لە یادی 70 ساڵەی شۆڕشی دووەمی بارزان

هەڤاڵی دێرینی بارزانیی نەمر (سەدیق خەلیل كانیەتایی):بارزانیی نەمر لە شۆڕشی دووەمی بارزان هەمیشە ئامۆژگاری لەشكری دەكرد و دەیفەرموو: نابی ئێمە لەو بارودۆخە ناخۆشە و نەبوونی ئیمكانیاتی پێویست ورەی خۆمان دابەزێنین بەڵكو دەبێ هەر خوراگر و چاونەترس و گیانفیدا بین و لە مردن نەترسین
سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
لە كاروانی بزاڤی ئازادیخوازی گەلەكەماندا چەندین شۆڕش و وێستگەی گرنگ هەن كە پێویستە بەردەوام بە زیندوویی رایبگرین و وەك سەروەریەك بۆ نەوەكانمانی بگێڕینەوە، شۆڕشی دووەمی بارزان (1943-1945) بە سەرۆكایەتی رابەری كورد بارزانیی نەمر یەكێك لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەیە كە لەو قۆناغەدا رۆڵ و كاریگەری بەرچاوی هەبوە. ئەمڕۆ 70یەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی دووەمی بارزانەو بەم بۆنەیەوە بە پێوستمانزانی دیمانەیەك لەگەڵ پێشمەرگەی ماندوونەناس (سەدیق خەلیل كانیەتایی) كە یەكێكە لە بەشداربوانی شۆڕشی دووەمی بارزان، یەكێكە لە هەڤاڵانی دێرینی بارزانیی نەمرو وەكو پێشمەرگەیەك بەشداری لە بەرگریكردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و رێڕەوە مێژووییەكە بۆ سۆڤیەتی جاران كردووە، بەشدار لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی كردووە و بەشداری چەندین شەڕی كردوو لە شەری خواكوڕك 1961 بریندار دەبێت. دوای نسكۆی شۆڕش ئاوارەیی ئێران دەبێت، لە شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازیشدا درێژەی بە ئەركی پێشمەرگایەتی داوە، لە بەر خەبات و ماندووبوونی لە كۆنگرەی 13ی پارتی لە لایەن جەنابی سەرۆك بارزانی میدالیای بارزانیی نەمری پێبەخشراوە...
· پێشمەرگەی كوردستان (سەدیق خەلیل كانیەتایی ) لە ساڵی 1927 لە بنەماڵەیەكی كوردپەروە و شۆڕشگێر لە گوندی كانیەتایی سەر بەدەڤەری بارزان لە دایكبووە، كوڕی شەهید(خەلیل یەحیا كانیەتایی) كە شۆڕشگێری ناوداری بارزانییەكان بووە و مرۆڤیكی لیهاتوو بووە بۆ كوردایەتی لە بەرگری كردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد بریندار دەبێت لە ناو زیندانی موسل كە بە برینداری بەندكرابوو لە ساڵی 1948 شەهید دەبیت . لە بارەی سەربوردەی ژیانی خۆی بەرێزیان گوتی:
من تەمەنی منداڵیم وەكو خەونێك بووە، خۆشمان نازانین چۆن دەستی پێكرد و لە كۆی هاتبوو، كە ئاوارەیی توركیا بووین و بەروەو توركیا رۆیشتین ئەو كات تەمەنم5 ساڵەی بوو، هەتا گەورە بوونم ئەو قەناعەتم لا دروست بوو كە ئێمە لە بن زوڵم و زورداریدا دەژین، چونكە داگیركەران لە دەڤەری ئێمەدا زولم و زورداریەكی زۆر لە میللەتی كورد و بە تایبەتی خەڵكی دەڤەری ئێمە بارزان دەكرد و حكومەت هیچی پێ رەوا نەدەبینی بە وەرگرتنی باج لە هەژارانەی كە مەرومالاتیان هەبوو یان كشتوكاڵیان دەكرد باریان گران كردبووین، نە نەخۆشخانەیەك نە رێگایەك و نە قوتابخانەیك كە مرۆڤ ئاواتی بوو تێدا بخوێنێت، گەنجەكانی دەڤەری ئێمەی بە زۆرداری دەناردە سەربازی و نە جێگایەك كە بتوانین بە ئاسودەی هاتووچۆی پیا بكەین بە گشتی لە ژێر كۆنترۆلی حكومەتی ئەوسای داگیركەردا بووین و ئێمەیان بە هاوڵاتی حساب نەدەكردو لە هەموو مافێك بێ بەش كرابووین، بۆ خەڵكی دەڤەری ئێمە زوڵم و زۆرداریمان قەبوڵ نەدەكرد.
· لە بارەی پەیوەندی بە شۆڕشی دووەمی بارزان (1943-1945) بۆ ئاواتەكانی بارزانیی نەمر كە ئەویش رزگاری كوردستان بوو، مام (سەدیق كانیەتایی) گوتی:
هەر لە دوای گەڕانەوەی سەربەرزانەی بارزانیی نەمر لە مانگی 7ی 1943 لە سلێمانی لە گەڵ هەڤاڵەكانی بۆ دەڤەری بارزان و سەردانی بە ناو گوند و ناوچەكانی كوردستان پەیامی كوردایەتی و شۆڕشگێڕانەی بۆ خەڵكی دەڤەرەكە راگەیاند كە پێویستە هەموومان چیتر نەهێلین دوژمنان زوڵم و زۆرداری و ستەم دەرحەقی ئێمە بكەن و كوردستان دەبی ئازاد بێت. ئەو كات تەمەنم زۆر لاو بوولە بەر لێهاتووی و چاوەنەترسی وئازایەتی و عەدالەتی بارزانیی نەمر كە لە خەڵكی دەڤەرەكەمان گوێبیست بوو بووم من بۆیە ئاوات و زۆرم پێ خۆش بوو ئەو سەركردەیە ببینم،لە گەڵ چەندین هاوڕیم كاتێك جەنابی بارزانیی نەمر سەردانی گوندی ئێمەی كانیەتای كرد و باوكم پەیوەندی لە گەڵ بارزانیی نەمر هەبووە چونكە پێش شۆڕشی دووەمی بارزان لە ساڵی 1935 دیسان چەكی لە شان كردوو و خەباتی كردووە و لە خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان و بارزانیی نەمر نزیك بووە وبۆیە لەگەڵ باوكم سەردانم كرد چونكە رۆژانە خەڵك بە هەموو شێوەیەك لە دەوری كۆدەبوونەوەتا بتوانن بە ئازادی بژین دواتر پەیوەندیم بە شۆڕش كرد هەرچەندەئیمكانیات وەكوپێداویستەكانی چەك زۆر كەم بوون، ئەو چەك و تەقەمەنیەی كە هەبوون لە لای لەشكر شۆڕش بە دەست دەكەوت من خزمەتم كرد لە رووی ئامادە كردن خواردن و هەركارێك دەمزانی بۆخزمەتی شۆڕش بە خۆشحاڵیەوە ئەنجام دەدا و بەرئەكی سەرشانم دەزانی پاشان بارزانیی نەمر پەیوەندی بە هەموو سەرۆك هۆزەكانی كورد و كەسایەتیە دڵسۆزەكان كرد هەر لە دهۆك و زاخۆوە بگرە تا ئاكرێ و شەقڵاوە و پشدەر، و ناوچەكانی تری كوردستان، ئەوانیش بەڵێنی خۆیان راگەیاند بۆ بارزانیی نەمر كە بەرگری و داكۆكی لە مافەكانی گەلەكەیان بكەن ویەك هەڵوێست بن بۆ خزمەتی كوردستان.
· لە بارەیرۆڵی بارزانیی نەمر لە شۆڕشی دووەمی بارزان مام )سەدیق كانیەتایی(ئەوەی دەهاتە یاد گوتی:
شۆڕشی دووەمی بارزان درێژەپێدەری شۆڕشەكانی پێش بوو و یەك ئامانجی هەبوو ئەویش ئاواتەكانی گەلی كوردستان بەرجەستە بكات، بارزانیی نەمر رابەرایەتی شۆڕشی دووەمی بارزانی دەكرد كە بۆ ئازادی و عەدالەت بوو، بۆیە هەموو خەڵك بەشداریان كردو رۆڵی بارزانیی نەمر لە ناو لەشكر زۆر بەرچاو بوو، رۆژانە خەڵك دەهاتە ناو شۆڕش بۆ ئەوەی یەك بن لە پێناو رزگاركردنی كوردستان.بەڵام ئیرادەی ئێمە بەرز بوو،چونكە بارزانیی نەمر رابەری ئێمە بوو، هیچ جیاوازی نەدەكرد لەگەڵ لەشكرو هەموو كاتێك خۆی بە خزمەتكاری خەڵك دەزانی و ئێمەش لە ناخۆشترین وەختی شەڕ دەستكەوتمان بە دەست دەهێنا و بۆیە چەك بۆ بەرگری لە خاك و گەل بوو لە پێناو كوردستان چەندین پولیسخانە وەك شانەدەر و بارزان و مێرگەسۆڕ و خیروزەك و هتد و فەوجی جەیش و جاشمان لە ناو دەبرد و گەورەترین دەسكەوتن بە دەستمان دەهێنا بۆ كوردایەتی.
· لە درێژە قسەكانی لە بارەی هەندێك لە سیفەتەكانی بەرزی رابەری كورد بارزانیی نەمر لە شۆڕشی دووەمی بارزان مام (سەدیق كانیەتایی) گوتی:
بارزانیی نەمر هەموو تەمەنی خۆی تاكو كۆچی دوایی خزمەتی بە كوردستان كرد، رابەریكی پڕ ئەزموون بۆ كوردستان بوو، بارزانیی نەمر هەمیشە لە شۆڕشی دووەمی بارزان هەمیشە ئامۆژگاری لەشكری دەكرد و دەیفەرموو: نابی ئێمە لەو بارودۆخە ناخۆشە و نەبوونی ئیمكانیاتی پێویست ورەی خۆمان دابەزێنین بەڵكو دەبێ هەر خوراگر و چاونەترس و گیانفیدا بین و لە مردن نەترسین، بارزانیی نەمر هەمیشە لە شۆڕشەكان بەردەوامی تەنها بۆ كوردایەتی بوو مرۆڤێكی كوردپەوەر بوو هەمیشە پشت بە خوای گەورە خەباتی دەكرد، بارزانیی نەمر لە هەموو بواریك شارەزا بوو و هیچ كاتێك زوڵم و غەدری قەبول نەدەكرد و مرۆڤێكی عەدالەتخواز و ئاشتی خواز بوو، هەمیشە بارزانیی نەمر دەیفەرموو: خزمەتی راست ئەوەیە كە هەركارێك كە پێیان سپاردی زۆر بە دڵسۆزی بیكەیت و چاوەت لەوە بێت كە خزمەت بە میللەت دەكەی بۆیە بارزانیی نەمر هەمیشە ئەو بەرپرسەی خۆش دەویست كە خزمەت بە كوردستان بكات و شارەزا بوو لە نەخشە و پلانی عەسكەری گەورەترین زەربەی لە دوژمن دەدا، بارزانیی نەمر ئەوەند سیفەتە باشی هەبوو كە من بە سەدان لاپەڕە تەواو نابیت و هەمیشە لە ناو شەڕەكان بارزانیی نەمر نەیدویست خوێنی پێشمەرگەیەك بڕژێت، بارزانیی نەمر باوەری بە شۆڕش و دوا رۆژی میللەت هەبوو و هەمیشە دەیفەرموو لە پێناو كوردستان شەڕی مان و نەمان دەكەین و زۆر گەیشت بین بوو بە دوا رۆژی كوردستان.بۆیە ئێمە پێشمەرگە لە هەموو شۆڕشەكان بە مان و نەمان لە گەلی دا بووین چۆنكە بروا ئومێدیكی زۆرمان پێ هەبوو و ئەو رابەرمان ئەوەندە خۆش دەویست كە هەتا هەتا قەدلە بیرمان ناچێت و هەردەم لە ناو دڵمان دایە.
· ژیانی پێشمەرگایەتی تۆی فێری چ كرد مام سەدیق كانیەتایی گوتی:
ژیانی پێشمەگایەتی ئێمە فێرە سەبر و تەحمول كرد و من لە تەمەنی لاویەتی باوریم بە شۆڕشی بارزانیی نەمر لە پێناو كوردستان بووە و من بەشداریم كردووە لە بەرگری كردن كۆماری كوردستان لە مەهاباد كە بەخۆی لەویشدا بارزانیی نەمر هەمان بیروچونی كوردایەتی هەبوو بۆیە دەڵێم ژیانی پێشمەرگایەتی ئێمەی فێر كردوو هەمیشە دەبی لە گەڵ حەق و راستی بین و همیشە خۆمان بە خزمەتكاری میللەتی بزانین و هەمیشە ئێمە لە گەڵ فەرموودەكان وئامۆژگاریەكانی بارزانیی نەمر بووینە چونكە ئەو ئیمەی فێرە كوردایەتی كردووە كە هەمیشە بۆكوردستان فیداكار بین بۆیە ژیانی پێشمەرگایەتی بارزانیی نەمر وەك پێشمەرگە بووە و هەمیشە خۆی وەك پێشمەرگەیەك بە خزمەتكاری گەلی دەزانی جا باشترین سیفەتە بۆ پێشمەرگایەتی كە ئێمەش وك بارزانیی نەمر هەمان هەڵویستمان هەبێت بۆ كوردستان .
· لە كۆتاییدا بۆ یادی 70 ساڵەی شۆڕشی دووەمی بارزان مام (سەدیق كانیەتایی) گوتی:
كە یادی شۆڕشی دووەمی بارزان دەكەم یادی بەرگری لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد كە چۆن لە گەڵ بارزانیی نەمر خەباتم دەكرد یادی رۆژەكانی سەختی كە بەمان نەمان لە گەڵ 500 لە هەڤاڵانلە گەڵ رابەرمان بارزانیی نەمر كە بە مان و نەمان رێگای سەختی لە پیناو كوردستانمان هەڵبژارد پەنامان بردە سۆڤیەتی جاران و یادی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان لە یادم دەهینتەوە كە هەریەك خەباتَكی كوردایەتی بوو لە پێناو ئەمڕۆ، ئێستا كە یادی ئەو رۆژانە سەرسەختانە دەكەین و ئەوەی دەتوانم بڵێم من هەتا دەمرم خۆم بە پێشمەرگە بارزانیی نەمر دەزانم و هەروەها ئێستا ئێمە لە كوردستانی ئازاد دەژین وەك جاران نەبوو و هەتا ئەو ئاڵایەی كە لە كاتی تێكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد دا كە پێشەوای كوردان قازی محەمەد دایە دەستی بارزانیی نەمر كە بە ئەمانەت بپارێزێت ئێستا ئەو ئاڵای سەرسەختانەی كە رۆژانی ناخۆشی دا بوو و بۆیە ئاواتی بارزانیی نەمر كە رۆژێك لە رۆژان هەڵدەرێتەوە كە ئاواتی بارزانیی نەمر هاتە گەیاندن و ئەو ئاڵای كە ئێستا بە چاوی خۆم بینی لە سەر دام دەزگایەكانی كوردستان هەڵدراێتەوە و ئەو ئازادی كە ئێستا هەمانە بەرهەمی خەباتی بارزانیی نەمر و پێشمەرگەكانی قارەمانەكانی كوردستان كە لە شۆڕشەكان بارزان و كۆماری كوردستان لە مەهاباد و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و گوڵانی پێشكەوتنخواز و خوێنی هەزاران شەهیدی كوردستان و نابی ئەو دەسكەوتانە لە بیر بكەین و دەبی گەنج و لاوانی ئیرو و هەتا نەوەكانی دوای رۆژی بڵێن كە هەروەها بە خورایی نەهاتەو دەست لە سایەی ئەوان ئێمە ئەمڕۆ خاوەن ئاڵای كوردان و حكومەت و پارلەمان و خاوەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانین ئەویش سەرۆك مسعود بارزانیەو وەكو باوكی رۆحی نەتەوەییمان بەردەوام خەبات دەكات بۆ ئاشتی و سەرفرازی و تەبایی و بەرقەراری سەروەری كوردستان، بۆیە پێویستە هەموومان بەیەك دڵی پاڵپشتی سەرۆك بارزانی بین. لە كۆتایی دا هەر شكۆدار بێت 70مین ساڵیادی شۆرشی دووەمی بارزان 1943-1945 و شۆرشەكانی تری كوردستان، درودی خۆم بۆ هەموو شەهیدانی كوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر وكاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو دەنێریم. سوپاس بۆ بەرێزتان و رۆژنامەی خەبات كە ئێمەتان بەسەر كردەوە.هەر بژی كوردستان . هەر بژی بارزانی
تیبینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4361)رۆژنامەی خەبات لە(11-7-2013) بڵاو بوویتەوە.




