كێشەی عەلەوییەكان بە دەستی عەلەوییەكان چارەسەر دەكرێت
مومتەزەر توركونە
وتەكانی وەزیری كاروباری ئاینی توركیا محەمەد گۆرمەز سەبارەت بە پرسی عەلەوییەكانی توركیا هەر وەكو شۆڕشێكن و نیشانەی ئەوەن كە دیوارەگەورەكەی بەردەم چارەسەر كردنی پرسی عەلەوییەكانی توركیا رۆخاوە. بە راستی وتەكانی وەزیری كاروباری ئاینی وتەی زۆر گرنگ و بە نرخن و باوەرناكەم حكوومەت بتوانێت پشت لەم وتانە بكات.
وەزیری كاروباری ئاینی توركیا دەڵێت عەلەوییەكانی توركیا ئازادن و دەتوانن بەو جۆرەی كە دەیانەوێ بە پێ بیر و باوەری خۆیان ژیان بكەن و عیباداتی خۆیان بكەن و ئاماژە بەوە دەكات كە دەبێت هەر كەس ئەم پرنسیبە سەرەكییە رەچاو بگرێت(( هەر گرووپێكی ئاینی خۆی بە چە شێوەیەك دەناسێنێت و واجباتی ئاینی خۆی چۆنە جێبەجێ دەكات و بۆ جێبەجێ كردنی واجباتی ئاینی پێویستی بە چی هەیە و شوێنی ئاینی خۆی بە چە جۆرە ناوێك بەناو دەكات، دەبێت هەر وا بمێنێتەوە)).
ئەم وتانە وتەی شەور یا ئیجتیهادی دادگای باڵا نییە یا خۆ ناوەرۆكی هیچ مادەیەكی یاسایش نین بەڵكو لە لایەن نوێنەری هەرە باڵای ئیسلامی سۆننەی توركیاوە دەگوترن و بەمجۆرە وەڵامی پرسەكانی عەلەوییەت چییە؟ و ئایا جەمخانەكان دەتوانن ببنە شوێنی بەجێ گەیاندنی واجباتی ئاینی لە لایەن گەورەترین بەرپرسی ئاینی توركیاوە حەواڵەی خۆدی عەلەوییەكان كراوە و جێگای دەستی بۆ عەلەوییەكان كردووەتەوە كە چۆنە پێناسەی خۆیان بكەن و شوێنی بەجێ گەیاندنی واجباتی خۆیان چۆنە ناوێكی لێ بكەن.
بێگۆمان ئەمەیش بۆ پرۆژە نوێیەكەی كرانەوە بە رووی عەلەوییەكانی توركیادا هەنگاوێكی زۆر گرنگە و نیشانەی سەرەتایەكی زۆر باشە و ئەوە دەسەلمێنن كە هەوڵدانەكانی ئەمجارەی هەر دوو لا بۆ چارەسەر كردنی پرسی عەلەوییەكان لە سەر رێگایەكی راستدان. ئەگەر وتەكانی وەزیری كاروباری ئاینی جێبەجێ بكرن ئەوا شتێك بە ناوی پرسی عەلەویی كە لە لایەن سوننەكانەوە دروست كراوە نامێنێت.
بە هۆی ئەوەیەوە كە ئەو كەس و لایەنانەی هەوڵیان بۆ دوور خستنەوەی عەلەوییەكان لە ئاین و ناسنامەی ئاینی خۆیانیانی داوە سوننەكان بوونە، ئەم گوتانەی وەزیری كاروباری ئاینی توركیا وەكو گەورەترین نوێنەری ئیسلامی سوننەی توركیا، هەنگاوێكی زۆر زۆر گرنگن و بەم گوتانە حكوومەت دەیەوێ ئەوە بسەلمێنێت كە لەمەو بەدواوە نە حكوومەت و نە سوننەكان بە هیچ شێوەیەك بە هۆی جیاوازی ئاینەوە گۆشار ناخرێتە سەر عەلەوییەكان و ئیسلامی سوننەیش خۆی بۆ نێو سنوورەكانی خۆی دەكێشێتەوە. بەڵام هاوكات لەگەڵ كێشانەوەی ئیسلامی سوننە بۆ نێو سنوورەكانی خۆی دوو پرسی دیكەی عەلەوییەكان دەردەكەون، یەكەم تێگەیشتنی عەلەوییەكان لە سوننە و سوننەكان و ئایا عەلەوییەك بۆی هەیە كە سنوورێك بۆ سوننەكان دەستنیشان بكات یا نا؟ هاوكات گفتووگۆ كردن سەبارەت بە دەسەڵات و بەپرسیاریەتییەكانی وەزارەتی كاروباری ئاینی لەگەڵ كەسێكی سوننەدا دەبێـتە لایەنێكی زۆر گرنگی مەسەلەكە، چوونكە بە پێ بیرو باوەری سوننەكان گفتووگۆ كردن لە سەر دەسەڵات و ئەركی دەزگایەكی ئاینی سوننە لە لایەن كۆمەڵگەیەوە بە مانای دەستوەردانی كردن لە كاروباری ئاینییە و قەبووڵ ناكرێت. بۆیە بۆ چاودێری كردن یا خۆ بەرێوە بردنی هاووڵاتییە سوننەكان دەوڵەت ناچار دەبێت كە دەزگایەكی ئاینی خاوەن دەسەڵاتی تایبەتی دابمەزرێنێت. بۆ نموونە لە جیاتی سوودمەند بوون لە خەزینەی دەوڵەت و دەستوەردانی لە كاروباری سوننەكان دەتوانرێت وەكو پرنسیبێكی كۆمەلایەتی لە چوارچێوەی پیوانی یەكسانیدا داوای ئەوە بكرێت كە لە خەزینە یا لە ماڵی گشتی بۆ هەر هەمووی گرووپە ئاینییەكان بوودجەیەكی یەكسان سەرف بكرێت. بێگۆمان ئەمە لە كاتی چارەسەر كردنی پرسی عەلەوییەكاندا وەكو داواكارییەكی سەرەكە خۆی نیشان دەدات.
بەڵام پێ دەچێت كە داواكاری عەلەوییەكان بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی كارووباری ئاینی توركیا ببێتە هۆكاری كێشەیەكی نوێ لە نێوان سوننە و عەلەوییەكانی توركیادا.
سەرچاوە. زەمان




