بێ ناونیشان به‌حه‌سره‌ته‌وه

نه‌وڕه‌س ڕه‌شید
فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی دنیایی به‌جێ هێشت، ماڵئاوایی له ژیان کرد، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌کانی له دنیادا ماوون و ده‌مێنن، ئه‌و مرد، به‌ڵام وته‌و وشه‌و نووسینه‌کانی نامرن، ژیانی کۆتایی هات، کرده‌کانی له ژیاندا کۆتایی نایه‌ت، بۆ نه‌وه دوای نه‌وه، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی مێژوویی سوودی لێ وه‌رده‌گیرێ .
فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی له کاتی به‌خاك سپاردنیدا له گۆڕستانی پیرمام و کاتێ گڵکۆی ته‌واو بوو، له‌لایه‌ن به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی کوردستان به‌مجۆره وه‌سفکرا : (هه‌ڤاڵ، پێشمه‌رگه، ڕوناکبیری گه‌وره‌ی کورد، که له دڵ و ده‌روونی هه‌موو کورد دا له هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستاندا بووه، کاره‌کانی له پێناو گه‌لی کورد دا بووه، که‌لێنێکی گه‌وره‌ی دروستکرد . )فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی وه‌ك مرۆڤ و خه‌سڵه‌ته‌کانی، وه‌ك هه‌ڤاڵ و پێشمه‌رگه و ڕوناکبیر و به‌رهه‌مه‌کانی، باڵای له‌وه‌ش زیاتر و گه‌وره‌تر هه‌ڵده‌گرێ، له‌م کاته خه‌مناکه‌دا پرسیارێك ده‌که‌م، له‌ناو کورد دا له‌م هه‌رێمه‌دا هه‌ڤاڵ بوون و پێشمه‌رگه بوون و ڕوناکبیر بوون و گه‌وره بوون چیه ؟!
ته‌نیا نازناوه بۆ پێ‌زانین و ڕێزلێنان، یان ده‌ستکه‌وتێکی شه‌خصیه له ئاکامی کۆشش و هه‌وڵ و خه‌بات و ماندووبووندا، یان پێگه‌یه‌کی ماددی و مه‌عنه‌وییه که له ناو کۆمه‌ڵدا ڕۆڵ و کاریگه‌ری و ئاکامی خۆی هه‌یه، کام له‌وانه‌یه، ده‌بێ بۆ که‌سێکی وه‌ك فه‌له‌که‌دین هه‌موویان بێ، چونکه ماف و پشکی خۆیه‌تی، به‌ڵام پرسیاره گرنگه‌که لێره‌دایه تا چه‌ند بایه‌خ به پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، شۆڕشگێڕی، فه‌رهه‌نگی و به‌رهه‌مه‌کانی دراوه، چۆن به بیر بیر‌و ڕاو بۆچون و هه‌ڵوێسته‌کانیه‌وه چوون له‌ده‌وری کۆبونه‌ته‌وه، ده‌سه‌ڵاتیان پێ داوه، خۆ به پێدانی پله‌و ده‌سه‌ڵاتی یاسایی و کارگێری نابێ و به‌دی نایه‌ت، که چه‌ندین که‌سی دیکه، هه‌مان پله‌و ده‌سه‌ڵاتیان پێ دراوه نه نووسه‌ر و نه پێشمه‌رگه و نه‌ڕوناکبیرن، به‌ڵکو ئه‌وه ئه‌رکێکی سپێردراوه ...
| فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی وه‌ك مرۆڤ و خه‌سڵه‌ته‌کانی، وه‌ك هه‌ڤاڵ و پێشمه‌رگه و ڕوناکبیر و به‌رهه‌مه‌کانی، باڵای له‌وه‌ش زیاتر و گه‌وره‌تر هه‌ڵده‌گرێ |
بۆ که‌سێکی پێشمه‌رگه و ڕوناکبیر ده‌سه‌ڵات له‌وه‌دایه کاتێ بیر‌و ڕایه‌ك، هه‌ڵوێستێك ده‌رباره‌ی بابه‌ت و ڕوداو و پرسێکی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌رئه‌بڕێ، ئه‌و ڕاو هه‌ڵوێسته‌ی به هه‌ند وه‌ربگیرێ ته‌وزیف بکرێ له بواری کرده‌ییدا و وه‌ك بکه‌رێك له ده‌وری کۆ ببنه‌وه و کۆده‌نگی و هاوهه‌ڵوێستی به کرده‌وه دروست بکه‌ن، ئه‌وه ڕێز و پێ‌زانین و ڕۆڵ و گه‌وره‌یی پێشمه‌رگه و ڕوناکبیر و ده‌سه‌ڵاتی ده‌رده‌خات، نه‌ك ته‌نیا پله‌و پۆست یان له‌کاتی مردنیدا له ده‌وری ته‌رم و گڵکۆکه‌ی کۆ ببینه‌وه‌و پیایا هه‌ڵبده‌ین، مه‌به‌ستم چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردنی ئێمه‌ی کورده له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڤاڵ و پێشمه‌رگه و نووسه‌ر و ڕوناکبیر و که‌سانی دیکه‌ی ناو کۆمه‌ڵ که جێگه‌ی شانازی و ڕێز و پێزانینن . ئه‌وانه تا له‌ژیاندان، وه‌ك خۆیان بایه‌خیان پێ ناده‌ین، که ده‌مرن و به‌جێ مان ده‌هێڵن ئه‌وسا ده‌که‌وینه ئاهو ناڵه و پیاهه‌ڵدانو باسکردنیان . .
وێنه‌یه‌کی زیندوو ده‌هێنمه‌وه :- دوای ئه‌وه‌ی ئافره‌تێکی نابه‌رپرسی ڕێزنه‌گر له پێگه‌و شکۆی ئه‌و ئه‌رك و ناوه‌ی پێی به‌خشراوه که په‌رله‌مانتارییه، هه‌روه‌ها ڕێزنه‌گرتنی له شکۆو پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسا دانان، که په‌رله‌مانه و هێماو سیمبوڵی سه‌روه‌ری یاسایی و سیاسی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ئافره‌ته‌ی سه‌ر به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، سوکایه‌تی به‌و پێگه‌و سه‌روه‌ریانه کرد، سوکایه‌تی به خه‌بات و قوربانیدان و خوێنی شه‌هیدان و هه‌موو سته‌م لێکراو زوڵم لێکراوی کورد کرد، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو سنووره‌کانی به‌زاند و له ئه‌خلاقی به‌رپرسێتی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی داماڵی، سوکایه‌تی به مێژووی گه‌لی کورد کرد، ویژدانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بریندار کرد، سوکایه‌تی به پره‌نسیپه‌کانی ئازادی مافی به‌رامبه‌ر و دیموکراسی کرد، وێنه‌یه‌کی فاشیزمانه‌ی نرخاند . .
فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی هه‌ڤاڵ و پێشمه‌رگه و ڕوناکبیری گه‌وره‌ی کورد . له ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر (1681 له چوارده‌ی ته‌موزدا) ڕاو بۆچوون و داوای خۆی وه‌ك هه‌ڵوێست له‌و باره‌یه‌وه خسته‌ڕوو به ناونیشانی ( ئه‌مه‌یان به‌مه‌سه‌له‌ی خۆم ده‌زانم ) به ووردی له‌و سووکایه‌تی کردنه دواو ڕووی کرده سه‌رجه‌م دامه‌زراوه و ده‌سه‌ڵاته‌کان و دام و ده‌زگاو پارته سیاسیه‌کان و ڕێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کان و ڕوشنبیران و جه‌ماوه‌ر، که‌له ئاست ئه‌و ئافره‌ته شکۆ شکێنه بێ ده‌نگ نه‌بن به‌ڵام هیچ ده‌سه‌ڵات و ده‌زگا و لایه‌ن و که‌سێک نه‌هاته ده‌نگ، نه‌چون به‌ده‌م هاوار و داوای فه‌له‌که‌دین کاکه‌ییه‌وه، گوێیان لێ نه‌گرت، بێ ئومێدیان کرد، وه‌ك بڵێی : فه‌له‌که‌دین ئه‌وه‌کاری تۆ نیه و مافت نیه له‌و باره‌یه‌وه قسه بکه‌یت و ڕا ده‌ربڕی !!
| له‌ناو گه‌لانی وشیاردا ڕوناکبیرێکی وه‌ك فه‌له‌که‌دین که قسه ده‌کات، که داوا ده‌کات، دنیا ئه‌هێنێته له‌رزه، به‌ڵام لێره که‌س فزه‌ی لیوه نه‌هات |
ئیستاش ماڵپه‌ره ئه‌لیکترۆنیه‌کان، که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن، به‌رپرسه‌کان، جه‌ماوه‌ر، به‌داخن بۆ مردنی فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی .
فه‌له‌که‌دین ئه‌و کاته مرد که له‌درزێکه‌وه ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه و ده‌زگاکانی یاسایی، سیاسی، مه‌ده‌نی، گوێیان لێ نه‌گرت و گوێگر و هانده‌ری نه‌بوون هاوهه‌ڵوێستی نه‌بوون .
له‌ناو گه‌لانی وشیاردا ڕوناکبیرێکی وه‌ك فه‌له‌که‌دین که قسه ده‌کات، که داوا ده‌کات، دنیا ئه‌هێنێته له‌رزه، به‌ڵام لێره که‌س فزه‌ی لیوه نه‌هات، که وا ده‌ڵێم مه‌به‌ستم وتار نووسینی هه‌ندێ که‌سی دیکه نیه له‌و باره‌یه‌وه، به‌ڵکو مه‌به‌ستم ئاماده بوونی ماددی و مه‌عنه‌وییه . فه‌له‌که‌دینه‌کانی تریش مردوون هه‌ر که‌س له کوچه و په‌نایه‌کدا که قسه ده‌کات، که ده‌نووسێ، ڕا ده‌رده‌بڕێ، ئه‌وه بۆ خۆی موناجات ده‌کات، گه‌ر خوا پێی بزانی خێری ده‌گات گه‌ر نه‌شگاته لای خوا ته‌نها ماندوبونی بۆ ده‌مێنێته‌وه .
1/ ئاب /2013 هه‌ولێر




