یەكێتی نەتەوەیی كورد
فیكرەت بلا
هیچ كەس ناتوانێت كە حەشا لەوە بكات كە لە سەرەتای قۆناغی دەركەوتنی پەكەكە لە توركیا تا ئەمرۆ ئەم قۆناغە قۆناغێك بووە بۆ دەرخستنە مەیدانی ناسنامەی نەتەوەیی كوردی. پەكەكە بە هۆی ستراتیژیەت، سیاسەت و هەڵسووكەوتەكانی خۆی توانیویەتی لەم روویەوە پێشكەوتنی زۆر باش بە دەستەوە بهێنێت و پەكەكە لە دژی قۆناغی نەتەوەیی كردنی تورك و توركیا كە لە لایەن ئاتاتوركەوە دەستپێكرابوو قۆناغی یەكیەتی نەتەوەیی كوردی دەست پێ كرد. ئەو گفتووگۆ و مشتوومڕانەی كە لە سەر تورك و میللەتی تورك دەست پێكراون، ئارمانجیان ئەوەیە كە هەر دوو وشەی تورك و میللەتی تورك بەبێ كاریگەر بكەن و دواتر لە نێو دەستووری بنەڕەتی توركیادا دەریان بهێنن و هۆكاری ئەم هەوڵدانانەیش قۆناغی یەكیەتی نەتەوەیی كوردە و هیچ كەسیش ناتوانێت حەشا لەوە بكات كە ئارمانجی پەكەكە و ئارمانجی ئەو كەسانە كە دەوڵەتە یەك لە دوای یەكەكانی كۆماری توركیا بە رەگەزپەرەست لە قەڵەم دەدەن یەك ئارمانجە و دەیانەوێ وشەی تورك و میللەتی تورك لە نێو دەستووری بنەڕەتی توركیادا دەربهێنن.
خاڵی سەرنج راكێش ئەوەیە كە ئەو كەسانە كە رەخنەی رەگەزپەرەستبوون ئاراستەی دەوڵەتەكانی كۆماری توركیا دەكەن هەر ئەو كەسانەن كە هەوڵ بۆ بەهێزتر كردنی ئاستی زانیاری نەتەوەیی كورد و دامەزراندنی نەتەوە دەوڵەتێكی كوردی دەدەن. لەم قۆناغەدا هاوكات لەگەڵ سست كردنی یەكیەتی نەتەوەیی تورك و هەوڵدان بۆ پارچە كردنی ئەم یەكیەتییە دەست بە دامەزراندنی یەكیەتی نەتەوەیی كورد كراوە و لە سەر داواكاری ئوجەلان لە ئەنقەرە، دیاربەكر، ئەورووپا سێ كۆنفرانس بۆ ئەم مەبەستە ساز كران و رۆژی دوو شەممەیش لە هەولێر چوارەمین كۆنفرانس ساز كرا و بریارە لە سەر داواكاری مەسعوود بارزانی لە ماوەی یەك مانگدا كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لە هەولێر ساز بكرێت و لە چوارچێوەی تێوەری هەر چوار پارچەی كوردستان( توركیا، ئێران، سووریا و عێراق) نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەكانی بەشداری ئەم كۆنگرەیە دەبن.
دوای ئاشكرا بوونی ئارمانجی ئوجەلان، پەكەكە، بارزانی و پارت و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان بۆ دامەزراندنی یەكیەتی نەتەوەیی كورد و دواتر یەك خستنەوەی هەر چوار پارچەی كوردستان و رایگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردی، لە توركیایش هەر جار بە پێ كونژكتۆرەكانی ئەو كاتە وتە و لێدوانەكانی خۆیانیان دەگۆڕن و هەر جار لێدوانێك دەدەن و دەڵێن هیچ جۆرە ئارمانجێكی بەمجۆرەیان نییە. لە راستیدا ئەم جۆرە لێدوانانە زۆر سەرنج راكێشن چوونكە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئارمانجی سەرەكی كورد و یەكیەتی نەتەوەیی كورددا ناگۆنجن.
ئەوانەی كە پشتگیری لە قۆناغی یەكیەتی نەتەوەیی كورد دەكەن و ئەو كەسانە كە هەست بە جیاوازی لە نێوان لێدوان و ئارمانجی سەرەكی لایەنە كوردییەكان دەكەن تۆزێك بە هەستیارییەوە نزیكی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا دەبن. ئەمرۆ نە بارزانی و نە ئوجەلان حەشا لەوە ناكەن كە دەیانەوێ سەرەتا یەكیەتی نەتەوەیی كورد و دواتریش دەوڵەتی كوردی دابمەزرێنن، بێگومان پارتەكانی پارچەكانی دیكە وەكو پەیەدە و پەژاكیش گێرێدراوی لێدوانەكانی ئوجەلان و بارزانین و باسی ئەوەیش دەكەن كە دامەزراندنی یەكیەتی نەتەوەیی كورد و دەوڵەتی كوردی نە لە دژی توركیا بەڵكو بۆ بەهێز كردنی دیموكراسیەتی ناوچەكە و سەقامگیری و ئارامی ناوچەكەیە.
تێوەری بارزانی و ئوجەلان بۆ دامەزراندنی یەكیەتی نەتەوەیی كورد و دەوڵەتی كوردی ئەمەیە كە دەڵێن: ئەم یەكیەتییە لە دژی هیچ دەوڵەت و نەتەوەیەكی دیكەی ناوچەكە نییە بەڵكو بۆ بەهێزتر كردنی دیموكراسی و سەقامگیری ناوچەكەیە و لە چوارچێوەی ئەم تێوەرییەدا گفتووگۆكانی گرێدانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵی توركیایش بۆ سەر ئەم دەوڵەتە پەرەیان سەندووە و پەكەكە و بارزانی لە قۆناغی دەوڵەبووندا باكووری عێراق، باكووری سووریا و باكووری رۆژئاوای ئێران دەكەنە یەك و دەڵێن بە یەك خستنەوەی سێ بەشی كوردستان هیچ زەرەرێك ناگاتە توركیا. ئێستە سەرقاڵی ئەوەن كە كاریگەری لە سەر سیاسەتی توركیا لە بەرامبەر باكووری سووریا بكەن و دەڵێن: پێشتر توركیا لە دژی باكووری عێراق بوو بەڵام ئێستە لە ناوچەكەدا باكووری عێراق یەكێكە لە هاوپەیمانە ئابوورییە بەهێزەكانی توركیا بۆیە پێویستە توركیا بیر لە سیاسەتێكی بەمجۆرە لە بەرامبەر باكووری سووریایش بكاتەوە و پەیوەندییە ئابوورییەكانی خۆی بەهێزتر بكات. ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە تێوەری دامەزراندنی كوردستان لە سێ پارچەی دیكە بێجگە لە باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵی توركیا، كوردستانێكە كە بە پشتگیری توركیا دادەمەزرێت و بەمجۆرە توركیا بە شێوەیەك بەرفراوان دەبێت كە ئاتاتوركیش نەیتوانی بوو بەو جۆرە بەرفراوانی بكات و توركیا دەبێتە یەكەمین سوودمەندی نەوت و سەرچاوە ژێر زەوییەكانی ناوچەكە. ئەمە تێوەری ئوجەلان و بارزانییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی. بەڵام لە راستیدا نە بارزانی و نە ئوجەلان بە هیچ شێوەیەك وازیان لە بیروڕای خۆیان لە سەر باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی توركیا نەهێناوە و دوای باكووری سووریا و باكووری عێراقیش بۆ باشوور و باشووری توركیایش داوای خۆسەری دەكەن. هەر چەند بە هۆی هاوسەنگییە سیاسییەكانەوە جارجار سەبارەت بە باشوور و باشووری خۆرهەڵات لێدوانی جیایش بدەن بەڵام چوارچێوەی گشتی قۆناغەكە لە پەراوێزی دەوڵەتی هەر چوار پارچەی كوردستان دایە. بۆیە جارێك ناتوانین وەڵامی ئەو پرسە بدەینەوە كە ئایا توركیا گەورەتر دەبێت یا گچكە دەكرێتەوە؟ بەڵام بە پێ ئەو خەریتە و نەخشە نوێیانە كە لە ئەورووپا و ئەمریكا چاپ و بڵاو دەكرنەوە دیارە كە توركیا گچكە دەكرێتەوە.
سەرچاوە. میللیەت




