٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

گۆڕانكارییەكانی پەكەكە كاریگەرییەكی چۆنیان لە سەر قۆناغی چارەسەری دەبێت؟

سەرچاوە: KDP.info

راوێژكاری ئەردوغان، یاڵچین ئاقدوغان

دوای كۆنگرەی پەكەكە میدیا و روشنبیر و سیاسەتمەدارەكانی توركیا دەستیان بە گفتووگۆ كردنی كاریگەری ئەم گۆڕانكارییانە لە سەر قۆناغی چارەسەری، كاریگەرییەكانی لە سەر ئوجەلان و كاریگەرییەكانی گۆڕانكارییە هەرێمییەكان و بارودۆخی ناوخۆیی پەكەكە كردووە.

هەر هەمووی نووسەر و روشنبیر و سیاسەتمەدارەكانی توركیا لە سەر ئەم خاڵە هاوڕان كە ئەم گۆڕانكارییانە لە سەر داواكاری ئوجەلان ئەنجام دراون. ئوجەلان ناوی بەرێوەبەرانی نوێ پەكەكەی لە نێو یەك لیستەدا ئاراستەی كۆنگرە كردووە و كۆنگرەیش بە كۆی دەنگ ئەو لیستەیەی قەبووڵ كردووە. پەكەكە چۆن پشتگیری لە پەیامەكەی نەورۆزی ئەم ساڵی ئوجەلانی كرد هەر بەمجۆرەیش پشتگیری لە لیستەكەی ئوجەلان كرد و لە سەر داواكاری ئوجەلان دەستی بە گۆڕانكاری كرد و مانای ئەم هەڵوێستەی پەكەكە ئەمەیە كە هێشتا ئوجەلان سەرۆكی پەكەكەیە و دوایین بریار بریاری ئوجەلانە و پەكەكە بە بێ بریاری ئوجەلان ناتوانێت هەنگاو بنێت.

ئێمە هێشتا نازانن كە بەرپرسانی پەكەكە لە قەندیل وەكو تاكەكەس هەڵوێستیان لە بەرامبەر ئەم گۆڕانكارییانە چییە و چۆن سەیری ئەم گۆڕانكارییانە دەكەن بەڵام پێم وایە لە چەند مانگی داهاتوودا هەڵوێستی تاكەكەسی بەرپرسانی پەكەكە بۆمان روون دەبێتەوە.

لە لایەكی دیكەوە هێشتا كەس نازانێت كاریگەری و دەسەڵاتی ئوجەلان كە چەند ساڵە لە گرتووخانەدایە و لە پەكەكە دوورە، چۆنە كاریگەری و دەسەڵاتێكە و ئەو گۆڕانكارییانە كە لە سەر داواكاری ئوجەلان ئەنجام دراون لە لایەن ئەندامانی دیكەی پەكەكەیەوە چۆنە هەڵدەسەنگێندرن. ئەوەی كە تا ئێستە بۆمان ئاشكرا بووە ئەوەیە كە لە نێو پەكەكەدا هیچ كەس لە دژی دەسەڵاتی ئوجەلان نییە و هیچ كەسیش لە گۆڕانكارییەكان نارازی نییە.

باوەر ناكەم ئەم گۆڕانكارییانەی نێو پەكەكە هیچ جۆرە پەیوەندییەكیان بە بارودۆخی سیاسی توركیا و رووداوەكانی ئەم دوایەی توركیاوە هەبێت. ئەوانە كە پێیان وایە ئەم گۆڕانكارییانە پەیوەندییان بە بارودۆخی سیاسی توركیا و پێشهاتەكانی نێو توركیاوە هەیە، هەڵەن. چوونكە ماوەیەكی زۆر درێژە كە نامە و نووسراوی تایبەت لە نێوان قەندیل و ئیمراڵیدا هاتووچۆ دەكەن و بەر لە روودانی رووداوەكانی ئەم دوایەی توركیا ئوجەلان بە وەرگرتنی رەزامەندی قەندیل بریاری داوە كە دەست بە گۆڕانكاری بكات.

بیر كردنەوە لە سەر ئەوەی كە ئوجەلان دووبارە لە دژی ئەو بیروڕایە دەردەكەوێت كە دەڵێت با چەكەكان بێدەنگ بن و فكر و بیروڕاكان قسە بكەن، دەردەكەوێت و قۆناغەكە پەرتەواز دەكات، بیر كردنەوەیەكی هەڵەیە، چوونكە ئوجەلان بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە كە قۆناغەكە تێك بدات و دەست بە بەكارهێنانەوەی چەك بكرێت. بۆیە من نازانم لە داهاتوودا چی روو دەدا، بەڵام ئەوە دەزانم كە ئەم گۆڕانكارییانەی نێو پەكەكە كە بە فەرمانی ئوجەلان و لە سەر داواكاری ئوجەلان روویان داوە بە هیچ شێوەیەك كاریگەری نەرێنییان لە سەر قۆناغی چارەسەری نابێت بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەم گۆڕانكارییانە هەنگاوێكن بۆ باشتر بەرێوە بردنی قۆناغی چارەسەری. چوونكە بریاری بێدەنگ كردنی چەكەكان و كێشانەوەی ئەندامانی پەكەكە بۆ دەرەوەی سنوورەكانی توركیا بریارێكە كە بە شێوەیەكی هاوبەش لە نێوان ئەندامانی سەركردایەتی پەكەكەیەوە دەركراوە و بەر لە دەركردنیشی چەندین مانگ لە سەر ئەم بریارە گفتووگۆ كراوە.

پشتگیری كردن لە داواكارییەكانی ئوجەلان و پشتگیری كردنی پەكەكە لە قۆناغی چارەسەری، بریاری تاكەكەسی موراد قەرەیڵان نییە بەڵكو بریاری هاوبەشی دەستەی سەرۆكایەتی پەكەكەیە و هەر هەمووی پێكهاتەكانی پەكەكە هەڵوێستێكی ئەرێنییان نەواندووە، بۆیە ئەگەر سەمیمیەت و جدییەتی ئەم رووداوە هەڵبسەنگێندرێت، دەر دەكەوێت كە پەكەكە بە هەر هەمووی پێكهاتەكانی خۆیەوە هەم لە بەرامبەری قۆناغی چارەسەری و هەم لە بەرامبەر گۆڕانكارییەكان و داواكارییەكانی ئوجەلاندا سەمیمی و جدییە.

ئەوە راست نییە بڵێن بە هۆی گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی پەكەكەیەوە، كۆتایی بە پرۆسەی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە و بێدەنگ كردنی چەكەكان و قۆناغی چارەسەری دێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر پەكەكە بریاری بە بێدەنگ كردنی چەكەكان داوە یا ئەگەر بریاری بە كێشانەوەی هێزەكانی خۆی و پشتگیری كردن لە قۆناغی چارەسەری و داواكارییەكانی ئوجەلان داوە، ئەوا ئەم بریارە بریارێكی هاوبەشە و ئارمانج لەم بریارە هاوەبەشەیش زەمینە خۆش كردن بۆ بەرەو پێشەوە بردنی قۆناغی چارەسەرییە.

سەرچاوە: ستار

هەواڵی پەیوەندیدار