٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نەرمە کودەتایەکەی سوپای میسر

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

وەکو چاوەڕوان دەکرا، دەسەڵاتی ئیسلامییە ئیخوانییەکان بەرەو تەنگەژە دەچێت، بەتایبەتیش کە سەرۆکی لە کارلادراو موحەمەد مورسی لەهەموو گوتارەکانی ئەم دواییەی کاری دەکرد، پێگە و دەسەڵات و مانەوەی خۆی بە شەرعیبوونی هەڵبژاردن ببەستێتەوە. هەرچەندە سوپا پێشتر رایگەیاند کە ئەوان سوپای گەلن و لە دیماهیدا لایەنگیری بەرژەوەندییەکانی خەڵکی میسر بە تێکڕایی دەکەن. لە دیماهی وێنە داراماتیکەکانی نێو میسر، سوپا ئەو دەسەڵاتەی خۆی پیادەکرد و ریزی ملیۆنەها کەسی نارازیی دژی ئیسلامی سیاسی هەڵبژارد و لە کودەتایەکی نەرم، دوور لە بەکارهێنانی هێز موحەمەد مورسیسەرۆکی میسری لەکار لادا و سەرۆکێکی کاتیان راگەیاند. پێدەچێت لەم پرۆسەیەدا عەبدولفەتاح سیسی رۆلی سەرۆکی بەکردەوەی میسر تا هەڵبژاردانی داهاتوو بگێڕێت. بۆ ئەوەی رۆژئاوا وئەمەریکا رازی بکەن و هەروەسا دابەشبوونی کۆمەڵگەی میسریش هێوربکەنەوە.

ئیخوان نەیتوانی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو لەچەند بوارێکدا پێگە و دەسەڵات و لێهاتوویی خۆی بەرای گشتی میسری و  هەتا نێودەوڵەتیش پیشان بدات. مورسیش لە ساڵێکدا زۆر هەژارانە ئیدارەی ململانێ و کێشەکانی وڵاتی کرد، کەئەمانەش بریتین لە:

- نەیانتوانی پارێزگاری لە هێلە گشتییەکانی شۆڕشی ٢٥ی یەنایێر بکەن.

- نەیانتوانی بە ئارستەی پێکهێنانی بنەمای کۆمەڵگە و دەسەڵاتێکی دیموکراتی هەنگاو بنێن. بەپێچەوانە کاریان کرد بۆ خۆسەپاندنی (حزبی- بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگە- گەڕانەوە بۆ توندڕەوی- لێدانی بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکان- داخستن و دادگایی کردنی دەزگاکانی رۆژنامەگەری  رۆژنامەنووسان..).

- خراپی باری ئابوری و زیادبوونی رێژەی بێکاری، هەڵاوسانی دارایی.

- لاوازی و دابڕان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لاوازی پەیوەندییەکان و پچڕانی لە دونیای دەرەوە.

- ئیخوان نەیانتوانی بە ئەوروپا  و ئەمەریکا بڵێت، ئێمە جێگەی متمانەین و قسە و کردارمان یەکە. چونکە ئەوان بڕوایان وایە کە ئیسلامییەکان جێگەی متمانە نین لە گفتدان.

- دوورکەوتنە لە مافی تاکی میسری و کارکردن بۆ سەرکوتی کۆمەڵایەتی ئافرەت و پەرپێدانی گیانی رەگەزپەرستی دژی مەسیحییەکان.

- قوڵکردنەوەی گیانی تایەفەگەری، کە لەدواین قسەکانی مورسیدا دەرکەوت ئەوان لایەنگری تایەفەی سونی دەکەن و تەنیا روودوەکانی ئەم دوایەی ناو میسر بەلگەی ئەوەن کە ئەوان چاوپۆشیان لە تاوانی کوشتنی شیعە مەزهەبەکان هەبووە و راشکاوانەش دژی دەسەڵاتی کەمینەی عەلەوی سوریا ئاخاوت.

- لەبیری نەکەین تەنیا قەتەر هاوکاری ئیخوان موسلیمنی کرد، دەنا سعودیە و وڵاتەکانی دیکە پێچەوانەی تێڕوامانەکان دژی دەسەڵاتی ئیخوان موسلمین لە بوون، یاوخد بەلای کەمەوە دڵنیا نەبوون لەوەی ئیخوان نابێتە هێزێکی توندڕو بزاڤی ئیخوان دژی ئەوانیش وەکو شۆڕشی ئیسلامی بەسەرکردایەتی ئیخوانەکان هان نادات.

- گوێنەدان بە لایەنە دەستورییەکان و کارکردن بۆ بە ئیخوان کردنی دەستور و دادگا و کۆمەلگە. کە ئەم سێکوچکەیە، سێ دەردەسەری و هۆکارە بەرچاوەکانی لە مورسی بەدەنگ هاتنی بەرهەڵستکارەکانی بوو.

ئیخوان نەیانتوانی بە ئەوروپا  و ئەمەریکا بڵێت، ئێمە جێگەی متمانەین و قسە و کردارمان یەکە. چونکە ئەوان بڕوایان وایە کە ئیسلامییەکان جێگەی متمانە نین لە گفتدان

ئەوەی بینیمان واقیع بوو، نەک رووداوەکانی نێو فیلمێکی سینەمایی، سوپای میسر کە هەمیشە بەوە ناسراوە هێزێکی نیشتیمانییە، وەکو چۆن لە سەردەمی موبارەک کە خۆشی  یەکێک بوو لە سەرکردە سەربازییە دیارەکانی ئەم سوپایە و دەیان ساڵ بەیەکەوە ئیدارەی وڵاتیان دەکرد، لە ئاکامدا سوپا بێلایەن مایەوە، تا وای لێهات موبارەک ناچار بوو، لەژێر ئەم فشارە دەست لەکار بکێشێتەوە.  لێرەدا گیرنگ نییە کێ و بۆچی مورسی روخاند، گرینگ ئەوەیە چارەنووسی سەرۆکی پێشووی میسر و گروپەکەی (ئیخوان موسلمین) کە هەنکووکە بە تۆمەتی سوکایەتی و بێ رێزیکردن بە دەستور و دادگا دەگیرێن و رەچاو دەکرێت دادگایی بکرێن، چی بەسەر دێت؟ ئایا دەتوانن لەم بارە دەروونییە تێکشکاوە بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن، یاخود وەکو دەڵێن کودەتایان دژ کراوە جارێکی دیکە هەشتا ساڵ خەباتی زیندانەکان هەڵدەبژێرن؟.

مەسەلەکان لەمە تێپەڕیوە ساڵی 1997لە تورکیا سوپا دەسەڵاتی لە ئیسلامییەکان ستاندەوە، بەڵام پارتی دادو گەشەپێدان  ئەمجارە بە شێوازێکی مەدەنی بە پلەی عیلمانی دەسەڵاتیان گرتۆتەوە دەست، دوور نییە دوای خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەقسیم و کرانەوەیان بەرانبەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد، شۆڤینی و لایەنە سەربازییە توندەکانی ناو تورکیا بیر لە کودەتایەکی نەرمی شێوەی میسر بکەنەوە، بۆ راگرتنی توانا و پرۆسەی سیاسی بە سەرکردایەتی ئیسلامییەکانی تورکیا. هەروەها لە جەزائیر ساڵی

دوای ئەوەی بەرەی ئینقاز لەرێگەی هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتیان وەرگرت، ئەوانیش زوو تێکشان و ئیدی خۆیان نەگرتەوە و ئێستەش راستەنبوونەتەوە. کەواتە ئەمەی هەنووکەی میسریش ئەزموونی سێیەمە لە کودەتا لەسەر هەڵبژاردن. بەڵام دیارە هەڵبژاردن ئەگەر عەقڵ و خۆگنجان ورێزگرتن لە رای گەلی تێدا نەبێت، ناتوانێت بەردەوام بێت، کودەتای نەرم رەنگە شەرعیەتی پێبدرێت، وەکو ئەوەی ئێستا لە میسر دەکرێت. ئەمیش لەبەر چەند هۆکارێک

ئیسلامییەکان لەبەر ئەوەی بڕاویان بە تاک و گوێگرتن لە ئیرادەی جیاواز و دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی نییە، ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەسەڵات بمێننەوە

یەکەم- کۆمەڵگەی میسری لە خۆپیشاندانێکی حەڤدە ملیۆنی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیان رەتکردەوە.

دووەم- ئیسلامییەکان لەبەر ئەوەی بڕاویان بە تاک و گوێگرتن لە ئیرادەی جیاواز و دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی نییە، ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەسەڵات بمێننەوە. ئەگەر لەم نمونەیە ئێران و  تورکیا وەکو دوو دیاردەی جیاواز لە مەڕ دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی سەیر بکرێت. چونکە ئەمانە دوو نمونەی جیهانین لە جیهانی ئیسلامی دەکرێت بە جیا لێکۆڵێنەوەیان لەمەڕ بکرێت.

سێیەم- نە وڵاتە عەرەبییەکان و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیانتوانی متمانە بە ئاراستە و بیرکردنەوە و شێوازی کارکردنی ئیخوان لە حکوومرانی بکەن. هەرچەندە ئەو ماوەیە زۆر کورت و خێرا بوو، لەپێناو تاقیکردنەوەی ئیخوانەکان و چۆنیەتی حکومکردن.

تەنیا دەبێت وەبیری خۆمانی بهێنینەوە کە هەندێک توێژەر و نووسەر لەمەش دوورتر، ئایدۆلۆژیای ئیخوانەکان بە فاشیزم دەچوێنن، پێیان وایە ئەوەی ئیخوان موسلمین لە ماوەی یەک ساڵی دەسەڵاتی مورسی بینیان، رێک فاشیەت بوو. ئەمەشیان بەراورد کردووە بە ئەلمانیای سەردەمی هێتلەر کە بەدەنگدان هات و دواتر خەڵکی لەناو دەبرد، سەرباری فاشیەتی ئیتالیا.

هەنووکە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و جیهانی ئیسلامی و عەرەبی لەبەردەم پرسیارێکی گرینگ دایە، ئایا پێیان وایە ئەوەی دژی موحەمەد مورسی روویدا دیکتاتۆریەت و گێڕانەوەی دەسەڵاتی سەربازییە، یاخود وەکو سوپای میسر و بەرهەڵستکارانی مورسی دەیڵێن هەنگاوێکە بۆ پارێزگاریکردن لە پاراستنی دیموکراسی و ئامانجەکانی شۆڕشی ٢٥ یەنایێر بۆ ئەوەی دیکتاتۆریەت دروست نەبێتەوە؟.

نابێت ئەوە لەبیر بکەین رۆژهەڵاتی ناوەراست بە هەڵچوون و داچوونێکی خێرا و لەهەمان کاتدا چارەنووساز تێدەپەڕێت، ئایا بەراستی ئەوەی لە میسر روویدا، سەرەتای راستەقینەی بەهاری عەرەبییە، ئیدی میللەت هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن سەرۆک و دەسەڵاتی وڵاتەکانیان بگۆڕن، ئیدی کەس ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ و بێ کۆتایی لەدەسەڵات بمێنێتەوە، ئەوەی  بەدیهاتنی ئامانجی راستەقینەی شۆڕشە. یاخود گەڕانەوەی دەسەڵاتی سوپایە بۆ نێو رووداوە سیاسییەکان. هەرچییەک بێت، ئەمە نامەیەکی راستەقینە و  روونە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی توانای ژیانی لەگەڵ دیکتاتۆریەت نییە، پێویستە دیموکراسیەتی لیبرال پێگە و بنەمای خۆی بەهێز دابکوتێت. سەرباری ئەوەش ئەمە دەریدەخات کە ئیخوان هەرچەندە بەشێکی دیاری پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی میسرین، بەڵام فەشەلێکی خێرایان هێنا، وەکو چۆن خۆشیان لە رۆژانی شۆڕشی ٢٥ یەنایێر بڕوایان نەدەکرد حوسنی موبارەک لەرێگەیە ناڕەزایەتی شەقام دەڕوخێت و تەسلیم بە ئیرادەی گشتی دەبێت، ئەوانیش وەکو خەونێک بەم خێراییە دێنە دەسەڵات. من پێم وایە خەڵک هێندە توڕە بوون لە دەسەڵاتی موبارەک بە رق و کاردانەوە لە دژی دەسەڵاتی بەناو (دیموکراسی و نەتەوەیی سەردەمی موبارەک) دەنگیان بۆ ئیسلامییەکان داو چەنسێکی گرینگ  و مێژوویان پێدان، بەڵام  ئیسلامی سیاسی دەریخست ئامادە نییە ئەو بڕوا و چەنسەی بۆ یەکەمینجار لە مێژووی سیاسی میسر پێیان درابوو، سەرکەوتوانە  و بە ئەمانەتەوە جێبەچی بکەن، ئیدی دوور نییە چانسێکی دیکەی وەکو ئەمجارەیان پێبدرێتەوە.

ئەمە نامەیەکی راستەقینە و  روونە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی توانای ژیانی لەگەڵ دیکتاتۆریەت نییە

بەڵام دەبێت ئەوە رەچاو بکەین، بەرژەوەندییەکانی ئیسلامییەکان لەوە نییە پەنا وەبەر توندو تیژی ببەن، هەروەها لایەنی جیهادی توندڕەو کە بانگەشەی باڵادەستی خۆیان لە کاردانەوەکان دەکەن، پێناچێت تاقی کردنەوەی ئەو رێگە  سەرکەوتنیان بە نسیب بکات. هەروەها ئەم فەشەلەی مورسی  و ئیخوانەکان لە میسر دەبێتە سەرەتایەک بۆ فەشەلی هەموو ئەو بزاڤە ئیسلامیانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا  لەروی بڕواوە وابەستەی ئیخوان موسلمینن. لەهەمان کاتدا دەبێتە دەرفەتێکی لەبار بۆ لایەنەی دووەمی کۆمەڵگەی ئیسلامی ئەویش شیعەگەراییە، بە بڕوای زیاترە کار بۆ پتەوکردنی پێگەی سیاسی خۆیان بکەن. کە دیارە ئەمەش کێشەیەکە، کە پێناچێت بهێلێت ناوچەکە ئارام بێت  و پرۆسەی دیموکراسی کە رۆژئاوا وەکو پرۆژە و سیاسەت پاڵپشتی دەکات، هەروا بە ئاسانی گەشە بکات. دیارە لە بنەڕەتیشدا مەسەلەکە پەیوەستە بە پرۆژەی رۆژهەڵاتی دیموکراسی و لیبرالی و  لەهەمان گاڤیشدا گێڕانەوەی ناوچەکەیە بۆ رۆژهەڵاتێکی ئیسلامی تەژی لە رکابەری تایەفەگەری و دواکەوتن.

هەواڵی پەیوەندیدار