٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ناتوانم له‌ ئاستیا بێده‌نگ بم و ئەمەیان بە مەسەلەی خۆم دەزانم

سەرچاوە: KDP.info

فەلەكەدین كاكەیی *

(1)
كە خەڵكی هەڵەبجەی شەهید و كەرت و كۆمەڵەی كورستان، داوایان لەو خانمە پەرلەمانتارەی (فراكسیۆنی گۆڕان) كرد، تا لە وتەكەی پەشیمان ببێتەوه ‌و لە خەڵكی كوردستان داوای لێبوردن بكات، چاوەڕوانی هەڵوێستی پەشیمانی ئەو بووین، لەوەی كە لە هۆڵی پیرۆزی پەرلەمانی خەڵكی كوردستان فریادی كێشا، گوایە "سەدام ... لە ئێوە بەشەرەفتره"‌ (یا باشترە)، كە هەردوو واژەكە، یەك مانا دەدەن لەبارەی سووكایەتی بە هەموو پیرۆزمەندییەكانمان.

لام سەیرە كە سەرۆكایەتی پەرلەمان ساردوسڕ مایەوە دەربارەی ئەو سووكایەتییە به ‌شەرافەت و كەرامەت و پیرۆزمەندترین هەستی نەتەوەیی نیشتمانیمان. لام سەیرتریش ئەوەیە كە هەردوو فراكسیۆنی پەرلەمان و حزبەكانیان بەبێ وەڵامدانەوەی یاسایی و سیاسی و فەرهەنگی‌، بێدەنگ ماون! چەند تەعبیرێكی ناڕەزایی كافی نین! لەبەرئەوەی ئەو تەعبیرە، كە ( سەدام حوسین) لە هەموومان باشترە یان شەریفترە، یەكەم بە سووكایەتی بە نەتەوه ‌و نیشتمان و بە خۆمیش دەزانم، رایدەگەیەنم ئەوە بە هەموو پێوەرێك، بە مەسەلەی خۆمی دەزانم.
خۆ دەیان هەزار خەباتگێڕی زیندوو، شەهید و پەككەوتە، بە ئەندامانی پەرلەمان و وەزیر و بەرپرسەكانی دیكەوە، بەتایبەتی وەزارەتی داد و دادوەری گشتی بەرێز، هەموومان، ئا ئەو سووكایەتییە دەمانگرێتەوە، كە بەر لە هەموو شت، سووكایەتی و پێشێلكردنی بەها و هێما پیرۆزەكانی خەباتمانە بۆ ئازادی و سەربەستی و رزگاری.
(2)
بەكورتی و راستەوخۆ دەچمە سەر ئەسڵی مەبەستم، كە هەم یاسا، هەم دابونەریتی نیشتمانی و بەها كۆمەڵایەتییەكانی رێگەی رزگاری، ئەو رێگەیەم پێدەدەن، پڕ بە دەنگ بڵێم: بەسە! ... بەسە، برینداركردنی ناسكترین هەستی نیشتمانی خەڵكی كوردستان و شەهیدانیان. خۆ ئەو پەرلەمانەی ئەو خانمە پەرلەمانتارە ئاوا، بێپەروا، ناهەق و ناڕەوا، سەدام حوسین لە هەموومان باشتر و شەریفتر بزانێ، تەنیا پەرلەمانی فراكسیۆنی ئەو خانمە نییە؟ بەڵكو لەناو حیزبەكەی خۆیشیدا هەقی نییە، نابێ رێگەی پێبدرێ، ئەو سووكایەتیە دەرهەقی شەرافەت و كەرامەتی نەتەوه ‌و نیشتمان، بە زمان بهێنێ؟ ئەمە چ پەروەردەیەكی سیاسییە؟! چ تێگەیشتنێكی نەتەوەییە؟ چ فەرهەنگێكە؟! جارێ با بزانین ئەوە كام "شەرەف"ە كە خانمی پەرلەمانتار لێی دەدوێ؟! ئایا دەزانێ كە دەزگای پەرلەمان و هۆڵەكەی، بەرزترین نیشانەی شەرەفی نەتەوەییمانن؟ ئایا دەزانێ كە لە هیچ وڵاتێكی دونیادا رێگە نادرێت بەم جۆرە جەسارەتە؟! خۆ ئەگەر هەڵەیەك هەیە، یا بڕیارێك بە نابەدڵی ئەو و فراكسیۆنەكەی وەرگیرابێ ( كە نەریتی پەڕلەمانییە) ئەوە دەیان شێوەی دیكەی رەخنە و بێزاری دەربڕین هەن، نەك زماندرێژی بەسەر كەرامەتی هەمووماندا بكات.

ئەزیش لە یەكەم خولی پەرلەمان ساڵی 1992 تا 2005 ئەندامی ئەو پەرلەمانە بوومه ‌و ئێستاش ئەندامی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستانم، هەر بۆیەش لە هەموو سەرێكەوە هەقمە (بەڵكو ئەركیشمە) كە ئەوە بە مەسەلەی یاسایی و ویژدانی سیاسیی خۆم بزانم.
(3)
هاووڵاتیانی خۆشەویست! ئێوە لە كێ داوا دەكەن تا "لێبوردن بخوازێ"؟ ئایا ئەسڵەن هەقی ئەوەمان هەیە لێبوردنی لێ قبووڵ بكەین، بەتایبەتی كە چەندین جار دووبارەی كردەوە: "داوای لێبوردن ناكەم و لەو قسەیە پەشیمان نابمەوه"‌؟!

خۆ ئەگەر سەدام حوسێن داوای لێبوردنی بكردبا، ئایا كەس هەقی هەبوو لێی وەربگرێت؟ ئەو تاوانبار بوو بە ئەنجامدانی كردەوەی كۆمەڵكوژی و جینۆساید و كیمیابارانی هەڵەبجە و گشت خەڵكی كوردستان و كۆمەڵكوژیی هاووڵاتییانی عەرەبی شیعە لە باشووری عێراق و هاووڵاتییانی سوننەی دوجەیل و دەیان كردەوەی ناشایسته،‌ كە به ‌مانای وشە، سووكایەتیكردن و پێشێلكردنی كەرامەت و شەرافەت و پیرۆزمەندییەكان و ئاوات و ئامانجی مرۆڤانە و كۆمەڵایەتی و سیاسیی گشت خەڵكی وڵاتی عێراقە!

جا كامه ‌له ‌كارەكانی سەدام حوسێن و رژێمەكەی (باش) یان (شەرافەتمەندی) تا ئەمڕۆ، خانمی بەرێز لە ئێمەی قوربانییانی دەستی ستەمكاریی ئەو، باشتر و شەریفتر بێت؟

ئایا سەدام، وەك خاوەنی دەسەڵاتی یەكەم و رەهای عێراق، رەچاوی چ بەها و مافێكی شەرافەتمەندانەی كردووە؟ ئایا له ‌باری كۆمەڵایەتییەوە ( شەرەفمەند) بووە؟ یا لەڕووی سیاسییەوە؟ یا له ‌لایەنی كولتوورییەوە؟ یا لە رێزگرتنی لە مافە رەواكانی كورد و توركمان و شیعە؟ كامە لە كردەوەكانی (شەرەفمەندایە)!

حەیف! و سەد مخابن بۆ جۆرە ئەو تێگەیشتنە هەر چەواشەكراوە لە مەسەلەی كۆمەڵایەتی و مرۆڤانە و مافی هاووڵاتییان!

خانمی بەرێز! پێم ناڵێی ئایا سەدام حوسێن و حیزبەكەی، لە قوربانییانی بێتاوانی باشتر و شەریفتر بووە؟ ئایا لەو مناڵە كۆرپە بێتاوانانەی كوردستان باشتر بووە، كە بە پەرۆكی دایكیانەوە لەلایەن جەلادەكانیانەوە، گوللەباران كراون و خۆی كەسوكار و دایك و باوكیان بۆ گۆڕی بەكۆمەڵ پەلكێش كراون؟ ئایا ئەو لەو پیرەمێرد و گەنجانە "شەریفتر" بوو كە ئێستاش تەرمە پیرۆزەكانیان لەژێر لمی سەحراكانی باشوور بێناز نووستوون؟ ئایا له ‌شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالەكانی گەرمیانە و هەولێر و كەركوك و سلێمانی و دهوك "باشتر" بووە؟

نازانم، خانمی پەرلەمانتار، تۆ سەرافەت و كەرامەتی مرۆڤ بە چ پێوەرێك دەپێوی؟ یا لەلات وەهایە كە دڕندەترین دەسەڵاتداری خوێنڕێژ و بكوژی سەدان هەزار كوردی بێتاوان "شەرەفترین". ئینسان؟! ئەمە چ تێگەیشتنێكە لە مرۆڤ دۆستی و رێزنانە لە ماف و كەرامەتی مرۆڤ، جا لە هەر زمانە و ئایین و حیزب و باوەڕ و پلەی كۆمەڵایەتی بن؟

ئا ئەوەیە منی هێناوەتە زمان و بە دەنگی بەرز داوای سزای پەرلەمانتارێكی ئاوەها بكەم، كە نازانم ئایا لە نەزانی و نەفامییەوە ئەو قسەیەی گوتووە یا لە روانگەی فەلسەفەی سیاسی خۆیەوە دواوە؟!
بەڵێ ! هەموو رێگایەكی یاسایی و دەستووری و مانی ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی كەرامەت و شەرافەتی خەڵكی كوردستان ماوەی ئەوەمان پێدەدات تا داوا بكەین:

1- ئەو خانمە پەرلەمانتارە بە قورسترین سزای قانونی بگات، یەكەم لە لایەنی حیزبەكەیەوە كە قەت و قەت بۆی نیە ئەو ئەندامەی سووك و سانا ئازاد بهێڵێ و تاوانەكەی دابپۆشێت.
چەند رۆژ چاوەڕوانم بەڵكو فراكسیۆن و حیزبەكەی، بەر لە هەر كەس و لایەنێك، سزای ئەندامەكەیان بدەن و لە فراكسیۆن و پەرلەمان دەریبكەن .

2- ئەی داواكاری‌ گشتی و وەزارەتی داد لە كوێیە؟! ئەی ئێوە كارتان چیە ئەگەر كەرامەت و شەرافەتی حكومەت و پەرلەمان‌ و نەتەوەكەتان نەپارێزن؟

چ یاسای پەرلەمان یا چەندین یاسای دیكە ئەو مافە دەدات كە پێشێلكارێكی ئاوەها بخاتە بەر دادگای ئاشكرا و سزای رەوای بەسەردا بسەپێنێ ... دەبا لەپێش دادگا و پێش چاوی خەڵك هەر هاوار بكات كە "پەشیمان نییە و سوورە لەسەر قسەكەی!" با یاسا وەڵامی بداتەوە.

3- ئەدی پەرلەمان؟ خۆ سەرۆكایەتی و ئەندامانی پەرلەمان دەزانن كە هیچ ئەندامێكی پەرلەمان "حەسانە"ی رەهای نییە، بەڵكو ئەگەر ئەندامێكی جینایەتێكی كرد، پەرلەمان بۆی هەیە یەكسەر حەسانەی لێبسەنێتەوە و بیدات بە دەستی دادگاوە.

4- ئەی حیزب و كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگای رۆشنبیری و ئەكادیمییەكان، بۆچی بێدەنگن لەئاستی سووكایەتی وەهادا بە كەرامەت و شەرافەتی هەموویان.

ئەمەی ئەو خانمە دركاندوویەتی، نە ئازادیی رادەربڕینە نە مافی پەرلەمانییە. دەیان ساڵە تێدەكوشین بۆ ئازادی و سەربەستی هاووڵاتییانمان، نەك بۆ سوودوەرگرتنی ناڕەوا لە دەرفەتی ئازادی بۆ سووكایەتی بە تێكوشان‌ و رابردوو و داهاتوومان!
ئەمەیان قەت ناچێتەوە چوارچێوەی مافی پەرلەمانییەوه،‌ بەڵكو لە هەموو روویەكەوە پێشێلكاریی مافی هاووڵاتییانیشە!

ساڵانیكە چەند كەسێك (لەهەمانە سەرچاوەوە) هانی چەند نووسەری نەفام وگەمژە دەدەن تا بەناو رەخنە و ئازادی دەڕبرینەوە گشت بەها نیشتمانی و دیموكراتییەكان و پیرۆزمەندییە كولتووری و ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان پێشێل بكەن، ئەنجامەكەشی ئەو كولتوورەی لێدەرچوو، كە ئەمڕۆ لە هۆڵی پەرلەمان بە زمانی ئەو پەرلەمانتەرەوە تەعبیری لێدەكرێت !
(5)
لە كۆتاییدا دەڵێم كە دەبێ :
1- ئەم پەرلەمانتارە لە پەرلەمان دەربكرێت و هەتا هەتایە مافی خۆهەڵبژاردنی پەرلەمانی نەبێت.
2- هەتا هەتایە مافی چالاكیی سیاسیی گشتی نەبێت، لە هیچ بوارێكدا .

3- رەخنەی تووند لە فراكسیۆن و حیزبەكەی بگیرێت، چونكە دەبووایە هەر خۆیان پەلەیان كردبا لە سزدانی و دووركرانی لە لیستەكەیان .

4- ئەمەیان بۆ بڕیاری دادگا دەمێنێتەوە كە ئەگەر لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییدا سزای زیندانیش بۆ ئەم پەرلەمانتارە دەربكات .
بابەتێكی هەرە گرنگ ماوەتەوە‌، ئەویش هەڵوێستی قانوونی و سیاسی لە كەسانێكی وەك سەدام و رەفیقانیەتی كە تا ئێستا بەر سزا كەوتوون.

براینە: لە عێراق بڕیارێكی دەستووری وەها هەیە كە كەس لەم وڵاتەدا بۆی نییە باسێ سەدام بكات یا دیفاعی لێبكات ، چونكە بەرزترین دادگای تاوانی عیراق (كە خەسڵەت‌و سیمای نیودەوڵەتی پێوە هەیە) سەدام حوسێنی خەتابار كردووە، بە تاوانباری جەنگ ‌و تاوانی جینۆساید - بەپێی قانوون - ناوی نراوە، سزای عادیلانەی وەرگرتووه ‌‌و جێبەجێكراوە. ئیتر بۆ هیچ كەس، تەنانەت حیزبەكه ‌‌و لایەنگرانی نییە بە "باش"‌ و "شەریف" و "بێتاوان" ناوی ببەن. هەرچەندە لەبەر باردۆخی ئاڵۆزی عێراق هەندێك لە یارانی نزیكی سەدام (و بەشداربووی تاوانەكانی) بە پەرلەمان ‌و حكومەتی فیدراڵی گەیشتوون... بەڵكو هەندێكیان بە پەرلەمانی كوردستان ‌و حكومەتی هەرێمیش گەیشتن، كە مایەی شەرمەزاریمانە.

ئەو جۆرە تاوانبارانە، هەتا هەتایە، دەبێ بە تاوانبار لەقەڵەم بدرێن ‌و كەس هەقی نییە ئیعتیباریان بۆ بگەڕێنێتەوە!

ئەوە چارەنووسی ئەدۆڵف هیتلەری رێبەری نازیستی ئەڵمانیا و مۆسۆلینی فاشستی ئیتاڵیایە، كە دوای جەنگی دووی جیهانی، ساڵانی 1940-1945 بە بڕیاری دادگاكانی نێودەوڵەتی بە تاوانباری جەنگ ‌و كۆمەڵكوژی و جینۆساید تاوانباركراون. ئێستاش لە ئەڵمانیا كەس بۆی نییە بە هیچ تەعبیرێك (هیتلەر) بە باش "شەریف" ناو ببات. بەڵكو ئەسڵەن ناوی هەر رەمز ‌و هێمایەكە بۆئەوەی بەپێی قانوون قەدەغەیە.

دەزانم كە بەر لە ساڵێك وەرزشوانێك لە پێشبركێی تیپەكانی رووس ‌و ئەڵمانیا، لەبەر سەركەوتنی، بەشێوەی هیتلەر (واتە هیتلەریانە) سڵاوی لە بینەران كرد. ئەوە بوو یەكێتی نێودەوڵەتی یارییەكان بڕیاریدا، یەكەم: ئەو یاریزانە لە یاریكردن قەدەغە بكرێت، ئیتر هەتا هەتایە مافی ئەو یارییەی نەبێت!

هەمووی بەر لە سێ هەفتە داواكراوێكی ئەڵمانی لە وڵاتی چیك كەوتە بەردەستی پۆلیس ‌و یەكسەر بۆ دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكانی جەنگی دووەمی جیهانی راپێچكرا.

ئەو كابرایە كۆنە سەربازێكی ئەڵمانی زەمانی هیتلەر بوو، ساڵی 1945 تاوانبار كرابوو بەوەی بەشدار بووە لە ناردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی جو (یەهوودی) بۆ كوشتارگە بەشەرییەكانی رژێمی هیتلەر، كە هەموو بە كۆمەڵ كوژراون، بە مناڵ و ژن‌ و پیر و پەككەوتەوە. هەندێكیان خستە ژێر ئەزمونی كوشندەوە. هەندێكیان سەربڕی ‌و پیو ‌و چەوری جەستەیان بۆ درووستكردنی سابوون بەكارهێنا. هەندێكیش لەسێدارەدران، یا بۆ بەرەی جەنگ نێردران، بەشێوەیەك بە دیفاع بكوژرێن.

ئەم سەربازە تاوانبارە ئەڵمانییە لە ساڵی 1945ەوە هەڵاتووە‌ و لە وڵاتانی ئەمریكای لاتین، لەژێر ناوی جیادا ژیاوە، تا لەدوایی تەمەنی گەڕاوەتەوە ئەوروپا‌ و چووە لە شارەكانی چیك خۆی شاردووەتەوە، لە كاتێكدا پیر و پەككەوتەیه ‌‌و له ‌سەرە مەرگدایە.
وەلێ هەر كە كەوتە دەستی پۆلیس، یەكسەر رادەستی پۆلیسی نێودەوڵەتی كرا و رەوانەی دادگا كرا!

واتە: دوای 68 ساڵیش ئەو سەربازە نەیتوانی خۆی لە سزای تاوانی جەنگ قوتار بكات.

ئێستاش هەر داواكارییەكی وەها بە دەستی ئەنتەرپۆل بكەوێت، یەكسەر دەیدەنە دادگا. چونكە تاوانی كۆمەڵكوژی ‌و جەنگ هەر دەمێنی. كۆن نابێ. دوای سەدان ساڵیش بەشوێنیدا دەگەرێن.

خۆ سەدام حوسێن‌و رەفیقەكانی هەر لەو بابەتەن، كە سزای تاوانی چەپەڵی جینۆساید ‌و كۆمەڵكوژی هەر بە مێژویانەوە دەمێنێ. دوای سەدان ساڵیش دەبێ بە تاوانكار بزانرێت، نەك "باشتر ‌و شەریفتر"! لە قوربانییە بێتاوانەكانی، كە هەموویان دەگرێتەوە. جا ئەگەر پیاوێكی ئەوها باش و شەریف ببا بۆچی دەیان ساڵ، بە هەموو جۆرێ، رووبەڕووی بووینەوە تا رژێمەكەی بكەوێ ‌و خۆی بكەوێتە دەستی دادگای عەدالەت و هەموو ئەو سزایە رەوایە بدرێت.

ئێستاش ماویەتی و تاوانبارانی جینۆساید ‌و جەنگی كوردستان ‌و عیراق، تەنیا سەدام حوسێن و ئەو كەسانە نیە كە بە سزا گەیشتوون. بەڵكو سەدان كەس لە عەرەب و كورد و توركمان و خەڵكی دی ماون، كە شەریكی تاوانەكانن و بە بەرچاومانەوە ئازادانە دێن و دەچن. هەندێكیان ناونووس كراون. تا سەد ساڵی دیكەش، هەر وەختێ یەكێك لەوانە كەوتە بەردەستی دادگا ئەوە سزای هەموو عەداڵەت وەردەگرێت.

نەچووە بچێ! دەبێ كە پیشێكی چالاكانەمان هەبێ بۆ هەمیشە وەبیرهێناوە و دەستنیشانكردنی تاوانبارانی جەنگ ‌و شەریكەكانیان، چ گەورە یا گچكە، چ كورد یان عەرەب، یان هەر نەتەوه ‌‌و ئاینێكی دیكە.

ئێستا لەپێش تاوانێكی دیكەین كە جۆرێكی دیكەیە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ تاوانە هەرە چەپەڵەكانی سەدام حوسێن و رەفیقەكانی!

دوا وتەم ئەوەیە كە ئەسڵەن بەلای منەوە گرنگ نییە ئەو پەرلەمانتارە لە چ حزب و فراكسیۆن و باوەڕ و ئا‌یدۆلوژییەتە. من هیچ كارم نییە بە حیزبەكەیەوە، بەڵكو تەنیا مەبەستم قسەكەی خۆیەتی. هیچ كێشەیەكم لەگەڵ هیچ لایەنێك نییە، تەنیا مەسەلەی برینداركردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیە كە قسەكەی پەرلەمانتاری ناوبراو هەموومانی كردە قوربانی "سەدام حوسێن" ... كە ئەمە ئیتر ناتوانم لە ئاستیا بێدەنگ ببم، بەڵكو بە مەسەلەی خۆمی دەزانم.

هەواڵی پەیوەندیدار