ئەرێ خەونی كوردستانی گەورە دەبێتە راستی؟
ئەیوب جان
لە راستیدا ئەم پرسە پرسێكی نوێ نییە، بەڵكو سەد ساڵە لە سەری گفتووگۆ دەكرێت، ئەوەی كە نوێیە رووداو و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكەن. یەكێك لە گوڤارە ناودارەكانی ئەڵمانیا زەنیس لە دوایین ژمارەی خۆیدا لە سەر بەرگی خۆی پرسیویەتی: ئایا هێشتا دەتوانرێت پێشی لە دروست بوونی كوردستانی گەورە بگیردرێت؟
كە دەڵێت ئەم وڵاتە، باسی كوردستانی گەورە دەكات، ئەو جوغرافیا بەرفراوانەی نێوان ئێران، عێراق، سووریا و توركیا كە كوردی تێیادا دەژی. لەگەڵ ئەم پرسەدا نەخشەیەكی یەكجار گەورەیشی بڵاو كردووەتەوە، لە نێو ئەم نەخشەیەدا ئەرزرۆم، عەنتاب و قامیشلویش هەیە، لە عێراق و ئێران و سووریایشدا ئەم نەخشە درێژ كراوەتەوە، بێگومان ئەم پرسە پرسێكی نوێ نییە، زیادتر لە سەد ساڵە لە سەری گفتووگو دەكرێت، شتی نوێ رووداو و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكەن.
لە سەر سنووری توركیا و سووریا شەڕ هەیە؟ ئایا پلانی دامەزراندنی كوردستانی گەورە جێبەجێ دەكرێت؟ ساڵی رابردوویش رژیمی ئەسەد بۆ سەركوت كردنی راپەرینی خەڵكی سووریا چەندین ناوچەی كوردی لە باكووری ئەو وڵاتەی رادەستی كوردەكان كردبوو، ئەو كاتەیش گفتووگۆیەكی بەمجۆرە كرابوو و ئەم گفتووگۆیانە لە پارەوە تا ئەمرۆ درێژەیان هەیە.
لە ناكاوەوە رای گشتی توركیا رووبەرووی راستی پەیەدە بوویەوە كە ئوجەلانی وەكو سەرۆكی خۆی هەڵبژاردووە و باڵی پەكەكەی سووریا ( پەیەدە، پارتی یەكیەتی دیموكراتیك) باسی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لە باكووری سووریا و راگەیاندنی ئوتونومی دەكات. بەڵام ئایا بەراستی بەمجۆرەیە؟
ئەگەر لە سەرۆكی پەیەدە سالح موسلێم بپرسین ئەوا دەڵێت نە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی هەیە نە لەم قۆناغەدا شتێك بە ناوی راگەیاندنی ئوتونومی لە ئارادایە.
باشە بە وتەكانی سالح موسلێم باوەر بكەین یا نە؟
پرسێكی بەمجۆرەیش بە ساڵان لە باكووری عێراق لە بارزانی پرس كرا. بە بیروڕای ئێوە وەڵامی بارزانی بۆ ئەم پرسە چی بوو؟ بە بروای من جوابی هەرە راست ئەوەیە كە ئەگەر پرس بكرێت ئایا وەكو كوردێك خەیاڵی دامەزراندنی كوردستانی گەورەت هەیە؟ دەڵێم بەڵێ خەیاڵێكی بەمجۆرەم هەیە بەڵام من لەگەڵ خەیاڵدا ناژیم بەڵكو لەگەڵ راستیدا دەژیم.
بۆیە من پێتان دەڵم هەم باوەر بكەن هەم باوەر مەكەن، بارزانی ئەمرۆ سەرۆكی كوردستانی عێراقە و ئەگەر هەڵوومەرج گونجاو بێت بێگومان سەربەخۆیی رادەگەینێت، بەڵام بارزانی دەڵێت لەم قۆناغەدا ناكرێت سەربەخۆیی رابگەیندرێت. كاتێك كە لەگەڵ مالێكی ناكۆكییەكانیان پەرەیان سەند، باسی راگەیاندنی سەربەخۆیی بە پشتگیری توركیا كرا بەڵام ئەمریكا دەستوەردانی بارودۆخەكەی كرد و بارودۆخەكەی ئارام كردەوە.
ئێرە رۆژهەڵاتی ناوەراستە، تەنیا شتی چارەسەركەر و یەكەڵایی كەرەوە هێزە. پەیەدەیش ئەوە ناشارێتەوە كە دەیەوێ لە با كووری سووریا پێكهاتەیەكی خۆسەر وەكو باكووری عێراق دابمەزرێنێت. كێشە كێشەی خۆسەری نییە بەڵكو كێشەی كاتە. چوونكە تا هەڵبژاردنێكی ئازاد نەكرێت توركیا بە هیچ شێوەیەك هەنگاوە یەك لایەنەكانی پەیەدە قەبووڵ ناكات. بەڵام راستی بارودۆخەكە و هەڵوومەرجەی هەنۆكەیی پەیەدە ناچار دەكات كە زووتر خۆسەری رابگەینێت. مەبەستم لە مەرجەكان قەندیل و ئەسەدە. لە سەر سنووری توركیا و سووریا شەڕ هەیە، شەڕی نێوان پەیەدە و چەكدارەكانی بەرەی نۆسرا، بەڵام ئەم شەڕە شەرێك نییە كە توركیا بخاتە نێو خۆیەوە چوونكە قۆناغی چارەسەری كە لە لایەن حكوومەتی توركیا و ئوجەلانەوە دەست پێكراوە بەرهەمی رووداوەكانی ساڵی رابردووی سووریایە. لێژنەی ئەمنی قەومی توركیا لە كۆبوونەوەكانی ئەم دوایەی خۆیدا باسی ئەوەی كردووە كە نابێت بە ترسی پارچە كردن لەگەڵ كورد هەڵسووكەوت بكەین بەڵكو پێویستە پێكەوە بیر لە گەورە كردن و بەهێز كردنی توركیا بكەینەوە، ئوجەلانیش بە پەكەكەی گوتووە وازم لە خەیاڵی دەوڵەتی سەربەخۆ هێناوە بۆیە قۆناغ قۆناغی چەك و شەڕی چەكداری نییە بەڵكۆ قۆناغی تێكۆشانی سیاسییە و پێویستە بە پێ بارودۆخی ناوچەكە جێگا و پێگایەكی باش بۆ خۆتان بكەینەوە. مەبەستی ئوجەلان لە جێگا و پێگە ئەوەیە كە بڵاوە بە هێزی خۆتان لە ناوچەكە بكەین و حاكمیەتی خۆتان بسەلمێنن بەڵام بە دوای ئەو خەیاڵانە كە بەدەست خستنیان ئەستەمە مەكەون.
دوێنێ كاتێك كە میدیاكانی توركیا بە مانشێتی گەورە باسی ئەوەیان دەكرد كە پەیەدە هاتووەتە سەر سنووری توركیا، بەرێوەبەری بەشی هەواڵی دەرەكی رۆژنامەی رادیكاڵ لە شاری رەئسولعەین ( سەرێ كانی)دا لەگەڵ چەند بەرپرسێكی پەیەدە وتووێژی دەكرد و من كۆرتەیەك لەو وتووێژە دەگوازمەوە.
بارودۆخی سنوورەكان چۆنە؟
زۆر باشە.
فرۆكە جەنگییەكانی توركیا لە سەر سنوور دەسووڕنەوە؟
بە شەو فرۆكە بێ فرۆكەوانەكان دەسووڕنەوە و چاودێری ناوچەكە دەكەن.
ئایا چاوەروانی هیچ ئوپەراسیونێكی دەرەوەی سنووری سوپای توركیا دەكەن؟
نا.
ئایا ئەگەر بۆ وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەكان لە كورد توركیا هێرش بكات ئێوە شەڕ دەكەن؟
شەر روو نادات. كورد دەكێشێتەوە، چوونكە كەس نایەوێ لەگەڵ سوپای توركیادا شەڕ بكات.
سەرچاوە. رادیكاڵ




