٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

گەورەیی بارزانی

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

شانازی كردنی مسعود بارزانی بە پێشمەرگایەتی خۆیەوە كە لە تەمەنی 16 ساڵییەوە دەست پێدەكات، شانازییەكی راستەقینە و راستگۆیانەیە.

شانازی بارزانی بەوەوە كە هەرگیز خولیای كورسی و پۆست نەبووە و ئەمڕۆش نایەوێ مێژووی خۆی لە خەبات بۆ رزگاری و ئازادی كوردستان بەهیچ شتێكی دیكە بگۆڕێتەوە، شانازی راستەقینەی پێشمەرگەیەكە كە تێكۆشان فێری كردووە، مرۆڤ بە خەبات و كار و خاكێتی و بەخشش و قوربانیدان بۆ گەل و نیشتمان دەناسرێتەوە نەك بە پلە و پۆستی ئیداری.

سەربەرزی بارزانی بەوەوە كە لە بەهاری 1991دا وەك پابەندبوون بە ئامانجەكانی ئازادی و دیموكراسی كە خەباتی پێشمەرگایەتی و شۆڕشیان لەپێناودا كراوە و هەروەها وەك ئەركێكی نیشتمانی و چەسپاندنی بنەماكانی سستمێكی سیاسی دیموكراسی، داوای كردووە بەرەی كوردستانی دەسەڵاتەكانی خۆی لە رێی هەڵبژاردنێكی ئازادەوە رادەستی پەرلەمان و حكومەتی هەڵبژێردراوی خەڵك بكات، سەربەرزییەكی راستەقینە و راستگۆی پێشمەرگەیەكی راستگۆیە كە بڕوای بە گۆڕانكاری و رادەستی ئازادانە و ئاشتیانەی نێوانی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانە و دەسەڵاتی مەدەنی و دامەزراوە هەڵبژێردراوەكانە.

شانازی مسعود بارزانی بەوەوە كە لە كوردستانێكی كاولبووی پاشی شەڕی فاشی و شۆفێنی بەرامبەری و ئەنفالكردن و كیمیابارانكردنیدا، لە ماوەیەكی قیاسیدا، گەلی كوردستان، بە خۆڕاگری و بە بەشداری هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان و لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگای مەدەنی و هاوكاری دڵسۆزانی توانیویەتی هەنگاوی چەسپاو بنێ و پێشكەوتنی گەورە لە هەموو ئاستەكانی ژیان و پرۆسەی سیاسی و گەشەی ئابووری و كایەكانی دیكەدا بەدی بهێنێت و ناوبانگێكی ناوچەی و نێودەوڵەتی باش بۆ خۆی تۆمار بكات، شانازییەكی راستەقینەی پێشمەرگەیەكە كە قوربانیدان و ماندووبونی خۆی و هەموو هەڤاڵەكانی و خوێنی شەهیدان دەبینێ بە هەدەر نەچوون و بەرهەمیان لێ شین بووە.

شانازی مسعود بارزانی بە باری دروست و سروشتی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمدا كە نەریتەكانی دیموكراسی تێدا دامەزراون و گەنگەشە و گفتوگۆ لەبارەی سروشت و پێناسەی سستمی سیاسیی و پرۆژەی دەستووری هەرێمەوە دەكرێ و جیاوازی و ركابەری دێنە ئاراوە و هەمووان بەشداری دەكەن بۆئەوەی باشترین بژاردە پێشكەشی گەل و وڵات و ئایندە بكەن، شانازی راستگۆیانەی پێشمەرگەیەكە كە بە چاوی خۆی دەبینێ ئەو ئامانج و بەهایانە وا دێنە دی كە ساڵانی لاوێتی خۆی و هەڤاڵەكانی لەپێناویاندا بەخت كراون و هەزاران رۆڵەی نەبەردی ئەم گەلە بەگیان لەپێناویاندا قوربانیان داوە.

شانازی مسعود بارزانی بە پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە شانازی كردنی پێشمەرگەیەكە بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقییەوە، نەك بە كورسی و دەسەڵاتەكانییەوە. شانازی سەركردەیەكە كە بڕوای تەواوی بەوە هەیە نابێ سەرۆكی هەتاهەتایی لە هەرێمی كوردستاندا هەبێ.

شانازی و سەربەرزی مسعود بارزانی بەوەوە كە لە هەر پلە و پایەیەكدا بووبێ بە گیانی پێشمەرگانە كاری كردووە، هاوكاتە لەگەڵ ئەوەدا كە خەمی سەرەكی خۆی كردۆتە ئەوەی نموونەیەكی جوانتر لە دیموكراسی و پابەندبوون بە یاساوە پێشكەش بكات. ئەمە شانازییەكی راستەقینەیە كە ئەو كەسانە باشی تێدەگەن كە دەزانن پێشمەرگایەتی بەهایەكی چەند گەورەیە و دیموكراسییش بەهایەكی چەند مەزنە.

نیگەرانی مسعود بارزانی لەوەی مامەڵەی توندی هەندێ لایەن پرۆسەی سیاسی دووچاری قەیران كردووە، نیگەرانی ئەو پێشمەرگەیەیە كە خوێن لە دڵی دەچۆڕێ ئەگەر ببینێ بەرهەمی ماندووبوونی هەڤاڵەكانی و قوربانی شەهیدان دەخرێنە بەردەم نەشتەری مەرامگەلێكەوە كە دەكرێ بە گیانی دیموكراسی و یەكترقبوڵكردن و گفتوگۆی بەردەوامەوە بێنە دی بێ ئەوەی وڵات و گەل دووچاری تەنگژە و قەیران بكرێن.

نیگەرانی مسعود بارزانی لەوەی كە لەم سەردەمەدا و پاشی ئەو هەموو ئەزموون و وانە ترش و تاڵانە و كەڵەكەبوونی حیكایەتە جەرگبڕەكانی سەردەمی ئەنفال و پاشان سەردەمی شەڕی خۆكوژی و دەرەنجامی توندوتیژییەكان و لێكەوتەكانی رووداوەكانی ناوچەكە و عێراق، لایەنی سیاسی هەبن لە غەیری خۆیان هیچ لایەنێكی دیكە و نوێنەرانی هیچ پێكهاتەیەك قبوڵ نەكەن و بیانخەنە پەراوێز و دەرەوەی بازنەی ژیانی سیاسی لە هەرێمدا. ئەم نیگەرانییە نیگەرانی پێشمەرگەیەكە كە هەڤاڵەكانی لە سەنگەردا دێنەوە یادی، ئەوەیان شیوعی و ئەویان سۆسیالیست و ئەوەیشیان ئاشووری و ئەوی دیكە زەحمەتكێشان و ئەوەیشیان ئێزدی و موسڵمان و مەسیحی بوون، كەچی ئەمڕۆ هەندێك هەڵتۆقیون و دەیانەوێ ئەو سەنگەرانە بە خاوەنە رەسەنەكانیان چۆڵ بكەن و بەهایەكیان بۆ نەهێڵنەوە. ئەم نیگەرانییە نیگەرانی پێشمەرگەیەكە كە لەسەنگەرەكانی پێشەوەدا خەباتی ئەو هەڤاڵانەی دەبینێ و ئەمڕۆ لە دیموكراسیدا دەخرێنە پەراوێزەكانی دواوە. ئەم نیگەرانییە نیگەرانی ئەو پێشمەرگەیەیە كە تۆمارەكانی مێژوو بەسەردەكاتەوە و ئەو خەباتكارانە دەبینێتەوە لە رۆژگاری زۆر سەختی ژێردەستیدا بەوپەڕی فیداكارییەوە بەرگریان لە گەل و نیشتمان كردووە و لەپێناوی ئازادی و دیموكراسیدا تێكۆشاون و قوربانیان داوە، ئەمڕۆ لە سایەی بەرهەمی خەباتی ئەواندا هەندێك هەڵتۆقیون و دەیانەوێ تۆماری ئەو خەباتكارانە بسڕنەوە. ئەم نیگەرانییە نیگەرانی كەسێكی گەورەیە كە هەمووان بە گەورە دەبینێ. نیگەرانی كەسێكی گەورەیە كە دەبینێ بچووكەكانی ئەمڕۆ هەموو شتێك بچووك دەكەنەوە.

شانازی مسعود بارزانی بە سازانی نیشتمانییەوە شانازییەكی راستگۆیە و بەكردار سەلمێنراوە، هاوكات نیگەرانیشی لەبارەی تەوافوقەوە نیگەرانیە لەوەی كە هەندێك هاتوون تەنیا بە ربەی خۆیان پێوانەی تەوافوق دەكەن. سازانێكیان دەوێ تێیدا تەنیا قسەی خۆیان، ئیرادەی خۆیان، داوای خۆیانی تێدا بسەپێنن. ئەم نیگەرانییە دەنگدانەوەی دەنگی هەموو ئەو لایەن و پێكهاتانەی كوردستانە كە ناڕازین لە كردار و گوفتاری لەخۆباییبووان و لوتبەرزە بەخۆفشیینەكان.

شانازی مسعود بارزانی بەوەوە كە لەگەڵ مام جەلالدا هاوپەیمانن و پێكەوە كاروانێكیان دەست پێكردووە و ئەنجامەكانیشی بە ئیجابییەوە بەردەوامن و سەقامگیری و پێشكەوتنی زۆر گەورەی لە كوردستاندا بەدیهێناوە و بەرهەمەكەیشی ئەوەیە كە ئێستا هەرێمی كوردستان جێگەی سەرنجی هەموو جیهانە و وایكردووە كورد بەشداربوویەكی چالاك بێت لە گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكەدا، شانازییەكی راستەقینە و وەفادارییە بۆ مام جەلال و هاوخەباتی و هاوكاری چەند ساڵەی نێوانیان. شانازییە بەوەوە كە بەرپرسیارێتی و ئەركی مام جەلالیش كەوتۆتە ئەستۆی مسعود بارزانی و دەبێ بە ئاراستە و رادەیەك كار بكات تا ئەو كاتە كە بەڕێزیان بە سەلامەتی دەگەڕێتەوە ناومان ببینێ هەموو شتێك لەو پەڕی سەقامگیریدایە. شانازی پیاوێكی گەورەیە بە پیاوێكی گەورەوە. شانازییەكە تەنیا لە گەورەكان دەوەشێتەوە، تەنیا گەورەكان تێی دەگەن و دەینرخێنن و دەتوانن وەكوو ئەوە بكەنەوە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار