٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كورد یەك دەگرنەوە، هاوسەنگییە سیاسییەكانیش دەگۆڕن

سەرچاوە: KDP.info

 موراد یەتكین

تا ماوەیەكی زۆر نزیكی لەمەوبەر چوار حكوومەت لە دژی كورد دەبوون بە یەك و كوردەكانیش هەر یەك سازێكی لێ دەدا بەڵام ئەمرۆ بارودۆخەكە بە پێچەوانەوە دەسووڕێتەوە. بۆ سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دوێنێ لە شاری هەولێر بە سەرۆكایەتی مسعوود بارزانی پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان كۆ بوونەوە و بریاریان بە دامەزراندنی كۆمیتەی ئامادەكاری ئەم كۆنگرەیەدا و بریارە بێجگە لە پارتە سیاسییەكان، رێكخراوە مەدەنی و پێشەییەكان و كەسایەتە ناودارەكانیش بەشداری لەم كۆنگرەیەدا بكەن. بێگۆمان سێ كۆبوونەوەی دیكەیش پێشتر ساز درابوون، یەكەمینیان لە ئەنقەرە، دووەمین لە دیاربەكر و سێیەمینیش لە برووكسەڵ، بەڵام كۆبوونەوەی چوارەم لە هەر هەموویان گرنگترە و یەكەمین كۆبوونەوەی نەتەوەیی كوردە كە نوێنەری هەر هەمووی پارت و لایەنە سیاسییە كوردییەكان تێیادا ئامادە بوون.

كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لە ماڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە هەر هەمووی پارتەكانی دیكەی كوردستان خاوەن مێژوویەكی دوور و درێژی خەبات و تێكۆشانە ساز دەكرێت و بەڵام دیارە كە رۆلی سەرەكەی نێو ئەم كۆنگرەیە دەكەوێتە سەر پەكەكە چوونكە پەكەكەیش تەنیا پارتییەكە كە لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا خاوەن هێزی چەكدار و بێ چەكە و لە هەر پارچەیەكدا چەندین پارت و لایەنی سەر بە پەكەكە بەشداری لەم كۆنگرەیە دەكەن، بێجگە لە پەكەكە، پەیەدەیش كە هەر وەكو پەكەكە خاوەن پێگەیەكی جەماوەرییە و كەجەكەیش بەشداری لەم كۆنگرەیەدا دەكەن و لە سێ پارچەی دیكەی كوردستان چەندین پارت و لایەنی سیاسی كە لە سەر هێڵی پەكەكە بەڕیوە دەبرن وەكو پەچەدەكە، پەژاك و پەیەدەیش بەشدارن.

تا ئێستە چەندین جار هەوڵ بۆ سازدانی ئەم كۆنگرەیە درابوو بەڵام بە هۆی هاوسەنگییە سیاسییەكانەوە و دەعوەت نەكردنی پەكەكە و پارت و لایەنە نزیكەكانی پەكەكە، ئەم كۆنگرەیە ساز نەكرا، بۆ نموونە پێشتر توركیا پشتگیری لەم كۆنگرەیە دەكرد بەڵام بەو مەرجەی كە پەكەكە و لایەنە نزیكەكانی پەكەكە بەشداری تێیادا نەكەن. بەڵام ئەمجارە بارودۆخەكە گۆڕاوە و كاتی سازدانی كۆنگرەكە و بارودۆخی ناوچەكە زەمینەیەكی زۆر باشیان بۆ سازدانی ئەم كۆنگرەیە رەخساندووە.

بەهاری عەرەبی كە بە سەد هەزاران هیواو ئاواتەوە دەستی پێكردبوو لە سوریا رووبەرووی هەرەس هێنان بووەتەوە و لە میسریش بارودۆخی بەهار عەرەبی وەكو ئەو كەشتییەیە كە كۆن كرابێت و ئاوی تێیا بچێت و سەرقاڵی نۆقم بوونە و لە قەیرانەكەی سوریا یش بەر لە دەست پێكردنی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە بە هاوكاری باشی توركیا، كوردەكانی ئەو وڵاتە توانیویانە سوودێكی باش وەربگرن و پەیەدە كە باڵێكی پەكەكەیە و بە فەرمانی ئوجەلان بەرێوە دەچێت لە نێو هەر هەمووی بەرهەڵەستكارەكانی رژیمی بەشار ئەسەددا تەنیا پارتییە كە دەزانێت چی دەوێت و چۆن هەڵسووكەوت لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكات، بۆیە پەیەدە بە هیچ شێوەیەك پشتی بە هاوكارییە دەرەكییەكان نەبەستووە و لە نێو كورددا پێگەی خۆی بەهێز كردووە و خۆی بە رێكخستن كردووە و تەنیا پارتی سیاسییە لە سوریا كە خاوەن تەنزیمات و داموودەزگای رێكخراوەییە.

بەڵام لە بەرامبەر پەیەدەدا باڵێكی ئەلقاعێدە بە ناوی بەرەی ئەلنۆسرا سەری هەڵداوە و نایەوێ كورد ببنە خاوەن پێگەیەك لەو وڵاتە. هاوكات لەگەڵ دەركەوتنی بەرەی ئەلنۆسرای سەر بە ئەلقاعێدە لە سوریا، سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغانیش لە ساڵی 2012دا دەستی بە هەوڵدانێك كرد تا لەگەڵ ئوجەلاندا پێكەوە رێگایەك بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و پرسی پەكەكە بەبێ شەڕ و توندوتێژی بدۆزنەوە. كاتێك كە توركیا دەستی بەم هەوڵدانە كرد، پەژاكیش كە باڵێكی پەكەكەیە و لە ئێرانە لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی تاراندا لە نێو شەرێكی زۆر قۆرسدا بوو و دواتریش ئێران دەستی خۆی بۆ قەندیل درێژ كرد و لە توركیا دوور كەوتەوە.

هاوكات لەگەڵ ئەم رووداوانەدا پەیەدەیش لە سوریا لە نزیك سنوورەكانی توركیا هەوڵدانەكانی خۆی بۆ دامەزراندنی ئوتونومی و خۆسەری بۆ كوردەكان چڕتر كردەوە، لە شاری قامیشلوی بەرامبەر نۆسەیبین، لە شاری رەئسۆلعەینی بەرامبەر جەلانپنار و لە بەرامبەر دەروازەی سنووری ئاكچاقەلە دەروازەی سنووری تەلئەبیەز هەر هەموویان كەوتنە ژێر كونترۆڵی پەیەدەیەوە و عەفرینیش كە لە بەرامبەر كلێس و رەیحانلییە لە سوریا وەكو قەڵای پەكەكە دەناسرێت. بۆیە پەیەدە وەكو سەركەوتووی شۆڕشی سوریا بەشداری لە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لە هەولێر دەكات و ئەمەیش بۆ پەكەكە كە لەگەڵ ئێراندا ئاگربەستی رایگەیاندووە و لەگەڵ توركیایشدا دەستی بە گفتووگۆ بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد كردووە دەستكەوتێكی یەكجار گەورە و بەهێزە.

لە لایەكی دیكەوە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغانیش لە هەر دەرفەتێكدا هاوار دەكات و دەڵێت ئێمە بە هیچ شێوەیەك لەم قۆناغە كە دەستمان پێكردووە پاشەگەز نابینەوە، لێرەدا كێشە ئەوەیە كە رۆژ بە دوای رۆژ پرسی كورد زیاتر دەبێت بە پرسێكی نێونەتەوەیی و پەكەكەیش چە لە توركیا و چە لە ناوچەكەدا زەمینە زیاتر بۆ خۆی خۆش دەكات و ئوجەلان و قەندیلیش چەندە لەگەڵ ئەنقەرە دەست بە یاری پولیسی خراب بكەن كار و ئەركی ئەردوغانیش ئەوەندە زەحمەتتر دەبێت.
كورد بە هیچ شێوەیەك ئارمانجی سەرەكی خۆی ناشارێتەوە و دەڵێت ئارمانجی سەرەكیمان سەربەخۆیی كورد و كوردستانە، بۆیە ئەگەر ئەمرۆ سیستەمێك وەكو سیستەمی شەنگەن نەبێت بۆ تێپەڕاندن و بێ كاریگەر كردنی سنوورە دەستكردەكان ئەوا لە داهاتوودا ئەو سیستەمە پەیڕەو دەكرێت، بۆیە ئارمانجی كۆتایی كورد و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان سەربەخۆییە و لە كۆنگرەكەی هەولێردا باسی لێوە دەكرێت. تا دوێنێ توركیا، ئێران، سوریا و عێراق لە دژی كورد یەكیان دەگرت بەڵام كورد سازی جیای لێ دەدا و ئەمرۆ كورد یەكیان گرتووە و چوار حكوومەتەكە هەر یەك لە سازێكی جیا دەدەن، كورد یەك دەگرێتەوە و ئەمە یەكەمینجار كە لە مێژووی ناوچەكەدا دەبینرێت و كاتێك كە مەسەلەی گاز و نەوتیش بكەوێتە نێو مەسەلەی یەكگرتنەوەی كورددا ئەوا هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە دەگۆڕن.

سەرچاوە. رادیكاڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار