لایەنەكان هیچ جدییەتێكیان بۆ قۆناغی چارەسەری نییە
مەتین ئوزكان
چەند رۆژی رابردووی هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی سەلاحەدین دەمیرتاش لە بەرنامەیەكی تایبەتی كەناڵی خەبەرتوركدا باسی رووداوەكانی ناوچەكەی كرد و وتی: ئەگەری دامەزراندنی سێ دەوڵەتی كوردی لە عێراق، سووریا و ئێران لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەگەرێكی زۆر بەهێزە. دەمیرتاش باسی دەوڵەتی كوردی لە توركیا نەكرد. لە سەرەتای دیمانەكەیدا تا كۆتایی دیمانەكە بە هیچ شێوەیەك باسی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لە توركیا نەكرد. وابزانم نەیەویست بە وتەكانی خۆی بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بكات.
راستییەكە ئەوەیە كە هەر چەند سەلاحەدین دەمیرتاش باسی توركیای و دەوڵەتی كوردی لە توركیا نەكرد، بەڵام هیوا و ئاواتی سەرەكەیان دامەزراندنی دەوڵەتێكی هاوبەشی كوردی لە هەر چوار پارچەی كوردستانە. سەلاحەدین دەمیرتاش یەكێكە لەو كەسانە كە زۆر دەیەوێ دەوڵەتێكی یەكگرتووی كوردی لە هەر چوار پارچەی كوردستان دابمەزرێت، بەڵام كاتێك كە باسی ئەو دەوڵەتە دەكرێت، نایانەوێ توركیا بخەنە نێو مەسەلەكەیەوە و بەمجۆرە دەیانەوێ رای گشتی توركیا ئارام بكەنەوە.
| هیوا و ئاواتی سەرەكەیان دامەزراندنی دەوڵەتێكی هاوبەشی كوردی لە هەر چوار پارچەی كوردستانە |
بەڵام توركیا ئێتر لە لایەن پادشا كەڕەكانەوە بەرێوە نابرێت و خەڵكی توركیایش كەڕ نییە، هەر كەس دەزانێت كە ئارمانجی نەهایی كورد لە رۆژهەڵاتی ناویندا دامەزراندنی دەوڵەتێكی یەكگرتووی كوردە و بەدەپەیش بۆ ئەم مەبەستە چی لە دەستی دێت دەیكات. لە چەند رۆژی رابردوویش پەرلەمانتاری شاری كۆتاحیای ئاكەپە دكتۆر ئیدریس راپۆرتێكی سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆك وەزیری توركیا كردبوو و زۆر بە ئاشكرایی باسی چۆنیەتی دامەزراندنی دەوڵەتی یەكگرتووی كوردی كردبوو.
ئیدریس باڵ لەم راپۆرتەی خۆیدا داوای لە سەرۆك وەزیر و ئەنجومەنی وەزیرانی توركیا كردووە كە پێویستە زۆر بە جدی نزیكی قۆناغی چارەسەری ببنەوە و دەبێت هەوڵ بۆ سەرخستنی ئەم قۆناغە بدەن چوونكە ئەگەر بێتۆ قۆناغی چارەسەری پرسی كورد هەرەس بهێنێت و نەگاتە ئەنجام ئەوا زەرەری یەكجار زۆری بۆ توركیا دەبێت و توركیا ناتوانێت پێشی لە رووداوە نەخوازراوەكانی دوای هەرەس هێنانی قۆناغی چارەسەری بگرێت.
ئیدریس باڵ باسی ئەوە دەكات كە ئەگەر قۆناغی چارەسەری تێك بچێت و نەگاتە ئەنجامی خۆی ئەوا كوردانی توركیا لەگەڵ كوردانی عێراق و سووریا دەست بە دامەزراندنی دەوڵەتێكی هاوبەشی كوردی دەكەن و دواتریش كوردانی ئێران دەخەنە نێو چوارچێوەی دەوڵەتی كوردییەوە. لەو رۆژانە كە ئیدریس باڵ باسی ئەم رووداوانەی دەكرد، لە سەر فەرمانی ئوجەلانیش كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك دەستی بە رێكخستنی كۆنفرانسی جۆراوجۆر لە ژێر ناوی كۆنفرانیسی یەكیەتی باكووری كوردستان كرد. یەكێك لە كۆنفرانسەكانی چارەسەری و یەكیەتی باكووری كوردستان لە دیاربەكر بەرێوە چوو. كاتێك ئەم كۆنفرانسە بەرێوە دەچوو و باسی یەكیەتی باكووری كوردستان دەكرا، لە مەیدانی تەقسیم و پاركی گەزیدا توركیایش خەریكی خۆپێشاندان و دەربڕینی نارەزایەتی خۆی لە بەرامبەر بریارەكانی حكوومەت بوو.
| ئەم كۆنفرانسە بەرێوە دەچوو و باسی یەكیەتی باكووری كوردستان دەكرا، لە مەیدانی تەقسیم و پاركی گەزیدا توركیایش خەریكی خۆپێشاندان و دەربڕینی نارەزایەتی خۆی لە بەرامبەر بریارەكانی حكوومەت بوو |
كۆنفرانسەكەی دیاربەكر زۆر سەرنجراكێش بوو و ئەوەی سەلماند كە كوردیش هەر بە ئەوەندەی حكوومەتی توركیا بە جدییەتەوە نزیكی قۆناغی چارەسەری دەبێت. من لەو كۆنفرانسە تێگەیشتم كە كورد بێ منەتە و بە حكوومەت دەڵێت ئەگەر چارەسەر دەكەی بكە ناكەی ئێمە بۆ خۆمان یەكیتەی خۆمان دادەمەزرێنن و پرسی خۆمان چارەسەر دەكەین. بێجگە لە رۆژانی كۆنفرانسەكە هاوكات ماوەی چەند هەفتەیە كە لە توركیا میدیا كوردییەكان و سیاسەتی كوردی دەستی بە بەكار هێنانی وشەی باكووری كوردستان كردووە و ئەم وشەیە بووەتە بنیشكی دەمی سیاسەتمەدار و روشنبیرە كوردەكان و هیچ كەس و لایەنێكی توركیاییش لێیان ناپرسێت ئەرێ زەحمەت نەبێت باكووری كوردستان كامەیە و لە كوێیە و سنوورەكانی كامانەن؟ ئەمە زۆر گرنگ و سەرنجراكێشە.
بێگۆمان بمانەوێ و نەمانەوێ كاتێك كە باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و باكووری كوردستان دەكرێت ئەو پرسەمان لا دروست دەبێت كە ئایا زل هێزە جیهانییەكان دەیانەوێ لە چوارچێوەی خۆرهەڵاتی ناوەراستی گەورەدا توركیا پارچە بكەن و نەتەوە دەوڵەتەكانی رابردوو لاواز بكەن و نەتەوە دەوڵەتی نوێ دابمەزرێنن؟
پێم وابێ ئەم جۆرە كۆنفرانسانە جۆرەیەكی تاقی كردنەوەیە، تاقی كردنەوەی رای گشتی كۆمەڵگەی توركیا و زل هێزەكان لە پشت ئەم تاقیكردنەوەدان و دەیانەوێ بەمجۆرە بزانن كە هەڵوێستی كۆمەڵگەی توركیا چییە. چوونكە لە كۆنفرانسەكەی دیاربەكر و ئەورووپادا سەرەڕای ئەوەی كە كورد داوای بەرێوەبەرایەتی و دەسەڵاتی تایبەتی بۆ باكووری كوردستان دەكات هاوكات داوای ئەوە دەكات كە زمانی كوردیش بكرێتە زمانی رەسمی.
خاڵێكی دیكەی سەرنجراكێش ئەوەیە كە كورد و حەرەكەتی سیاسی كوردی لەم رۆژانەی دواییدا باسی ئەوە دەكات كە كورد مافی خۆی هەیە لە نێو دوو بژاردەی خۆسەری و فیدراسیوندا یەكێكیان هەڵبژێرێت. ئەم وتانەی حەرەكەتی سیاسی كوردی بە جۆرەیەك تەواوكەری لێدوانەكانی سەلاحەدین دەمیرتاشن، دەمیرتاش باسی سێ پارچەی كرد بوو بەڵام لێدوانەكانی حەرەكەتی كوردی ئەوە دەسەلمێنن كە كوردانی توركیایش خۆیان وەكو چوارەمین بەشی دەوڵەتی یەكگرتووی كوردی ئامادە كردووە. بێ خۆدی نییە كە ئوجەلان و پەكەكە و بەدەپە دەسەڵاتی توركیا بەوە تاوانبار دەكەن كە ئامادە نییە بۆ دەستپێكردنی مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری هەنگاو بنێت. لە بەرامبەریشدا حكوومەتی توركیا دەڵێت هێشتا مەرحەلەی یەكەم بە كۆتا نەهاتووە و پەكەكە هێزەكانی خۆی نەكێشاوەتەوە و تا پرۆسەی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە بە كۆتای نەبێت مەرحەلەی دووەم دەست پێ ناكات. بەڵام لە بەرامبەریشدا پەكەكە بانگەشەی ئەوە دەكات كە مەرحەلەی یەكەم بە سەرۆكەوتوویی بە كۆتا هاتووە بەڵام حكوومەت نایەوێ مەرحەلەی دووەم دەست پێ بكات.
ئەم لێدوانە دژە یەكانەی حكوومەت و پەكەكە بە مانای نەبوونی جدییەتی هەر دوو لا بۆ قۆناغی چارەسەرییە و وا بزانم زەرەرمەندی یەكەمیش توركیا بێت چوونكە رووبەرووی پارچە بوون دەبێتەوە.
سەرچاوە. گۆنەیش




