ئەردوغان توركیا بەرەو شەڕی ناوخۆییەوە دەبات
ئاتائوڵ بەهرامئوغڵۆ
سەبارەت بە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان كە لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا لە سێ دووی دەنگی دەنگ دەرانی توركیای بە دەستەوە هێناوە، چەندین جار بیروبۆچوونەكانی خۆمم نووسیوە. تا ئێستا بە هیچ شێوەیەك رووبەروو یەكتر دانەنیشتینە و پێكەوە قسەمان نەكردووە و هیچ جۆرە دۆژمەنایەتییەكیش لە نێوان من و ئەردوغاندا نییە. كاتێك كە من سەرۆكی سەندیكای نووسەرەكانی توركیا و رەجەب تەییب ئەردوغانیش سەرۆك شارەوانی ئەستەنبۆڵ بوو، ئەو باڵاخانەیە كە سەندیكاكەی ئێمەی تێیادا بوو، چەندین قەرزی ماوەی رابردووی لە سەر مابوونەوە و بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە زۆر هەوڵماندا بەڵام بە هیچ شێوەیەك نەمانتوانی بچینە لای ئەردوغان و داوای هاوكاری بكەین. نە من بۆ خۆم دەمتوانی شتێكی بەمجۆرە بكەم، نە هاوكار و هاوپیشەكانم ئەوەیان قەبووڵ دەكرد كە داواكارییەكی بەمجۆرە پێشكەشی ئەردوغان بكەین. چوونكە ئێمە وەكو ئیدارەی بەرێوەبەری سەندیكای نووسەرانی توركیا لەقی ئەستەنبۆڵ، لە كاتی هەڵبژاردنەكانی شارەوانییەكانی توركیادا زۆر بە وردبینییەوە سەیری پرۆپاگەندەكان و لێدوان و بەرنامە تەلەفزیونەكانی رەجەب تەییب ئەردوغانمان دەكرد و بە راستی هەر ئەو كاتە ئێمە هەستمان بەوە كردبوو كە ئەردوغان دەیەوێ لە توركیا دەسەڵاتی خۆی و پارتەكەی خۆی بە سەر كۆمەڵگەدا فەرز بكات.
| لە نێو گۆڕەپانی سیاسی توركیادا تەنیا كەسە كە ئەوەندە خۆی بە لای خۆیەوە پەسەند كراو و خۆشتەویستە و خاوەن تایبەتمەندییەكی زۆر سەیرە و ئەو كەسانەی كە پشتگیری بیروڕاكانی نەكەن بە نەزان و دواكەوتوو و بگرە بە خائین وەسفیان دەكات |
ئەمە یەكەمجارە كە سیاسەتی توركیا كەسێكی بەمجۆرە بە خۆیەوە ببینێت، هەر چەند من و هاوپیشەكانی من زۆربەی هەرە زۆری بیروڕاكانی ئەردوغانمان بەدڵ نییە و زۆربەی چینەكانی توركیایش پشتگیری لەم بیروڕایانە ناكەن، بەڵام لە نێو گۆڕەپانی سیاسی توركیادا تەنیا كەسە كە ئەوەندە خۆی بە لای خۆیەوە پەسەند كراو و خۆشتەویستە و خاوەن تایبەتمەندییەكی زۆر سەیرە و ئەو كەسانەی كە پشتگیری بیروڕاكانی نەكەن بە نەزان و دواكەوتوو و بگرە بە خائین وەسفیان دەكات. تایبەتمەندییەكی بەمجۆرە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە مرۆڤ نەتوانێت شرۆڤەیەكی باش بۆ رووداوەكان بكات و ببێتە خاوەن دیدەگایەكی باش بۆ جیهانی دەورووبەری. ناتوانین هیچ بەراوەردێك یا هیچ پیشبینییەك بۆ دەرئەنجامەكانی گفتووگۆیەكی كراوە و زانستییانە لەگەڵ كەسانی وەكو سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان بكەین. چوونكە ئەم جۆرە مرۆڤانە خاوەن ئەگۆیەكی زۆر بە هێزن ( خۆ خۆش ویستن و خۆپەرەستی) و بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین كە دان بە هەبوونی هیچ جۆرە بیروڕایەكی جیاواز لەگەڵ بیروڕاكانی خۆیاندا بنن.
ئەو ترس و دڵەڕاوكێیە كە ئەمرۆ بە هۆی سیاسەت و بیروڕاكانی ئەردوغانەوە كەوتووتە نێو دڵی من و بە سەدانی كەسی وەكو منەوە، لە ساڵەكانی 1960 كاتێك كە ئێمە قۆتابی زانكۆ بوون و ئاڵپە ئەرسەلان توركێش بە كوودەتایەك بوو بە سەرۆكی پارتی بەرەی رەگەزپەرەستی خەڵك هەمان ترس و دڵەڕاوكێ كەتبوو نێو دڵمەوە و هەر ئەو كاتەیش لەگەڵ هاورێكانی خۆمدا باسی ئەوەم كردبوو كە ئاڵپ ئەرسەلان توركێش بەم سیاسەتانەی خۆی دەبێتە یەكێك لە پێشەنگەكانی رەگەز پەرەستی توركی و هەر بەمجۆرەیش بوو و ناوبراو بوو بە پێشەنگی رەگەزپەرەستی توركی و پارتی رەگەزپەرەستی توركی ( مەهەپە)یشی دامەزراند. بێگومان لەو ساڵانەدا كەس توركێشی نەدەناسی و لەنێو سیاسەتی توركیادا هیچ جۆرە جێگا و پێگەیەكی نەبوو بەڵام بە هۆی خۆ پەرەستییەوە توانی كوودەتا بكات و خۆی بكات بە سەرۆك پارتییەك.
| ئەردوغان كەسێكە كە زۆر بە بریار و زۆر بە جەسارەتەوە لەو رێگایەدا دەروات كە ئیمانی پێیە و ئەو شتەی كە متمانەی پێ بێت یا خۆی ئیمانی پێ بێت زۆر بە توندی دەیپارێزێت |
ئەردوغان خاوەن تایبەتمەندییەكی یەكجار زۆر بە هێزی نانەوەی ئاژاوە و گەرمووگۆڕ كردنی ناكۆكییەكانە، ناوبراو لە جیاتی ئەوەی كە هەوڵ بۆ ئارام كردنی بارودۆخەكان بدات یا هەوڵ بۆ نەهێشتنی ئاژاوە بدات، بە پێچەوانەوە دەتوانێت بە دوو وشە ناكۆكی و ئاژاوەكان گەرمووگۆڕتر بكات. من ئەو كاتە كە ئەردوغانیان بە سەر پوستی سەرۆك شارەوانی ئەستەنبۆڵ لا دا هەستم بەم تایبەتمەندییە كرد. ئەو رۆژە كە لە سەر پوستەكەی لایاندا، لە جیاتی ئەوەی خواحافێزی بكات و دوو قسەی خۆش بۆ ئەو خەڵكە بكات كە كۆ ببوویەوە بە پێچەوانەوە چەندین قسەی ئەوتۆی كرد كە بارودۆخەكەی یەكجار ئاڵۆز كرد و بوو بە هۆكاری نانەوەی ئاژاوەیەكی زۆر گەورە. ئەردوغان كەسێكە كە زۆر بە بریار و زۆر بە جەسارەتەوە لەو رێگایەدا دەروات كە ئیمانی پێیە و ئەو شتەی كە متمانەی پێ بێت یا خۆی ئیمانی پێ بێت زۆر بە توندی دەیپارێزێت و ئەمەیش بووەتە هۆكاری بەهێز بوونی دێترمەنیزمی ئەردوغان. كاریزمای ئەردوغان لەوێیەوە سەرچاوە دەگرێت، تووڕە، توندرەو، جەسوور و دوور بوون لە هەر جۆرە پێكهاتنێك.
تا ئەو كاتەی كە نەببوو بە سەرۆك وەزیر زۆر كەس نەیدەزانی كە كەسایەتییەكی چۆنە، بەڵام دوای وەرگرتنی پوستی سەرۆك وەزیری، تا رادەیەكی زۆر بەرچاو كەسایەتی بۆ نووسەر، روشنبیر و ئاكادەمیسیەنەكانی توركیا دەركەوت و زۆر بە باشی ناسرا. دەیەوێ هەر كەس رەخنە بكات و بیروبۆچوونی هەركەس رەد بكاتەوە بەڵام نایەوێ كەس رەخنەی لێ بكات و كەس بیروبۆچوونەكانی رەد بكاتەوە. بۆیە من پێم وایە كە ئەردوغان بەم كەسایەتی و تایبەتەمەندییانەی خۆیەوە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە توركیا رووبەرووی شەڕی ناوخۆیی ببێتەوە بۆیە من یەكێكم لەو كەسانە كە لە دژی ئەوەم ئەردوغان بكرێتە سەرۆك كۆماری توركیا، چوونكە ناوبراو وەكو سەرۆك كۆمارەكانی رابردوو نییە و ئامادە نییە راوبۆچوون و پێشنیاری هیچ كەس و لایەنێك وەربگرێت و زۆر شەیدای تاك رەوی و دەسەڵاتی تاكەكەسییە. ئەردوغان ئەگەر ببێت سەرۆك كۆماری توركیا بە كەسایەتی و هەڵوێستەكانی خۆیەوە دەبێتە هۆكاری لاواز بوونی پێگەی یاسایی، سیاسی، نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەمەیش دەبێتە گۆرزێكی كوشندە بۆ دیموكراسیەتی توركیا و متمانەی پێكهاتەكانی توركیا بە دیموكراسیەتی توركیا لاواز دەكات.
سەرچاوە: جمهوریەت




