٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە یادی 25 ساڵەی داستانی پڕسەروەری خواكوڕكدا.

سەرچاوە: KDP.info

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی

پێشمەرگەی دێرین (كەكۆ چاوشین مالە سواری) بەشداربووی داستانی خواكوڕك:داستانی خواكوڕك تەنها بۆ سەركەوتنی پێشمەرگە ناگەرێتەوە بەڵكو بەشێكی زۆری سەركەوتنی ئەو داستانە هەموو بۆ بەرێز جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەگەرێتەوە كە راستەوخۆ بەشداری لەو شەڕە كرد و لە نزیكەوە تەوجیهاتی دەدا ئێمە پێشمەرگەكان،سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی دا بۆ تۆمار كردنی داستانی خواكوڕك

 

لە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا داستانی پڕ سەروەری خواكوڕك لە ساڵی 1988 لە شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازدا وەك داستانێكی مێژوویی كاریگەری و رەهەندی خۆی هەیە، چونكە لە هەلومەرجێكی دژواردا تۆماركراو پێشمەرگە لە سەنگەر دانەبڕاوەكانی پارتی توانیان شكستێكی گەورەی سەربازی و سیاسی بە رژێمی رووخاوی بەعس بدەن و رەوشی نالەباری كوردستان و دۆخی كاروانی خەبات ببەنە قۆناغێكی گەش. ئەم داستانە كە بە سەركردایەتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی تۆماركرا لە كاتی خۆیدا دەنگدانەوەیەكی گەورەی لە ناوچەكەو جیهانیشدا لێكەوتەوەو سەرئەنجام سەركەوتنێكە مەزن بۆ گەلەكەمان بە دواداهات. لە یادی 25 ساڵەی تۆمار كردنی ئەم داستانە دیرۆكیەدا بە پێویستمان زانی لەگەڵ بەشداربوویەكی ئەم داستانەدا یادی ئەم نەبەردیە بكەینەوە. ئەویش بەرێز (كەكۆ چاوشین كەكۆ) پێشمەرگەی بەشدار بووی داستانەكە سەر بە قوەتی بارزان بووەو لەگەڵ پێشمەرگەكانی قارەمان بەشداریەكی قارەمانەیان هەبووە..

·       پێشمەرگەی دێرینی كوردستان (كەكۆ چاوشین كەكۆ ) كە لە ساڵی 1958 لە بنەماڵەی جووتیار و خەباتكار لە گوندی مالە سواری سەبەر دەڤەری بارزان لە دایكبووە، (كوری پێشمەرگەی تێكۆشەر چاوشین مالەسواری، باوكی یەكێك لەو شۆڕشگێرانەی بەشداربووی داستانەكانی كوردایەتی و بەرگری لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و یەكێك لە بەندكراوەكانی بارزانیەكان لە ساڵی 1947 لە كەركوك و بەشدار بووی ئەیلوول و لە شۆڕشی گوڵان كۆچی دوایی كردووە)، پێشمەرگەی گیانفیدا (كەكۆ چاوشین) لە ساڵی 1974 پەیوەندی بە شۆڕش كردووەو چەكی شەرفی لە شان كردو و لە گەڵ خاڵی شەهیدی فەرماندە مەلائەمین هۆستانی دەبێت و تا شەهید بوونی پاشان دەبێتە پێشمەرگەی سەربە قوەتی بارزان كە د.سەعید ئەحمەد نادر بەرپرسی قوەتەكە بووە،ئەو قارەمانە بەشداری لە شەڕەكانی گوڵاندا وەك (مێرگەسۆر، بیرسیاو، خیروزوكا، بێشون، رەبیعەكانی كولاوری، سەری نیو خوینی، كوراوا، بەبانی، بلێ، دەشتی بەرازگر و دەیان داستانەكانی ناوبانگی كە هەریەك رۆڵێكی قارەمانە بینوو و لە داستانی خواكوڕكیش رۆلێكی بەرچاوی هەبووە،كەسێكی خۆشەویست بووە لە لایەن هاوسەنگەرانی چەندین پلەی بەرپرسیارەتی عەسكەری و حزبی وەرگرتووە و ئێستاش ئەندامی لەشكری تایبەتی گوڵانە.

 

·        سەرەتا بەڕێز(كەكۆ چاوشین) لە بارەی داستانی خواكوڕك گوتی:

داستانی خواكوڕك گەورەترین داستان بووە كە لە شۆڕشی گوڵاندا تۆمار كراوە، گرنگی ئەو داستانە مێژووییە خواكوڕك لەوە بووە كە پێش داستانەكە شەڕی 8 ساڵی ئێران و عێراق راوەستا وئەوكات ئێمەش پێشمەرگە بووین لە گەڵ خوالێخۆشبوو فەرماندە د.سەعید ئەحمەد نادر ئێمە لە دەشتی بەرزاگر، گەلی ڕەش و حەیاتەوە و دەوروبەری قەزای مێرگەسۆر لە دەڤەری بارزان جموجۆڵمان دەكرد، كە شەڕی ئێران و عێراق راوەستا، حكومەت بەعسی رژێمی عێراق بە دەرفەتی زانی كە قوەت و پاشماوەی هێزەكانی هەموو بەیكجاری كۆبكەنەوەو هێرش بكەنە سەر دەڤەری ئازادكراوەكانی ژێر كونتروڵی پێشمەرگە دا بوو، بۆ ئەوەی دونیا وا حساب بكات كە شەڕی ئێمە و رژێمی عێراق بەستراوە بە شەڕی ئێرانەوە، بەڵكو بە پێچەوانە شەڕی ئێمە شەڕێك بوو بۆ بەرگری كردن لە خاكی كوردستان و تەنها دەمانەویست بەرگری لە مافی كوردایەتی بكەین، سەرەرای ئەو قوەتە بچوكە بەڵام بیرو باوەڕمان بە رێبازی بارزانیی نەمر پتەو بوو.

·       لە بارەی مێحورەكانی دوژمن كە دەهاتنە پێش بەرێز(كەكۆ چاوشین مالە سواری) گوتی:

قوەتی دوژمن هاتەوە بۆ مەنتەقەی خیروزكا لە بێرسیاوە هات بۆ خیروزكا و دیسان لەو دەڤەری دا بو كەكلی و بۆ گەلی رەش و دواتر قوەتێكی تر لە كولەكان راهات و قوەتێكی تر لە دەڤەری سیدەكان چوو چوو بۆ دەڤەری خرێنە و لۆڵانێ و بۆ چیای شەكیب بۆ نازدارداغ، دۆلی خواكوڕك دا رژێمی بەعس بە فرۆكە و تۆپ و تانك و جاش و جەیش بە قوەتێكی زۆری هێنا و هەروەها مێحورەكی دوژمن بە زۆری بە فرۆكە و تۆپ هێرشیان دەكرد سەرناوچەی ئازاد كراو، ئێتر دوژمن وای دەزانی هێزەكانی پێشمەرگە خۆیان تەسلیم دەكەن، بەپێچەوانەوە پێشمەرگەكانی قارەمانی پارتی ئەوەیان سەڵماند كە گیانیان لە سەردەستە و رێگا لە دوژمن دەگرێت تاكو نەتوانن بە هیچ شێوەیەك ناوچەكە داگیر بكەن.

·       لەبارەی رێكخراوەكانی قوەتی بارزان، هێز و رێكخراوەكانی تر كە بەشداریان لەو داستانە مەزنە كرد،گوتی:

 من لە گەڵ رێكخراوی قەلەندەر سەبەر قوەتی بارزان ئەو كات بەرپرسەكە ساڵح عوزیر بێدودی بەرپرسی رێكخراوەكە بوو، ەڤەری گەلی رەش خوالێخۆشبوو فەرماندە د.سەعید ئەحمەد نادر فەرماندەی قوەتی بارزان بوو، ئەوانیش رێكخراوەكانی قەلەندەر، پیران، شیرین، زوزك، بروسك، كارۆخ و لێژنەی ناوچەی مێرگەسۆر و لەمیحوەری خرێنەوە قوەتێكی خوالێخۆشبوو فەرماندە غەزالی میرخان ژاژوكی كە بەرپرسی هێزی حەمرین بوو كە سەرپەرشتی دەكرد و رێكخراوەكانی ترەو هەندێك لە رێكخراوەكانی ئێمە لە گەڵ هێزی حەمرین بوون و لە لای راست دا، قوەتێكی تر هەبوون وەكو لقی 3 و لقی4 و جەماعەتی حەمید ئەفەندی و قادر قادر و هەتا لقی 2ی و هێزەكانی ئاوارە و هێزەكانی 16ی ئاب و رێكخراوەكانی قوتابیان و لاوان و هەتا بەرگری میللی و هتد، هەریەك لەو قوەتانەوە رێكخراوەانە دابەشكران بۆ سەر میحوەرەكانی خواكوڕك و هەریەك لە مەنتەقەی خۆی بەرگری دەكرد. هەندێك قوەتی ئێمە هەبوون هەموویان كەوتبوونە سەر سێگۆشەی نێوان عێراق و ئێران و توركیا و لە لایەكی ئێمە مێحورەمان لێگیرا بوو كە توركیا نەیدەهێشت كە داخلی خاكی وان ببین و لە لایەكی تریشەوە ئێران بوو و لەو لایەش دوژمن كە بۆمان دەهات بەڵام دوژمن گەورەترین شكستی خوارد.

·       لە بارەی رۆڵی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە گەڵ پێشمەرگەكانی بەشداری لە داستانی خواكوڕك كردبوو بەڕێز (كەكۆ چاوشین مالەسواری) گوتی:

داستانی خواكوڕك تەنها بۆ سەركەوتنی پێشمەرگە ناگەرێتەوە بەڵكو بەشێكی زۆری سەركەوتنی ئەو داستانە هەموو بۆ بەرێز جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەگەرێتەوە كە راستەوخۆ بەشداری لەو شەڕە كرد و لە نزیكەوە تەوجیهاتی دەدا ئێمە پێشمەرگەكان. كاتێك كە دەمانزانی سەرۆك مسعود بارزانی لە گەڵ پێشمەرگەدایە،ئیدی پێشمەرگە هیچ ترسی نەبوو كە شەهید بێت یان بریندار، برسی دەبێت، پێشمەرگە زۆر بە قارەمانانە راوەستا بەرامبەر دوژمن،سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی د بۆ تۆمار كردنی داستانی خواكوڕك، هەر لە دەستپێكی شەڕەكە و تا دوا فیشەكیش ڕاستەوخۆ بەشداری و سەرپەرشتی ئەو بەرگری و بەرخودانەی كرد شان بەشانی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی پارتی و بارزانی، بەشداری كردنی راستەوخۆی سەرۆك مسعود بارزانی هەوێنی سەركەوتنی ئەو داستانە گەورە و سەروەرییە بوو.

·       لە درێژە قسەكانی لە بارەی رۆڵی كوردە ئاوارەكان، بەڕێز(كەكۆ چاوشین مالە سواری) گوتی:

نابی رۆڵی ئاوارەكانی كورد لە ئێراندا لە بێربكەین، بە حەقیقەت ئەوان هەمیشە ئامادەی خۆیان دەربڕی بۆ پاڵپشتی كردنی برا پێشمەرگەكان هێزی پشتیوانی بوون، بە ژن و منداڵی پێشمەرگەكان و لاوەكان و قوتابیان بەشداریان دەكرد و دەهاتنە ناو داستانەكە و ئافرەتەكانیش رۆڵێكی كارایان هەبوو لە داستانی خواكوڕك و بۆ برا پێشمەرگەكان و هەرچی پێداویستی هەبوو كە لە ناو شارەكان و ئۆردوگاكان لە دەڤەری زێوە كۆیان دەكردەوەو بۆ ناو جەبهەكان دەیاننارد، هەروەها بەهۆی دووری پێشمەرگە لەماڵ و منداڵ، پەروەردەكردنی منداڵەكان و بژێوی ژیانیان لە ئەستۆ دەگرت، سەرەرای ئەوەش پێداویستیەكانیان دەنارد ناو بەڕەكانی شەڕ.

·       لە بارەی دەسكەوتەكانی داستانی خواكوڕك، بەڕێزیان گوتی:

دەسكەوت ئێكجار زۆر بە دەستهات، وەكو تۆپ و كلاشینكۆف و ئارپێچی و تەقەمەنی و هەزاران لاشەی دوژمن كەوتبوویە مەیدانی شەڕ و ورەی دوژمن بە تەواوی دابەزی و بە دەیان دیلیشمان گرت، بە بڕیاری سەركردایەتی هەموو ئەو دیلانەی كە خۆیان تەسلیم بە ئێمە كردبوو هەموویان ئازاد كران و بچوكترین شتی خراپیان بەرامبەر نەكرا. بۆیە داستانی خواكوڕك بۆ دۆست و دوژمنان سەلماندی كە قەزیەی كورد نەبەستراوەتەوە بە شەڕی ئێران و عێراق، بەڵكو قەزیە داوای مافی خۆ دەكەن وەك جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمووی: ئەگەر دوژمن ئەوەها بروات ناچار دەبێت بیر لە خۆی بكاتەوە و گۆڕانێكی مەزن لە نزیكترین كاتدا بەسەریدادێت، ماوەیەكی كەمی برد گۆڕانكاریش ڕوویدا.

·       لە كۆتاییدا بۆ یادی داستانی خواكوڕك دا بەرێز( كەكۆ چاوشین مالە سواری) گوتی.:

داستانی خواكوڕك داستانێك بوو كە بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی، زیاتر لە 40 رۆژی خایاند و 28 شەهید و 160 برینداری لێكەوتەوە، بەڵام هێرشەكەی سوپای عێراقی تێك و پێك شككێندراو زیانی زۆریان لێكەوت، جگە لەوەی كە زیانێكی مەعنەوی زۆریان پێگەیشت و تووشی شەرمەزاری زۆر هاتن.داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین داستانی خواكوڕك بكرێتە فیلمێك، بۆ ئەوەی هەر بە نەمری بمێنیتەوە و سوود لە ئەزموونی كاراكتەرەكانی وەربگیرێ و نەوەكانی دهاتوومان بزانن كە بە دەیان داستانی لە جۆرە تۆمار كراون. لە سایەی ئەوان ئێمە ئەمڕۆ خاوەن ئاڵای كوردان و حكومەت و پارلەمان و خاوەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانین، لە كۆتاییدا سەری رێز و نەوازش بۆ باوكی رۆحی نەتەوەی كورد بارزانیی نەمرو كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو و گشت شەهیدان دادەنوێنم، سڵاو لە پێشمەرگەقارەمانەكانی داستانی خواكوڕك و سڵاو لە شەهیدەكانی داستانی خواكوڕك و لە بنەماڵەی شەهیدان. سوپاس بۆ ئیوەی بەرێز و رۆژنامەی خەباتی خۆشەویست كە ئێمەتان بەسەركردووە.

تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4372) رۆژنامەی خەبات لە(28/7/2013) بڵاو بوویتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار