تاقی كردنەوەی توركیا لە بەرامبەر رۆژئاوا
مۆگە ئیپلێكچی
نووسراوەكانی سەر دیوارەكان لە باكووری سووریا نیشانەی ئەوەن كە لەو بەشەی سووریا كە پێ دەڵێن رۆژئاوای كوردستان، هاووڵاتییە مەدەنییە كوردەكان رووبەرووی ئەشكەنجە و ئازارێكی یەكجار زۆر دەڕەندانە بوونەتەوە و لە بارودۆخێكی بەمجۆرەدا تەنیا پرسێك كە دەكەوێتە مێشكمانەوە ئەوەیە كە ئایا توركیا لە بەرامبەر سووریا و رۆژئاوادا لەچە جۆرە تاقیكردنەوەیەكدا تێپەڕ دەبێت؟
لە راستیدا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت لە سەرەتای ئەم قۆناخەوە تا ئێستە توركیا نەیتوانیوە زۆر بە باشی لە تاقیكردنەوەكاندا دەربچێت. هەر چەند لەم ماوەیەدا بەرپرسانی توركیا لەگەڵ سەرۆكی پەیەدە كە یەكێكە لە پارتە سیاسییە بەهێزەكانی كورد لە ناوچەكەدا كۆ ببوونەوە، بەڵام ئەو پەیامانەی كە لە رابردوودا توركیا ئاراستەی لایەنەكانی سووریای بە تایبەتی ئاراستەی لایەنە كوردییەكانی كردوونە هیچ جۆرە نیشانەیەكی باشییان پێوە دیار نییە. كاتێك كە سەیری رووداوەكانی سووریا بكەین كە لە پایزی دووساڵی پێش دەستیان پێكردووە و تا ئەمرۆیش درێژەیان هەیە بۆمان دەردەكەوێت كە توركیا هاوكاری و پشتگیری كێ كردووە. ئەم هەڵوێستەی توركیا لە بەرامبەر سووریا و بە تایبەتی لە بەرامبەر كورد لە سووریادا بووەتە هۆكاری شك و گۆمانی خەڵكی توركیا و ناوچەكە لە سەر قۆناخی چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا. هاوكارییەكان و سیاسەتەكانی توركیا لە سووریا بە جۆرەیەكن كە ناراستەوخۆ لە دژی كوردە و ئەمە سیاسەتانەیش بمانەوێ و نەمانەوێ كاریگەرییەكی یەكجار نەباش لە سەر قۆناخی چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا دەكات. لە ئێستەیشدا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت كە بە هۆی سیاسەتی توركیا لە بەرامبەر سووریا و باكووری سووریا یا رۆژئاوای كوردستاندا بوونەتە هۆكاری لاواز بوونی هەوڵدانەكانی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا.
زۆربەی هەرە زۆری روشنبیر و چاودێرە سیاسییەكانی توركیایش باسی ئەوە دەكەن كە سیاسەتی توركیا لە بەرامبەر سووریا بە گشتی و رۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی لە سەر بنەمای نكۆڵی كردن لە هەبوونی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و پشتگیری كردنی لە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئەلقاعێدە و دەوڵەتی ئیسلامییە كە ئەمەیش لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە توركیا لە سەر سنوورەكانی خۆیدا هەست بە ئارامی و ئەمنییەت نەكات و لە داهاتویشدا ئەم سیاسەتەی توركیا دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە چەندین گرووپی ئیسلامی توندڕەوی تیرۆریست ببنە دەراوسێ توركیا. بۆیە ئەگەر توركیا سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر سووریا و رۆژئاوای كوردستاندا نەگۆڕێت و هەر وەكو رابردوو هاوكاری و پشتگیری لە گرووپە ئیسلامییەكان بكات ئەوا لە داهاتوویەكی نزیكدا توركیایش دەبێتە وەكو پاكستان و دەبێتە ناوەندێك بۆ گرووپە ئیسلامییەكان.
هەر چەند توركیا بە رەسمی دان بەوەدا نانێت كە هاوكاری و پشتگیری لە گرووپە ئیسلامییەكانی نزیكی ئەلقاعێدە و دەوڵەتی ئیسلامی دەكات، بەڵام رووداوەكانی سەر سنوورەكانی نێوان توركیا و سووریا ئەوەیان بۆ جیهان سەلماندووە كە گرووپە ئیسلامییەكانی سەر بە ئەلقاعێدە و دەوڵەتی ئیسلامی توركیا لە رووی مادی و لوجستیكی و هاتووچۆدا بووەتە ناوەندێكی زۆر باش بۆ ئەو گرووپانە.
ئەگەر بێتو حكوومەتی توركیا واز لە سیاسەتی نكۆڵی كردنی كورد لە نێو توركیادا بهێنێت و تێوەری و بیروڕاكانی دژی كورد بخاتە ژێر لێكۆڵینەوە و ئەو دەستكەوتانەی كە كورد لە رۆژئاوای كوردستاندا بە دەستیانەوە دەهێنن بە مەترسییەك بۆ سەر خۆی نەبینێت، ئەوا هەم لە توركیا و هەم لە ناوچەكەدا دەتوانرێت ئەنجامی جیاوازتر و باشتر بە دەستەوە بهێنرێت، بەڵام بەراستی پێویستە توركیا بۆ ئەم مەبەستە ببێتە خاوەن ئیرادەیەكی بەهێز، چوونكە چە لە ئێستە و چە لە داهاتوودا راستی ناوچەكە بەمجۆرەیە.
سەرچاوە. وەتەن




