ئەمەریکای دیموکراسی، شەڕی ئەلەکترۆنی دەکات
غازی حەسەن
ماوەیەکە دونیا خەریک کراوە بە هەواڵی راکردنی یەکێک لە بەرپرسەکانی هەواڵگری ئەمەریکا لە چینەوە بۆ روسیا و گیرخواردنی لەفڕۆکەخانەی ئەو وڵاتە. تەنیا هەندێک مەزەندەی ئەوە دەکەن دوور نییە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و روسیا جارێکی دیکە لە سەرینی بەدەستەوە نەدانی ئیدوراد سنودن لە لایەن سەرۆکی روسیاوە بەرەو گرژی بڕاوت. چونکە ئەم پسپۆرە ئەمەریکییە کە بواری زانیارییەکان کاری کردووە، کۆمەلێک زانیاری گرینگی لەمەڕ چۆنیەتی چاودێریکردنی هاووڵاتیان لە لایەن ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریکاوە بڵاوکربۆوە. ئەمەش بووە مایەی کێشەیەکی زەق لە رووی یاسایی و سیاسیی لە ئەمەریکا و ئەو وڵاتەنەی دەیانەوێت شوێنی حەوانە بۆ ئیدوار پەیدابکەن.
ئەمەریکا پاسەپۆرتی "ئیداورد سنۆدنی" لەغو کردۆتەوە، ئەوە نزیکەی هەفەتەیەکە دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی "هۆنگ کۆنگ" دەرچوو، لە فڕۆکەخانەی "تشیریمیتڤۆ" گیری خواردووە. سەرۆکی روسیا فلادیمێر بۆتین دەڵێت لە روسیا هیچ یاسایەک نییە، تاکو کەسێکی وەکو ئیدوارد رادەستی ئەمەریکا بکەینەوە. لە کاتێکدا ئەمەریکا چەند ساڵێک بەر لە ئێستە بەهەمان تۆمەت چەند روسیاییەکی رادەستی وڵاتەکەیان کردەوە.
| کۆمەلێک زانیاری گرینگی لەمەڕ چۆنیەتی چاودێریکردنی هاووڵاتیان لە لایەن ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریکاوە بڵاوکربۆوە. |
دایکی ئیدواردی ئەشقیا بوو، دەڵێت کوڕەکەم بەسێ مەرج ئامادەیە بگەڕێتەوە ئەمەریکا، ئەویش ئەوەیە پێش دادگایی کردنی نەگیرێت و هەروەها بێدەنگ نەکرێت و خۆی شوێنی دادگایکردنەکەی هەڵبژێرێت. ئەم دایکە بە کەنالی ئێن بی سی ئەمەریکایی راگەیاند کە کوڕەکەی خیانەتی لە حکوومەتی ئەمەریکا کردووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک خیاتەتی لە گەڵ و ئەمەریکا نەکردووە.
هەر لەم رۆژانە دیسان لە ئەمەریکای دیموکراسی کە دەیەوێت سیستەم و ئەخلاق و بنەماکانی دیموکراسی لەسەرتاسەری دونیا بینابکات، دەست بە لێکۆڵینەوە لە گەڵ ژەنەرالێکی خانەنشینی سەربازی دەکات، ئەمەشیان هەر پەیوەستە بە بواری ئەلەکرتۆنی و بڵاوبوونەوەی زانیاری لە مەر پلانە نهێنییەکانی ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. سەرچاوەیەکی نەناسراو لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا بڵاویکردۆتەوە کە لێکۆڵینەوە لە گەڵ ژەنەرالی خانەنشین "جێمس کارتریت" دەکەن، بە تۆمەتی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی شەڕی ئەلەکرتۆنی کە ئەمەریکا دژی ئێران بەرێوەی دەبات. ئەم ژەنەرالە پێش ئەوەی خانەنشین بکرێت، سەرپەرشتی پرۆگرامەکانی ئەم شەڕە ئەلەکترۆنییەی بە هاوکاری لە گەڵ ئاژانسی هەواڵگری ئیسرائیل کردووە.
مەسەلەکە دیسان وابەستەیە بە پیشەی رۆژنامەگەرییەوە، لە ئەمەریکادا کە ئازادترین وڵاتە لەرووی ئازادی بیرورا و راگەیاندن، رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ساڵی رابردوو هەواڵی ئەوەی ئاشکر کرد و بڵاویکردەوە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل بەرنامەیەکی نهێنیان بەدەستەوەیە دژی ئێران. ئەویش بریتییە لە داهێنانێکی نوێ بە ناوی "ستکسنیت" کە بریتییە لە جاسوسی کردن بەسەر ئێرانەوە. کار گەیشتە ئەوەی وەزارەتی داد لێکۆڵێنەوە لە گەڵ رۆژنامەنووسەکەی نیۆیۆرک تایمز بکات، کە هەواڵەکەی بڵاوکردبۆوە و بەرنامە نهێنییە هاوبەشەکەی دژی ئێران ئاشکرا کردبوو.
| پەنای بردۆتەوە بەر بەرنامەیەکی نوێ، کە بریتییە لە داهێنان و پەرەپێدانی ڤایرۆسی ئەلەکترۆنی کە ڤایرۆسەکە ناوی "ستکسنیت"ە. ئەم ڤایرۆسە توانای هەیە لە رێگەی ئەنتەرنێت و کۆمپیۆتەرەوە جاسوسی لە نێو پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات |
دیارە زانیارییەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەم رۆژنامەنووسە زانیارییەکانی لە ژەنەرال کارتریت وەرگرتووە. هەرچەندە سەرچاوەکەی وەزارەتی داد گوتیەتی ژەنەرالەکە تاوانبار نییە، بەڵام دەبێت لێکۆڵینەوەی لە گەڵ بکرێت.
ئێمە دەزانین ئەمەریکا بەرێگەی هەمەجۆرەوە دەیەوێت فشارەکانی دژی ئێران و راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی درێژە پێبدات، بۆیە لەتەک فشاری دیبلۆماسی و سیاسی و ئابوری و هەڕەشەی لێدانی سەربازی، پەنای بردۆتەوە بەر بەرنامەیەکی نوێ، کە بریتییە لە داهێنان و پەرەپێدانی ڤایرۆسی ئەلەکترۆنی کە ڤایرۆسەکە ناوی "ستکسنیت"ە. ئەم ڤایرۆسە توانای هەیە لە رێگەی ئەنتەرنێت و کۆمپیۆتەرەوە جاسوسی لە نێو پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات، نەک هەر ئەوەش دەتوانێت لە ناو دامودەزگاکانی حکوومەتیش زنیاری کۆبکاتەوە. ئەم ڤایرۆسە وەها پەرەی پێدراوە کە وێنە و قسە کۆ بکاتەوە و بەرنامەی ئەتۆمیش پەک بخات. سەرباری پەرەپێدانی تواناکانی ڤایرۆسی دووەم بە ناوی "فیلم". ئەمانە دەتوانن چاودێری ژیانی ئاسایش لە نێو ئێران بکەن.
پرسیاری گرینگ لێرەدایە، ئەو ئەمەریکایەی لە رووی سەربازییەوە دەتوانێت بگاتە هەر شوێنێکی دونیا، هەروەها کۆمپانیا ئابورییەکانی حووکمی تەواوی بازارەکانی جیهان دەکەن و لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکانیش بە پلەی یەکەم و دەسەڵاتی یەکەم دێت. لەرووی رۆشنبریی و راگەیاندنەوە دونیایان داگیرکردووە. لە شەڕی ئەلەکترۆنیش پێشەنگن و دەیانەوێت جەنگە موستەحیلەکانیان لەم رێگەیەوە کورت بکەنەوە. لە جیاتی شەڕی کلاسیکی، هەنووکە پەنا وەبەر شەڕی ئەلەترۆنی دەبەن. ماوەیەک بەر لە ئێستە خەریک بوو کێشەیەکی گەورە لە نێوان چین و ئەمەریکا لە ئەنجامی دەستخستنە نێو تۆڕە ئەلەکرتۆنییەکان و دزینی زنیاری لە دەزگا گرینگ و نهێنییەکانی ئەمەریکا رووبدات. ئەمەریکا چەتەگەرە ئەلەکرتۆنییەکانی چینی بە دزینی زانیارییەکانیان تۆمەتبار کرد. کەواتە دوور نییە شەڕی ئەلەکترۆنی و هێرشە ئەلەکترۆنییەکان جێگەی لەشکری سەربازی بگرنەوە. بەڵام ئەمەریکا لە کاتێکدا ئەم کارانە بە نهێنی بەرێوەدەبات، چۆن ناتوانێت زانیارییە نهێنییەکانی خۆی بشارێتەوە.؟ یاخود ئامانج لە ئاشکراکردنی ئەم زانیاریانە جا ئەمە لەلایەن هەر لایەن وکەس و گروپێکەوە بێت چییە؟. ئەوە هەر لەم مانگە کێشەی (ئیدوارد و کارتیرت) ی بەروودا تەقیوەتەوە. ئەم دوو کەسە هەردووکیان لە بواری هەواڵگری و کاروباری ئەنتەرنێت و ئەلەکترۆنی کاریان کردووە و نهێنی پرۆگرامەکانی ئەنتەرنێت و شەڕی ئەلەکترۆنی ئەمەریکایان ئاشکرا کردووە.
لەراستیدا مرۆڤ کاتێک دیقەت لەمجۆرە زانیاریی و کێشانە دەدات، کێشەی ویکلیکسی بەبیردێتەوە، کە هێشتا خاوەنەکەی لە رێگەی ئیکوادۆرە دەیەوێت چارەسەری کێشەکانی بکات. کەچی بێ چارە ماوەتەوە. ئەوە دوو کێشەی دیکەشی بەسەردا هات.. تۆ بڵێی مەسەلەکە شتی دیکەی بەدواوە نەیێت. مرۆڤ کە رووداوەکان دەخوێنێتەوە، دەڵێت بۆ نا.. ئەدی راستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی زانیارییەکانی ویکلیکس بەهاری عەرەبی رووی نەدا، کە خراپترین و پڕ ستەمترین رژێمەکانی دونیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی روخاند.. شۆڕشەکانیش سەرەتا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فێس بووک و تویتەر دەستیان پێکرد و ئێستەش نەوەستاون. دوور نییە ئەمەش هەنگاوێکی دیکە بێت، بۆ دروستکردنی قەریرانێکی دیکەی جیهانی، لە پێناو گۆڕانکاری دیکەدا.. ئەو مەسەلەیە دوور نییە روسیاش بگرێتەوە، چونکە ئەوان زانیاریان لەسەر هەردوو پرۆگرامی "ستکیسنیت" و "فیلم" هەیە. هەروەسا روسەکان پەیوەندیان پرۆگرامی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیشەوە هەیە. کەواتە چی بڵێم..! هەر هێندە باشە بێژم ئەم دوو ڤایرۆسە بێ ئیرادەی خاوەنی کۆمپیۆتەرەکان دەتوانن مایکرۆفۆنەکان بەکار بێخن و قسە و ئاخاوتنەکان تۆمار بکەن، هەروەها گرتەی وێنەیی دەدزن. کەواتە شەڕەکە سەختە، بەڵام بۆچی ئەو هەموو زانیاریانە لە نێو خودی ئەمەریکا ئاشکرا دەبن. لە کاتێکدا ئەمەریکا دیموکراسییە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ئازادە، بەڵام کێشەکە گەیشتۆتە نێو هەواڵگری و پرۆگرامە نیشتیمانییەکانی ئەم وڵاتە. ئایا ئەمە پەیوەندی بە لێدانی ئۆباما و لاوازکردنی دیموکراتەکان نییە، یاخود پێچەوانە ئامانجە دوورەکان دەپێکن؟.




