٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كۆنگرەی نەتەوەیی پرۆژەیەك بۆ چارەسەر

سەرچاوە: KDP.info

نەورەس ڕەشید
قسەو لێدوان و شیكردنەوە، دەربارەی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، هەمەلایەن و ڕەهەندە، كە هەر كەس و لایەنێكی سیاسی، ئەكادیمی، ڕۆشنبیری لە ڕوانگەی تێڕوانین وبیروڕای تایبەتیانەوە خوێندنەوە و لێكدانەوەی بۆ دەكەن، ئەوەش ئاساییە و مافی هەموو لایەن و كەسێكە و بایەخدانیشە بەم پرسە كە پێویستی بە بیروڕاو بۆچونی جیاواز هەیە، تا هەموویان لە چوارچێوەیەكدا یەك بگرنەوە.
لەم هەنگاوەی ئەمڕۆدا كە لەسەر ڕێگای بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی نراوه، ئەوەی گرنگەو پێویستە ببێتە سەرچاوەی قسەلێكردن و لێدوان و شرۆڤەكردن، بەمەبەستی زیاتر ڕونكردنەوەی تێڕوانین و ئاراستەكان لەسەر ئەوڕێگایە، ئەو پەیامەی سەرۆك مەسعود بارزانیە كە لە كۆبونەوەی پارتە سیاسەكانی هەرچوار پارچەی كوردستاندا لە پایتەختی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، وەك ڕەنگ ڕێژكردنی بناغە، كە ئاكامی گفتوگۆ و تاوتوێكردنی بیرۆكە و ڕاو بۆچونی چەندین ساڵەی نێوان پارتە سیاسەكانی كوردە لە كوردستان بەگشتی و هەر سێ سەركردەی دیار و ناودارو ناسراوی كورد بەڕێزان مام جەلال تاڵەبانی، عەبدوڵا ئەجەلان، مسعود بارزانی، بەتایبەتی. شرۆڤەكردنی ئەو پەیامە بە شێوەیەكی بابەتی ڕێگامان بۆ خۆش دەكات، ڕوانگەمان بۆ ڕوون دەكات كە لە ئەرك و ئاراستە سیاسی و ستراتیژیەكانی كۆنگرە و مەنهەجی فیكری و هێڵە سەرەكیەكانی بگەین كە خۆی لە ئامانج و زەروڕەت و ئاستەنگەكاندا دەبینێ لەسەر ئاستی نیشتیمانی و نێودەوڵەتیدا.

ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر هاوكێشە سیاسییەكان و سەنگی هێزو پێگەو كاریگەری هزری دیموكراسیانەو ئازادیخوازانەو كرانەوەدا لە جیهاندا هاتوون


ئامانجی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد چەندین خاڵی سەرەكی لە خۆدەگرێت، كە پوختەكەی بریتیە لە :-
٭ بەرەوپێشبردنی ڕەوشی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا، لە ڕێگەی داڕشتنی سیاسەت و وتارێكی یەكگرتووی كوردی لە ناوچەكەدا.
٭ جەختكردن لەسەر خەباتی سیاسی و مەدەنی.
٭ دانانی پەیمانێكی كوردستانی كە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان پیوەی پابەند بن.
٭ دیاریكردنی سیاسەتێكی نەتەوەیی لەسەرجەم دەزگاو كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی كوردی و كوردستانیدا.
٭ خۆ ئامادەكردن بۆ هەر ئەگەر و ڕوداوێكی نوێ لە هەر پارچەیەكی كوردستان و ناوچەكە و جیهاندا، كە كاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەسەر دۆزی كورد دەبێ.
زەرورەتی كۆنگرەی نەتەوەیی
٭ ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر هاوكێشە سیاسییەكان و سەنگی هێزو پێگەو كاریگەری هزری دیموكراسیانەو ئازادیخوازانەو كرانەوەدا لە جیهاندا هاتوون، شۆڕشێكی نوێی لە پەیوەندی و ماف و دەسەڵات و سیستەمی سیاسیدا بەرهەمهێناوە، كە كرانەوەو لێك گەشتن دەخوازێ، لەم فەزایەدا دەبێ كورد لەهەر چوار پارچەكە و جیهاندا هاریكاری یەكتر بكەن، لە ڕووی ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ڕاگەیاندن.
٭ پاراستنی دەستكەوتەكانی كورد بە تایبەتی هەرێمی كوردستان و پشتگیریكردنی بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستووری و سیاسی و سروشتیەكانی لە عێراقدا، وەك قۆڵایی ستراتیژی نەتەوەیی بۆ پارچەكانی تری كوردستان، هەروەها هاوكاری و پاراستنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی پارچەكانی دیكە، وەك قوڵای ستراتیژی و نەتەوەیی.
٭ ڕەوای بەخشین بە دۆزی كورد لە بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنوسیدا لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لە ڕێگەی پەیوەندیكردن و گفتوگۆ لەگەڵ ڕێكخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان و دەوڵەتانی تردا، وەك كۆمكاری عەرەبی، كۆنگرەی ئیسلامی، ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو، نەتەوە یەكگرتوەكان.
٭ پێویستە كۆنگرە هەوڵبدات نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان، یان نوێنەری بزافی ڕزگاریخوازی كوردستان وەك ئەندامی چاودێر لەو ڕێكخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتیانەدا قبوڵ بكرێ بەتایبەتی یوئێن.
٭ جەختكردن لەسەر پابەند بوون بە پرەنسیپەكانی دیموكراسیەت و ماف و ئازادیەكان، پلۆڕالیزمی سیاسی و كۆمەڵایەتی.
٭ دانانی یان دیاریكردنی مەرجەعێكی سیاسی نەتەوەیی كە لەگەڵ دەسەڵات و ناوەندە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگیەكانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا پەیوەندی و مامەڵە بكات، هەروەها بتوانێ میكانیزمی یەكخستنی كاروبارو پرسە كوردستانیەكان دیاری بكات.
ئاستەنگەكان:
ئاشكرایە جیاوازی فیكری و ئایدۆلۆژی و ناكۆكی و تا ڕادەی دژایەتیكردن لە نێوان پارتە سیاسیەكانی كورد دا هەیە كە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژینەی هەیە، دەبێ كۆنگرە زەمینە سازی بكات، كەشی ئارام و تەبایی بڕەخسێنێ بۆ دیالۆگ و لێك گەشتن و پێكەوه كاركردن، كۆنگرە لەخۆیدا پرۆسەیەكی سیاسی دیموكراسی پلۆڕالیزمانەیە بۆ ئەو ئەركە. لەسەریەتی شێوازی ململانێی توند و ناكۆكی و دژایەتی بگۆڕێت بۆ ململانێی ئاشتیانەو كێبڕكێی سیاسی.
٭ جیاوازی و ناكۆكی دەوڵەتانی ناوچەكە بەتایبەتی ئەوانەی كوردستانیان داگیركردووە، ئەو دۆخەیان بە خراپی ڕەنگی داوەتەوە لەسەر پارتە سیاسیەكانی كورد، كە جیاوازی و ناكۆكی لێكەوتۆتەوە، لەبەر ئەوە دەبێ پەیوەندی پارتە سیاسیەكانی كورد لەگەڵ دامەزراوەو دەزگاكانی ئەو دەوڵەتانەدا بەتایبەتی و دەوڵەتانی تر بە گشتی ئاشكراو ڕوون بێ و سنورێكی بۆ دابنرێت، كە لە چوارچێوەی خزمەتكردنی دۆزی كورد دەرنەچێ.
٭ زۆربەی پارتە سیاسیەكانی كورد و دامەزراوەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستان، كێشەی بە موئەسەسات كردنیان هەیە، كە ئاستەنگن لە ڕێگەی مامەڵەكردن و بەرنامەڕێژی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروباری ڕۆژانەدا، كە نیگەرانی و ناڕەزایی لێكەوتۆتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە لەو بارەیەوە هەنگاو كاری جدی بنرێ و بكرێ، چونكە هەرێمی كوردستان چەقی بەڕێوەبردن و ئاراستەكردن و بگرە سەرخستنی كۆنگرەشە، لەبەر ئەوە پێویستی بە زەمینەیەكی لەبارو كەشێكی ئارام لە نێوان پارتە سیاسیەكان و جەماوەردا هەیە.

لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا، ڕەوتی فیكری وستراتیژی كۆنگرەمان بۆ دەردەكەوێت، كە عەقڵی سیاسی كورد، دژی شەڕە


لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا، ڕەوتی فیكری وستراتیژی كۆنگرەمان بۆ دەردەكەوێت، كە عەقڵی سیاسی كورد، دژی شەڕە، باوەڕی پێی نیە، بەڵكو باوەڕی بە هێزی نەرمە، كە بریتیە لە : هێزی لۆژیك، هێزی ئاشتی، هێزی دیالۆگ، هێزی دیموكراسیەت، ئەمەش گۆڕانێكە كە لە خۆیدا مانای یەكڕیزی و بەهێزكردنی فاكتەری خودییە، بە تێگەیشتن و كاركردن لەسەر بناغەی ئەو هێزە نەرمە، بۆ گەشتن بە ئامانجە ستراتیژیەكانی نەتەوەی كورد، گەر بێتو ئەو هێزە نەرمە لە دروشمەوە بگۆڕدرێت بۆ پراكتیك و پیادە بكرێت لە نێوان پارتە سیاسیەكانی كورد دا، ئەوە هێزێكی گەورە و زۆری سیاسی، كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی دەبەخشێ بە كورد، كە یەكبوونی نەتەوەیی لە ئەرك و بەرپرسێتی نیشتمانیدا، هەمووان كۆدەكاتەوە و لە ژیانی ڕوژانەدا، ڕەنگ ئەداتەوە و بەرجەستە دەبێ، ئەمە لەخۆیدا پرۆژەیەكی سیاسی نیشتیمانی نەتەوەییە، كە بەو دیدگایە چارەسەری كێشەو ناكۆكیەكان و ئاستەنگەكانی ناوخۆ دەكات.
بەشێكی دەكەی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی، كە پەیامی نەتەوەییە ڕوو لە دەوڵەتانی دەگیركەری كوردستان دەكات و داوایان لێ دەكات كە بێن بەهەمان دیدگاو بە لەسەر هەمان پرەنسیپ كە لۆژیكی، ئاشتی، دیالۆگ و دیموكراسیەتە، دۆزی كورد چارەسەر بكەین و كورد وەك هەموو نەتەوە و گەلانی ئازادیخواز و سەربەخۆ بە مافی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆی بگات، ئەوەش دەبێتە زەمینە و فاكتەرێكی گەورە و بەهێز، كە سەقامگیری سیاسی، ئابووری، ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەپارێزێ، كورد لە دۆخی سەربەخۆیدا دەتوانێ وەك هێزێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی ناوەندێكی سوود بەخش بێ، بۆ ئەو دەوڵەتانە لە ڕووی سەقامگیری سیاسی، گەشەسەندنی ئابووری، پەرەسەندنی كۆمەڵایەتی، ئەمەش ئەزموونی هەرێمی كوردستانە كە ئەمڕۆ دەوڵەتان بەتایبەتی توركیا و ئێران سوود مەندن، كە دەتوانرێ ئەو پرۆسەیە بە دیدگای ئاشتی و دیالۆگ و دیموكراسیەت، بایەخی زیاتری پێ بدرێت و فراوان بكرێت، ئەوەش خزمەتی هەموو لایەك دەكات و بەرژەوەندیان دەپارێزێ بەمانا هەوڵدان بۆ گۆڕینی قەناعەت و عەقڵی سیاسی عەرەب، تورك، فارس، كە كورد مەترسی نیە لەسەریان و دوژمنیان نیە، ئەوان لەستراتیژیەتی خۆیاندا سەیری كورد نەكەن وەك هەڕەشەو مەترسی بەڵكو وەك هاوكار و دۆست.
ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان داگیركردووە، بیانەوێ نەیانەوێ ئەمڕۆ یا سبەینێ كورد دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی و ناوەندێكی بەهێز دەبێ چونكە فاكتەرەكانی ئەو بەهێزبوونەی هەیە و لە دەستیدایە.
كەوابو كۆنگرەی نەتەوەیی كورد پرۆژەیەكە بۆ چارەسەری كێشەكانی نەتەوەی كورد لەسەر ئاستی ناوخۆی هێزو پارتە سیاسیەكان، هەروەها لەگەڵ دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان و هێزو بەرژەوەندیە جیاوازە نێودەوڵەتیەكان، دەبا پشتگیری و یارمەتی دەری سەرۆك بارزانی و هاوكارانی دڵسۆزی بین لە سەرخستنی كۆنگرەكە بەشێوەیەكی گشتگیر.

هەواڵی پەیوەندیدار