چارەسەری و قۆناغ
ئوزجان یەنی چەری
ئاكەپە و دارو دەستەكەی ئاكەپە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن كە چاوپۆشی لە كار و چالاكییەكانی پەكەكە بە تایبەتی بەجێكردنی چەكدارەكانی پەكەكە لە شار و گوندەكان و دامەزراندنی تیمەكانی ئاسایشی پەكەكە لە ناوچەكە دەدەن. ئاكەپە پێ وایە كە گۆڕانكارییەكانی قەندیل و لا دانی موراد قەرەیڵان و هاتنی جەمیل بایەك گۆڕانكارییەكی ئیجابییە و ئارمانج لەم گۆڕانكارییانە بەهێزتر كردنی قۆناغی چارەسەرییە. روشنبیر و سیاسەتمەدارە لایەنگرەكانی ئاكەپە دەڵێن كە گۆڕانكارییەكانی قەندیل نەتەنیا بۆ بەهێزتر كردنی قۆناغی چارەسەری و لا بردنی ئاستەنگییەكانی بەردەم قۆناغی چارەسەرییە، بەڵكو هەنگاوێكە كە دەبێتە هۆكاری پەلە كردنی پەكەكە لە كێشانەوەی هێزەكانی خۆی لە نێو سنوورەكانی توركیادا و هەڵبژاردنی جەمیل بایەك بۆ پوستی سەرۆكایەتی كەجەكە دەبێتە زەمینە خۆشكەر بۆ ئەوەی كە هەر هەمووی پێكهاتە و پارت و لایەنە سیاسییەكان بە شێوەیەكی چالاك بەشداری لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بكەن.
جەمیل بایەكیش لە یەكەمین لێدوانی خۆیدا رایگەیاند كە مادام توركیا سەر لە نوێیەوە دادەمەزرێت و سیستمی سیاسی توركیا دەگۆرٍدرێت ئەو كاتە بۆ چی ئێمە گفتووگۆ لە سەر چۆنیەتی پەیڕەو كردنی سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیا نەكەین؟ سیستەمی پەرلەمانی لە توركیا تا ئێستە بە هیچ شێوەیەك نەیتوانیوە وەڵامدەرەوەی داواكارییە دیموكراتیكەكانی كۆمەڵگە و پێكهاتە جیاجیاكانی كۆمەڵگە ببێت، بۆیە پێویستە لە توركیا سیستەمێكی سیاسی پەیڕەو بكرێت كە بتوانێت وەڵامی داواكارییەكانی پێكهاتە جیاجیاكانی كۆمەڵگە بداتەوە.
بێگومان ئەم لێدوانەی جەمیل بایەك جۆرەیەك پشتگیری كردنە لە سیاسەت و ئارمانجەكانی ئاكەپە، چوونكە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشە پێدانیش بۆ ئەوەی كە سیستەمی سیاسی توركیا بگۆڕێت و سیستەمێكی نوێ بۆ پاراستنی بەرەژوەندییەكانی خۆی لە توركیا پەیڕەو بكات دەستی بە گۆڕانكاری جوراوجۆری كردووە و قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و سیستەمی سەرۆكایەتی توركیا بەشێكن لەم گۆڕانكارییانە و پەكەكە و ئوجەلانیش بەو پەڕی هێزی خۆیانەوە پشتگیری لە گۆڕینی سیستەمی سیاسی توركیا دەكەن.
حكوومەتەكەی پارتی داد و گەشە پێدان بۆ ئەوەی كە كۆمەڵگە هەست بە نزیك بوون و بەهێز بوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئاكەپە و پەكەكە نەكات، گرنگی بە گۆڕانكارییەكانی قەندیل نادات و كاناڵەكانی راگەیاندی خۆیانیان راسپاردووە و زۆر باسی ئەم گۆڕانكارییانە نەكەن و تەنیا باسی ئەوە بكەن كە گۆڕانكارییەكان بۆ ئەوان گرنگ نین چوونكە هەڵوێستی ئوجەلان بۆ ئەوان لە سەرەوەی هەر شتێكی دیكەیە. ئاكەپە متمانەیەكی زۆر باشی بە ئوجەلان هەیە و دەزانێت كە ئوجەلان پشتگیری لە قۆناغەكە دەكات بۆیە دەیەوێ لە نێو كۆمەڵگەدا دووبارە رۆلی ئوجەلان زیندوو بكاتەوە و لە رێگای ئوجەلانەوە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ قەندیل بەهێزتر بكات.
ئەمە لە كاتێكدایە كە رووداوەكانی ئەم دوایەی توركیا ئەوەیان سەلماندووە كە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و نزیك بوونەوەی پەكەكە و ئاكەپە لە یەكتر توركیا بەرەو چە ئاقارێكدا دەبەن.
بۆ نموونە هەفتەی رابردوو ئینسیاتیفی گەلی كورد داوای لە چین و پێكهاتە جیاجیاكانی كۆمەڵگە كرد كە دەست بە راپەرینی جەماوەری بكەن و تا ئەو كاتەی كە حكوومەتی توركیا بارودۆخی ئوجەلان باشتر نەكات و كێشە تەندروستییەكانی چارەسەر نەكات، دەبێت راپەرین درێژەی هەبێت و رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر بكرێت.
ئینسیاتیفی گەلی كورد داوای كردووە كە تا ئەو كاتەی تەجاوزكارەكان، داگیركەرەكان و پولیس و هێزە ئەمنییەكانی داگیركەرەكان لە سەر خاكی پیرۆزی كوردستان دەرنەكەون دەبێـت راپەرین درێژەی هەبێت، چوونكە ئەزموونی رابردوو و مێژوویش ئەوەیان سەلماندووە كە تا راپەرین نەبێت ئێمە ناتوانین بگەینە مافەكانی خۆمان بۆیە پێویستە راپەرین درێژەی هەبێت.
نموونەیەكی دیكە ئەوەیە كە رۆژی هەینی رابردوو پەرلەمانتاری بەدەپە نەزمی گۆڕ لە مەراسێمی پەرسەی یەكێك لە ئەندامانی پەكەكەدا كە لە لایەن گریلاكانی پەكەكەوە دەپارێزرا رایگەیاند كە كات كاتی یەك گرتنەوەی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستانە و گەلی كورد یەكیەتی خۆی بەهێزتر دەكات و بەمجۆرە دەبێتە رێبواری رێگای ئازادی و ئازادی خۆی بە دەستەوە دەهێنێت و ئەم قۆناغە دەبێتە هۆكاری گەیشتنی ئێمە بە ئازادی خۆمان لە كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ و دیموكراتیكدا، بۆیە دوای هەڵبژاردنە هەرێمییەكانی ساڵی 2014 ئێمە دەست بە پیرۆز كردنی جەژنی سەربەخۆیی خۆمان دەكەین.
پێم وایە كە هیچ پێویست ناكات كە من لە سەر ئەم لێدوانانەدا شرۆڤە بكەم، چوونكە زۆر روون و ئاشكران و زۆر بە جەسارەتەوە ئارمانجی كورد لە قۆناغی چارەسەری دەخاتە روو.
سەرچاوە: یەنی چاغ




