لە كۆنگرەی نەتەوەییەوە بۆ كوردستانی گەورە
ئوراڵ چاڵێشلار
هاوپەیمانیەتییەكی گەورەی نێوان كورد و تورك بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست سەرنج راكێش و جۆرەیەكی زۆر باشی ئاشتی و پێكەوە ژیانە و دەتوانێت ببێتە مۆدێلێكی زۆر باش بۆ هەر هەمووی رۆژهەڵاتی ناوەراست.
16ساڵ لەمەوبەر لە شاری سیدینی ئوسترالیادا لە بەرنامەیەكی تەلەفزیونیدا كاتێك كە پرسیاری " ئایا بێجگە لە كورد كە نفووسی زیاتر لە 20 میلیونە و پێكەوە لە سەر پارچەیەك زەویدا دەژین هیچ نەتەوەیەكی دیكە هەیە كە دەوڵەتی نەبێت؟ ئاراستەی من كرا بە راستی من نەمزانیبوو چۆنە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، زیاتر لە 16 ساڵە كە ئەم پرسە هەر لە نێو مێشكمدایە و بۆ وەڵامەكەی دەگەڕم.
كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كە لەم مانگەدا كۆ دەبێتەوە، ئاماژەیەكی گرنگە بۆ سەر دەمێكی نوێ لە نێو مێژووی كورددا، گەلی كورد كە لە دوای شەڕی جیهانی یەكەمدا لە نێوان چوار دەوڵەتدا پارچە كراوە، ئەمە یەكەمینجارە كە نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەكانی بەمجۆرە كۆ دەبنەوە. كاتێك كە سەیری مێژووی رابردوو بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە گرووپە چەكدارە كوردییەكان جارجار شەڕی یەكتریان كردووە و ئەگەری یەكیتی كوردیان لاواز كردووە، ئەگەر كۆماری كوردستان لە مەهاباد و شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی لێ دەربخەین ئەوا من دەتوانم كە بڵێم ئەمە یەكەمینجارە كە كورد لە زەمینەیەكی مشرووع و رەوادا بەمجۆرە كۆ دەبێتەوە و وەكو فاكتەری سەرەكی جوغرافیایەكی نوێ سیاسی بەشداری لەم كۆنگرەیەدا دەكەن.
بێگومان كورد لە یەك رۆژدا نەیتوانیوە بەم ئاستە بگات و نابێت وا بیر بكەینەوە كە ئەم كۆنگرەیە ناتوانێت بۆ ئەمرۆ یا بۆ داهاتووی كوردی شتی نوێ لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. باس كردنی ناسنامەی كوردی و هەبوونی كوردی بەم ئاشكرایی و بەم سەراحەتە دەبێتە هۆكاری خستنە رووی راستییەكی نوێ دیكە. بێگۆمان مرۆڤ دەپرسێت كە لە كاتێكدا كە بەهاری عەرەبی لە پشتەوەی خۆی چەندین پرسی بێ وەڵامی هێلاوەتەوە، واتای كۆنگرەی نەتەوەیی كورد چییە؟
توركیا و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە چە لە سەدەی بیستەمدا و چە لە ساڵەكانی سەرەتای سەدەی بیستویەكەمدا رووبەرووی چەندین راپەڕین و شۆڕشی كوردبی بوونەتەوە. بە هۆی پەیڕەو كردنی سیاسەتی ئینكار لە لایەن ئەم دەوڵەتانەوە و بەهۆی پشتگیری كردنی ئەم دەوڵەتانە لە سیاسەتی جیهانی دژ بە گەلی كورد، ناوچەكە بۆ ماوەی زیاتر لە یەك سەدە ئارامی بە خۆیەوە نەبینیوە. دوایین شۆڕشی گەورەی كورد لە توركیا دەستی پێكرد و وا بزانم ئەم شۆڕشە گەیشتە ئەنجام و بۆیە ئەمرۆ دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین كە ئەم شۆڕشەیش وەردە وردە بەرەو كۆتایی خۆی دەروات. هەر چەند ئەم شۆڕشە دواین شۆڕش بێت بەڵام مرۆڤ دەتوانێت وەكو دەست پێكردنی سەرەتایەكی نوێ شرۆڤەی بكات. ئەمرۆ وەكو رابردوو نییە و دونیا هەر هەمووی تێگەیشتووە كە كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا فاكتەرێكی یەكجار گەورەیە و دەتوانێت هاوسەنگییەكان بگۆڕێت.
لە لایەكی دیكەوە بەهێز بوونی پەیەدە لە سووریا و رۆژئاوای كوردستاندا نیشانەی ئەوەیە كە پارتییەكی نزیكی پەكەكە لە سووریا لە سەر سنوورەكانی توركیادا خۆی بەجێ كردووە و ئەمەیش بووەتە هۆكاری ئاڵۆز بوونی تابەلای سیاسی لە ناوچەكەدا. چوونكە توركیا لە كاتێكدا كە لەگەڵ پەكەكە دەستی بە قۆناغێكی نوێ كردووە هاوكات لە سەر سنوورەكانی خۆی لەگەڵ سووریادا پەكەكەی سووریا ( پەیەدە) هەبوونی خۆی سەلماندووە و توركیا دەبێت پەیوەندییەكی چۆن لەگەڵ پەیەدە دا ساز بكات؟
ئەگەر حكوومەتی توركیا گوێ بە بیروڕا و پێشنیارەكانی پارتە بەرهەڵەستكارەكان ( ئوپوزسیون) بدات ئەوا دەبێ هەر وەكو ساڵانی رابردوو لە چوارچێوەی سیاسەتی نكۆڵی كردن لە كورد دەست بە هێرش كردنە سەر سووریا بكات. هەر چەند دەسەڵاتی ئاكەپەیش سەرەتا ویستی بەمجۆرە بكات بەڵام زوو هاتەوە سەر عەقڵی خۆی و سیاسەتی خۆی گۆڕا. توركیا سەر قاڵی ئامادە كردنی ستراتیژیەتێكی نوێیە كە نەتەنیا لەگەڵ كوردەكانی نێو توركیا بەڵكو لەگەڵ كوردانی پارچەكانی دیكەیش لە پێناو ئارامی و ئاسایشی ناوچەكەدا هاوپەیمانی ساز بكات و پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ كورددا باشتر و بەهێزتر بكات.
لەم رۆژانەی دواییدا سەرۆكی پەیەدە سالح موسلیم بە رەسمی سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی توركیا كۆ بوویەوە و دواتر نێچیرڤان بارزانیش سەردانی ئەنقەرەی كرد و لە ئاستی زۆر بەرزەوە پێشوازی لێ كرا، ئەم سەردانانە و ئەمجۆرە پێشوازی كردنانە دەبنە هۆكاری دروست بوونی ئەم پرسە كە ئایا كورد خۆیان بۆ دامەزراندنی كوردستانی گەورە ئامادە دەكەن؟
20 ساڵ لەمەوبەر كاتێك كە لە دۆڵی بەقا پرسیاری جیابوونەوەی كوردم لە توركیا ئاراستەی ئوجەلان كرد، لە وەڵامی مندا وتی: بۆ جیا ببینەوە، لە ئەستەنبۆل، ئەزمیر و بورسا ئەوەندە كورد هەیە كە ... ئێمە دەمانەوێ دەوڵەمەندی توركیا لەگەڵ توركەكاندا دابەش بكەین و پێكەوە ژیان بكەین.
باوەر ناكەم كە تەرجیحی زۆربەی زۆری گەلی كورد گۆڕا بێت بەڵام كورد دەیەوێ لەو وڵاتانە كە دەژین خۆیان خۆیان بە رێوە ببەن و خۆیان حكومی خۆیان بكەن نە دەوڵەت یا سیستەمێكی دیكە.
سەرچاوە. تەرەف




