كۆنگرەی نەتەوەیی پەیامی ئاشتی بۆ وڵاتانی دڕاوسێ و جیهان
رێبوار حەمەلاو شوانی
رۆژگاری ئێستا سەردەمی یەكتر قبوڵكردن و ئاشتیە بۆیە ئومێد دەكرێت هەلومەرج و قۆناغی ئێستای میللەتی كورد بچێتە ئاستێكەوە و كۆتایی بە زۆر و ستەم و داگیركاری دژ بە گەلی كورد بهێنرێت و شێوازێكی ئاشتیانە چارەیەك بۆ كێشەكانی میللەتی كورد بدۆزرێتەوە، لە ئێستاشدا هەوڵێكی دڵسۆزانە هەیە بۆ دروستكردنی گوتارێكی یەكگرتووی كوردی كە وڵامدانەوەی ئەو قۆناغە بێت كە ئاشتی و سرفرازی میللەتەكەمانی لە چاوەڕوان دەكرێت، دۆخی ئێستا دۆخێكی زۆر لە بارە بۆ بەستنی گۆنگرەی نەتەوەیی و دەكرێت لەو رێگەیەوە نێو ماڵی كورد یەك بخاتەوە، هەروەها یەك گووتاری نەتەوەیی پێشكەش بە وڵاتانی دڕاوسێی كورد و جیهان بكرێت و بیسەڵمێنێت كە نەتەوەی كورد شایانی قەوارەیەكی سەربەخۆی خۆیەتی و دەتوانێت بە ئاشتیانە لەگەڵ گەلانی دراوسێیدا كۆك و تەبا بێت و نموونەیەكی جوانی و دیموكراسی نیشان بدات.
بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی، خودی كۆبوونەوەو كۆنگرەكە ئامانجێكی گەورەیە، دەرئەنجامەكانیش هەرچەند لە ئاست ئومێدی خەڵكی كوردستانو ئەو قەیرانانەدا بن كە ئێستە ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە هێندەی تر بایەخی كۆنگرەكە گەورەترو بە بایەختر دەكات.
بە بڕوای من گرنگی ئەو كۆنگرەیە لەوە دایە كە، هێزەكان ئەم كۆدەنگیو یەكدەستییە بە هیچ شتێك نەگۆڕنەوە، نەیكەنە قوربانی هیچ ئامانجێكی بچوكی تری پەیوەست بە حزبێك یان تەنانەت شارو پارچەیەكی كوردستان، چونكە كۆنگرە تەنها بۆ ئێمەی گەلی كورد لە ئاستی ناوخۆییدا گرنگ نییە، بەڵكو لە دەرەوەش ڕای گشتی جیهان یان لانی كەم ئەوانەی پەیوەستن بە كێشەی كوردەوە چاوەڕێن بزانن بۆ یەكەمجار كۆبوونەوەی نوێنەرانی میللەتێك بە كوێ دەگات؟ داوایان چییەو چ نەخشەیەك بۆ داهاتووی خۆیان بڕیار دەدەن؟ ئایا ئەم گەلەی كە تا ئێستا وا پیشاندراوە مەترسی بێت بۆ كیانو گەلانی تر هەر بەڕاستی مەترسییە یان بەپێچەوانەوە بەشێكە لە نەخشەی ئاشتیو برایەتی گەلان؟ پێوستە هەموو لایەنەكان بە ئەمانتێكی مێژووییەوە پشتگیری بۆ سەرخستنی وسەركەوتنی ئەو كۆنگرەیە بدەن كە بەرهەمی قوربانیدان و خەباتی چەندین ساڵەی گەلی كوردستانە.
كاتی ئەوەش هاتووە كە ئێمەش بیسەلمێنین، گەلی كورد گەلێكی ئاشتیخوازە، یەك دەستو یەك دەنگە بۆ داواكردنی مافە ڕەواكانی، كەمتر لە مافی نەتەوەو خاكو كیان بەشتێكی تر ڕازی نابێت، گرنگیشە لەگەڵ ئاوات و داواكانی مرۆڤی كورددا، هەروەها گرنگە كۆنگرە دیاریبكات ئەو شێوازو میكانیزمەی داواكانو هەوڵ و تێكۆشان بۆ بەدیهێنانیان چۆن دەبینێت لە ناو ئەم جیهانە ئاڵۆزەی ڕۆژهەڵاتتدا.
نەخشەی ڕێگای بۆ خەباتی داهاتوو چییەو چ چارەسەرێكی گونجاو لەگەڵ داوای گەلو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پێشنیار دەكات. لەبەر هەموو ئەمانە كۆنگرەی نەتەوەیی گەوەرەترە لە ململانێكان، گەورەترە لە جیاوازییەكان.
بۆ ئاییندەی سیاسی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان ئەم كۆنگرەیە پێویستییەكی مێژووییە كە دەبێت بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردی لە نێو هاوكێشە نویێەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست خۆی ئامادە ونوێی بكاتەوە.لە ئێستا هەلێكی گەورەیی مێژوویی بۆ كورد هاتووەتە پێش كە پێگەی سیاسیی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر بكەن بۆ یەكەم جار و لە دوای سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، بتوانن تا رادەیەك ماف و دەستكەوتەكانی خۆیان بەدەست بێنن.
خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد بە درێژایی مێژوو ئەو خەسڵەتەی هەڵگرتووە كە هەمیشە پەیوەست و پەرۆشی شێوازی ئاشتیخوازانە بووە و لە پێگەی پرانسیپی یەكسانیشەوە هەمیشە ویستوویەتی لەگەڵ گەلانی ناوچەكەدا پێكەوەژیانێكی ئاشتیانەی هەبێ، بۆیە ئامانجی یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كورد گەیاندنی دەنگ و پەیامی گەلی كوردە،بە وڵاتانی دڕاوسێی كورد و جیهان كەگەلی كورد، گەلێكی ئاشتیخوازە و ساڵانیكە زۆرە تەنیا بۆ دەستهێنانی مافە رەواكانی خۆی هەوڵ وتێكۆشانی كردووە و هیچ كات نەبۆتە مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێك.
گرنگیی سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی و كۆبوونەوەی هێز و لایەنە كوردیەكان بەدیار دەكەوێ، بۆ داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی گەلەكەمان و جەختكردنەوە لەسەر گرتنەبەری شێوازی ئاشتییانە و دیموكراسیانە بۆ وەدیهێنانی هیوا و ئامانجەكانمان لە چوارچێوەی پرانسیپی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتنی تەواو لە ماف و ئازادییەكانی سەرجەم ئەو پێكهاتانەی لەسەر خاكی كوردستان دەژین بە جیاوازیی ئایین و ئەتنیك و زمان و بیروبۆچوون و ئایدیاوە.




