رۆلی هاوبەشی ئاكەپە و پەكەكە بۆ ئەمریكا
ئەرسەلان بۆلۆت
دەسەڵاتی سیاسی توركیا وردە وردە دەستی بە ئامادەكاری بۆ سەلماندن و نیشاندانی رۆلی پەكەكە بۆ توركیا كردووە و ئەو كەسانەیش كە باسی هەبوونی مەترسییەكانی ئەم هەنگاوەی حكوومەتی توركیا دەكەن هەر زوو بە پلان دانان بۆ سازدانی كوودەتای سەربازی تاوانبار دەكرن و ئەو كەسانە كە دەچنە قەندیل و لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكەدا دێمانە ساز دەكەن و پرۆپاگەندەی پەكەكە دەكەن هەر چەند بە شێوەیەكی كاتیش بێت بەڵام بە پیاوی عاقڵ و دلسۆزی توركیا لە قەڵەم دەدرن.
ئەمجارە دوای حەسەن جەمال نوێنەری رۆژنامەی میللیەت مێتحات سانجار سەردانی قەندیلی كرد و لەگەڵ جێگری سەرۆكی كەجەكە جەمیل بایكدا دێمانەیەكی ساز كرد و ناوبراو لە سەرەتای ئەم دێمانەیەدا نووسیویەتی: بەر لە ساز كردنی كۆنگرەی گەورەی نەتەوەیی كورد هاوسەرۆكی كەجەكە جەمیل بایەك وەڵامی پرسیارەكانمان دەداتەوە.
وا بزانم میتحات سانجار هەستی بە گۆڕانكارییە سەرەكییەكان كردووە كە پرسیاری ئایا دەستپێكردنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ بیروڕای ئوجەلان بۆ یەك گرتنەوەی ئانادۆڵ و مەزوپوتامیادا هەیە؟
جەمیل بایەكیش لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە كردووە كە لە دوایین پێشنیاری خۆیاندا كە ئاراستەی حكوومەتیان كردووە داوای دامەزراندنی 8 كومسیونیان كردووە و یەكێك لەم كومسیونانە كومسیونی میساقی میللیە. ئێمە لە بنەمادا لە دژی نەتەوە دەوڵەتین و پارێزگاری لە پیوانەكانی نەتەوەی دیموكراتیك دەكەین چونكە لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموكراتیكدا سنوور هیچ جۆرە بایەخێكی نییە و لە جیاتی سنووردا نرخەكانی وەكو یەكسانی، ئازادی، دادپەروەری، برایەتی و دیموكراسی بایەخیان هەیە. بۆیە ئێمە دەمانەوێ بەبێ دەستكاری كردنی سنوورەكان لە نێوان گەلی كورد و گەلانی ناوچەكەدا یەكیەتییەكی بەهێز ساز بكەین.
میتحات سانجار دووبارە لە جەمیل بایەك دەپرسێت ئایا لە نێوان ئەم بیروڕا و پێشنیارانەی ئێوەی و سیاسەتی دەرەكی ئاكەپە لە ناوچەكەدا هیچ جۆرە خاڵێكی هاوبەش هەیە؟ بایەك لە وەڵامدا دەڵێت: ئێمە نامانەوێ بە چارەسەر كردنی پرسی كورد توركیا ببێتە وڵاتێكی زل هێزی ناوچەكە بەڵكو دەمانەوێ ببێتە وڵاتێكی هەرە دیموكراتیكی ناوچەكە. ئەمە وەڵامی جەمیل بایەكە بەڵام نازانم میتحات سانجار لەكوێ خاڵی هاوبەشی لە نێوان سیاسەتی دەرەوەی توركیا و پێشنیارەكانی پەكەكەدا دۆزیوەتەوە. بە تایبەتی ناوبراو دەڵێت پێشنیارەكانی پەكەكە و هەڵوێستەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا زۆر زۆر لە یەكتر نزیكن.
وابزانم میتحات سانجار ئەم پێشبینییانەی لە وتەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا دەر خستبێت چونكە وەزیری دەرەوەی توركیا پێشتر ئاماژەی بەوە كردبوو كە توركیا داوای ناوچەیەك دەكات كە تێیادا كورد، تورك، عەرەب و عەجەمەكان پێكەوە تێیادا لە نێو تەبایی و ئاشتەوایی و بەختەوەریدا بن. من لە رێكەوتی 5ی تەباخی ئەمساڵدا لە رۆژنامەی یەنی چاغ ئاماژەم بەوە كردبوو كە ئایا ئەم داواكارییە داواكاری توركیا بۆ خۆیە یا داواكاری ئەمریكایە؟ ئایا ئەمە بەشێكە لە پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوینی گەورە و باكووری ئەفریقیا؟
من لەو بابەتەدا ئاماژەم بەوە كردبوو كە لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا لە توركیا گۆڕانكاری زۆر گرنگ روویاندا بۆ نموونە، رێكخراوێك بە ناوی رێكخراوی ئەرگەنەكون سازكرا و هەر هەمووی فەرماندار و ژەنەراڵەكانی سوپا كران بە ئەندامی ئەم رێكخراوە و دەستگیر كران و دەسەڵاتی سوپا كەم كرایەوە و سوپا لاواز كرا و بەمجۆرە توركیا ناچار كرا كە ملكەجی داواكارییەكانی ئەمریكا بێت.
بۆیە كاتێك كە سەیری گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و توركیا دەكەین بۆمان روون دەبێتەوە كە ئەمریكا ئاكەپە و پەكەكە بۆ جێبەجێ كردنی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بەكار دەهێنێت و ئاكەپە و پەكەكەیش بۆ ئەم پرۆژەیە خاوەن یەك رۆلی هاوبەشن و پێكەوە دەبنە تەواوكەری یەكتر، بۆیە خاوەن یەك رۆلی هاوبەشن بۆ ئەمریكا.
سەرچاوە. یەنی چاغ




