٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

به‌رچاوڕوونیه‌ك بۆ گوڵپی و هاوبچمەكانی

سەرچاوە: KDP.info

كەریم قادر

ئەوەی كەمێك ئاگاداری پەرەسەندنی سیاسەتی ئێستای جیهان ‌بێت،  دەبێ ئەو راستییە بزانێ، كە سەردەمی كاركردنە نەك قسەی بەتاڵ و هەڵڕشتنی فرمێسكی تیمساحانە. هەر بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە بۆ وەبەرهێنانی  دۆخی‌  رۆژاوای كوردستان بە سوودی نەتەوەیی و خەڵكی ئەو پارچە داگیركراوە، سەرۆك بارزانی  هەموو هێزەكانی ئەو پارچەیەی لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆكردەوە و بە ئەزموون و سیاسەتی نەتەوەییانەی خۆی توانی هەموو لایەكیان قایل بكات لە ناو خۆیاندا رێككەوتنێك مۆر بكەن، كە‌ لە ئەنجامدا دەستەی باڵای كوردی لێ وەبەرهات.

بەڵام بەهۆی سیاسەتی پشتكردن لەو دەستەیه و رێز نەگرتن لە ئیمزاكان‌ و هەوڵی خۆ سەپاندن بە زەبری هێز بەسەر ئیرادەی خەڵكی ئەو پارچەیە لە لایەن لایەنێكەوە دەرفەت بۆ رژێمی بەشار رەخسا گەمەیان پێ بكات، بۆ گۆڕینی ئاراستەی رووداوەكان، كه بە هۆیەوەی تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە و لێی سوودمەند دەبێت.‌ بۆیە بە پێوەری نەتەوەیی ئەوەی لە رۆژاوای كوردستان هەیە و روودەدات جۆرێكە لە نەزانی و بێ ئاگایی، هەڵپەرستانی وەك فایەق گوڵپی و هاوبچمەكانیشی بە ناوی هاوسۆزی بۆ رۆژاوای كوردستان لە هەر دەرفەتێكدا بۆیان بلوێ  وەك فەرمانیان پێكراوە ‌ بۆ مەرامی خۆیان‌ هێرشی ناڕەوا دەكەنە سەر ئەو سیاسەتە دروستەی، كە  كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار كرد وەك (كێشەی نەتەوە‌یەكی بێ دەوڵەت) مامەڵە لەگەڵ دۆزی كورد بكات بۆ چارەسەركردنێكی ریشەیی.

بە دیوێكی دیكە هەموو لایەك، دۆست و نەیار بەو راستییە گەیشتوون، ئەمڕۆ بە حوكمی گەلێك هۆكار، كە لای چاودێران ئاشكران، هەولێری پایتەخت بۆتە چەقی ئاراستەكردنی كێشەی نەتەوەیی كورد، بڕیاری بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و بەشداریكردنی میوانانی غەیرە كورد بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگری گۆڕینی هاوكێشە كۆنەكەی مامەڵە كردنە لەگەڵ پرسی كورد. ئەمەش رژێمەكەی بەشار و هاوپەیمانەكانی نیگەران كردووه. بۆیە هەموو هەوڵێكی خۆیان دژی ئەو سیاسەتە چڕ كردۆتەوە، بەڵام بێ ئاگان لەوەی ئاسنی سارد دەكوتنەوە، چونكە پێشتر هەوڵی لەمجۆرە زۆر درا و سەریان دای لە بەرد.

لەم كوردستانە كەس ناتوانی موزایەدە بە هەستی نەتەوەیی خەڵكی هوشیاری كوردستان بكات و بە قسە خۆیمان لێ بكاتە نەتەوەیی، چونكە لاپەڕەكانی مێژووی خەباتی نەتەوەی كورد بۆ گەیشتن بە دوا ئامانج كراوەن‌ و ئەستێرە گەشاوەكانی ئەو خەباتە بە وڕینەی گوڵپی و هاوبچمەكانی بزر نابن. ئەگەر گوڵپی راست دەكات لەبری ئەوەی هێرش بكاتە سەر سیاسەتی دروستی كوردایەتی و فرمێسكی تیمساحانە بڕێژێ، بۆ ناچێ بەرگری لەو خەڵكە بێ دەرەتانە بكات؟ ئەگەر نازانێ سەنگەر لە دوژمن بگرێ، خۆ دەزانێ چۆن بریندارەكان تیمار بكات؟ كە بەردەوام‌ لە نەخۆشخانەكانی دهۆك و هەولێر لە لایەن دكتۆرە نیشتمانپەروەرەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێن. بۆیە كاتێك دیمەنی ئەو هاوكارییە مرۆییانە دەبینین،كە رۆژانە‌ لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی رۆژاوای كوردستان دەكرێن،كە دواترینیان گەیاندنی 17 ئەمبیولانس بوو لە لایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی. هەقە گوڵپی هەم ... لە رووخساری خۆی بكات لەسەر ئەوەی لە قسە زیاتر هیچی بۆیان نەكردووە، هەم سەری زمانیشی داخ بكات لەسەر ئەوەی ئاو دەكاتە ئاشی رژێمی بەشار.

ئەگەر گوڵپی و هابچمەكانی زەڕەیەك هەستی نەتەوەییان هەیە و لە خەمی پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتیانە دان، كە هەر قسەیە، ئەگەرنا راستتر ئەوەیە گوشار لەو لایەنە بكەن هەم دەست بەسەر ئەو كۆمەك و هاوكارییە مرۆیانە نەگرن، كە لە باشوورەوە بۆیان رەوان دەكرێ، هەم رێگە بەو رۆڵە مەشق پێكراوە بدات، كە بۆ بەرگریكردن لە خەڵكی رۆژاوای كوردستان ئامادەی هەموو گیانفیدایەكن، بەڵام چونكە فڕیان بە پرسی نەتەوەییەوە نییە و لە قسەی بەتاڵ زیاتر هیچی دیكەیان لە دەست نایەت هەمیشە هێرش دەكەنە سەر سیاسەتی دروستی نەتەوەیی و درۆ پەخش دەكەن بەوەی گوایە سنوور داخراوە. راستییەكەی وەك له دوا ‌بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە سنوور بۆ كۆمەك و هاوكاری مرۆیی نە داخراوە و نە داشدەخرێ، بەڵكو خەڵكە نیشتمانپەروەرەكە رێگە نادەن لایەنێكی عەسكەری دەستی بەسەر دابگرێ، چونكە بۆ یارمەتی خەڵكەكە خۆیەتی نەك بۆ رژێمی بەشار ئەسەد.

هەواڵی پەیوەندیدار