بەغداو كولتووری ئیمزاكردن و ڕێزنەگرتن لە ئیمزا دژی كورد

دڵشاد مستەفا وەسانی
وەك ئاشكرایە، ئیمزاكردن دواقۆناغی وتووێژو ڕێككەوتنی دوو لایەن یان زیاترە لەسەر مەسەلەیەك، كە باس لە ئیمزاكردن دەكرێت، دیارە چوونە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ڕێككەوتن هەڵبژێردراوە، مەرجیش نییە هەموو چوونە سەرمێزێك بۆ گفتوگۆ، لە ڕوانگەی ویست و مەیلی پشت كردن لە توندو تیژی و شەڕەوەبێت، زۆر جار شكست هێنان لە شەڕ، لایەنێك بەزۆر پەلكێشی سەرمێزو ئیمزاكردن دەكات. بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق، لەبەر ئەوەی دەسەڵات لە خەڵكەوە نەبووە، گفتوگۆو هاوپەیمانی و دۆستایەتی لەگەڵ وڵات و هێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان لە بەرژەوەندی خەڵك نەبووە، بەڵكو لە بەرژەوەندی دەسەڵات بووە، بۆیە پاشگەزبوونەوەش هەر لە پێناوی مانەوە لە دەسەڵات بووە، نەك لە پێناوی میللەت، واتە زۆر جار ئیمزاكردن وەك تاكتیك بەكارهێندراوە، ئەمەش هۆیەك بووە بۆ درێژەدان بە پاشاگەردانی و زیاتر ئاڵۆزبوون و ونكردنی ڕێگەی دەربازبوون لە قەیران.
دوای لكاندن بە عێراق
بەو پێیەی عێراق زادەی شەڕی یەكەمی جیهانەو، لەبەرژەوەندی براوەكانی ئەو شەڕە بەتایبەتیش بەریتانیا دروست بووە، بەزۆر پێكهاتەكانی تێدا كۆكراونەتەوەو، ئەو كۆمەڵگەیەی پێی گوترا عێراق، هەمیشە لە سەرەوەڕا كۆنتڕۆڵ كراوە، بۆیە بەغدا وەك ناوەندێكی دەسەڵات، حیسابی بۆ كۆمەڵگە نەكردووە، ئیدی لەبەر ئەوەی مەبەستی هەموو دەسەڵاتداران مانەوە بووە، خاڵێكی هاوبەشیان هەبووە، ئەویش ئیمزاو بڕیاردان لە پێناوی مانەوە لە دەسەڵاتداو پشت كردن لە پێكهاتەكان، بەتایبەتیش كورد. بەغدا وەك سەنتەری ئەو عێراقەی كوردستانی پێوە لكێندرا، نەیتوانی وەك عەرەب بەچاوی یەكسان سەیری كورد بكات، بەڵكو وەك هەڕەشە لەسەر دەوڵەت سەیری كردووە، بەغدا تەنیا لەو كاتەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بەهێز بووە، لەگەڵ كورد دانیشتووەو باسی ڕێككەوتنی كردووە، بەڵام هەوڵی داوە ئیمزای ئەو ڕێككەوتنە لەگەڵ كورد بە كاتی و وەك تاكتیك بهێڵێتەوە، تا هەلێكی پاشگەزبوونەوەی لەو ئیمزایە دەستكەوتووە، بە درێژایی مێژوو بەغدا لە پێناوی تێكشكاندنی كورد ئیمزای كردووەو لێی پەشیمان بۆتەوە، خۆ ئەگەر بە مێژووی ڕێككەوتنەكانی عێراقدا بچینەوە، ئەگەر دژایەتی كوردیان تیا نەبووبێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەك ئەو ڕێككەوتنانە لە قازانجیدا نەبووە.
ڕێككەوتنی عێراق-بەریتانیا لە ساڵی 1930 دا، یەكەم ئیمزای بەغدایە دوای لكاندنی كوردستان بە عێراقەوە، لە سەر ڕێككەوتنێك كە هیچ حیسابێك بۆ كورد ناكات، ئاخر كە لە ساڵی 1925 كوردستان بە عێراق لكێندرا، كورد ناوی لە ڕاسپاردەكانی كۆمەڵەی گەلاندا هاتبوو، لەبەر ڕۆشنایی ئەو لێژنەیەی ناردرابووە كوردستان، كۆمەڵەی گەلان بەو مەرجە كوردستانی بە عێراقەوە لكاند، كە دەوڵەتی عێراق زمانی كوردی و خەڵكی كورد وەك فەرمانبەر لە دامودەزگاكانی بەڕێوەبردندا لەبەرچاو بگیرێن، پاش ئەوەی لە ڕاسپاردەی كۆمەڵەی گەلاندا بەو شێوەیە ناوی كورد هات، لە ڕێككەوتنی ساڵی 1930ی نێوان عێراق و بەریتانیادا بە هیچ شێوەیەك ناوی نەهات، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی كوردو ڕۆژی 6 ی ئەیلوولی 1930 خۆپێشاندانێكی گەورە لەبەردەركی سەرای سلێمانی كراو خوێن ڕژا، دواتر ئەو ڕۆژە لە مێژووی كورد بە ڕۆژی شەشی ئەیلوولی ڕەش ناسرا، كورد لە یەكەم ڕێككەوتن كە بە ئیمزای بەغدا كرا وەدەنگ هات، بەغدا چەند ڕێككەوتنێكی دیكەشی كرد كە بەهۆیانەوە زیاتر گەمارۆی كوردی دەدا، وەك پەیمانی سەعد ئابادی 1937 و پەیمانی بەغدای 1955. ئەو پەیمانانە بەغدای گەیاندە لووتكەی غرورو لەخۆبایی بوون و، بەو هۆیەوە زیاتر پەنای بۆ توندوتیژی و ڕێگەی شەڕ بەرامبەر كورد برد، بۆیە دوای ڕووخانی كۆماری كوردستان لە مهاباد، دەوڵەتی ئێران و توركیاو عێراق بۆ لێدانی كورد لەسەر خەت بوون، بارزانیی نەمرو هەڤاڵەكانی تا لە ڕووباری ئاراس پەڕینەوەو گەیشتنە خاكی یەكێتی سۆڤیەت، شەڕی هەر سێ دەوڵەتیان كرد، شێخ ئەحمەدی بارزان و هەموو ئەو تێكۆشەرانەی دیكەش كە لەگەڵیدا گەڕانەوە عێراق، بۆ ماوەی 12 ساڵ خرانە بەندیخانەوە، هەروەها ئەو چوار ئەفسەرە كوردەی بەهۆی ئەوەی بەشداری كۆماری كوردستانیان كردبوو لەسێدارە دا.
سەردەمی دەسەڵاتی ناسیونالیستانی عەرەب
دوای 1958 وەرزێكی دیكەی ئیمزاكردن و پاشگەزبوونەوە لە ئیمزا دژی كورد دەستی پێكرد، دەستووری نوێ لە ماددەی سێیەمدا كوردو عەرەبی بە هاوبەش لە نیشتمان لە قەڵەمدا، بەڵام زۆری نەبرد بەغدا لێی پەشیمان بۆوە، دوای زاڵبوونی قەومییەكانی عەرەب بەسەر دەسەڵاتدا، زۆرترین ئیمزا دژی كورد كراو، بەغدا ڕێزی لە ئیمزاكانی خۆی لە ڕێككەوتن لەگەڵ كورد نەگرت، چونكە بە درێژایی شۆڕشی ئەیلوول، كورد هەمیشە ئامادەبووە بە ئاشتی و زمانی گفتوگۆ مافەكانی دەستكەوێت، بۆیە چەندین ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغدا كرد، بەڵام بەغدا دوای ئەوەی هەلی بەهێزبوونەوەی دەست دەكەوت پەشیمان دەبۆوەو ڕێزی لە ئیمزای خۆی نەدەگرت، بۆ نموونە ڕێككەوتنی 29 ی حوزەیرانی 1966 و ڕێككەوتننامەی 11 ی ئاداری 1970 ، بەغدا لە ڕێككەوتننامەی 11 ی ئادار پەشیمان بۆوەو ڕێككەوتنی 6 ی ئاداری 1975 ی لەگەڵ شای ئێران دژی شۆڕشی كورد ئیمزا كرد، بەغدا بەوپێیەی لەگەڵ گەورەترین شۆڕشی كورد لە گەورەترین ڕێككەوتن (كە ڕێككەوتنی 11 ی ئاداری 1970بوو) پەشیمان بۆوە، دوای 1975 هەوڵی دا شێوازێكی دیكەی وتووێژ بگرێتەبەر، كە لە هەمان كاتدا درزی گەورە بخاتە ناو ڕیزەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، ئەمجارە بۆ گفتوگۆ هەر جارە ڕووی لە حزبێك دەكرد.
لە عێراقی نوێشدا كولتوورێك هێشتا ئامادەیە
دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە 2003 دا، عێراق چووە قۆناغێكی نوێوە، بۆیە دەكرێ بەو عێراقەی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن بگوترێ عێراقی نوێ، چونكە نەمانی دكتاتۆرییەت دەرفەتێكی بۆ تەواوی هێزە سیاسییەكان هێنایە پێشەوە، كە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بكەن، كورد وەك هێزە هەرە كاراكە بەشداری ئەو قۆناغە تازەیەی كرد، چونكە ئەزموونێكی حوكمڕانیی بە هەموو كەموكوڕییەوە هەبوو، بۆیە وەك یاریكەرێكی كارا لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەركەوت، كورد لە داڕشتنەوەی دەوڵەت لە فۆڕمێكی نوێدا ڕۆڵی بینی، بەجۆرێك كە ئەم قۆناغەی دەوڵەتی عێراق لەسەر پرەنسیپی ڕێككەوتن بنیاتنرا، دەستووریش ڕەنگدانەوەی فرە پێكهاتەیی و ڕێككەوتن بوو، مافی لە نێو ئەو دەستوورەدا كۆكرایەوە، بەڵام بەدرێژایی حەوت ساڵی دوای نووسینەوەی دەستوور(2005) جارێكی دی جێبەجێ كردنی دەستوور لای بەغدا سەری هەڵدایەوە، ئەم پشت كردنە لە دەستوور بەغدای بەلای ئەوەدا بردەوە، جارێكی دی مەیلی خۆ سەپاندن و حوكمی تاكڕەوی چەكەرە بكاتەوە، ئەمەش لە هەڵسوكەوتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیران بەدی دەكرێت، ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە، كە مالیكی بە پێی ڕێككەوتنی هەولێر ئەو پۆستەی وەرگرتووە، واتە بە ڕێككەوتنی لایەنەكانی بەشدار لە ڕێككەوتنی هەولێر، كەواتە دەبوو ئەویش داخوازیی لایەنەكانی دیكە جێبەجێ بكات، كورد بەو ڕێككەوتنە كارنامەیەكی 19 خاڵی داوەتە حكوومەتی مالیكی و لەسەری بوو جێبەجێیان بكات بەڵام خۆی لێ دزییەوە، نەك هەر ئەوە، بەڵكو كار بەوە گەیشت جارێكی دی مەترسی دروست بوونەوەی دكتاتۆرو حوكمی تاكەكەسی سەرهەڵداتەوە، كە بەلای هەموو پێكهاتەكان، بەتایبەتیش كورد بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێت.
جێگەی نیگەرانییە كە لە قۆناغی دوای نەمانی دكتاتۆرییەت، جارێكی دی بەغدا ڕێز لە ئیمزا ناگرێت و، لە ڕێككەوتن لەگەڵ كورد خۆی دەدزێتەوە، ئەمەش ئاماژەیەكی دیارە كە هێشتا كولتووری خۆدزینەوە لە ڕێككەوتن لەگەڵ كورد، لە بەغدای بە حیساب پایتەختی وڵاتی فرە پێكهاتە ئامادەیە، ئەم ئاراستەیەی بەغدا بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ خواستی ئێستای عێراق تێكناكاتەوە، ئەگەر بڕیاربێت عێراق وڵاتێكی دیموكراتی و هی هەموو پێكهاتەكان بێت، پێویستە ڕێككەوتنی بەغدا لەگەڵ كورد، ڕێككەوتنی ڕاستەقینەبێت، نەك بۆ كات بەڕێكردن ئیمزا بكرێت و دواتر ڕێزی ئەو ئیمزایە نەگیرێت، ئەم شێوە مامەڵەكردنە، مامەڵەی وڵاتی پەراوێزكردنی پێكهاتەكان و دكتاتۆرییەتە، بۆیە ئەگەر كورد لە 1930 لەو ئیمزایەی بەغدا لەسەر ڕێككەوتن لەگەڵ بەریتانیا كردی وەدەنگ هاتبێ، هەرگیز ڕێی تێناچێت لەم قۆناغەدا، كە كورد وێڕای ئەوەی لە عێراقدا كاریگەریی هەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەكەشدا پێگەی خۆی هەیە، لەو هەوڵەی بەغدا بۆ ئیمزاكردن و ڕێز نەگرتن لە ئیمزا و پاشگەزبوونەوە لە ڕێككەوتن لەگەڵ كورد بێ دەنگی لێبكات، ئەگەر لە سەدەی ڕابردوودا كورد بێ دەنگی هەڵنەبژاردبێ، چۆن لەم سەدەیە كە سەردەمی گەلانە، بێ دەنگی لەبەرامبەر ئەو گرووپ و ناوەندانە هەڵدەبژێرێ، كە دەیانەوێ كۆسپ و تەگەرە بخەنە ڕێگەی گەیشتن بە مافە ڕەواكانی.




