ئەمەریکا دژی ئەوە نەبوو ئیسلامییەکان لەزەتی دەسەڵات بکەن
غازی حەسەن
دوای لادانی مورسی لە دەسەڵات و دەستبەسەرکردنی لەلایەن سوپاوە و رێگەخۆشکردن بۆ دادگایی کردنی بە تۆمەتی راکردن لە زیندان و هاوکاری لایەنە توندڕۆکان، ئەمەریکا دوچاری بەرپرسیاریەتییەکی گەورە دەبێتەوە. ئەمەریکا دوای لادرانی دۆستەکەی حوسنی موبارەک، زوو کەوتە هاوکاری ئیخوان موسلمین بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، دیارە ئەمەش لەو روانگەیەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئێستەی ئەمەریکا ریزگرتنی ئیرادەی جەماوەری میسرە لە دیارکردنی دەسەڵاتی خۆیان، هەروەها دوور نییە پێیان باش بووبێت کە ئیسلامییەکانیش ماوەیەک لەزەتی دەسەڵات بکەن. بۆ ئەوەی واز لە توندوتیژی و بیرە کۆنەکان بهێنن و ببنە کەسانی مۆدیرن و ئیسلامییەکی سەردەمیانە بن، بەڵام تەنیا لە یەک ساڵی دەسەڵاتدا مەسەلەکە وا دەرنەچوو، ئیخوانەکان بە خێرایی دەیانویست تاکرەو بن و رەگەزپەرستانە بن و بناژۆی دیکتاتۆری دروست بکەن.
نووسەری گەورەی ئەمەریکا فریدمان دەڵێت لە شۆڕشی یەکەمدا کە دژی دەسەڵاتی موبارەک بوو (دەستەکانیان بڕی)، بەڵام ئەمجارە لە شۆڕشی دووەمدا (سەرەکانیان بڕی). چونکە خەڵکی میسر لەو گەیشتن کە نابێت دەرفەتی درێژخایەن بدەنە دەسەڵات و هەنووکە باشترین کاتە چونکە شۆڕش درێژەی هەیەو خەڵک ساردنەبۆتە بۆ بەدیهێنانی داواکانیان. هەروەها سیاسەتی ئەمەریکا ئەوەیە ئەگەر لەهەر وڵاتێکدا گۆڕانکاری لە رێگەی سوپاوە بەرێوەچوو، هاوکارییەکانیان بۆ ماوەیەک رادەگرن. میسریش ئەمڕۆ بەهەمان شێوەیە، بڕیار بوو دوای ئەوەی ئیخوان دەسەڵاتیان وەرگرت چوار فڕۆکەی ئێف شانزدەهاوکاری دیکەی سەربازی لە لەلایەن ئەمەریکاوە بدرێتە حکوومەتەکەی مورسی، بەڵام دوا لەکارخستنی مورسی لەمڕۆژانە ئەم بڕیارە راگیرا. هەروەها رەنگە هاوکارییەکانیش بوەستێت. لە کاتی دەرچوونی ئەم بڕیارە و هاوکاری حکوومەتی ئیسلامی لە میسردا، بەشێک لە کۆنگرێسمانەکان هاواریان لێ هەڵسا و گوتیان ئەم هاوکارییەی ئیدارەی ئۆباما دەبێتە بەهێزکردنی تیرۆرسیتە توندڕۆیە ئیسلامییەکان، چونکە پێیان وابوو ئیخوانیش توندڕۆ و سەرچاوەی توندوتیژین، بەڵام ئیدارەی ئەمەریکا پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی بڕیاری هاوکاری سەربازی بۆ میسر، تاکو رووداوەکانی ٣٠ حوزەیران.
| نووسەری گەورەی ئەمەریکا فریدمان دەڵێت لە شۆڕشی یەکەمدا کە دژی دەسەڵاتی موبارەک بوو (دەستەکانیان بڕی)، بەڵام ئەمجارە لە شۆڕشی دووەمدا (سەرەکانیان بڕی). |
گەلی میسر جاریکی دیکە لە چوارچێوەی درێژەدان بە راپەڕین توانیان دەسەڵاتی مورسی کۆتایی پێبهێنن، ئێمە باس لە نێوەرۆک و رەوایی شۆڕش و ئامانجەکانی ناکەین، باسی حەماسەت و ناجێگیری و گەرم مانەوەی رووداوەکانی دوای راپەڕین دەکەین، کە سۆز و حەماسەت تێیدا زالە، نەک عەقڵ و بەرنامە و لێکدانەوەی دوورخایەن. لەهەمان گاڤیشدا بەهەمان خێرایی ئیخوان مسلمین پێیان وابوو دەتوانن لە ماوەیەکی زۆر کورتدا هەموو لایەنە گرینگ و سەرەکییەکانی دەسەڵات کۆنترۆل بکەن، چونکە لایەنەکان خەریکی خۆپیشاندان و نارەزایەتی و کێشە بەردەوامە و ئیدی بانپرزژێنە سەر ئەوەی بیر لە گۆڕینی دەسەڵاتی ئەوان بکەنەوە. بەڵام پێشبینییەکان پێچەوانە دەرچوون. نە ئیخوان توانی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات کۆنترۆل بکات و نە ئۆپۆزسیۆن و خەڵكیش لە بیریان چوو کە دەبێت بە خێرایی بیر لە گۆڕینی ئیخوان و دوورخستنەوەی ئیسلامییەکان لە دەسەڵات بکەنەوە، هەروەسا بیردۆزەکەی ئەمەریکاش بۆ هاوکاری ئیسلامییەکانی میسر دروست دەرنەچوو، چونکە نەیانتوانی بەرگەی نەرمترین فشار و جیاوازی و ئیدارەیەکی هەمەلایەنە بکەن. سەرباری ئەوەش مورسی لە جیاتی بیرکردنەوە لە چاکسازی و راستکردنەوەی باری ئابوری میسر، دەیەویست دەوڵەت و باری ئابوری کە گەشتوگوزار لایەنی سەرەکەی ئابوری میسرە بە ئیخوان بکات و لە ژیر کاریگەری شەریعەت و بۆچوونە دینەکانی ئەواندا بەرێوەبچێت. ئەمەش کاریگەرییەکی سلبی راستەوخۆی هەبوو کە جەماوەر توڕە بێت و بی هیوا بێت و لەو دەنگە پەشیمان بێتەوە کە لەکاتی راپەڕین دژی دەسەڵاتی سەرکوتکارانە و دیکتاتۆری موبارک وەکو بزاڤێکی نوێ و ئەزمونێکی تازە بۆ دەسەڵات بە ئیخوان مولسیمینیان دا.
| رووداوە گەرم و بەردەوامەکانی میسر، دەریان خست کە ئیسلامی سیاسی نەیتوانی ببێتە نمونەیەکی باش بۆ دەسەڵات، هەروەها دوور نییە پەرەسەندنی توندڕەوە ئیسلامییەکان لە سوریاش هۆکارێک بووبن، تاکو سەرچاوەکەیان لە میسر بکوژێنرێتەوە، |
ئەمەریکا دەرفەتێکی نوێی بۆ هەڵکەوت بۆ ئەوەی چاو بەو سیاسەتە دابخشێنتەوە کە بەرانبەر ئیسلامییەکان و بزاڤی سیاسی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتدا خەریک بوو دایبرێژێت و دەرفەتیان بداتێ ماوەیەک دەسەڵات بگرنە دەست . گەلێکجاران سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە زلهێزەکان لەسەر بەرژەوەندی و هەروەها زانیاری لاواز و هەژار بینادەکرێت. گەلێکجار رێککەوتووە کە ئەمەریکا لایەنگری هێز و ئەو لایەنانە بکات کە بەهێز دەردەکەون، نەک ئەو رەوشەی دەتوانێت ببێتە هۆکار و زەمینە خۆشکەر بۆ بەهێزکردنی دیموکراسیەت و چەسپاندنی ئازادییەکان. ئەمەش لەئاکامدا دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن و تاکڕەوەیی لێکەوتۆتەوە. لە بەر ئەوەشە ئەزموونەکان دەریانخشتوە هەموو ئەو وڵاتانەی ئەمەریکا هاوکاریان دەکات، بە خێرایی بەرەو دیکتاتۆریەت دەچن. واتە ئەمەریکا زۆر کەم رەێکدەوێت لایەنگری میللەت بێت لە پێکهێنانی دەسەڵاتدا.
رووداوە گەرم و بەردەوامەکانی میسر، دەریان خست کە ئیسلامی سیاسی نەیتوانی ببێتە نمونەیەکی باش بۆ دەسەڵات، هەروەها دوور نییە پەرەسەندنی توندڕەوە ئیسلامییەکان لە سوریاش هۆکارێک بووبن، تاکو سەرچاوەکەیان لە میسر بکوژێنرێتەوە، یاخود وڵاتە گەورەکانی جیهان دژی ئەوە نەبن کە دەسەڵاتیان سنور دار بکرێت. هەرچەندە ئەمەریکا تاکو ئێستەش سیاسەتی روونی بەرانبەر حکوومەتی کاتی میسر و رۆلی سوپا لە رووداوکان نییە. دوور نییە مسیر لە ئەنجامی هەندێک سیاسەتی دەرەکی وەکو ئەمەریکا دوچاری کێشەیەکی ناوەخۆیی ترسناک بێتەوە و توندوتیژی و گروپە ئیسلامییە توندڕۆکان پەرەبسێنن. چونکە هەر بەتەنیا ئیخوان مسلمین لم پرۆسەیە زیان ناکات، بەلکە حەماس تووشی قەیرانێکی سیاسی و هەروەها ئابوری گەورە دەبنەوە لە کەرتی غەزە خالد مەشعەل بارەگای خۆی دوای سوریا هێنا میسر کە ئیخوان بەهێز دەبن، هەروەها لەرێگەی داخستنی تونێلەکان ئابوری کەرتی غەزە دوجاری تەنگەژە دەبێتەوە. بزاڤە ئیسلامییە توندڕۆکانی دیکەش کە سونە مەزهەبن دوچاری قەیران دێن. سەرباری رۆلی قاعیدە لە ئاراستەکردن و بەکارهێنانی نارەزایەتی ریزەکانی ئیخوان و گروپە ئیسلامییەکانی دیکە لە دژی سوپای میسر و دەسەڵاتی علمانی و ئاسایشی ئیسرائیل. لە بیری نەکەین ئەگەر بە شێوەیەکی کاتی لێدانی ئیخوانەکان لە بەرژەوەندی ئێران نەبووبێت، بەڵام لە رووی ستراتیژییەوە پێگەی بزاڤی ئیسلامی سیاسی (سونەگەرایی) لاواز دەبێت و ئەمەش رەنگە لە قازانجی رەوتی تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی شیعەگەرایی بە رێبەرایەتی ئێران لە رووی فەلسەفی و سیاسییەوە بێت
بۆیە ئەمەریکا ئەگەر ویستبێتی لە رێگەی هاوکاری ئیخوان موسلمین، دیوارێک بەرانبەر فرەبوونی پێگەی ئێران و شیعە لە ناوچەکە دابنێت. دەرکەوت ئیخوان موسلمین هیچ چەشنە فەلسەفەیەکی بەرێوەبردنی دەسەڵات و ئیدارەکردنی ناکۆکی و ململانی ناوەخۆیی و دەرەکییەکانیان نییە. نەدەتوانن لە ناوەخۆ لە گەڵ رکابەرەکانیان کەشی تێکگەیشتن دروست بکەن، نە دەتوانن ببنە خودانی پێگەیەکی هەرێمایەتی لە پێناو ئیدارەکردنی هاوکێشە سیاسییە گەورەکان. بۆیە دەرفەتێکی نوێ لەبەردەم ئەمەریکا بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ میسر دروست بووە، چونکە دوور نییە ئەو وڵاتە رووبەروی کێشەی توندوتیژی ببێتەوە. ئاراستەی لایەنە ئسیلامییەکان و پێداگری سوپا بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی لە سینا و دواتریش پەڕینەوەی بۆ شوێنەکانی دیکە، رەنگە وڵاتەکە بێختە سەر ئاو و ئاگر. ئەمەش ئەمەریکا لە ناوچەکە رووبەروی کێشەیەکی نوێ دەکاتەوە. کە رەنگە کۆنترۆلی کاتێکی زۆری بوێت.




