با ئەرمەنستان دابمەزرێت یەك كورد نامێنێت !
عایشە حۆر
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1897دا ئەندامانی كۆمیتەكانی تاشناق و هێنجاق نیوە شەو هێرشیان كردە سەر سەرۆكی هۆزی مارزق شەرەف ئاغا و پێیان وابوو ناوبراو بەرپرسی كۆمەڵكۆژیەكەی شاری وانە.
لە كۆنفرانسەكەی ئاشتی و دیموكراسی كە لە 29ی و 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە برووكەسدا ساز كرا، نوێنەرانی كەمەنەتەوەكانی وەكو ئاسوورییەكان، ئەرمەنییەكان، سووریانییەكان و ئیزدییەكانیش بەشدارییان كرد و راوبۆچوونی خۆیانیان سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری و بارودۆخی سیاسی پێشكەشی بەشداربووان كرد. لە سەر ناوی وەقفی دیموكراتیكی ئەرمەنییەكان هوڤسەپ حایرەنی رایگەیاند كە پێویستە رۆشنبیر و سیاسەتمەدارە كوردەكان ئەوە بزانن كە ئەم پرسە پرسێكی ئەتنیكییە و ئەو وەلایەت و پارێزگایانە كە پێشتر هی ئیمپراتوریەتی عوسمانییەكان بوون، ئەمرۆ سێ گوشەی نێوان ئەرمەنستان و باكووری كوردستانن بۆیە پێویستە لەم روویەوە زمانێكی یەكگرتوو بەكار بهێنرێت و رێز لەم خاڵانە بگیردرێت. من ئەم وتەی هوڤسەپ حایرەنیم بۆ ئەوە هێنایەوە كە ئەوانە ئەو كەسانە كە لە مەبەستی حایرەنی تێ ناگەن باش لە سەر ئەم گوتانە بیر بكەنەوە.
ئەرمەنییەكان لەو كاتەوە كە كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەكانەوە لە ویلایەت سیتەكاندا كە خاوەن پێكهاتەیەكی جوراوجۆری ئەتنیكی بوونە ژیان و ئەم ویلایەت سیتانە بریتی بوونە لە ئەرزرۆم، وان، دیاربەكر، سیواس و مامۆرەتولعەزیز، ئەم ویلایەتانە هاوكات زەیدی كوردەكانیش بوونە. لە زۆربەی هەرە زۆری ویلایەتەكانی ئیمپراتوریەتی عوسمانییەكاندا نفووسی ئەرمەنییەكان زۆر و بەرچاو بوو بەڵام بێجگە لە دەرسیم كورد تەنیا لە ئەستەنبۆڵ نفووسی زۆر بوو.
لە ساڵەكانی 1808 تا 1839دا كاتێك كە یاسای باجەكان لە لایەن دەوڵەت و سەربازەكانییەوە گۆڕانی بەسەردا هات دانیشتوانی ویلایەتەكانی رۆژهەڵاتی ئیمپراتوریەتی عوسمانییەكان دەستیان بە دەربرینی نارەزایەتی كرد، ئەرمنەكان كە دەوڵەمەند بوون هیچ كێشەیەكیان نەبوو بەڵام كورد و دەرەبەگە كوردەكان باجی خۆیان لەو خەراجە دەدا كە لە ئەرمەنەكان كۆیان دەكردەوە، بۆیە ئەرمەنەكان بەمجۆرە دەبوایا دوو جار باجیان دابا، یەك باجی ئیمپراتوریەت و دوو باجی دەرەبەگە كوردەكان. ئەم بارودۆخە بۆ ئەرمەنییەكان ببوو وەك كێشەیەكی زۆر گرنگ و سەرەكە و دواتر هەر لە سەر ئەم بارودۆخە مسیونەرێكی بەریتانی بە ناوی هەرمان مارنۆم سەردانی ناوچەكە و بە تایبەتی شارۆچكەی كێغی كردووە و سەبارەت بە بارودۆخی ئەرمنییەكان راپۆرتێكی ئامادە كردووە و نووسیویەتی: كورد ئەو ناوچانەی بە گشتی داگیر كردووە و هەر جۆرە زڵمێك لە مەسیحی و ئەرمەنییەكان دەكەن و دەسەڵاتی ناوەندی بە هۆی دوور بوونی دەرەبەگە كوردەكانەوە ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی لە سەر دەرەبەگەكان بسەپێنێت بۆیە دەرەبەگە كوردەكان بە دڵی خۆیان هەڵسووكەوت دەكەن.
ساڵێك دوای بە دەسەڵات گەیشتنی عەبدولحەمید كێشەكان گەورەتر بون و شەری 1877 و 1878ی نێوان توركیا و رووسیا بوو بە هۆكاری ئاڵۆزتر بوونی پەیوەندییەكانی نێوان كورد و ئەرمەنییەكان و كوردستانیش ببوو وەكو گۆڕەپانی شەڕ و شەڕیش ببوو هۆكاری قەیرانی ئابووری، برسیتی، سەفالەت و چەندین كیشەی دیكە.
بە هۆی ئەم كێشانەوە شێخ عوبەیدوڵڵا شەمزینانلی دەستی بە راپەرین كرد و یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی راپەرینی شێخ عوبەیدوڵڵا ئەوە بوو كە دەنگوویەك بڵاو كرابوویەوە كە گوایا لە ناوچەكە دەوڵەتێكی ئەرمەنی دادەمەزرێـت. بێگۆمان مۆر كردنی پەیمانی نێوان رووسیا و توركیا دوای شەڕی 93 ببوو هۆكاری ئەوەی كە كورد لە دابەش كردن یا خۆ داگیر كردنی زەیدی خۆی بترسێت و دەست بە راپەرین بكات. بە پێ ئەم پەیمانە دەبوایا بە پەلە دەست بە پاراستنی ئەرمەنەكان لە بەرامبەر كورد و ئەو هێرشانە كە لە لایەن كوردەكانەوە دەكرانە سەریان بپارێزرن. بۆیە كوردەكان پێان وابوو كە دەیانەوێ دەوڵەتێكی ئەرمەنی لە ناوچەكە دابمەزرێنن و لەم بارەیەوە شاعێری ناوداری كورد حاجی قادری كویی ئاماژەی بەوە كردووە كە دەیانەوێ جزیرە و بوتان وڵاتی كوردەكان بكەنە ئەرمەنستان، سەد جار حەیف، سەد جار سوند بە قۆرئان بیت كە هیچ غیرەت و شەرەف نەماوە، با دابمەزرێت ئەرمەنستان، یەك كورد نامێنێت.
هەر بە هۆی ئەم رووداوانەوە شێخ عوبەیدوڵڵا بە یەكێك لە بەرپرسانی ئیمپراتوریەتی عوسمانی گوتووە: ئەم شتانە كە بیستوومن چینە؟ ئەرمەنییەكان لە وان دەوڵەتی سەربەخۆ دادامەزرێنن و نەستۆرییەكانیش دەكەونە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەكانەوە و ئاڵای بەریتانیا بەرز دەكەنەوە. ئەگەر بێتۆ ژنەكانیشم چەكدار كردبێت ئەوا بە هیچ شێوەیەك دەرفەت نادەم شتێكی بەمجۆرە روو بدات.
سەرچاوە. تەرەف




