كێ كوردانی رۆژئاوا دەكوژێت؟
ئیبراهیم كراس
هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی شەری ناوخۆی سووریا، گرنگی رووداو و پێشهاتە سیاسییەكانی سووریایش بۆ توركیا روون بوویەوە. ئەگەر چی رای گشتی كۆمەڵگە و حكوومەتی توركیایش پێشبینی هەندێك رووداو و پێشهاتی چاوەرواننەكراویان نەدەكرد، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری رۆشنبیر و چاودێرانی سیاسی توركیا هەستیان بەوە كردبوو كە گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی سووریا كاریگەرییان لە سەر توركیا دەبێت. لەم چەند رۆژەی رابردوویش هەم بەرپرسانی سیاسی توركیا و هەم بەرپرسانی سەربازی و روشنبیر و چاودێرانی سیاسی توركیایش دانیان بەوەدا نا كە چی دیكە ئەگەری پاراستنی یەك پارچەیی سووریا و مانەوەی سووریا وەكو ڵاتێكی یەك پارچە ئەگەرێكی زۆر لاوازە چوونكە كورد لە باكووری سووریادا لەمێژە دەستی بە ئامادەكاری بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی خۆی كردووە و دەیەوێ وەكو باكووری عێراق دەسەڵاتێكی تایبەتی بە خۆی هەبێت.
بەداخەوە هەر سەبارەت بە بارودۆخی سووریا و باكووری سووریا، هەندێك لە چاودێرانی سیاسی و لێكۆڵەرانی توركیا ئاماژەیان بەوە دەكرد كە كورد لە سووریا لە یەك ناوچەدا كۆ نەكراوەتەوە بەڵكو كورد لە باكووری رۆژئاوای سووریاوە بەرەو باكووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە بڵاو كراونەتەوە و لە نێوانیاندا چەندین پێكهاتی دیكەی جیاجیایش دەژین هەر بۆیە كورد لە رووی سیاسییەوە ئەوەندە بەهێز و یەكگرتوو نییە كە بتوانێت لە سووریا داوای سەربەخۆیی یا بەرێوەبەرایەتییەكی تایبەتی بە خۆی بكات. ئەم لێدوان و شرۆڤانەی هەندێك لە چاودێرانی سیاسی و لێكۆڵەرەكانی توركیا بوون بە هۆكاری ئەوەی كە رای گشتی توركیا و بەرپرسانی سیاسی توركیا لە بەرامبەر سووریادا سیاسەتێكی ناراست پەیڕەو بكەن.
بەڵام راستییەكان ئەمرۆ شتێكی دیكەیان سەلماند، بۆ نموونە لە باكووری سووریا كورد نەتەنیا بوو بە خاوەن هێزی یەكگرتوو بەڵكو دەستی بە ئامادەكاری بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی خۆی كردووە و كوردانی توركیایش بەو پەری هێزی خۆیانەوە شەو و رۆژ لە بەر چاوی رای گشتی توركیا و بەرپرسانی سیاسی توركیادا پشتگیری لە شۆڕشی رۆژئاوا دەكەن. كورد بۆ بەدەستەوە هێنانی سەربەخۆیی خۆی لە سووریا دەستی بۆ چەك بردووە و داوای سەربەخۆیی خۆی دەكات. بەمجۆرە شرۆڤانە چاودێرە سیاسییەكانی توركیا و لێكۆڵەرەكانی توركیا نەتەنیا رای گشتی و بەرپرسانی سیاسییان تووشی بیر كردنەوە و پێشبینی هەڵە كرد بەڵكۆ بۆ خۆیشیان لە شرۆڤە كردنەكانیان سەبارەت بە سووریا و باكووری سووریا هەڵەی گەورەیان كرد.
بە هێز بوونی باڵی پەكەكە لە سووریا ( پەیەدە) خاڵێكی دیكەیە كە بۆ توركیا زۆر گرنگ و سەرنجراكێشە، لە سەرەتای دامەزراندنی پەكەكەیەوە تا ئەمرۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە كوردانی سووریا وەكو چەكدار لە نێو پەكەكەدا رولیان هەبووە و ئەمرۆیش ئەم رۆلە بە جۆرەیەكی دیكە دەگێڕن. بێگۆمان كوردانی سووریا ( رۆژئاوا) هەر هەموویان لە ژێر یەك چەتری سیاسیدا كۆ نەبوونەتەوە بەڵكو هەندێكیان سەر بە پەكەكەن، هەندێكیان سەر بە بارزانین و هەندێكی دیكەیشیان سەر بە بەرەی ئەلنەسرن كە ئەمرۆ لە سووریا دەستی بە كۆشتنی كورد كردووە.
بەڵام گرووپی هەرە بەهێز و چالاكیان گرووپی لایەنگرانی پەكەكە ( پەیەدە)یە. ئەم گرووپ و لایەنانە لە رووی ئیمكاناتەوە خاوەن ئیمكاناتی زۆر باشن و زۆر بە باشی سوود لەم ئیمكاناتانە بە تایبەتی لە میدیای سوسیال ( میدیای كۆمەڵایەتی وەكو فەیس بووك و تویتەر) وەردەگرن. بۆنموونە چەند رۆژ پێش لە ماوەی چەند كاتژمێردا لە سەر فەیس بووك هەر هەمووی توركیا ئاگادار كرایەوە كە لە رۆژئاوا شەڕە و بەرەی ئەلنەسرا كۆمەڵكۆژییەكی گەورەی پێك هێناوە.
هەر چەند هەندێك كەس و لایەن ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم كۆمەڵكۆژیانە لە لایەن رژیمی ئەسەدەوە پێكهاتوونە، بەڵام چەند خاڵی دیكە هەیە كە پێكهێنانی ئەو كۆمەڵكۆژیانە لە لایەن بەرەی ئەلنەسرایەوە پشتراست دەكەنەوە. بۆ نموونە مانگی رابردوو ئەم بەرەیە فتوایەكی دەر كردبوو كە كوشتنی پیاوە كوردەكان فەرزە و ژنە كوردەكانیش بۆ ئەوانەی كە پیاوەكانیان بكوژن حەلالن. هەر چەند ئەم جۆرە فتوایانە لەگەڵ رۆحی بەرەی ئەلنەسرادا سازگاران و تەنیا ئایدئولوژیایەكی بەمجۆرە دەتوانێت فتوای بەمجۆرە دەربكات، بەڵام هەندێك لە سەرچاوەكان لە سووریا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم جۆرە بانگەشانە پرۆپاگەندەی پەكەكەن چوونكە پەكەكە نایەوێ بێجگە لە خۆی كەس لە كوردستانی سووریا شتێك لە دەستیدا هەبێت بۆیە بەمجۆرە گرووپەكانی دیكە تاوانبار دەكات و لە دژیان دەست بە شەڕ دەكات.
سەرچاوە. ستار




