمان لە دەور خۆیدا كۆ بكاتەوە و لە چوارچێوەی پەرلەمانی توركیادا دەست بە ئامادە كردنی دەستوورێكی نوێ بكات و دوای گفتووگۆ كردنی پەرلەمان لە سەر ئەم دەستوورە بە بریاری پەرلەمان دەستووری ئامادەكراو بخاتە رێفراندومەوە. بەڵام پێویستە كاتێك كە ئەم پارتە سیاسییە دەستووری نوێ ئامادە دەكات زۆر هۆشیار بێت كە بەرنامەی خۆی مادە بە مادە نەخاتە نێو دەستوورەوە. بۆیە ئێستەیش باشترین رێگا بۆ توركیا و بۆ پارتی داد و گەشە پێدان كە پارتی دەسەڵاتداری توركیایە ئەوەیە كە چی دیكە چاوەڕوانی كۆمسیونی ئامادەكاری دەستوور نەبێت و لە چوارچێوەی پیوانە جیهانی و ستانداردەكاندا رەشنووسێكی دەستوور ئامادە و پێشكەشی پەرلەمان بكات. لە هەڵومەرجی ئەمرۆی توركیادا ئەگەر ئاكەپە وەكو تاقە پارتی دەسەڵاتدار دەستوورێكی نوێ ئامادە بكات ئەوا زۆربەی هەرە زۆری پەرلەمانتارەكانی جەهەپە بە هیچ شێوەیەك دژایەتی ئەم دەستوورە ناكەن و دەنگی پێدەن و ئەگەر ئەم دەستوورە دەستوورێكی نوێ و دیموكراتیك و سەردەمییانە بێت ئەوا بەدەپەیش بەبێ دوو دڵی پشتگیری لێ دەكات. بۆیە كاتێك كە سێ پارتی سیاسی توركیا كە لە نێو پەرلەماندا خاوەن گرووپن لە سەر دەستوور پێكهاتن ئەوا هیچ مەرج نییە كە هەوڵ بۆ رازی كردنی مەهەپە لە سەر پرسی دەستوور بدرێت.

وەكو دیارە حكوومەتی توركیا بریاری كۆتایی خۆی داوە و دەیەوێ بە هەر جۆرەیەك دەبێت پرسی كورد چارەسەر بكات و حكوومەتیش بۆ خۆی باش دەزانێت كە رێگای چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا لە ئامادە كردنی دەستوورێكی نوێدا تێپەڕ دەبێت. بۆیە ئەگەر كۆمسیونی ئامادەكار نەیتوانی دەستووری نوێ ئامادە بكات ئەوا ئەو كات ئامادە كردنی دەستووری نوێ دەبێتە مەسەلەیەكی ناوخۆیی ئاكەپە و ئاكەپەیش بۆی هەیە و دەتوانێت تەنیا بە سەری خۆی دەستوورێكی نوێ ئامادە و پێشكەشی پەرلەمان بكات و دواتر بیخاتە رێفراندومەوە. ئاكەپە بۆ خۆی دەزانێت كە مەهەپە بە هیچ شێوەیەك پشتگیری لە چارەسەر كردنی پرسی كورد ناكات بۆیە هەر جۆرە دەستوورێكیش كە دان بە مافی كورد یا پێكهاتەكانی دیكەدا بنێت رەد دەكاتەوە، بۆیە ئاكەپە ئەگەر بتوانێت بە گۆنجاندنی ماف و ئازادییەكانی كورد لە نێو دەستووردا بەدەپە بۆ لای خۆی رابكێشێت و جەهەپەیش رازی بكات ئەوا دەتوانێت بەبێ مەهەپە دەستووری نوێ ئامادە بكات. ئەگەر مەهەپە دەنگ لە سەر دەستوور نەدات ئەوا لە كاتی رێفراندومدا دەنگی مەهەپە و جەماوەری مەهەپە كاریگەرییەكی زۆری لە سەر دەستوور نابێت.

لە لایەكی دیكەوە ئەگەر ئاكەپە بتوانێت سوود لە مادەی نهێنی بوونی دەنگدان لە سەر دەستوور كە لە دەستووری هەنۆكەیی توركیادا نووسراوە وەربگرێت ئەوا دەتوانێت لە نێو جەهەپەیشدا بێجگە لە گرووپی نەتەوەپەرەستەكان پشتگیری هەر هەمووی گرووپەكانی دیكەی نێو جەهەپە بۆ دەستوور كۆ بكاتەوە.

سەرچاوە: زمان

هەواڵی پەیوەندیدار