٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە نەخبی گوڵاندا..چایخانەی خانۆ

سەرچاوە: KDP.info

ئەسعەد عەدۆ

جیاوازیی نێوان ئێوە و خەڵكانی دیكە ئەوەیە، خەڵك بە شێوەی ئێوە دەڵێن مەفرەزە سەرەتاییەكان، كەچی ئێوە ئەو مەفرەزانەن كە لە ئەركەكانتان نەگەڕاونەتەوە! من دڵنیام ئێوە پیتە سەرەتاییەكانی نووسینەوەی مێژووی شۆڕشی گوڵان دەبن! ئێوە ئەو ئەڵقە بزربووەی نێوان مەزنیی ئەیلوول و گوڵانی تەواوكەرن. ئێوە مەردومی كەوكەبێكی ترن، بۆیە ئەوانەی ئێوە ناس دەكەن لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناكەن!!

پێویستە ئەو دەنگانەی بە خۆیان دەڵێن (مۆ..دێر..نیزم _ modirnizim) بە بیانووی كۆنبوونتان داوای وەلانانتان دەكەن. ئارەقەی شەرمەزاری بۆ ژیانی دژواریتان بڕێژن! ئێوەن بەردی بناغەی فەخفەخەی كوردانتان دامەزراند! ئێوە لە رۆژانی سەخت و بێكەسیماندا پەرژینی نامووسی كوردان بوون! ئێوە پینەی شەرواڵە دڕاواكەی كوردان بوون! ئێوە ئومێد، ئاوات، خۆزگە و هەتوانی كوردان بوون!

دوا بەدوای پیلانی ئاداری 1975 رژێم بۆ لێكترازانی كۆمەڵگەی كوردەواری هەوڵی دەدا شیرازەی هەموو شتە جوانەكانی ناوچەكەمان وردوخاش بكات! بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە پتەوەی پێكهاتەكانی نێو كۆمەڵگای كوردەواری بپچڕێنی. خەڵكانێكی دز و نزمنەفس و بەكرێگیراویان بەگژ برا فەلەكانی ناوچەی بادینان وەنابوو. تاكو لەوێوە دەست بخەنە نێو وردەكاریی گوند و خانەوادەكانی دانیشتووانی فەلە و ئیسلام ! ئەوە بوو پیلانی گڵاویان بە كوشتنی چەند فەلەیەكی بەرواری باڵا ئەنجام دا! تاكو خوێنی برا فەلەكان بكەوێتە ئەستۆی برا ئیسلامەكان!

لە شەوی 13/10/1977 مستەفا مزووری بەرپرسی عەسكەریی مەفرەزەیەكی سەركردایەتیی كاتی بۆ گەیاندنی پۆستێكی رێكخستن چەند هەڤاڵێكی حیزب دەنێرێتە گوندی (بێقولك) نزیك ئۆردی سەربازی (سۆتكێ) بۆ سپێدەی رۆژی دووەم بە سەلامەتی دەگەنەوە بنكەی خۆیان، لە دواییدا روون دەبێتەوە كە یەكێك لەو هەڤاڵانە پەنجەرەی چایخانەی خانۆی فەلە كە لەسەر شەقامی سەرەكی بووە دەشكێنن و چەند كیلۆ شەكروچا بۆ خۆیان دێنن!! بۆیە كاكی بەرپرس پێشمەرگەكان كۆ دەكاتەوە و بڕیار دەدا:

1- ئەگەر شەهیدیش بدەین دەبێ ئەو شەكروچایە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی.
2- مەفرەزە سەردانی گوندی خانۆی خاوەن چایخانە و سێ گوندی دەوروبەر بكات تاكو باسی مەسەلەی دزینی شەكروچا، ئینجا گەڕانەوەی كەلوپەلی دزراو بۆ شوێنی خۆی بۆ خەڵكەكان بكرێت، بەمەیان بۆ خەڵك و رژێم روون دەبێتەوە كە پێشمەرگە هەردەم لە خەمی میللەتی خۆیەتی و دەستی بۆ تۆڵەكردنەوە و سزادان درێژە! هەروەها بە پیاوانی رژێم بڵێ: ئەو قەسپەی ئێوە دەیخۆن ناوكەكەی وا لە گیرفانی پێشمەرگەدایە.

هەواڵی پەیوەندیدار