٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

گۆڕان،دژی ئاشتی كۆمەڵایەتییە!

سەرچاوە: KDP.info

رێبوار حەمەلاو شوانی

ئەگەر هەر حزب و لایەنێك باوەری بەدیموكراتی هەبێت، دەبێت لەو راستیە تێگەیشتبێت، كە لەناو سیستمی دیموكراتی بەدیل بۆ دیالۆگ نییە، واتە ئەگەر كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر نەكرێن بە شێوازی دیكەش چارەسەر ناكرێن، بۆیە ئەگەر حزبێك پێی وابێت لە كۆمەڵگەی دیموكراتی شێوازێكی باشتر لە دیالۆگ بوونی دەبێت، ئەوا ئەمڕۆش بیشارێتەوە سبەینی ئاشكرای دەكات خۆی دژی دیموكراتیە.

دوای ئەوەی گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی تەمموزی 2009 كرد و دواتریش ئەم لیستە بوو بە حزبی گۆڕان، بۆیە نەریتی سەیروسەمەرە و و نامۆی بۆ كۆمەڵگەی دیموكراتی داهێناوە، ئەویش كلتوری یەكتری رەتكردنەوە و یەكتری ناشرینكردن و مامەڵەكردنە لەگەڵ لایەنی بەرامبەر وەك دوژمن و ناحەز و بەرێزیكردن بە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بە دەستكەوتی خوێنی شەهیدان و رەنج وماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەكان وخەڵكی كوردستان هاتۆتە بەرهەم، بۆیە ئەگەر لەم راستەوە و لەدیدی حزبی گۆڕانەوە سەیری جیاوازی بكەین، ئەوا دەبێت راشكاوانە بەو جۆرە چەمكی جیاوازی پێناسە بكرێت، بەوەی جیاوازی بریتییە لەجیاوازی نێوان دۆست و دوژمن، ئەمە لەكاتێكدا چەمكی جیاوازی لە كۆمەڵگەی دیموكراتی بریتییە لە جیاوازی لەنێوان دۆستەكان، دیارە ئەگەر بە میتۆدی ئەدەبیاتی ئایدلۆژیەتی حزبی گۆڕان مامەڵە لەگەڵ جیاوازی كۆمەڵگە بكەین، ئەوا كۆمەڵگە دوو بەرەیە، ئەوەی ئەندامی حزبی گۆڕانە و هاوپەیمانە لەگەڵ گۆڕان دۆستە و ئەوەشی لەگەڵ ئەوان نەبێت دوژمنە، بۆیە كە كۆمەڵگە دابەشكرا لەسەر بنەمای دۆست و دوژمن، ئەوا لەنێوان دۆست و دوژمندا تەنیا سنور دروست نابێت، بەڵكو پەرژین یان دیواریش دروست دەبێت،، بە هۆی ئەوەی كە گۆرٍان پێگەی لە ناو جەماوەر نییە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و تەنیا كەمینەیەكە لەناو كۆی پرۆسەی سیاسی كوردستان، ئەوا ناتوانێت پەرژینی ئایدۆلۆژی گۆڕان بە چواردەوری هەرێمی كوردستاندا دروست بكات، نەوشیروان مستەفا داهێنانێكی دیكەشی لە سیاسەت داهێنا كە ئەویش پیادەكردنی تیۆری توندوتیژی بوو وەك زەڕورەتێك بۆ سیاسەتكردن و بەدیلێك بۆ دیالۆگ و لێكەترتێگەیشتن لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، بەدیوێكی دیكە واتە ئەو بۆچوونە خویستانەی گۆڕان وەك حزبێكی لۆكاڵی كەمینە دەیویست بەسەر كۆمەڵگە دا خۆی بیسەپێنێت و لە ژینگەی ئارام و دیموكراتی رەتدەكرانەوەو قبوڵ نەدەكرا، بۆیە بە پیادەكردنی تیۆری توندوتیژی هەوڵیدا ژینگەیەكی ناسەقامگیری ئەوتۆ دروست بكات، كە بۆچوونە رادیكاڵیەكانی خۆی بسەپێنێت. مێژووی سیاسی نەوشیروان مستەفا وەك كەسی یەكەمی بزوتنەوەی گۆڕان، بە یاسای تاكڕەوی سیاسی و بۆ تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی كاری كردووە. تەشهیر كردن بە خەڵكی كوردستان و شەقام بە پێی هەموو ئۆرفێكی كۆمەڵایەتی و یاساكانەوە كارێكی ناشیرین و قبوڵ نەكراوە و ئەگەر لە وڵاتێك كە سەقامگیری سیاسی هەبێت و مەترسی دەركی لە سەری نەبێت، ئەو جۆرە تەشهیر كردنان و مامەلە كردنە رووبەرووی یاسا دەبێتەوە. سوكایەتی كردنە بە دیموكراسیەت، شكاندنی شكۆی دامەزراوە یاسای و سیاسیە‌كانه، چونكە هەر تاكیكی كەسێكی كۆمەل بە بیری خۆی بەزەینی خۆی، بە خواستی خۆی، چی دەوێ و چۆنی پێ باشە، ئەو ویست و سەروەرییە لێك ئەداتەوەو بەكاری دێنێ لە بڕیاردان و دەنگداندا، كە كۆی ئەو پرۆسەیە ئارامی، ئاسودەیی، هاوسەنگی، بڕوا، متمانەو ئینتیما دەبەخشی و پەرەی پێ ئەدات لە رۆشنبیری گشتیدا، هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی ویستی سیاسی و حیزبانە ئەو حاڵەتە مرۆییە، ئەو هاوسەنگییە لە ناخو دەروونی كەسەكاندا كاول و خاپوور دەكات، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەو تێكدان و كاولكارییە بە ناوی گەل و بەرژەوەندی و دیموكراسیەتەوە دەكەن، لە هەرێمی كوردستاندا . بەدرێژایی ماوەی دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی كوردستاندا لەلایەن چاودێرانی سیاسی و میدیاكارانەوە بۆچوونی جیاواز لە سەر ئۆپۆزیسیۆنە شڕۆڤە كراوە، ئەوان پێیان وایە كە ئۆپوًزسیۆن ڕۆلێكی زۆر ڕەشبین و نێگەتیفانە پەیرەو دەكات، رۆلێكی روخێنەر دەبینێت و لە هەمانكاتدا خەڵكی بە ئاراستەی ڕق و تۆرەیی دەبات.

هەواڵی پەیوەندیدار