فازڵ میرانی بۆكەناڵی پەیام: ئێمە شانازی بە مەرجەعییەتی خۆمان دەكەین كە مەرجەعییەتێكی دەستكرد نییە

فازڵ میرانی بۆكەناڵی پەیام:
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی لە دیمانەیەكی تایبەت بە كەناڵی پەیام تیشكی خستەسەر چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە بارودۆخی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دوای گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان، هاوكات تیشكی خستەسەر گۆڕانكارییەكانی ئەمڕۆی ناوچەكە بە تایبەتی دوای لەكار لادانی محەمەد مورسیی سەرۆكی میسر وكاردانەوەكانی .
تەماشاكردنی بارودۆخ وەكو خۆی
سكرتێری مەكتەبی سیاسی نیشانیدا بزووتنەوەی سیاسی لە ئەمڕۆی كوردستاندا لە حاڵەتێكی دەمارگیری دایە و بیركردنەوەی جیاواز دێنێتە ئاراوە، بەڵام هەموو لایەك لە یەك شتدا هاوبەشن كە خەڵكی ئەو وڵاتەن، لە گرفتی ئەزموون و میللەتەكەمان هەموولایەك هاوبەشن، بۆیە چارەسەری لەوەدایە چارەسەرییەك بۆ دەرچوون لەو قەیرانە بدۆزرێتەوە. ئاماژەی بەوەشدا سەرەڕای ئەوەی دەڤەرەكە لە بارودۆخێكی سەختدا دەژیت بە تایبەتی لە ئێران و توركیا و سووریا و لوبنان، بەڵام هەرێمی كوردستان لەو بارودۆخە خێرایەدا نییە و ئەو شتەی تیادا ڕوونادات و نابێ بارودۆخی كوردستان لە گەڵ بارودۆخی ئەم وڵاتانە بەراورد بكرێت و گوتی : ئێمە دەوڵەت نین و زۆرجار بەشێك لە حزبە سیاسییەكان بە دەسەڵات وئۆپۆزیسیۆن وا مامەڵەی لەگەڵ دەكەن وەكو وابێ دەوڵەت بین، بەڵام ئێمە دەوڵەت نین و ویستی خەڵكی ئێمە ویستی دەوڵەتییە. ئێمە كیانێكی موحكەممان نییە، بەڵكو بەشێكین لە دەوڵەت، بۆ نموونە ئەفغانستان وسۆماڵ ویەمەن و لوبنان تووشی كارەساتی زۆر بوون، بەڵام مانەوە . ئێمە دەبێ مەودای ئەم جیاوازییانە كورت بكەینەوە و بگەینە دیدێكی هاوبەش لەبارەی ئاسایشی ئەهلی ئێمە و وەستان لە دژی مەترسییەكانی ئەزموونەكەمان، كە زۆرجار لە لایەن كەسانێكەوە وا لێكدەدرێتەوە ئەو ئەزموونە تەنها پەیوەندیی بە دەسەڵاتەوە هەیە و ئەوان هیچ پەیوەندییەكیان پێوە نییە. لە كاتێكدا خراپكردنی ئەزموونەكە زەرەری بۆ هەموولایەك و بۆ میللەت بە پلە یەك هەیە.
| زۆرجار لە لایەن كەسانێكەوە وا لێكدەدرێتەوە ئەو ئەزموونە تەنها پەیوەندیی بە دەسەڵاتەوە هەیە و ئەوان هیچ پەیوەندییەكیان پێوە نییە. لە كاتێكدا خراپكردنی ئەزموونەكە زەرەری بۆ هەموولایەك و بۆ میللەت بە پلە یەك هەیە |
ئەرك و مافی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن
میرانی ئەوەی دووپاتكردەوە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان ئەرك ومافی خۆیان لە كۆمەڵگەدا هەیە و ئاماژەی بەوەشدا ڕوودا و پێشهات كاریگەریی بەسەر ئەوە دەبێت ئەرك یان ماف كام پێش كامیان بكەوێت، بۆیە نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان ئەرك وماف لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئەم كاریگەرییەی هەیە و گوتی : ئێمە ناكرێ شتەكان وەكو خۆی نەبینین هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بە تەنها لە هەموو شتێك بەرپرسیار بزانن، لە ڕووی جەوهەرەوە من ئۆپۆزیسیۆن وەكو یەك حیساب ناكەم، ئەگەر چی لە ڕووی ڕوخسارەوە وەك یەك بەدیار دەكەون، بۆ نموونە كە هەڕەشە لەسەر ئێمە هەبوو تەیاری ئیسلامی سیاسی دانی بەوەدا دەنا كە هەڕەشە هەیە، بەڵام برادەرانی گۆڕان گوتیان شتی وا نییە. ئێمە بە تایبەتی پارتی و خودی سەرۆك بارزانی بەوە تۆمەتبار دەكراین كە گرفت دەنێینەوە و ئەوان لەگەڵ بەغدا دادەنیشتن و كاتێك ئێمە بەشێكی ئەو دیوارە بەستەڵەكەی نێوان خۆمان و بەغدا تواندەوە ئەوان گوتیان ئەمە تەنها میواندارییەكی شكلی و عەشایەرییە . بێگومان تۆ ئەگەر لە زەحمەتییەك لە گەڵ مندا نەبێت چاوەڕوانی ئەوە مەبە زەحمەتییەكەم ئەگەر نەمێنێ یەكسەر بێمە لات و هەمان شتی خۆم بۆ خۆشت بمەوێ. باشیش بزانن ئێمە بۆ هیچ كەسێك نەڕووخاوین تەنها لە چوارچێوەی دیموكراسییەت و گفتوگۆی سیاسیدا نەبێت، تەنها سەندووقی دەنگدان خەڵك دەڕوخێنێت سەددام بە كیمیایی و ئەنفال نەیتوانی ئێمە بڕوخێنێت تەنها ڕێككەوتننامەی جەزایر ئێمەی ڕووخاند. بەڵام ئایا بوتڵگرتن لە سەرۆكی پەرلەمان وشكاندن وتێكدان و بردنە ژوورەوەی سەندەویچی فیكە ڕەفتارە؟ چاوەڕوانی ئەوە بووین ئۆپۆزیسیۆن شتی لە ئێمە باشتر پێشكەش بكات، ئەو پەرلەمانە ماڵێكە بە خوێنی شەهیدان هاتە دی، ئەگەر دەبە هاوێشتن شتێكی ئاسایی بێت ئەوا لەفەی فیكەش هەروایە؟ خۆ ئەوە خەڵك وادەڵێن و ناویان لە ئۆپۆزیسیۆن ناوە فڕاكسیۆنی فیكە .
| ئایا سەرۆكی هەرێم لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستان بە جیاوازیی پێكهاتەكانییەوە هەڵبژێردرێت باشترە یان 111 كەس لە نێوان چوار دیواردا ئەو پرۆسەیە بكرێت |
هەڵوێست لە میسڕ
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەدا دوای گۆڕانكارییەكانی میسڕ برادەرانی گۆڕان زوو خۆشحاڵیی خۆیان بەم گۆڕانكارییە نیشاندا و حزبە ئیسلامییەكان واتا كۆمەڵ ویەكگرتوو ئیدانەیان كرد، میرانی نیشانیدا محەمەد مورسی ڕەشنووسی دەستوورێكی دایە ڕیفڕاندۆم و ڕێژەیەكی قبووڵكردنی بەدەستهێنا خۆ دەسەڵاتیش وای گوتبوو، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن قبووڵی نەكرد بەواتای ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن داوای شت لە خەڵك دەكات كە خۆی جێبەجێی ناكات . هەروەها گوتی: ئێمە وەكو گۆڕان ناكەین ئەم گۆڕانكارییە بە شێوەیەكی خێرا پاڵپشتیی بكەین و نە وەكو ئێوەش ئیدانەی دەكەین، من لە دژی ئەوەم كە لە گەڵ مورسی كرا، چونكە بە هەڵبژاردن هات و كەس تانەی لە پرۆسەكە نەدا و ئەحمەد شەفیقی ركابەری لەلای خەڵك خۆشەویست نەبوو، ئەدای خراپ بوو دەبوایە چاكی بكاتەوە و لە زۆر شتیش بە قسەی كەسی نەكرد، بەڵام من ناتوانم بڵێم ئەمە كودەتای سەربازییە، چونكە دەزگای عەسكەری حوكمی نەكرد وناشتوانم بڵێم شەرعییەتیان لە دەستی كەسێك دەرهێنا ودەبوا بەشێوەیەكی دیموكراسی لابدرێت. بەدیدی منیش ئیخوانی موسلیمین كەمتەرخەم بوون لەوەی پاڵیان نا بۆ بە ئیخوانكردنی میسڕ.
| هەموومان بەرامبەر ئەو قەیرانەی لەگەڵ بەغدا هەبوو، یەك دەنگ بووین، جگە لە گۆڕان، كاتێك گەیشتینە چارەسەر گوتیان تەسلیمی بەغدا بوون |
درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
میرانی بە ڕاشكاوی دووپاتیكردەوە پرسی یاساییبوون یان نایاساییبوونی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی كوردستان پرسێكە بە فیقهی قانوونی باسی لێوە دەكرێت و هەر یەكەو بەدیدی خۆی لێكی دەداتەوە و شیی دەكاتەوە ویاسادانەرانی بێلایەن دووپاتیان دەكردەوە سەرۆك بارزانی بۆی هەیە جارێكی دیكە خۆی بپاڵێوێتەوە بەو واتایەی نەگوتراوە دووجار بە دەنگدانی ڕاستەوخۆ یان چ جۆرە هەڵبژاردنێك تەنانەت زۆرجاران یاسادانەران لە لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆنیش ناتوانن لەمبارەیەوە ئەو قسەیە بكەن و گوتی: هەموومان دەڵێین ئێمە لە قەیرانێكداین بە كاریگەریی دەورووبەر و بەشێكیشی بەخۆمانەوە پەیوەستە . ئێمە لەساڵی 2002 پرۆژەی دەستوورێكمان تەواوكرد كە 32 حزبی كوردستانی لە كۆیە دەنگی لەسەر دا و پەرلەمانیش پەسەندی كرد و پێكهاتە سیاسییەكانیش قسەی خۆیان لەسەری كرد. بێگومان هیچ دەستوورێكیش لە بەراییەوە ئایدیال نییە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنیش لەو دەنگدانە بەم دەستوورە بەشدار بوو كۆمەڵی ئیسلامیش شەرتی مانەوەی ماددەی شەشەمی دەستووری داناوە كە ئێمە وەكو پارتی لەگەڵ مانەوەی ئەو ماددەیەین، بەڵام تەسەور ناكەم قاعیدەی گۆڕان لەسەر ئەوە ڕازی بن و تەنها ئەوە مابوو بخرێتە دەنگدان، بەڵام نەكرا و ئۆپۆزیسیۆنیش لێی پەشیمان بوو و هەموو لایەك بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لێی بەرپرسیارن، من دووپاتیدەكەمەوە پێویستیمان بە دەستوور هەیە و پێویستیمان بەوە هەیە دەستەی نەزاهە و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن وچاودێریی داراییمان هەبێت ئەمانە تەواوكاری ئەزموونی فیدراڵییە، ئەگینا دەبێ تەنها بە دەستووری عێراقەوە پابەند بین جا باش بن یان نا، خۆ دەستووری عێراقیش ئیجازەی داوە هەرێمی كوردستان دەستووری خۆی هەبێت، بەڵێ دواكەوت و پرسیارمان لە ئۆپۆزیسیۆن كرد لەبەرچی پەشیمان بوونەوە و پەشیمانیتان یاساییە یان سیاسی گوتیان سیاسییە، كەواتە دونیای بەرژەوەندییە، چۆن ئۆپۆزیسیۆن پەشیمان بووەوە كەواتە دەسەڵاتیش لەوانەیە بە هەڵوێستی خۆیدا بچێتەوە، سەرەڕای هەموو ئەو شتانە ئێمە پێمان خۆشبوو دەستوور بدەینە ڕیفڕاندۆم و دواتر هەمواری بكەینەوە و بەمیساقێكی سیاسی بەڵێنی هەمواركردنی بدەین و سەرۆك بە دەستووری تازە هەڵبژێردرێتەوە، چونكە مەسەلەی سەرۆكی هەرێم بەدەستوورەوە پەیوەستە، یەكێك لەو دەستەواژانەی دروست نییە ئەوەیە كە وادەی پەرلەمان درێژكراوەتەوە. ئەمەش وانییە پەرلەمان وادەكەی تا 20/8 ـە و هەڵبژاردنیش وادەكەی 21/9یە لێرەدا دەبێ مانگێك پێشی هەڵبژاردن ومانگێك دوای هەڵبژاردن دەسەڵات و سەرۆكێكت هەبێ بۆ ئەوەی بۆشایی ئیداریت بۆ پەیدا نەبێت، لەبارەی سیستەمی هەرێمی كوردستانیش كە ئۆپۆزیسیۆن دەڵێ دەبێ سیستەمێكی پەرلەمانی بێت ئەگەر باش لە دەقی ڕەشنووسی دەستوور ورد ببنەوە دەڵێت : سیستەمی حوكم لە كوردستان سیستەمێكی دیموكراسی فیدراڵی پەرلەمانییە، ئێوە دەڵێن ئەگەر سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت ئەوە سیستەمەكە پەرلەمانییە ئەگەر لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت ئەوە سەرۆكایەتییە، ئەمەش وانییە، دەكرێ سیستەم پەرلەمانی بێت وسەرۆك لەلایەن میللەتەوە هەڵبژێردرێت بۆ نموونە فەڕەنسا، ئێوە زۆر باسی خەڵك وجەماوەر و هێنانی خەڵك بۆ سەرشەقام دەكەن و بەناویانەوە قسە دەكەن ودووپاتیشی دەكەمەوە ئێمە هیچ تەفویزێكمان لە میللەتی خۆمان وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی قسە بەناوییەوە بكەین تەنها بە شێوەیەكی ڕێژەیی نەبێت لەلایەن قاعیدەی خۆمانەوە بۆیە من دەڵێم پرسی ڕژاندنی خەڵك بۆ سەرشەقام لەوانەیە لە نێو خودی بەشێك لە قاعیدەی ئۆپۆزیسیۆنەوە ئەو شتە قبووڵ نەبێت، باشە با بپرسین : ئەگەر سەرۆكی هەرێم لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستان بە جیاوازیی پێكهاتەكانییەوە هەڵبژێردرێت باشترە یان 111 كەس لە نێوان چوار دیواردا ئەو پرۆسەیە بكرێت؟
| ئێمە شانازی بە مەرجەعییەتی خۆمان دەكەین كە مەرجەعییەتێكی دەستكرد نییە و ناوی گەوەری وەكو شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی ومەلا مستەفای بارزانی و كاك ئیدریس و كاك مسعود بارزانیی تیادایە |
حزبەكان یەكتر قووت نادەن
سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەوەی ڕەتكردەوە كە حزبە كوردستانییەكان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی هەوڵی سڕینەوەی یەكتر دەدەن ودووپاتیشیكردەوە یەكێتی حزبێكە خاوەن دامودەزگای خۆیەتی و لە دوای نەخۆشكەوتنی جەنابی مام جەلالەوە یەكێتی یەكبوونی خۆی زیاتر پاراستووە و پارتیش هاوكار و هاودەنگ بووە، پارتی و یەكێتی تا ئەو ئەزموونەی ئەمڕۆ بەدیهات بە قەد حزبێك شەهیدیان داوە و گوتی : ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ساڵی 1946ـەوە هەین شانازی بەوە دەكەین زۆربەی سەركردایەتییەكانی حزبە كوردستانییەكان بەشێوەیەكی لە شێوەكان بە قوتابخانەی پارتیدا تێپەڕیون، لە سەردەمانێكدا كە ئێمە و یەكێتی لەسەر گۆڕەپانەكە بووین خەڵكێك نەبووە و تازە دروست بووە، خەڵكێك هاوبەشمان بووە وخەڵكانێك پێیان شەرمە خۆیان بە هاوبەشی ئێمە بزانن. ڕاستە مافی خۆیانە، بەڵام باشە و پێویستە یەكتر قبووڵ بكەین، بەگشتی خەڵك دەزانن پارتی چی كردووە و حزبێك كە دوێنێ یان دە ساڵ لەمەوبەر دامەزرابێ چیی كردووە، هەموومان بە یەكەوە بەرگریمان لە سەوابیتی نەتەوەیی كردووە بەڵام پارتی زیاتری كردووە، هەموومان یەك دەنگ بووین بەرامبەر ئەو قەیرانەی لەگەڵ بەغدا جگە لە گۆڕان وكاتێك گەیشتینە چارەسەر گوتیان تەسلیمی بەغدا بوون. ئەمەش شتێكی سەیر نییە بەوەی قسەیەك دەكەن و لێی پەشیمان دەبنەوە، بەڵام ئێوە هەمووتان پاڵپشتیتان لە كاك مسعود كردووە بەتایبەتی لە پرسی جێگیركردنی سوپا لە ناوچە كوردییەكان و بوونی مام جەلال بە سەرۆكی كۆمار و زۆر شتیش، ئێمەش منەت لە سەر كەس ناكەین. ئەگەر پارتی و بارزانی حزب و كەسی بە هێز نەبن ئەو پاڵپشتییەیان لێناكرێت، من جارێكی دیكە دەڵێم ئێمە دەوڵەت نین، ئەگەر ئەو ئەزموونە نەما نە دەسەڵات ونە ئۆپۆزیسیۆن دەمێنێت جا كەس ئاگر لە ماڵی خۆی بەردەدات؟
ئەدەبیاتی پارتی بخوێننەوە
میرانی داوایكرد بە وردی ئەدەبیاتی پارتی بخوێندرێتەوە و بزاندرێت كە پارتی لەسەر بنەمای مەركەزییەتی دیموكراتی دامەزراوە و مەرجەعییەتەكەی لە هەموو حزبەكانی دیكە جیاوازترە مەرجەعییەتەكەش تەنها حزبی نییە، بەڵكو نەتەوەییشە كە تا دوێنێ بارزانی نەمر بوو دواتر كاك ئیدریس، ئەمرۆش كاك مسعودە وگوتی: كاك مسعود 70%ی دەنگەكانی لە هەڵبژاردن هێنا و هەمووشیان پارتی نین، تەنها ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت پرۆسەكە ساختەكاریی تیادا كراوە خۆ قسەكەش گەڕانەوەی هەیە بەوەی ئەگەر ئێمە ساختەكاریمان كردبێت ئێوەش كردووتانە، بەلای ئێوە خەڵك هەمووی غەشیمە ئێوە زانان، هەموویان گەندەڵن ئێوە خاوێنن، من جارێك بە برادەرانی گۆڕانم گوت كاكە من بەرگری لە خۆمان ناكەن، ئێوە زۆربەتان تا دوێنێ لەگەڵ سەركردایەتیی یەكێتی هاوبەش بوون و تادوێنی كەسی دووەم یان یەكەمی یەكێتی بوون و وەزیر و بەرپرسی زانیاری و وەبەرهێنانی یەكێتی بوون، كەواتە چۆن خاوێن بوون و یەكێتییەكان بوونە گەندەڵ و غەشیم و نەزان . ئێمە شانازی بە مەرجەعییەتی خۆمان دەكەین كە مەرجەعییەتێكی دەستكرد نییە و ناوی گەوەری وەكو شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی ومەلا مستەفای بارزانی وكاك ئیدریس و كاك مسعود بارزانیی تیادایە . ئێمە بە بێ سەرۆكی خۆمان هیچ ناكەین و ئەمەش نهێنی مانەوەی ئەم حزبەیە بە هەبوونی قەبارەیەكی فراوانی دیموكراسی. بۆیە پارتی بەرەو زیادبوون هەنگاوی ناوە و كەمی نەكردووە، ئێمە لە1975 بەو مەرجەعییەتە ماینەوە . لە ساڵی 1947 كاتێك بارزانیی نەمر چووە سۆڤییەت و 500 پێشمەرگەی لەگەڵدابوو كە زۆربەیان بارزانی بوون هەر ماینەوە، كاتێك لە 1975 شكستمان خوارد 500 هەزار پێشمەرگە لە خانەقینەوە تا زاخۆ بەرەو چارەنووسێكی نادیار لەگەڵ بارزانیی نەمر چوونە ئێران. ئەمەش بەڵگەی هێز و شكۆیی ئەم مەرجەعییەتەیە و بڕوایی خەڵكە پێی و مەرجەعییەتەكەش لەساڵی 1991 بە سەربەرزی گەڕایەوە. ئێمە نەتواینەوە و ناتوێینەوە، باش دەزانن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە قەد هەموو حزبەكانی عێراق كورسیمان هێنا، لەساڵی 1992 لە هەڵبژاردنی پەرلەمان تەنها ئێمە و یەكێتی لە كێبڕكێدابووین. ئێمە باوەڕیمان بە فرە حزبی هەیە و كۆمەڵگایەكی تێگەیشتوو و پێگەیشتوومان هەبێت چونكە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنێكی تێگەیشتوو و زانستیمان هەبێت دەسەڵاتەكە زانستانەتر دەكات و سیاسەتیش هیچ حزبێك قۆرخی نەكردووە و كۆمەڵگەی ئێمەش ئێستا وەكو جاران نییە و نەوەی ئێستا وەكو نەوەی جاران بیر ناكەنەوە نەخشەی كۆمەڵایەتیش وەكو ئایین نییە. منیش پێم باشە كاك مسعود مەسەلەی درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی ئەنجامبدات و بەڕێزیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ ئێمە و یەكێتی وحزبەكانی دیكەی كوردستان دانیشتووە و تەماشای بارودۆخی خەڵكیش دەكات و دڵنیا بن لەوەی سەرۆك بارزانی لەمبارەیەوە بە پەلە بڕیار نادات.
پەیوەندیی پارتی ویەكێتی
میرانی نەیشاردەوە گۆڕان هەوڵی زۆر دەدات قسە و باس لە بارەی هەبوونی ناكۆكی لە نێو یەكێتیدا بكات و قاعیدە و سەركردایەتیی یەكێتی ناكۆك بكەن و گوتی : لە كۆبوونەوەكەدا برادەرانی یەكێتی مەجالیان خواست و وچوون تەلەفۆنیان كرد دواتر سوپاسی جەنابی سەرۆكیان كرد، ئێمەش سوپاسیان دەكەین وگوتیان جەنابی مام جەلال لەسەر ئەم مەسەلەیە هاوكۆكە، لە ڕێككەوتنەكەش هەردوو جێگری سكرتێری گشتی لەسەر ڕازی بوون. من دیسان دەیڵێمەوە كەس ناتوانێ شت لەسەر جەنابی سەرۆك فەرز بكات و ئەمری پێبكات و بەرژەوەندی لەوەدایە قبووڵی ئەم پرۆژەیە بكات چونكە خواستی پارتی ویەكێتی و زۆر لە حزبەكانە و خواستی خەڵكێكی دیكەی سادەیە كە پێیان باشە ئەو شتە بكرێت و لەوە باشترە گرژییەك بكەوێتە نێوانمانەوە.




