فیلمی(Shindler‘s List) تەعبیركردن لەجینۆساید لەودیو جوگرافیای زمانەوە
ئارام ناصح
یەكێك لەشاكارەكانی ستیڤن سپیلبیرگ دەرهێنانی فیلمی (Shindler‘s List) بوو لەساڵی 1993.سیناریۆی فیلمەكە لەكتێبی (لیستی شیندلەر) ی تۆماس كینلی یەوە وەرگیراوە كەباس لەچیرۆكی پیشەگەرێكی گەورەی ئەڵمانی-مەسیحی دەكات بەناوی (ئۆسكار شیندلەر)ەوە كەلەهەمانكاتدا ئەندامی پارتی نازییە و لەروداوی كۆمەڵكوژی یەهودییەكان كەناسراوە بە(هۆڵەكۆست) لەكاتی جەنگی جیهانی دووەمدا 1100 یەهودی پۆڵەندی لەمەرگ رزگاردەكات.فیلمەكە توانی حەوت خەڵاتی ئۆسكار بەدەستبهێنێت لەكۆی دوازدە خەلات كەبۆی كاندیدكرابوو،پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا لەو لیستەی كەپەیمانگەی سنەمایی ئەمریكی ئامادەی كردبوو بۆ باشترین سەد فیلمی سەدە،پلەی شەشەمی بەدەستهێنا لەهەڵسەنگاندنی(Internet Movie Database) بۆباشترین دوسەد فیلم بەدرێژایی مێژوو.ئەستێرەی بەناوبانگی هۆلیود(لیام نیسن) رۆڵی ئۆسكار شیندلەر دەبینێت كەپاڵەوانی سەرەكی فیلمەكەیە.
وێنەو تەعبیركردن لەچیەتی كارەسات
رەنگە زمان نەتوانێت تەواوی رەهەندەكانی تراژیدیا بكاتە ناو چوارچێوەیەكی تەعبیرییەوە و پێمان بڵێت ئەوە چیە رودەدات؟ لەراستیدا توانای زمان بۆ وێناكردنی ماهیەتی كارەسات سنوردارە چونكە لەحاڵەتی كارەساتدا دۆخەكە زۆر لەزمان گەورەترە و ناتوانرێت بهێنرێتە نێو جوگرافیای زمانەوە بۆیە دەبینین تەنانەت ئەو قوربانیانەشی كەرزگارییان بووە ناتوانن وەك خۆی تەعبیربكەن لەوەی چی رویداوە و چۆن رویداوە؟ لێرەوە وێنە وەك هێزێكی ئەفسوناوی دەبێنە پانتاییەكی سیمبولیك بۆپیشاندانی چیەتی كارەسات. ئەوەی وێنەكان دەتوانن برێكی زۆری واقیع لەخۆیاندا بەرجەستە بكەن شكۆی وێنەیە بەرامبەر بەزمان.لەفیلمەكەدا ئەوە وێنەكانن پێمان دەڵێن چی رویداوە و چۆن رویداوە؟ گفتوگۆی نێوان ئەكتەرەكان كەمتر لەوێنەكان دەتوانن كەرەستەیەكی تەفسیركردن بن بۆئەوەی كەتێبگەین چی رودەدات؟
ناكۆكیەك كەلێرەدا جێی سەرنجە ئەو رۆڵە سەنترالەی وێنەیە لەدونیای مۆدێرندا بەجۆرێك ئەوەی لەدەرەوەی وێنە بێت لەدەرەوەی میژوو و تەنانەت لەدەرەوەی وجودیشە وەك بەختیار عەلی دەڵێت ((كوشتنی مرۆڤێك لەوێنەدا ئێستا زۆر كاریگەرترە لەكوشتنی میللەتێك لەواقیعدا)) . واتە ئیدی ویژدانی بەشەری دەبێتە ویژدانێكی دیجیتاڵی كەتەنها وێنەكان دەتوانن بیجوڵێنن چونكە (( ئەوەی لەوێنەدا نەبێت لەویژدانیشدا نیە)) . بۆیە یەهودییەكان زۆر زیرەكانە ئەم رۆڵەی وێنەیان قۆستوەتەوە و هەوڵیانداوە پرۆسەی جینۆسایدكرنیان لەلایەن نازییەكانەوە بكەن بە ئەرشیفێكی وێنەیی كەیەكێك لەفۆرمەكانی فیلمی سینەماییە تاكو وەك یادەوەرییەك لەویژدانی بەشەریدا بمێنێتەوە و نەمرێت.
مامەڵەكردن لەگەڵ مرۆڤ وەك زبڵ
ئەدۆلف هیتلەر لەبارەی یەهودییەكانەوە دەڵێت ((خۆپاككردنەوە لەئەسپێ بابەتی پاكوخاوێنی یە نەك ئایدۆلۆژیا، بۆیە لەناوبردنی یەهودییەكان بەنسبەت گەلی ئەلمانەوە مەسەلەیەكە پەیوەندی بەپاكوخاوێنی یەوە هەیە نەك شتێكی دیكە)) . لەفیلمەكەدا زۆربەجوانی تەوزیفبوونی ئەم وتەیەی رێبەری نازییەكان لەسەر سیاسەتی ئەلمانیای ئەوكات بەرامبەر یەهودییەكان بەرجەستەكراوە،كاتێك ئینسانی یەهودی لەهەموو نرخە ئینسانییەكان موجەررەد دەكرێت و دەبێتە بونەوەرێكی بێبەها، ئیدی ئینسانی یەهودی دەبێتە شتَێك هاوشێوەی زبڵ كە زیاد و ناپێویستە و زەرورە خۆتی لێ رزگاربكەیت. لەچەند دیمەنێكی فیلمەكەدا ئەوە پیشاندراوە لەو كۆمەڵگا زۆرە ملێیانەی كەتایبەت بۆلەناوبردنی یەهودییەكان دروستكرابوو ئینسانەكان دەكوژرێن و پاشان لاشەكانیان دەبرێتە نێو چالێكی گەورەوە و هەموو لەسەریەك كۆدەكەنەوە هاوشێوەی زبڵ دواتر دەیسوتێنن تاكو لەپاشماوەی جەستەكانیشیان رزگارییان بێت؟
جینۆساید و دەسكاریكردنی ماناكانی مەرگ
مارتن هایدگەر دەڵێت (( مەرگ ئەزمونێكی تاكەكەسیە)) واتە هەركەسێك وەك خودی خۆی دەمرێت و وەك فەرد دەمرێت، مەرگ چارەنوسێكی فەردییە. بەڵام لەپرۆسەی جینۆسایدا ماناكانی مەرگ دەگۆرین چیدیكە مەرگ ئەزمونێكی تاكەكەسی و چارەنوسێكی فەردی نیە بەڵكو پرۆسەیەكی دەستەجەمعیە، ئیدی هەموان بەیەكەوە دەمرن،لەپێناو شوناسی بوونیاندا دەمرن.لە راستیدا كۆمەڵكوژی خاڵیكردنەوەی مەرگە لەمانا قوڵەكانی، كردنیەتی بەكەرەستەیەك بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە ئایدۆلۆژییەكان.لەسایەی جینۆسایددا چیدیكە مەرگ لوغزێكی گەورە نیەGreatest Puzzle،شۆك دروست ناكات، بەڵكو دەبێتە پیشەسازییەكی گەورەی بەرهەمهێنانی بێمانایی، بێنرخكردنی ژیان و وێناكرنی وەك شتێكی پوچ و بێبەها كەلەهەركاتێكدا دەتوانرێت رەوانەی مەملەكەتی خامۆشبوونی ئەبەدی بكرێت، لەكاتێكدا مەرگ لەخودی خۆیدا وەك دیاردەیەكی وجودی بیركرنەوە لێی دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەكی گەورەی مەعریفە و هۆشیاری بۆمرۆڤ چونكە هیچ شارستانیەتێك نەیتوانیوە هەبێت بەبێ هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری چیەتی مەرگ.




