٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

وەرزی گەمە سیاسییەکان، بەرەو سەرەتای کۆتایی

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

یەکێک لە لایەنە باشەکەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆی سیاسی و گوێگرتن لە یەکتر، دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا کاتێک دەزانێت بارودۆخەکە بەرەو تەنگەژە و قەیران دەچێت، خێرا بیر لە گەڕانەوە بۆ مەنتیقی دانوستان و لێکگەیشتن و دیالۆگ دەکاتەوە.

ئەمەش چەند هەنگاوێک لە توندی و سڕینەوەی یەکتر دوورمان دەخاتەوە. پێچەوانەی ئەوەش لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کاتێک دەزانن بارودۆخەکە ئارامە و گرژییەکان خەریکە نامێنن، پەنا وەبەر پرۆژەیەکی دیکە دەبەن و پرۆژە کۆنەکانی خۆیان بە هێڵێکی راست و چەپ، دەسڕنەوە و رێک بیرۆکە و بەرنامەیەکی نوێی پێچەوانەی ئەوەی پێشوویان دەخەنە بەردەم دەسەڵات، ئیدی ناکۆکییەکان سەرلەنوێ لە خاڵی یەکەمەوە دەست پێدەکەنەوە.

ڕۆژی ١٧-٧-٢٠١٣ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند هەرچەندە ئەو خۆی رازی نییە لەسەر بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێم، بەڵام لە پێناو رێزگرتنی بارودۆخەکە، رەزامەندی دەردەبڕم، بەڵام پێویستە لە ماوەی یەک ساڵدا ئەم کێشەیە کۆتایی بێت و دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ لە ٢١-٩-٢٠١٣ خێرا کار بکەن تاکو ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بکرێت و هەر کەسێک بۆ سەرۆکی هەرێم میللەت دەنگی پێدا، ئەوە من ئامادەم پیرۆزبایی لێبکەم. ئەمە کردنەوەی گرێکوێرەکانە.

ئەمە کۆتاییپێهێنانی هەموو ئەو پروپاگەندە و فشارانەیە کە لایەنە ئیسلامییەکان و بزووتنەوەی گۆڕان ماوەیەکە دژی خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستیان داوەتێ. ئیدی ئەمە لە مەنتقیش تێدەپەڕێت و هەموو خەیاڵ و بڕیار و مەزەندەکانی ئۆپۆسیۆن تێکدەشکێنێت لەمەڕ دیکتاتۆرییەت و تاکڕەویی دژی مەسعود بارزانی بڵاویان دەکردەوە.

سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت من هاوکاریی هەموو لایەنەکان دەکەم بۆ سازان و تەوافق و لەیەکترگەیشتن و بەیەکەوە کارکردن



سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت من هاوکاریی هەموو لایەنەکان دەکەم بۆ سازان و تەوافق و لەیەکترگەیشتن و بەیەکەوە کارکردن. دەبێت سەرجەم پێکهاتە سیاسییە جیاکان و کورد و تورکمان و کلد و ئاشووری و سریان و ئایینە جیاکان بەشداری لە بڕیاری چارەنووسی خۆیان لە کوردستاندا بکەن. نابێت تەنیا پارتی و یەکێتی و سێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن بڕیار بدەن، بە پێچەوانەوە پێویستە هەموو پێکهاتە جیاکانی کوردستان بەشداری لە بڕیار و مەسەلە گرینگەکاندا بکەن. ئەمەش مەنتقێکی لەبارە بۆ یەکترقبوڵکردن و لێکگەیشتن و بڕیاردانی هاوبەش و متمانەدار و پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسی.

مرۆڤ کە سەیری هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان دەکات، هەست بە گۆڕان و هەروەها ململانێیەکی توندیش دەکات. پارتی و یەکێتی دەیانەوێت لە یەک کاتدا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و پارێزگاکان هەم رکابەری یەکتر بن و بە جیا بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن و لە هەمان کاتیشدا رێککەوتنی ستراتیژی نێوانیان بپارێزن کە بە بنەما و هۆکارێکی گرینگی ئارامی و پێشکەوتن و لێکگەیشتنی سیاسیی کوردستانی دادەنێن. سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکەش پێیان وایە ئەم هەنگاوەی پارتی و یەکێتی بە زیان بۆ دواڕۆژ و پێگەی جەماوەری ئەوان تەواو دەبێت و هەموو کاتێک لە تەبایی و هەماهەنگی نێوان پارتی و یەکێتی زەرەرمەند دەبن و پێچەوانەش گەشە دەکەن، بۆیە ئەوان کار دەکەن هەلومەرجەکە بە ئاراستەیەکدا ببەن هەم توندتیژی تێدا بە کار بێت و هەم فەوزا و ئاژاوەیەکی سیاسیی بێ پسانەوە بەرپا بکەن.

بۆیە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بڕیاریان داوە لە بەرانبەر هەموو بەڵێیەکی دەسەڵات ئەوان بە (نەخێر) وەڵام بدەنەوە و لە بەرانبەر هەر نەخێرێکی دەسەڵاتیش هەمیسان هەر بە (نا) وەڵام بدەنەوە. کەواتە ئاراستەکان پێچەوانەی لەیەکتر گەیشتن و ئەو سەرەتایانەن کە دیموکراسی لە کوردستان بەهێز دەکەن، پێدەچێت بەم ئاراستەیە نەتوانرێت هیچ جۆرە تەوافوقێک بێتە دی. رکابەرییە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ئاراستەیەکە کە نایانەوێت لە رایەکەی سەرۆک بارزانی سوود وەربگرن کە دەڵێت (من بەنیازی خۆهەڵبژاردنەوە بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم نەبووم) لە هەمان گاڤیشدا ناتوانن (بەردەوامبوونی لە پێگەی سەرۆکایەتیی هەرێم قبوڵ بکەن).

بەڵام لە بیری نەکەین کوردستان بە ئارامی دەمێنێتەوە، چونکە سەرۆک بارزانی لە گەمە سیاسییەکان گەیشتووە و بە هێمنی و دووربینی و خۆدوورگرتن لە شەڕفرۆشتنەکان کارەکان بەڕێوە دەبات



کەواتە ململانێکان لە حاڵەتی سرووشتی دەردەچن و بەرەو ئاراستەیەک دەبردێت کە رەنگە هەلومەرجی کوردستان نەتوانێت تەحەمولی بکات. ئەمەش جۆرێکە لە نەخۆشیی منداڵانە، چونکە نایانەوێت پرۆسەی سیاسی بە تەوافوق و هەروەها بە رێزگرتنی ئیرادەی هەموو خەڵکی کوردستان بەڕێوە بچێت. ئەمەش دەچێتە خانەی گومان، گومانێکی سیاسی.

بەڵام لە بیری نەکەین کوردستان بە ئارامی دەمێنێتەوە، چونکە سەرۆک بارزانی لە گەمە سیاسییەکان گەیشتووە و بە هێمنی و دووربینی و خۆدوورگرتن لە شەڕفرۆشتنەکان کارەکان بەڕێوە دەبات، تا پرۆسەکە بە ئارامی و هێمنی بمێنێتەوە و نەگاتە شوێنێک نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت. هەروەسا ناتوانێت چارەنووسی گەلی کوردستان بداتە دەست رەشەبای تۆقان و دڵەڕاوکێ و فەوزای سیاسی.

ئەو هەمیشە لەبەرانبەر بڕیار و یەکدەنگی و خواستی گەلی کوردستاندا بە بەڵێ کار دەکات و ئەوانی دیکەش کە نیازێکی سیاسیی کورتبینانەیان لە ململانێی سیاسی هەیە هەمیشە دەیانەوێت بە نەخێر بڕیار بدەن. لە بیری نەکەین دونیا هەر تەنیا رەش و سپی تێدا نییە. رەنگ و بیر و رێگەی هەمەلایەنی تێدایە. ئەوانەش پرۆسەکە دەبەنەوە کە دەرگاکان بۆ لێکگەیشتن و رێزگرتنی یەکتر و گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل بە کراوەیی دەهێڵنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار