٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە یادی 30مین ساڵیادی بێسەرو شوێنكردنی 8 هەزار بارزانیدا

سەرچاوە: KDP.info

سەفەریوسف میرخان ژاژوكی

 ئافرەتی روسی دایكە () ئولفەت دوسن عەلی) خێزانی هەڤالێكی بارزانیی نەمر:هاوسەرم 2 لە كوڕەكانم ( تەحسین و جاسم )و 5 زاوایەكانم هاوسەری كچەكانم و چەندین خزم و كەسی ترم ئەنفال كران، 8 ژن بی كەس ماینەوە سەڕەای ئەو هەموو كارەساتە، ئەمەن و ئیستخبارەتی بەعسیەكان دەگەڕان دەیانگوت:دەبێ ئێوە بچنەوە بۆ روسیا و ئێوە عێراقی نینە

وەك بەشێك لە پرۆسەی جێنوسایدی نەتەوەی كورد كارەساتی ئەنفالكردنی 182 هەزار مرۆڤی بێتاوانی ئەم میللەتە بە دەستی رژێمی بەعس جێبەجێكرا، لە چوارچێوەی ئەو تاوانەدا لە 31/7/1983 رژێمی بەعسی ئابڵۆقەی ئۆردوگای قوشتەپەو بەحركە و شوێنەكانی تری داو سەرئەنجام 8 هەزار پیاوی بارزانیان راپێچ كردو دواتر شوێن بزرو زیندەبەچاڵیان كردن. جا بێ سەرو شوێن كردنی خەڵكی بێ تاوان لە لایەن هەركەس یان رێكخراوە یان كۆمەڵگای نێودەولەتیش بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دەدرێت. لە یادی 30مین ساڵیادی بێسەرو شۆێنكردنی 8 هەزار بارزانیدا بە پێویستمان زانی لە گەڵ ) ئولفەت دوسن عەلی) تەمەنی84 ساڵانە یەكێكە لەو ئافرەتانەی لە سۆڤیەت لەماوەی ئاوارەی غوربەت دەبێتە هاوسەری (شاحوسێن عەلی محەمەد بازیی) كە یەكێك لە هەڤاڵانی بارزانیی نەمر بوو بەشداری شۆڕشی دووەمی بازان و بەرگری لە كۆماری كوردستان و چوونی بۆ سۆڤیەتی جاران و بەشداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی كردووە. دایكە (ئولفەت) یەكێكە لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكانی كوردستان كە هاوسەرو 2كوڕەكەی( تەحسین و جاسم) و لە گەڵ 5هاوسەری كچەكانی و چەندین كەس لە خزم و كەسی بێسەروشوێن كراون. ئەو خانمە سۆزە لە گەڵ كچەكانی ونەوەكانی زۆر ئازار و نەخۆشی كێشاوە، دایكە(ئولفەت)هەرچەندە ماوەی چەندین ساڵ تووشی نەخۆشی بووە بەڵام خۆشحاڵی خۆی دەڕبری بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە و...

·  دایكە(ئولفەت دوسن عەلی) لە ساڵی 1929 قەفازی سەر بە روسیا لە دایك بوویە و بە ئەسل توركە، بەم شێوەیەی باسی ئەو رۆژانەی دەكات كە لە گەڵ(شاحوسێن عەلی محەمەد بازیی) و هەڤاڵانی (بارزانیی نەمر) پێكهەوە بوون لە سۆڤیەتی جاران:

 لە كاتی شەڕی جیهانی نێوان ئەڵمانیا و روسیا دایك و باوكم نەمان و لە تەمەنی منداڵی بووم كە ئەوانم لە دەست دان و خوشك و برایەكانم بە خێوكردنی منی لە ئەستۆ گرت تاكو گەورە بووم، بەراستی بارزانیی نەمر وەكو رابەریەك لە ویشدا هەر خەباتی بۆ ئامانجەكانی كورد دەكرد و بە ئازادیخوازی و قارەمانخواز گەلەكەی ناسراوە بوو، ئەو 500 مرۆڤانە لە سۆڤیەت هەموویان بڵاو كردنەوە سەر گوند و ناوچەكانی دوور، ئەو مرۆڤانە زەمانیان نەدەزانی، شارەزای باشیان نەبوو وەڵاتی ئێمە، چونكە لەو سەردەمیدا رووسیا وەزعی ئابووری زۆر خەراپ بوو، جا ئەو مرۆڤانە لە غەریبی و دوور لە وڵاتیان بوون و هەرچەندە وەزعی ئەوان زۆر خەراپ بوو، پاشان بە خواستی بارزانیی نەمر خرانە بەر خوێندن بە حەقیقەت ئاشنایی من لە گەڵ یەكێك لە هەڤاڵانی بارزانیی نەمر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساتانەی كە من قوتابی بووم و لەگەڵ ئەوان پێكهەوە لە تاشكەندمان دەمانخوێند، ساڵی 1950 بوو كە ئاشنایم پەیداكرد و لە رووی مرۆڤاییەتی و ئینسانی بەرەحم بوون، هەتا لە خوێندنیش كە سەرەڕای فێربوونی زەمانی رووسی و هەتا لە رووی زانستی زۆرباش بوو و من لە قۆناغی ئامادەیی دا بووم كە پەیوەندیم لەگەڵ (شاحوسێن عەلی محەمەد بازیی) وجا بۆیە ماوەیەك بوو ئاشناییم پەیدا كرد بوو ئەوە بوو كە لە ساڵی 1951من بوومە هاوسەری و هەتا گەڕانەوەمان بۆ كوردستانی عێراق كە ئێمە خاوەن 3منداڵ بووین پاشان بووینە هاوسەری یەكتر.

·  لە بارەی گەڕانەوەی بۆ كوردستان لە گەڵ هاوسەرەكە و چونیەتی فێر بوونی بە زەمانی كوردی كە زۆربە باشی قسەی دەكرد و هەروەها ژیان لە كوردستان دا، دایكە (ئولفەت دوسن عەلی) كە چاوەكانر پڕ لە فرمێسك بوون غەمبار گوتی:

 16 /4/1959 گەیشتینە شاری بەسراو لە لایەن بارزانیی نەمر و هەموو خەڵكێكی زۆری كوردستانی و ئێراقی پێشوازی كراین، دواتر ئێمە چووینە گوندی بازیی سەر بە دەڤەری بارزان. هەرچەندە زمانی كوردیم نەدەزانی و تەنها بە ئیشارەت تێكدەگەیشتین و خوێندەواریم هەبوو و دواتر بە هاوكاری هاوسەرم و خزم و كەسی خۆم فێری كوردی كرد و شارەزای جوگرافیای كوردستان بووم. خەڵك زۆر خزمەتی ئێمەی ئافرەتانی رووسی دەكرد، تاكو هیچ كاتێك غەریبی وڵاتمان نەكەین و كوردستانیش هەر بە ماڵی خومان بزانین. هاوسەرم بووە پێشمەرگە و هەتا كوڕەكەم تەحسین پەیوەندی بە شۆڕش كرد خزمەتی بە كوردستان كرد و من وەكو ئافرەتانی تری كوردستان لە رووی خواردن و پێداویستەكانی و هەتا ئامادەكردنی جەل و بەرگ بۆ ناو بارەگانی پێشمەرگە خزمەتم كرد و شانازی بە خۆم دەكرد كە بتوانم خزمەت بە كوردستان بكەم.

·  لە بارەی كارەساتی ئەنفال كە هاوسەری و 2كوڕەكەی و 5 هاوسەر كچەكانی خزم و كەسی بە دەستی رژێمی بەعس ئەنفال كران، دایكە (ئولفەت) گوتی:

لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ساڵی 1974 كوردەكان زۆربەیان ئاوارەی ئێران بوون لەگەڵ رابەری كوردستان بارزانیی نەمر، نزیكی پاییز بوو كە پیاوەكانی بەعس هاتنە دەڤەری بارزان و ئێمە لە گوندی (بازیی) بووین و پیاوەكانی رژێم بە تانك و زیلی عەسكەری دەستیان بە سەر هەموو گوندەكانی دەڤەری بارزان دا گرت، و هەتا نەیانهێشت كەس لە گوند دەربچێتە دەرەوە و ئەوانەی بۆكاری رۆژانە چووبوونە ئیش لە دەرەوەی گوند هەموویانیان گرت و پاشان ئێمەیان راگواست بۆ باشوری ئێراق..

·   لەو كاتەدا (فاتیما شاحوسێن) كچی دایكە (ئولفەت)كە چاوەكانی پڕ ببوو لە فرمێسێك باسی ژیانی ئەو چەند ساڵەی لەو بیابانە وشكە كردو گوتی:

 ژیانێكی زۆر ناخۆش و سەخت بوو، ئەو جێگایەی ئێمە چووین دەشتێكی وشك بوو، هیچ شتێك بۆئێمەیان رەوانە نەدەكرد، ئێمەیان لەو بیابانە وشك دانان، ئەوە جێگای مان و نەمان بوو، هیچ شتێكی وای لێنە بوو، كەس كەسی نەدەدیت بە رۆژ لە بەر گەردەلوولی خۆڵ لە ژێر خێمە فانووسمان هەڵدەكرد، باش ئەو رۆژە سەختانم لە یادە زۆر كارەساتی ناخۆش و رەزالەتمان بینی.

·  هەر لە میانە گفتگۆكردن بووین كە (زەهرا شاحوسێن )ئەویش كچی دایكە (ئولفەت) بۆ ئەو ساتە ناخۆشانە گوتی:

 هەر وەك دایك و خوشكم بۆتانی باس كرد بەراستی كارەساتێكی دڵتەزین بوو ئەو ماوەی كە لە باشوری عێراق بووین ئەو جێگای مان و نەمان بوون و كاتێك ئێمەیان لەو بیابانە دانا هەندێك شوێنی لە حەسیرو دار پێكەوەنرابوون لە شێوەی خێمە، نە خانوو نە خواردنی تێیدا نەبوو، هەتا باش لە یادمە لەو بیابانە ئاوێكی پیدا دەهات زۆر پیس بوو كە لەشی سەگی تۆپیو و پیشیلەو شتی زۆر پیس پێدا دەهات، بە هۆی نالەباری كەش و هەوای ئەو شوێنە زۆر كەس لە بەر نەبوونی پێداویستیەكان گیانیان لە دەست دەدا، ئۆتۆمبێل نەبوو تا نەخۆشەكان بگەیەنینە بنكەی نەخۆشخانەكان و كە هەموویان گیانیان لە دەست دەدا، پیاوەكانی ئێمە دەچوون ئیش و كاریان دەكرد بۆ بژێوی ژیان، ماوەی 4 ساڵ زیاتر زۆر بە رەزالەت ژیانمان بردەسەر، بە راستی لەوم دەشتەدا رەزالەتمان زۆر بینی، پاشان ئێمەیان گواستەوە بۆ قوشتەپە، بۆ ماوەی 3 مانگ لە بن خێمە دابووین، دواتر ئۆردوگایەكیان بۆ ئێمە دروست كرد لە قوشتەپە..

·   دواتر لە دایكە (ئولفەت) مان پرسیەوە دوایی چیتان بەسەر هات، گوتی:

دواتر ئۆردوگایەكیان بۆ ئێمە دروست كرد لە قوشتەپە، 30 ساڵ پێش ئێستا لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ لە 31/7/1983 رژێم لە بەرەبانێكی زوودا بە سوپایەكی گەورەی سەربازی و بە هەلیكۆپتەر و تانك هاتن و دەوری ئوردوگای قوشتەپەیان گرت و هێڕشیان كردە ناو ماڵەكان و هەموو ئەو پیاوە بارزانییانەی لە تەمەنی لاوی تا تەمەنی بە سەرەوە بوون بردیان و هاوسەر و كوڕەكانم كە بۆ بژێوی ژیانی منداڵەكانیان دەچوونە ئیش لە سەر رێگا هەموویان گرتن و ئەنفال كران. هاوسەرم 2 لە كوڕەكانم (تەحسین و جاسم) و 5 زاوایەكانم هاوسەری كچەكانم و چەندین خزم و كەسی ترم ئەنفال كران. من لە گەڵ كچەكانم و خێزانی كوڕەكانم 8 ژن بی كەس ماینەوە سەڕەای ئەو هەموو كارەساتە، ئەمەن و ئیستخبارەتی بەعسیەكان دەگەڕان دەیانگوت:دەبێ ئێوە بچنەوە بۆ روسیا و ئێوە عێراقی نینە من چەندین جار خۆم لە ماڵی هەندێك لە كەسوكارەكانم لە بەحركە دەشارتەوە و ماوەیەك كچەكانم نەدەدیت...

·  خاتوو (فاتیما) كە هاوسەری ئەنفالكراوە یەكێك لە كەسوكاری ئەنفاكراوی بارزانییەكان بووە كە وەك شاهیدحاڵێك لە بەغدا لە هۆلی دادگای سەدام حوسێن و دارو دەستەی وەكو شاهید حاڵێك شاهیدی داوە،لە بارەی كارەساتی ئەنفال گوتی:

بەراستی هاوسەری من (خۆشەوی حەمۆ مەحمود) كە لە سەررێگا ئەنفال كرا لە گەڵ بارزانیەكان و من هاوسەرم و باوكم و 2 برایەكانم و برایەكانی هاوسەرم و 4 هاوسەری خوشكەكانم، نزیكی 40 كەس لە بنەماڵەكەم لە گەڵ بارزانییەكان ئەنفال كران، پاشان هەموویان گرتن لە ناو زیلی عەسكەری و مەنشەئیان كرد و دواتر ئێمەیان بە ئافرەت و منداڵ لە ژوورە گرتن و چەندین جار تەقەیان كرد تەنها چەندین ئافرەت بریندار بوون دواتر ئێمە لەم ئوردوگایەدا نەمانزانی چی بكەین و لە لایەك شین و گریان و لە لایەكی تر بێ كەسی و تەنها ئافرەتان و منداڵانی بچوك و ساوا مابووین، كەس نەبوو ئیش و كارمان بۆ بكات و چ ژیانمان نەبوو، دواتر حكوومەتی بەعسی عێراق ئاو و ئەرزاقی لە ئێمە بری، هەندێكجار كە منداڵەكانمان دەچون بۆ ئاو جەلادەكانی رژێمی بەعس لەسەر رێگا ئاویان لە منداڵانی ئێمە دەڕشت، یەكێك لە ئێمە كە بمردایە، پیاوێك نەبوو بیباتە قەبرستان و هەر ئێمە ناچار دەچووین و مردوی خۆمان دەشاردەوە، ئافرەتانمان دەچووینە سەر ئیش و بۆ بژێوی ژیان هەر جورە ئیشێكیان دەست بكەوتایە دەیانكرد، وەكو تەماتەو پیاز وچاندن و. هتد و نەمان دەهێشت بە رەزیلی بژین، بەراستی زۆر ناخوشیمان دێت و 30ساڵ پێش ئێستا رۆژێكی زۆر تاریك و ڕەش بوو كەبارزانیەكانیان ئەنفال كرد. من بەخۆم یەكێك لەو كەسوكارانەی ئەنفالكراوەكانی بارزانییەكان بووم كەلە بەغدا لە هۆلی دادگای سەدام حوسێن و دارودەستەی وەكو شاهید حاڵێك شاهیدم دا كە ئەوان چەند زالم و بێ وێژدان و زۆردار بوون. بۆیە سەربەرزم كە ئەو تاوانكارانە بە سزای خۆیان گەیشتن...

·  خاتوو(زەهرا) ژیانی زۆر بە سەختی گوزەراندووە لە دوای ئەنفال كردنی كەسوكاری لە بارەی دەردەسەری ئەو كات گوتی:

هەر وەك دایك و خوشكم بۆ ئێوە باسی كرد هەموو شتێك وا بوو باوەڕ بكەن ئەو كارەساتە ڕەش و ناخۆشە بە سەدان لاپەڕە تەواو نابێـت، هاوسەرەكەم نادر رەشید عەلی، باوكم و برایەكانم و ئامۆزایەكانم و كەسوكارم ئەنفال كران. من لە گەڵ 4 خوشكم كە هاوسەرەكانمان ئەنفال كرابوون و هەروەها باوكم و 2 برام خاوەن هاوسەر و منداڵ ئەنفال كران و ئامۆزایەكانم و كەسوكارەكانمان هەموویان ئەنفال كران ..ئێمە 7 ژن لە گەڵ دایكمان پێكهەوە دەژیان. رۆژانە سەختمان گوزەراند كوڕەكەم كاتی ئەنفال كردنی باوكی 2 ساڵ و كچی ساوام هەبوو بەڵام دەبوایە بژیوی ژیانی منداڵەكان پەیدا بكەین. چونكە لە دوای ئەنفالكردنی پیاوەكانمان لەم ئۆردوگایەدا كەس نەبوو كە ئیش و كارمان بۆ بكات و هیچ ژیانمان نەبوو، هەتا قوتابخانە و نەخۆشخانەیان وێران كرد، قوتابخانەكانیان وێران كردو نەیانهێشت منداڵەكانمان بخوێنن، زۆر كارەساتمان بەسەرداهات دەبوایە چووباینە لای جیرانەكانی دەوروبەر ئاومان هێنا بووایە من لە گەڵ ئافرەتە بارزانییەكان هەموو كاریكمان دەكرد و ئیشی پیاوەكانمان دەكرد و ئێمەی ئافرەتان بۆ بژیوی پیداویستیەكانی ژیان دەچووینە ئیش هەرچی هەبووایە دەمان كرد وەكو تەماتە و پیازچاندن و زۆر ئیشی زەحمەت وەكو ئیشی پیاوانم دەكرد وەكو چیمەنتۆ كیشانەوە و كرێكاری، بەڵام لیرەدا بە پێویست دەزانم كە زۆر سوپاسی خەڵكی هەولێر و دەوروبەری بكەم كە هاوكاری تەواوی ئێمەیان كرد، لە دوای ئەنفالكردنی پیاوەكانمان تەنیا ئافرەت و منداڵ ماینەوە و نەماندەزانی چ بكەین و كەسوكارمان چیان بەسەر هاتووە. ئەو رۆژانە قەد لە بیر ناكرێت. ئێمە ئەوەش دەزانین كە لە ناوچەكانی تریش كە تاوانی ئەنفال روویدا ئەوانیش وەك ئێمە ئەو ژیانە سەختیان گوزەراند، سوپاس بۆ خودا سەدام حوسێن و دارودەستەكەی هەموویان بە سزای خۆیان گەیشتن. تەمەن درێژی بۆ بەرێز جەنابی سەرۆك بارزانی و بەرێز نیچیرڤان بارزانی دەخوازین بۆ هینانەوەی تەرمی ئەو 500بارزانیە بی سەرو شوێنە، زۆر سوپاسیان دەكەم، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم هاوكاری تەواوی خانەوادەی ئەنفالكراوەكان بكەن.

·   لە كۆتاییدا دا بۆ یادی كارەساتی 8 هەزار ئەنفالكراوی بارزانییەكان و ئەنفالكراوەكانی تری كوردستان دا دایكە (ئولفەت) گوتی:

 وەك هەردوو كچەكانم بۆتانی باس كرد ئەو نەهامەتیەی كە بەسەر خێزانە ئەنفالكراوەكانی بارزانییەكان هات بەسەر هەموو ئەنفالكراوەكانی ناوچەكانی كوردستان بە هەمان شێوە بەسەریان هاتووەو ئێمە باش دەزانین ماڵێك كە چەند كوڕو هاوسەرو كەسوكاری ئەنفال كراوە چ دەردە سەریان كێشاوەو هەموومان وەك یەكین. ئێستا من زۆر خۆشحاڵم كە بە چاوی خۆم دیتم سەدامی دیكتاتۆر لە سەر شاشەی تەلەفزیۆن لە سێدارە درا و لەگەڵ دارودەستەكانی تری بە سزای خۆیان گەیشتن، زۆر سوپاسی سەرۆكی كوردستان بەرێز جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی و سەرۆكی حكوومەتی كوردستان نێچیرڤان بارزانی دەكەم بۆ هێنانەوەی تەرمی ئەنفالكراوەكان. من ئێستا 54 ساڵ دەبێت لە كوردستان دا ژیان دەبەمە سەر و هیچ كاتێك غەریبی وەڵاتم سۆڤیەت ناكەم و كوردستان بە ماڵی خۆم دەزانم، هەموو خەڵكی كوردستان ڕێز و ئیحترامی بۆ ئێمە ئافرەتانی روسیادا ناوە، ئێمەش وەكو ئەوان دایكی ئەنفالكراوەكان و شەهید كراوەكانی كوردستانین و شانازی بە خۆمان دەكەین كە هەردەم لەگەڵ ئەوان خەباتمان كردووە. لە كۆتاییدا سەرخۆشی خۆشم لە بنەماڵەی ئەنفالكراوەكانی هەموو كوردستان و بنەماڵەی سەر بەرزی شەهیدان دەكەم و پپان دەڵێم خوینی ئەوان بە فیرو نەچووەو لە ژێر سایەی ئەوان و پێشمەرگە قارەمانەكان دا خاوەن پەرلمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ژێر دەستی كوڕی بارزانیی نەمر بەرێز جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمە. لێرەدا بە دەرفەت دەزانم داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم زیاتر هاوكاری تەواوی خانەوادەی ئەنفالكراوەكان بكەن. ئەوەی ئەمڕۆش ئێمە دەیبینین لە سایەی خەبات و ماندووبوونی رابەری كورد بارزانیی نەمرو گشت پێشمەرگەی كوردستان و خوێنی شەهیدان و هەموو ئەنفالكراوەكانی كوردستان بە دەست هاتوەو، داوام ئەوەیە كە هەموو كاتێك یەك بین بۆ پاراستن و پێشكەوتنی كوردستان .سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز و رۆژنامەی خەباتان دەكەم كە ئێمە بە سەر دەكەنەوە.

تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4375) رۆژنامەی خەبات لە(31/7/2013)بڵاوبوویتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار