حەرام كردنی شەڕی براكوژی و هەڵوێستی نەوشیروان مستەفا
سوورە مەرگەیی
دوای ئەوەی بارزانی و تاڵەبانی لە ساڵی 1998 دەرگای شەڕی براكوژیان بە رووی نەوشیروان مستەفادا داخست و دواتر سەرۆك بارزانی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی لەسەر یەكخستنی ناو ماڵی كوردو حەرام كردنی شەڕی براكوژی چڕكردنەوە، نەوشیروان مستەفا دەستی لە بنی هەنبانەی شەڕانگێزی دەرچوو، زانی كە ئیتر یەكێتی نیشتیمانی ئەو هێزە نەماوە بتوانێ بە ویستی خۆی و بە ئاراستەی خاڵی بوونەوە لە رق و ئامانجی تۆڵە كردنەوەدا بیجووڵێنی، ئەوەش وایكرد رابردووی خۆی لەبیر بكا و بیانوو بە تاڵەبانی بگرێ، بۆو مەبەستەش كەوتە هەڵدانەوەی كۆنە مەلەف و وای دەردەخست كە ناتوانێ تا سەر چاو لە هەڵەكانی تاڵەبانی بپۆشێ و، كاتی ئەوە هاتووە مێژووە هاوبەشەكەی بەجێبێڵێ و وەك خۆی دەیەوێ لە نوێ مێژوو بنووسێتەوە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئەگەر نەوشیروان مستەفا لەگەڵ پرسی كوردو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و دواڕۆژی نەتەوەیی راستگۆیە، بۆچی رازی بوو نیوسەدە كۆڵكێشی بۆ هەڵەكانی تاڵەبانی بكات؟
بە درێژایی مێژووی شەڕی براكوژی نەوشیروان مستەفا نەك هەر جێگرێكی زۆر مولایم و بە ئیلتزامی تاڵەبانی بوو، بەڵكو سوپاسالارو مارشاڵێكی سەربازیش بوو، جگە لەوەش نەبوونی كارەباو خزمەتگوزای و دەیان كێشەو گرفت و خەمی خڵك موچوڕكێكی خەمخۆری بە جەستەی سڕو تەزیوی نەوشیروان مستەفادا نەهێنا، دوای ئەوەی ئاشتەوایی نیشتیمانی و رێككەوتنی ستراتیجی و حەرام كردنی شەڕی براكوژی شوێنی نەهامەتییە نەتەوەییەكانی گرتەوە، دوای ئەوەی كۆدەنگی درووستكراو كورد بە سەنگی نەتەوەییەوە چووە ناو هاوكێشە سیاسییە ئێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان، دوای ئەوەی ئازادی وەك مافێكی سرووشتی بۆ تاكی كورد گەڕێنرایەوە، دوای ئەوەی ئەمن و ئاساییش بۆ هاوڵاتیان دابینكرا، دوای ئەوەی باروگوزەرانی خەڵك باشكراو پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری ئاراستەی درووستی خۆی وەرگرت، هەموو ئەو هەنگاوانە كە رەنگدەرەوەی خواست و داواكاری سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان بوون، نەوشیروان مستەفا بە دیتنی ئەو هەنگاوانەو بە تایبەت ئاشتەوایی نێوان پارتی و یەكێتی چاوی چوونە پشتی سەری و جارێكی ترو بە دیوێكی تردا وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی لە ئامانجە نەتەوەییەكان یاخی بۆوە.
هەموو ئەو راستییانەی سەرەوە پێمان دەڵێن: كە نەوشیروان مستەفا لە پێناو تۆڵەدا كار دەكات، فەلسەفەی تۆڵەش پێكەوە ژیانی سیاسی رەتدەكاتەوە و ئاشتی كۆمەڵایەتی لەبەریەك هەڵەدەوەشێنێ، بۆیە دەبینین مێژووی سیاسی نەوشیروان مستەفا چ وەك كەسی دووەمی ناو یەكێتی و چ وەك كەسی یەكەمی ناو بزوونەوەی گۆڕان، بە یاسای تاكڕەوی سیاسی و بۆ تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی كاری كردووە، هەر بۆیەش دوای ئەوەی مام جەلال لە نێوان داواكاری گەل و خواستی شەڕانگێزی نەوشیروان مستەفا، ئاشتی و پێكەوە ژیانی سیاسی وەك داواكاری گەل هەڵبژارد و خواستە شەڕانگێزیەكەی نەوشیروانی ڕەتكردەوە، نەوشیروان مستەفای خستە دووڕیانێكی یەكلاكەرەوە، یا دەبوو دەستبەرداری بیری تۆڵە و حەز و خولیای شەڕانگێزی ببێ، یا دەبوو خۆی بداتە دەست خواست و داواكاری گەل، هەمووشمان ئەو راستییە دەزانین كە سرووشتی سیاسی نەوشیروان مستەفا سرووشتێكی ناوازەو سیخناخ لە رقە، هەر بۆیەش دووەومی پێ قبووڵ نەكراو یەكەمیانی هەڵبژارد، سەیر لەوەدایە ئەو كابرایە ئەوەندە كەللە رەق و لاسارە نە بە هەڵەكانی مێژوودا دەچێتەوە، نە كەڵك لە دەرفەتە مێژووییەكانیش وەردەگرێ، بۆیە دەڵێم: ئەگەر رۆژێك لە رۆژان خوێندنەوەیەكی ئەقڵانی بۆ هەڵەكانی مێژوو بكردبایە، پێویست بوو چیتر لە ژێر تەوژم و گوشاری فەلسەفەی رقی سیاسی بۆ داهاتوو نەڕوانێ، خۆ ئەگەر بیویستبایە كەڵك لە دەرفەتە مێژووییەكان وەربگرێ، زۆر دەرفەتی لەدەست خۆی داون و بە دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان و جێگیری و نەگۆڕینی سیاسەتی خۆی، ئەو دەرفەتە مێژووییەشی لەدەست خۆیدا كە جارێكیتر بۆی ناگەڕێتەوە.




