مودێلی توركیا
فێكرەت بلا
لە رووی ئەزموونی دیموكراسی و ئاشتی كۆمەڵایەتییدا توركیا بە نیسبەتی وڵاتانی عەرەبی وڵاتێكی زۆر پێشكەوتوو و مودێرنە. هەر چەند جار جار كوودەتا سەربازییەكان هەوڵی راگرتن و بێدەنگ كردنی دیموكراسیەتی توركیایان دابێت، بەڵام توركیا توانیویەتی لە رووی كۆمەڵایەتییەوە ئاشتی نێوخۆیی و ئاشتی كۆمەڵایەتی خۆی بپارێزێت و لە رووی سیاسیشەوە توانیویەتی كە دیموكراسیەتی خۆی ئەوەندە بەهێز بكات و پێش بخات كە لەگەڵ یەكیەتی ئەورووپادا دەست بە گفتووگۆ بۆ ئەندام بوونی خۆی بكات.
هاوكات لەگەڵ بەرز بوونەوەی ئاستی متمانەی خەڵك بە دیموكراسی ئاستی زانستی سیاسی كۆمەڵایەتیش لە نێو رای گشتی توركیادا پێشكەوتنێكی بەكجار بەرچاوی بە خۆیەوە بینوە. ئەگەر وڵاتێك خاوەن خەڵكێكی مسڵمان و دەوڵەتێكی ئاینی بێت ئەوا جیاوازی زۆری كۆمەڵایەتی لە نێو خەڵكدا روودەات، چوونكە مسڵمان بوونی خەڵك شتێكە و ئاینی بوونی دەوڵەت شتێكی دیكەیە. بێگۆمان ئەم جیاوازییانەیش تەنیا لە لایەن رژیمە سكولار و لائیكەكانەوە دەردەكەوێتە پێش و خەڵكی هەستی پێ دەكات. ئەگەر وڵاتێك خەڵكی مسڵمان بێت و دەوڵەتەكەیشی دەوڵەتێكی ئاینی بێت ئەوا سەپاندنی دیموكراسی یا خۆی سەقامگیر كردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا ئەستەمە، بەڵام ئەگەر لە وڵاتێكدا خەڵك مسڵمان بن و دەوڵەتیان دەوڵەتێكی سكولار یا لائیك بێت ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت دیموكراسی لە نێو ئەم جۆرە وڵاتانەدا پەیڕەو بكرێت و دیموكراسیەتی ئەم جۆرە وڵاتانەیش زۆر بە خێرایی پێشكەوتن بە خۆیەوە دەبینێت. بۆیە وڵاتانی عەرەبی تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە ئاستێكی باشی دیموكراسی. بۆ نموونە میسر كە لەم رۆژانە رووبەرووی كوودەتا بووەتەوە، خەڵكی مسڵمانە و دەوڵەتەكانیشی دەوڵەتی ئاینی بوونە بۆیە، دیموكراسی و ئاستی دیموكراسی لەو وڵاتەدا پێش نەكەوتووە. ئەمرۆیش ئەگەر لە میسر خەڵك لە ژێر سایەی رژیمێكی سكولار و لائیكدا هەوڵ بۆ بەردەوام كردنی ژیانی سیاسی خۆی نەدات ئەوا سەپاندنی دیموكراسی لەو وڵاتە زۆر زۆر ئەستەم دەبێت.
| ئەگەر وڵاتێك خاوەن خەڵكێكی مسڵمان و دەوڵەتێكی ئاینی بێت ئەوا جیاوازی زۆری كۆمەڵایەتی لە نێو خەڵكدا روودەات، چوونكە مسڵمان بوونی خەڵك شتێكە و ئاینی بوونی دەوڵەت شتێكی دیكەیە |
یەكێك لە سەرچاوە هەرە مەزنەكانی بەهاری عەرەبی و كێشەكانی سەردەمی بەهاری عەرەبی مسڵمان بوونی خەڵك و ئاینی بوون دەوڵەت و نەبوونی دەوڵەتێكی سكولار و لائیك لە وڵاتە عەرەبییەكاندایە. هەر چەند بە هۆی بەهاری عەرەبییەوە چەندین دیكتاتۆر لەو وڵاتانەدا رۆخاون، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە دیموكراسیەتێكی راستەقین و سەردەمییانە لەو وڵاتانەدا پەیڕەو بكرێت. هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە ئەو كەسانە كە دیكتاتۆرەكانیان رۆخاند نەیانتوانی لە جێگایاندا دەوڵەتێكی سەردەمییانەی سكولار دابمەزرێنن بە پێچەوانەوە رێكخراوە ئیسلامی و ئاینییەكان توانیویان ببنە هاوبەشی دەسەڵات، و ئەم هاوبەشییەی رێكخراو و گرووپە ئیسلامییەكانیش لە بەردەم پەیڕەو كردنی سیستەمێكی دیموكراتیك لەو وڵاتانەدا ئاستەنگە. خەڵكی وڵاتانی عەرەبی هەنگاوێكی باشی بەرەو دیموكراسییەت نا بەڵام ئەم هەنگاوە هەر زۆر لە لایەن گرووپە دەسەڵاتدارە ئاینییەكانەوە بێ ئەنجام كرا، بۆیە ئەگەر عەرەب و وڵاتانی عەرەبی دەیانەوێ دیموكراسیەتێكی راستەقین و ئاشتی كۆمەڵایەتی سەقامگیر بكەن ئەوا پێویستە وەكو توركیا مودێلێكی سیاسی و ئاینی پەیڕەو بكەن تا بتوانن لە سایەی دەسەڵاتی دەوڵەتێكی سكۆلاردا بنگەنە دیموكراسییەت و ئاشتی كۆمەڵایەتی.
توركیا وڵاتێكە كە زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی مسڵمانە، دەسەڵاتی توركیایش دەسەڵاتێكی مسڵمانە بەڵام پیوانەكانی دەوڵەتی توركیا پیوانی سكۆلاری و لائیك و لائیزمە بۆیە توركیا توانیویەتی جۆرەیەك دیموكراسیەتی تایبەت بە خۆی نیشانی جیهان بدات و توركیا ئەمرۆیش دەتوانێت بۆ وڵاتە عەرەبییەكان ببێتە مودێلێك و سوود لە ئەزموونی توركیا وەربگرن و بەمجۆرە دیانەت با دیانەت بێت و سیاسەت با سیاسەت و دیموكراسیش با دیموكراسی بێت.
دەبێتە ئەم سێ خاڵە تەواوكەری یەكتر بن نە لە بەردەم پێشكەوتن و پێشخستنی یەكتردا ببنە ئاستەنگ. ئەگەر، مسڵمان بوونی خەڵك، مسڵمانی بوونی دەسەڵاتی توركیا و لائیك و سكۆلار بوونی توركیا لە بەردەم پێشخستنی یەكتر ببووبانا بە ئاستەنگ بێگۆمان ئەوا بارودۆخی ئەمرۆی توركیا لە بارودۆخی وڵاتە عەرەبییەكان ئاڵۆزتر دەبوو، بەڵام توركیا توانی مسڵمانی بوونی خەڵكی خۆی، مسڵمان بوونی دەسەڵاتی خۆی و سكولار بوونی دەوڵەتی خۆی وەكو پردێك بۆ پێشخستنی دیموكراسیەتی خۆی و ئاستی زانستی سیاسی خەڵكی خۆی بكار بهێنێت.
| توركیا توانی مسڵمانی بوونی خەڵكی خۆی، مسڵمان بوونی دەسەڵاتی خۆی و سكولار بوونی دەوڵەتی خۆی وەكو پردێك بۆ پێشخستنی دیموكراسیەتی خۆی و ئاستی زانستی سیاسی خەڵكی خۆی بكار بهێنێت |
توركیایش وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەراستە و ئەگەر هەر وەكو رابردوو بەرێوە برابایا ئەوا ئەمرۆ توركیا نەیدەتوانی لەگەڵ یەكیەتی ئەورووپادا باسی پێشكەوتنی دیموكراسیەتی خۆی بكات و داوای ئەندام بوونی خۆی لەو یەكیەتییەدا بكات، بەڵام خەڵكی توركیا زۆر بە خێرایی چاوی خۆی كردەوە و خۆی لەگەڵ دونیا سەردەمدا گونجاند و خۆی لە بەند و ریسای كۆنی سیستەمی سیاسی رابردوو رزگار كرد، ئەگینا توركیاش ئەمرۆ یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە رووبەرووی كێشەی دەسەڵات و دیموكراسی دەبوویەوە.
وڵاتانی عەرەبی ناتوانن دیموكراسیەتی ئەمریكایی یا دیموكراسیەتی ئەورووپایی بۆ خۆیان بكەنە مودێل، چوونكە دیموكراسیەتی ئەم وڵاتانە بە پێ كۆمەڵگەیەكی سكۆلار دامەزراوە و بنەماكانی دیموكراسی و كۆمەڵگە هەر یەك بنەمان، بەڵام لە وڵاتانی عەرەبیدا خەڵك مسڵمانە و دەسەڵاتیش ناتوانێت بنەمایەكی سكۆلاری لە سەر خەڵك بسەپێنێت، بۆیە باشترین رێگای رزگاری وڵاتانی عەرەبی لەو قەیرانەی ئێستا ئەوەیە كە سیستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی توركیا بۆ خۆیان وەكو مودێل دابنن و سوود لە ئەزموونی توركیا وەربگرن. بۆ نموونە خەڵكی میسر دەتوانێت بە بێ ئەوەی كە خوێنی خۆی برژێت لە چوارچێوەی سیستەمێكی لائیك و سكۆلاردا بگاتە ئەو دیموكراسییەی كە داوای دەكات، بەڵام بە گۆڕینی ئەم كەس و ئەو كەس و گۆڕینی پارت و دەسەڵاتەكان دیموكراسی و ئاشتی كۆمەڵایەتی باڵ بە سەر وڵاتدا ناكێشێت. ئەوەی ئەمرۆ میسر و خەڵكی میسر پێویستییان پێیە سكۆلاریزم و لائیزمە.
سەرچاوە. میللیەت




