٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سیاسەتباز، سیاسەتمەدار و ڕێبەری نەتەوەیی

سەرچاوە: KDP.info

نەزهەت حالی

سیاسەت هەم هزرە و هەم زانست، هەم كردارە و هەم رەفتار، سیاسەت پیشەكان، سیاسەتمەدار بن یا سیاسەتباز لە وتە و گوفتارەکانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتی دەخولێنەوە، هەریەكەو بە مەرامێك ئەم چەمكە بە گوێی بیسەران دەگەیەنێت. سیاسەتبازان كۆیلەی بەرژەوەندیی كەسیی خۆیانن، سیاسەتمەداران پێچەوانەی ئەوانن، سیاسەتبازان هەموو ئامرازەکانی بەردەستیان لە دەسەڵات و پارە و راگەیاندن و خاپاندن .. تاكو نیازپاكیی خەڵك و بەرژەوەندیی گشتی تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار دەهێنن، ئەوان كەسی بێوەفان، تەنیا وەفایان بۆ ئەو كەسانە هەیە كە ڕێخۆشكەرن بۆ دابینكردنی بەرژەوەندییەكانیان. سیاسەتباز مەرج نییە زانا و دانا بێت، بۆیە بۆشایی مەعریفە و زانستیی خۆی بە فرت و فێڵ پڕ دەكاتەوە، گەر هەندێك زانستیشی هەبێت لەبەر خۆپەر‌ستی و نەبوونی نیازپاكی، زانستەكەی بەهای نییە.

بەڵام سیاسەتمەدار دەبێت زانا و دانا و وریا بێت بۆ ئەوەی فێڵی لێ نەكرێت، نەك بۆ ئەوەی فێڵ لە كەس بكات، هەر بۆیە رەچاوی وەفاداری دەكات، سیاسەتمەدار گەر بەرژەوەندیی خۆشی بوێت تا ئەو رادەیە خۆپەرست نییە كە بەرژەوەندیی گشتی بكاتە قوربانیی بەرژەوەندیی خۆی. مەترسیی سیاسەتبازان لە كایەی سیاسیی وڵاتێكدا شتێكی كەم نییە و تەنیا هۆشیاریی خەڵكە ئەم مەترسییە دەڕەوێنێتەوە، هەموو مرۆڤێك خاوەن بەهرەی لێكجیاكردنەوەی شتی باش و خراپە، بۆیە هاووڵاتیان دەتوانن گوفتار و كرداری سیاسەتبازان و سیاسەتمەداران لێك جیا بكەنەوە، هەرچەندە زۆر جار سیاسەتبازان دەیانەوێت خەڵك بخاپێنن، بەڵام لەبەر ئەوەی هەندێك جار خۆیان باوەڕیان بە وتەكانی خۆیان نییە، كرداریان لەگەڵ وتەكانیان یەك نییە هەر بۆیە زۆرینەی خەڵك متمانەیان پێ ناكات.

سیاسەتباز ناتوانێت تاكو ماوەیەكی درێژ متمانەی خەڵك بۆخۆی مسۆگەر بكات بە پێچەوانەی سیاسەتمەداری راستەقینە كە وتەكانیان لە ناخیانەوە بە راستگۆیانە هەڵدەقوڵێت و كاریگەری دەكاتە سەر ناخی خەڵك.

رێبەری نەتەوەیەك كە بۆ رزگاریی نەتەوەكەی تێكۆشاوە و تێدەكۆشێت و پرسی نەتەوەكەی بەرەو پێشەوە بردووە، سیاسەتمەداری هەرە راستەقینەیە، كار بۆ دابینكردنی مەزنترین بەرژەوەندیی گشتی دەكات كە ئەویش ئازادیی گەلەكەیەتی. لەو پێناوەدا ئامادەیە قوربانی بە هەموو بەرژەوەندییە كەسییەكانی بدات، رێبەری نەتەوەیی ئەو كەسەیە كەس ناتوانێت متمانەی زۆرینەی گەلەكەی لێ وەربگرێت، چونكە تەنیا یەك بەرژەوەندیی سەرەكی هەیە كە ئەویش رزگاری و بەختەوەری و خۆشگوزەرانیی گەلەكەیەتی.

رێبەر بە بەردەوامی لە ژێر هەڕەشەی ناو‌خۆ و دەرەكیدایە، لە ناو‌خۆ لە ژێر هەڕەشەی سیاسەتبازان و بەرژەوەندپەر‌ستاندایە، سیاسەتبازان نایانەوێت بەرنامەی رێبەر سەر بگرێت و بەرژەوەندپەر‌ستانیش كە زۆر جار لە بەرچاوی خەڵك خۆیان بە دڵسۆزی رێبەر دادەنێن، بە كارە خراپەكانیان لە پێگەی رێبەر دەدەن.
ئێمە لە كوردستان وەكو هەموو وڵاتان، سیاسەتباز و سیاسەتمەدارمان هەن، بەڵام تەنیا یەك رێبەری نەتەوەیی سیاسەتمەدارمان هەیە كە بە دڵ و گیان لەگەڵ گەلەكەیەتی، ئەو رێبەرە، سەرۆك مەسعود بارزانییە.

سیاسەتمەدارە راستەقینەكان هیچ كات هەوڵی سەرنەكەوتنی رێبەر نادەن، ئەوان لە رووی سیاسییەوە كەسی تێگەیشتوو و پێگەیشتوون، هەر بۆیە زۆر بە چاكی لە پێگە و گرنگیی رێبەر تێدەگەن. رێبەر لە قەیرانەكان بڕیاری دروست دەدات كە رەنگە لە سەرەتاوە خەڵكانێك پێیان هەڵە بێت، بەڵام لە ئەنجامدا دەزانن كە ئەوان هەڵە بوون و بڕیاری رێبەر لە بەرژەوەندیی گشتیدا بووە.
بۆ ئێمەی كورد، بارزانی رێبەری نەتەوەیە، دەبێت دڵنیا بین لەوەی لە قەیرانە سیاسییەكان دەربازمان دەكات، بە مەرجێك هەموومان بە تایبەتی سیاسەتمەدار و رۆشنبیرانمان رێگە نەدەین سیاسەتبازان و بەرژەوەندپەرستانی ناوخۆ و دوژمنە دەرەكییەكانمان پیلانەكانیان جێبەجێ بكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار