٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەرۆك بارزانی هیوا و ناسنامە و پێشكەوتنی كورد وكوردستانە !

سەرچاوە: KDP.info

رێبوار حەمەلاو شوانی

بە درێژایی مێژوو لە هەموو بزووتنەوە ئازادیخوازەكانی جیهاندا كەسانێك هەبوون بە هۆی چەند خەسڵەت و سیفاتگەلێك كە لە كەسایەتییاندا بۆتە ناوونیشانی خەبات و تێكۆشانیان لە پێناو ئازادی نیشتیمان و نەتەوەكەیاندا وایانكردووە ئەو كەسانە ببن بە سمبوڵ و پێشەنگ بۆ گەلی خۆیان، ئەم كەسانە زۆر جار سەرۆكی نەتەوەیەك یان بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕی یاخود سەرۆكی نیشتیمانی یان كۆماری بوون لە پێناو ئازادی و بەدەستهێنانی مافە مەدەنی و مرۆییەكاندا تێكۆشانیان كردووە، لە بزووتنەی رزگاریخوازی كوردیدا باوكی رۆحی و سەرۆكی نەمر مستەفا بارزانی وەكو رۆژ بۆ میللەتی كورد هەڵات و سەركردایەتی شۆڕشێكی گەورەی كرد لە پێناو هێنانەدی ماف، ئازادی و سەرفرازی بۆ نەتەوەی كورد و رزگاركردنی خاكی كوردستان لە چەنگی داگیركەران و بە دەستهێنانی سەربەخۆ بۆ كوردان، بارزانی نەمر رابەرایەتی شۆڕش و بەرخودانی میللەتێكی غەدرالێكراویی وەك كوردی كرد بەو كەسایەتیە لێهاتوو و داناییەی كە بوو بووە ناسنامە بۆ نەتەوە و نیشتیمانێك توانی میللەتی كورد بە هەموو دنیا بناسێنێت . لەم سەرۆكە ئازا و بلیمەت و نەمرەی میللەتی كورد مرۆڤێكی شۆڕشگێڕ و خەمخۆر و خۆڕاگر هاتە بوون كە ئەویش بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەم كەسایەتییە سیاسی و كەم وێنەیە لە ئارامگرتن و دووربینی وێنەی نەبوو و نابێت، سەرۆك مەسعوودبارزانی هەر لە تەمەنی مناڵی خۆیەوە توانی بەرپرسیارێتی شۆڕش و بزووتنەوەیەك بگرێتە ئەستۆی خۆی و لە رۆژگارێكی زۆر سەختی تێكۆشانی كورددا كە ئەم نەتەوەیە و بزووتنەوەكەی لەوپەڕی بێ كەسی و نەهامەتیدا بوو، بەڵام سەرۆك بارزانی باش دەیزانی كە میللەتی كورد وەكو نەتەوەیەكی ژێر دەست و پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەكو بزووتنەوەیەكی رزگاریخوازی پێشكەوتوو و خەباتكار لە پێناو ئازادی كوردستاندا پێویستیان پێیەتی هەر بۆیە زوو چەكی پێشمەرگایەتی و كوردایەتی هەڵگرت و رابەرایەتی ئەو شۆڕشەی كرد و لە هەموو ئازار و مەینەتی و شكستی نەتەوەكەیدا بەشدار بوو و، توانی بەو هێز و داناییەی كە لە هەڵگری ناسنامەی دوێنێیەكی بەرخودان و شۆڕشگێڕیی بگەیەنێت بە ئەمڕۆیەكی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان . سەرۆك بارزانی تەنها سەرۆك و كەسایەتیی سیاسی كوردە كە هەمیشە پێداگیریی لەسەر بوون بەدەوڵەتی كوردی و سەربەخۆیی كوردستان و رزگاركردنی پارچەكانی تری كوردستان دەكات و سازش لەسەر هیچ ماف و ئازادییەكی كورد ناكات هەر بۆیە هێز و دەوڵەتانی هەرێمی و ناحەزانی كورد بە پیلان لەگەڵ شاگردەكانیان لە هەرێمی كوردستان هەر جارە و بە بیانوویەك بێ بنەما وسەیر دەیانەوێت لە پێگەی شەخسی سەرۆك بارزانی بدەن. نەیارانی سەرۆك بارزانی باش دەزانن كە سەرۆك بارزانی، سەرۆكی خەڵكی كوردستانە و لە رێی راپرسییەوە خەڵكی كوردستان هەڵیدەبژێرن بە سەرۆكی خۆیان، هەر بۆیە هەموو هەوڵێكیان بۆ نەهێشتنی ئەم هەنگاوەیە، بەڵام لەو راستییە خۆیان گێل دەكەن كە ناتوانن لە بەردەم خواستی گەلدا هیچ بكەن و تەنها سەرۆك بارزانی سەرۆكی خەمخۆر و هەڵبژاردەی خەڵكی كوردستانە و ئەو لە دایك بوو وەكو سەرۆكێك بۆ هێنانەدی خەونە گەورەكەی خەڵكی كوردستان . میللەتی كورد لە پێناو بەدەستهێنانی ئامانجەكانی هەزاران شەهید و ئەنفالی لەو پێناوەداوە و خوێنێكی زۆری رشتووە تا گەیشتۆتە ئەو قۆناغەی ئێستاكە خاوەن پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، هەوڵ وكۆششە بەردەوامەكانی سەرۆك بارزانییەوە هۆكارن بۆ زیاتر گەشەكردن و ئابوورییەكی سەربەخۆ كە مێژوو شایەتیی ئەمە دەدات و دەیسەلمێنێت. سەرۆك بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم و وەكو كەسایەتییەكی ئاشتیخواز سەرنپی دەورووبەری بەلای خۆیدا راكێشاوە كە توانیویەتیی گرژییەكان كە بكاتەوە و پەیوەندییەكی باش و بەهێز لەگەڵ وڵاتە زڵهێزەكان و وڵاتانی تری ناوچەكەدا ببەستێت و سەرنجی هەموویان بە ئاراستەی ئەو بنیاتنانەوە و گەشە ئابوورییەی كوردستاندا راكێشێت و پێیان بسەلمێنێت كە كوردستان توانای بەڕێوەبردنی خۆی لەهەموو بوارەكاندا هەیە، لەلایەكی تریشەوە رۆڵێكی زۆر گەورەی لە پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانیدا گێڕاوە و هەموو هەوڵ و تێكۆشانی خۆشی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان خاوەن كیانێكی سەربەخۆ و خاوەن دەستوورێكی تایبەت بە خۆی بێت و هەورەها سیاسەتە حكیمانەكەی خۆی هەوڵی بەردەوامی داوە تا پارچەكانی تریش بتوانن ماف و ئازادیی خۆیان بەدەست بهێنن. دوای بەدوای راپەڕێنە شكۆمەندەكەی خەڵكی كوردستان لە ساڵی 1991 سەرۆك بارزانی داوای هەڵبژاردنی ناوخۆیی كردو دەنگی میللەتی لا گرینگ و ئامانج بوو بۆ بنیادنانی دەسەڵاتی كوردی و حوكم كردنی وڵات. نەیارانی پارتی و بارزانی هەر جارێك و بە شێوەیەك ئامانجەكانیان دەخەنە روو، ئەویش ئەوەیە لە ژێر ناوی دەستوور و چەواشەكاری و بەلارێدا بردنی خەڵك رق و كینەی خۆیان لە دژی خودی شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی و هەروەها دژایەتی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەردەبرن، چونكە سەقامگیری و ئاوەدانی و دڵنیایی و ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەسایەی ئەم حكومەتە دەبیننەوە، ئەم حكومەتەش لەسایەی هێز و توانای پارتیدا دەبێنن بۆیە بەهەموو جۆرێك و گرتنەبەری هەموو رێگایەك دژی حكومەت و پارتی دیموكراتی كوردستان راوەستاون.

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار