٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كۆنگرەی نەتەوەیی، دەستكەوتێكی گەورەی خەبات وقوربانیدانی گەلی كوردستانە

سەرچاوە: KDP.info

رێبوار حەمەلاو شوانی

سازدانی یەكەم كۆنگرەی نەتەوەیی، بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان خەونی لەمێژینەی هەموو گەلی كوردستانە، كوردستان. تاكو لەڕیگەی ئەم كۆنگرەیەوە، گوتاری هەموو پارت و لایەنە سیاسی پارچەكانی دیكەی كوردستان، یەكبخرێت و لەڕێگەی بڕیارو راسپاردەكانی مافەكانی گەلی كورد، بەپێی گونجاوی بارودۆخی سیاسی دیاربكات. كۆنگرەی نەتەوەی كورد بەرهەمی بە یەكێك لە دەستكەوتە هەر گرنگ و خەبات وقوربانیدانی گەلی كوردستان هەژمار دەكرێت، كە لە ساڵانی هەشتاكانەوە، لە سەردەستی ئەندازیاری ئاشتەوایی، كاكە ئیدریسی جوانەمەرگ و بەهاوكاری هێز و پارتەكانی تری كوردستان، بەردی بناغەی بەستنی بۆ دانرابوو. بەڵام بە هۆی لە بارنەبوونی بارودۆخی سیاسی ئەو كاتەی كوردستان دواكەوت. بەڵام ئەمجارەیان خۆشبەخاتە بە دەستپێشخەری و سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یەكەمین كۆبوونەوەی ئامادەكاری، بەئامادەبوونی چەندین پارت ولایەنی سیاسی هەرچوار پارچەی كوردستان ئەنجامدرا.بە باوەری من ئەوەی ئێستا لەم بەشەی‌ خاكی‌ كوردستان و لەژێر چەتری‌ هەرێمی‌ كوردستاندا دەبینرێت، بە كرداریكردنی‌ ئەو دروشمەیە كە لە بەرەبەیانی‌ مێژووەوە لەسەر زارمان بووە، یەك دەنگی‌ یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی گەڵی كوردستانە. گۆنگرەی نەتەوەیی كورد ئاواتی دێرینەو خواست و ئامانجی‌ كوردانی‌ هەر چوار پارچەكەی‌ كوردستان بووە كە رۆژێك بێت كورد بە ئازادی‌ و لەسەر خاكی‌ پیرۆزی‌ كوردستان بتوانێ‌ كۆنگرەی‌ نەتەوەیی‌ ببەستێ‌، خۆشبەختانە ئێستا ئەم ئاواتە وا بەدی‌ دێت و هەنگاوە كرداریەكانی‌ لەسەر ئەرزی‌ واقیع رەنگیداوەتەوە و سەرجەم هێزو لایەنە سیاسیەكانی‌ كورد لە هەر چوار پارچەی‌ كوردستان پابەندبوونی‌ خۆیان پێوە راگەیاندووە و بەشداری‌ كۆبونەوەی‌ ئامادەكاریەكانی‌ كۆنگرەن كە بڕیار وایە لەنزیكترین دەرفەتدا لە هەولێر سازبكرێت. ئەوەی‌ ئێستا بەدی‌ دەكرێت لە یەك هەڵوێستی‌ كوردی‌ هەر چوار چارچەكەی‌ كوردستان، بەدرێژایی‌ مێژوو كورد دۆخێكی‌ لەم جۆرەی‌ بۆ نەڕەخساوە، ئەمە یەكەمینجارە لەمێژوودا هێزو لایەنە سیاسیەكانی‌ رۆژهەڵات، باشور، رۆژئاوا، باكوری‌ كوردستان پێكەوە ئامادەبن لەژێر یەك چەترێكدا كۆببنەوە، كە بڕیار وایە كۆنگرەكە ببێتە دامەزراوەیەكی‌ نیشتمانی‌ و لەمەودوا پرسە چارەنوسسازەكانی‌ هەر چوار پارچەی‌ كوردستان لەم كۆنگرەیەوە سەرچاوە بگرن. بێ‌ دوو دڵی‌ دەتوانم بڵێم لە مێژووی‌ 500 ساڵی‌ رابردوودا كورد دەستكەوتی‌ لەم جۆرەی‌ بەدەست نەهێناوە و بۆ داهاتووش مەگەر تەنها راگەیاندنی‌ دەوڵەتی‌ كوردی‌، لەم كۆنگرەیە گەورەتر بێت.بایەخ و گرنگی‌ كۆنگرەی‌ نەتەوەیی‌ لەبەستنی‌ كۆنگرەكەو كردنی‌ بە دامەزراوەیەكی‌ نیشتمانی‌، هاوكاتە لەگەڵ‌ هەلومەرجێكی‌ نێودەوڵەتی‌ و هەرێمایەتی‌ بۆ چارەسەری‌ ئاشتیانەی‌ پرسی‌ كورد لە هەموو پارچەكانی‌ كوردستان. كەواتا كاتی بەستنی‌ كۆنگرەكە بایەخی‌ بە ئەندازەی كۆنگرەكە گرنگی هەیە. خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانی گەلی كوردستان بە درێژایی مێژوو ئەو خەسڵەتەی هەڵگرتووە كە هەمیشە پەیوەست و پەرۆشی شێوازی ئاشتیخوازانە بووە و لە پێگەی پرانسیپی یەكسانیشەوە هەمیشە ویستوویەتی لەگەڵ گەلانی ناوچەكەدا پێكەوەژیانێكی ئاشتیانەی هەبێ، بۆیە ئامانجی یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كورد گەیاندنی دەنگ و پەیامی گەلی كوردستانە، كە نەتەوەیەكە خاوەن خاك و زمان و مێژوو و كەلتوور و ژمارەی روون و بەرچاوی دانیشتوانی خۆیەتی، نەتەوەیەكە تووشی هەڵمەتەكانی پاكتاوی نەژادی جینۆساید و كیمیاباران و ئەنفاڵ بۆتەوە، ئەو نەتەوەیە وەك هەر گەل و نەتەوەیەكی دی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە و داوای مافە رەوا و یاساییەكانی خۆی دەكات لە چوارچێوەی پرانسیپەكانی ئاشتی و دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتنی بەرامبەر.بۆ ئێمەی كورد زۆر گرنگە لەم كۆنگرەیەدا پەیامی ئاشتی بە هەموو لایەك رابگەیەنین و وەك هەمیشە بە وڵاتانی ناوچەكەو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رابگەیەنین كەوا ئێمەی كورد دەمانەوێ بە زمانی سەردەم واتە زمانی ئاشتی و زمانی دیالۆگ درێژە بە خەبات و تێكۆشانی خۆمان بدەین، ئەمەش پێگەی كورد لەسەر ئاستی ناوچەكەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێز دەكات و كورد دەكاتە ژمارەیەكی بەهێز و كاریگەرتر لە هاوكێشە سیاسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا.سەركەوتنی كۆنگرەی نەتەوەیی دەبێتە هۆی ئەوەی كە كورد یەك خیتابی نیشتمانیی گشتگیرو یەك پڕۆژەی ستراتیژی بەهێزی هەبێت، ئەوە ئەو مەفهومە كۆتایی پێدێت كە پێشتر دەگوترا، پێویستە كێشەی كورد لە هەر پارچەیەكی كوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتەی كە تیایدایە چارەسەری بكرێت، ئەوەش وا دەكات كە كورد بەشێوەیەكی یەك دەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەت بكات، چونكە هەبوونی كۆنگرەی نەتەوەیی، واتە هەبوونی یەكێتی نەتەوەیی و بەهێز بوونی هێزو دواجار حیسابكردنی كورد لە هاوكێشە جیهانییەكاندا.هەروەها بەستنی یەكەم كۆنگرەی نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان دەستكەوت و بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار