شۆڕشی رۆژئاوا و سەردەمێكی نوێ
جەنگیز چاندار
لەم هەفتەی دواییدا لە گۆشەی خۆم لە رۆژنامەی رادیكاڵدا پێنج بابەتم نووساندووە كە چواریان تایبەتن بە رۆژئاوا و شۆڕشی رۆژئاوا و پەیەدەیەوە و ئەمانە ناوی ئەو بابەتانەیە (( لە 19ی مانگ قۆناغی چارەسەری و شۆڕشی رۆژئاوا، لە 21ی مانگ رۆژئاوا و پەیەدە و حەساسیەتە كۆنەكەی دەوڵەت لە بەرامبەر كورد، 24ی مانگ قۆناغێكی نوێ بۆ كورد و بۆ دەوڵەت وانەی رۆژئاوا و دوایین بابەتیش رێگای شۆڕشی سووریا لە شۆڕشی رۆژئاوایەوە تێپەڕ دەبێت. لە بابەتی پێشتووتر باسی ئەوەم كردبوو كە وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوود ئوغڵۆ رایگەیاندبوو كە توركیا دەیەوێ كورد لە نێو شۆڕشی سووریادا بگاتە ئەو جێگایە كە شایەنی بێت و نامانەوێ كورد لە سووریا پەراوێز بخرێت و لەم چوارچێوەیەیشدا لەگەڵ پەیەدە چەندین چاوپێكەوتنمان بووە.
ئەحمەد داوود ئوغڵۆ ئاماژەی بەوە كردووە كە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا سێ جار لەگەڵ بەرپرسانی پەیەدەدا كۆ بوونەتەوە.
كاتێك كە ئەحمەد داوود ئوغڵۆ گوتی ئێمە سێ جار چاوپكەوتنمان لەگەڵ پەیەدەدا كردووە منیش گوتم: زۆر باشە پێویستە چەندین جاری دیكە یەكتر ببینن و درێژە بە گفتووگۆكانتان بدەن و پێویستە توركیا بە هیچ شێوەیەك دەرفەت بە هیچ هێز و لایەنێك نەدات كە سنوورەكانی توركیا بۆ هێرش كردنە سەر كورد بەكار بهێنێت و دواتر وردە وردە دەگەنە ئەم ئەنجامە: رێگای شۆڕشی سووریا لە نێو شۆڕشی رۆژئاوای كوردستاندا تێپەڕ دەبێت.
با دووبارە ئەو ساڵە بەنرخانەی كە لە عێراق بە هۆی دوژمەنایەتی كردنی كورد لە باكووری عێراقەوە لە دەستتان دان لە سووریایش لە دەستیان نەدەن. چوونكە هەڵوێستی راست و دروستی توركیا لە بەرامبەر كوردانی رۆژئاوای كوردستان دەبێـە هۆكاری بەهێزتر بوونی قۆناغی چارەسەری و بە ئەنجام گەیشتنی ئەم قۆناغە.
ئێوارەی ئەو رۆژە كە ئەم بابەتەی من بڵاو كرایەوە سەرۆكی پەیەدە ( پارتی یەكیەتی دیموكراتیك) سالح موسلێم لە سەر دەعوەتی وەزیری دەرەوە ئەحمەد داوود ئوغڵۆ سەردانی ئەستەنبۆڵی كرد. بەو ماناییە كە كاتێك من ئەم بابەتە دەنووسم سالح موسلێم لە توركیایە. ئەحمەد داوود ئوغڵو كە لە مانگی تەمووزی ساڵی 2012دا لە هەولێر لەگەڵ چەندین پارتی كوردی رۆژئاوا چاوپێكەوتنی ساز كردبوو، ئامادە نەببوو كە لەگەڵ سالح موسلێمدا چاوپێكەوتن ساز بكات بەڵام ساڵێك دواتر بۆ خۆی ناچار دەبێت كە لە هەولێرەوە سالح موسلێم دەعوەتی ئەستەنبۆڵ بكات.
بێگومان ئەمە رووداوێكی زۆر گرنگ، مێژوویی، گونجاو و ئەرێنییە، چوونكە سالێك زیاترە كە من دەڵێم پێویستە توركیا پەیوەندی خۆی لەگەڵ پەیەدەدا باشتر و بەهێزتر بكات، ئەمەی ئەمرۆ روو دەدات بۆ من نیشانەی ئەوەیە كە دەوڵەت دوای یەك ساڵ بیروڕاكانی منی قەبووڵ كردووە بۆیە زۆر خوشحاڵم.
لە ساڵی 2012 لە برووكسەل من و سالح موسلێم یەكترمان بینی و من لێم پرسی كە بۆ سەردانی توركیا ناكەی؟ لە وەڵامی مندا گوتی: دەعوەت نەكراون ئەگەر دەعوەت بكرم بە دڵ و بە گیان سەردانی توركیا دەكەم و گوتی: دوای ئەوەی لە زانكوی تەكنیكی ئەستەنبۆڵ دەرچووم لە ساڵەكانی 1970دا تا ئێستە سەردانی توركیام نەكردووەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە خۆی وەكو خەڵكی عورفا بە من ناساندبوو. هەر لەم كاتە ساتانەدا سەرۆكی ئوپوزسیونی سووریا موعاز ئەلخەتیب سەردانی ئەستەنبۆڵی كرد و گوتی: من لە قاهیرە لەگەڵ سالح موسلێمدا چاوپێكەوتنم كردووە و داوای خۆشكردنی زەمینە بۆ سەردان كردنی توركیا كردووە و منی راسپاردووە كە لە نێوان پەیەدە و توركیادا میانجیگەری بكەم.
من نازانم كە سالح موسلێم دوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی میت، لەگەڵ كامە بەرپرسی وەزارەتی دەرەوە كۆ بووەتەوە. ئەم بەرپرسانەی وەزارەتی دەرەوە ساڵێك لەمەوبەر ژمارەیەك سەرۆك و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەكانی سووریایان دەعوەت كردبوو و من و محەمەد عەلی بیراندیش پێكەوە بەشداریمان لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان كرد. لەو كۆبوونەوەیەدا من سەبارەت بە پەیەدە پرسیارێكم ئاراستە كرد بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە وەڵامێكی زۆر ناگونجاویان دایەوە و گوتیان: پەیەدە نوێنەرایەتی كوردانی سووریا ناكات و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ رژیمی بەشار ئەسەددا هەیە و بە هێزی رژیمی بەعس دەیەوێ هەبوونی خۆی بە سەر ناوچە كوردییەكاندا بسەپێنێت و پارتە كوردییەكانی دیكە سەركوت بكات. من لەم وەڵامە تێگەیشتم كە توركیا دەیەوێ بە چاوی رێكخراوێكی تیرۆریستی و نامەشرووع سەیری پەیەدە بكات. بەڵام دوای تێپەڕ بوونی یەك ساڵ بە سەر ئەم رووداوانەدا ئەمرۆ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی توركیا بۆ خۆیان راستەوخۆ سالح موسلێم وەكو سەرۆكی پەیەدە دەعوەتی توركیا دەكەن و بۆ خۆیان راستەوخۆ لەگەڵ پەیەدە پەیوەندی ساز دەكەن. بێگۆمان ئەمە پێشكەوتنێكی زۆر گرنگ و ئیجابییە بۆ توركیا و نیشانەی گۆڕینی سیاسەت و هەڵوێستی توركیا لە بەرامبەر شۆڕشی رۆژئاوای كوردستانە. سالح موسلێمیش بۆ خۆی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی دیجلە باسی ئەوەی كردووە كە سیاسەتی توركیا لە بەرامبەر پەیەدە و شۆڕشی رۆژئاوای كوردستاندا گۆڕاوە و توركیا بەڵێنی هاوكاری و پشتگیری كردن لە شۆڕشی رۆژئاوای داوە. سالح موسلێم لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا سلاوی خۆی ئاراستەی سەرجەم گەلی كورد كردووە و گوتوویەتی: سڵاو و رێزم بۆ سەرجەم گەلی كورد هەیە و با گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەردەوام بێت و داهاتوویەكی زۆر گەش و پرشنگدار چاوەروانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستانە.
سەرچاوە. رادیكاڵ




