قۆناغی چارەسەری و گۆڕانكارییەكانی پەكەكە
عەبدولقادر سەلڤی
لە مەرحەلەیەكی زۆر حەساس و هەستیاری قۆناغی چارەسەریدا پەكەكە لە نێو خۆیدا دەستی بە گۆڕانكاری زۆر گرنگ كرد. جەمیل بایەك كە وەكو نوێنەری باڵی شاهینی ( مەبەست توندرەوەكانە) پەكەكە دەناسرێت دووبارە كرایەوە بە كەسی یەكەمی پەكەكە و موراد قەرەیڵانیش كە نوێنەری باڵی ئوجەلان بوو دووبارە كرایەوە بە بەرپرسی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە ( هەپەگە). مانای ئەم گۆڕانكارییانە چییە و دەستنیشان كردنی بەسێ هوزات بۆ پوستی هاوسەرۆكی كەجەكە لە لایەن باڵی ژنانی پەكەكەیەوە مانا و واتای چییە؟
ئایا گرنگی گۆڕانكارییەكانی نێو پەكەكە ئەوەیە كە جەمیل بایەك بوو بە كەسی یەكەمی پەكەكە یا خۆی موراد قەرەیڵان دووبارە كرایەوە بە بەرپرسی هێزە چەكدارەكان ( هەپەگە)؟
لە رووی خۆدووبارە رێكخستنی كردنەوە هەر گۆڕانكارییەك لە نێو پەكەكەو داهاتووی قۆناغی چارەسەری واتا و مانایەكی تایبەتیان هەیە. بۆ نموونە هەڵبژاردنی جەمیل بایەك وەكو نوێنەری باڵی توندرەوی پەكەكە بۆ پوستی سەرۆكایەتی كەجەكە بووەتە هۆكاری ئەوەی كە دەوڵەت و خەڵك وا بیر بكەنەوە كە ئەم گۆڕانكارییە ببێتە هۆكاری لاواز كردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد. بەڵام ئەم گۆڕانكارییانەی نێو پەكەكە بە بێ ئاگاداری ئوجەلان نەكراون بەڵكو رەزامەندی ئوجەلانیشیان وەرگرتووە و بگرە رەنگە ئوجەلان بۆ خۆی داوای گۆڕانكارییەكی بەمجۆرەی كرد بێت.
ئەم گۆڕانكارییانەی نێو پەكەكە جۆرەیەك نین كە بتوانن قۆناغی چارەسەری پەرتەواز بكەن یاخۆ هەوڵدانەكانی چارەسەری بەبێ ئەنجام و لاواز بكەن. هەندێك كەس وا بیر دەكەنەوە كە پەكەكە پلەی موراد قەرەیڵانی نزم كردووەتەوە و كردوویەتی بەرپرسی هێزە چەكدارەكان. ئەم بیروڕایە بیروڕایەكی هەڵەیە چوونكە لە نێو پەكەكەدا مەسەلەی گرنگ و یا مەسەلەی سەرەكی، مەسەلەی هەپەگەیە. بۆیە لە راستیدا بە جۆرەیەك قەرەیڵان پلە و پایەی بەرز كراوەتەوە چوونكە هەپەگە هەمەكارەی پەكەكەیە. لە لایەكی دیكەیشەوە لە قۆناغی چارەسەریدا هەپەگە هێزێكە كە سۆزی لە سۆزی پەكەكە بەهێزترە و كاریگەریشی لە سەر قۆناغەكە یەكجار زۆرتر لە كاریگەری باڵی سیاسی پەكەكەیە، بۆیە ئوجەلانیش بەم گۆڕانكارییانە ویستی ئەو كەسەی كە خۆی سەدا سەد متمانەی پێیە بیكاتە بەرپرسی هەپەگە. قەرەیڵان تا ساڵەكانی 2003 هەر بەرپرسی هەپەگە بووە بۆیە جۆرەیەك حاكمیەتی قەرەیڵان لە سەر پێكهاتەی هەپەگە هەیە.
جەمیل بایەك كە یەكێكە لەو 5 كەسە كە لەگەڵ ئوجەلاندا پەكەكەیان دامەزراندووە، لە نێو پەكەكەدا بە نزیك بوونی خۆی لەگەڵ ئێراندا دەناسرێت. بایەك كەسێكە كە بە هۆی نەخۆشی گۆرچیلەكانییەوە حكوومەتی ئێران لە ورمێیەوە تا قەندیل دەزگای دیالیزی بۆی بەرێ كردووە. جەمیل بایەك تا ئێستە هیچ جۆرە هەڵوێستێكی هەڵە یا هیچ جۆرە هەڵوێستێكی نەخوازراوی نیشانی قۆناغی چارەسەری نەداوە و بە شێوەیەكی لە ناكاویشەوە بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان نەكراوە، چوونكە بە پێ سیستەمی هەڵبژاردنی پەكەكە ساڵی رابردوو ماوەی سەرۆكایەتی موراد قەرەیڵان كۆتایی پێهاتبوو، بەڵام بە هۆی بارودۆخەكەیەوە ماوەی سەرۆكایەتی قەرەیڵان بۆ یەك ساڵی دیكە درێژ كرایەوە.
خاڵێكی گرنگی دیكە كە دەبێت رەچاوی بكەین ئەوەیە كە هاوكات لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی نێو پەكەكەدا ژنان و هێزی ژنانیش لە نێو پەكەكەدا وردە وردە زۆرتر دەبێت و كاریگەری لە سەر هاوسەنگییەكان دەكات. لە سەدا 40ی پەكەكە لە ژنان پێكهاتووە و رێكخراوەكانی ژنانی پەكەكە بە ئاپوئیست ناسراون و راستەوخۆ گرێدراوی ئوجەلانن. بۆیە دەستنیشان كردنی دوو ژنیش وەكو هاوسەرۆكەكانی كەجەكە و كۆنگرەی گەل لە قەندیل و ئەورووپا بە جۆرەیەك بۆ بەهێزتر كردنی كونترۆڵی ئوجەلان لە سەر پەكەكەیە. هێزی ژنانی نێو پەكەكە گەرەنتی ئوجەلانن، بۆیە هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا بۆ لاواز كردنی رۆلی ئوجەلان لە ئەورووپا سێ ئەندامی ژنی پەكەكەیان تیرۆر كرد كە یەكێكیان سەكینە جانسێز بوو و ناوبراو یەكێك بوو لە پێشەنگانی ژنان و بزاڤی ژنان لە نێو پەكەكەدا و ئوجەلان متمانەی زۆر باشی پێ بوو.
لە كۆتاییدا دووبارە پێویستە ئاماژە بەوە بكەم كە ئەم گۆڕانكارییانەی نێو پەكەكە هیچ جۆرە كاریگەرییەكی نەرێنی لە سەر قۆناغی چارەسەری ناكەن بەڵكۆ بە پێچەوانەوە دەبنە هۆكاری ئەوەی كە پەكەكە زووتر و ئاسانتر هەنگاو بنێت. واتای ئەم گۆرانكارییانەیش ئەوەیە كە ئوجەلان جارێكی دیكە پەكەكەی سەر لە نوێیەوە رێكخستەوە و خستییەوە ژێر كونترۆڵی خۆیەوە و دەستی ئیستیخباراتی وڵاتانی دەراوسێ كە دەیانەویست پەكەكە كونترۆڵ بكەن و بە پێ بەرەژوەندییەكانی خۆیان بەكاری بهێنن، بڕی و پەكەكەی لە ژێر كاریگەری وڵاتانی دەراوسێدا دەرهێنا.
سەرچاوە. یەنی شەفەق




