ئەرێ سیاسەتی كوردی دەچێتە پاركی گەزی؟
ئەتیەن مەحچۆپیان
یەكێك لە ئارمانجەكانی ئوپوزسیونی توركیا ئەوەیە كە رەق و كینی كۆ كراوەی ئەو بەشەی چینی لائیك كە بەشداری لە كاروباری سیاسی وڵات ناكات، رێك بخات و بیخاتە نێو گۆڕەپانی سیاسییەوە و لە دژی دەسەڵاتی ئاكەپە بەكاری بهێنێت. لە بارودۆخی ئەمرۆی توركیادا كە سوپا ناتوانێت كوودەتا بكات و پارتی دەسەڵاتیش لە سەدا 50ی دەنگەكانی بە دەستەوە هێناوە و تا ئێستا لە ئیدارە كردنی وڵاتدا سەركەوتوو بووە، تەنیا یەك رێگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتەكەی ئاكەپە هەیە و ئەویش دەرخستنی ناكۆكی و ئاژاوەی كۆمەڵایەتی و لە ناوبردنی مەشرووعیەتی دەسەڵاتی ئاكەپە لە رێگای بەكار هێنانی ئەم ئاژاوانەیەوە. رووداوەكانی پاركی گەزی تاقی كردنەوەیەكی زۆر گچكەی ئەم رێگایە بوون. لاواز بوونی دەسەڵاتی ئاكەپە بۆ ئەوەی كە بە رێگای دیالوگ و دانووستانەوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكات بوو بە هۆكاری خۆشحاڵ بوونی ئوپوزسیونی توركیا، هەر بۆیە ئوپوزسیون هەوڵی ئەوەی دا كە ئەجەندای خۆی بە سەر خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزیدا بسەپێنێت. بەڵام لە بەرامبەرماندا حكوومەت و دەسەڵاتێك هەیە كە هەوڵ بۆ فێربوون و تێكەڵ كردنی زانیارییەكان و بەڵگەكان لەگەڵ سیاسەتدا دەدات. بۆیە ئەگەر بمانەوێ حكوومەتەكەی ئاكەپە هەڵبوەشێننەوە ئەوا پێویستە كە چالاكییەكانمان بەرفراوانتر و بەهێزتر بكەین.
بێگۆمان رێگای بەهێزتر كردن و بەرفراوان كردنی چالاكییەكان لە راكێشانی سیاسەتی كوردی بۆلای خۆماندا تێپەڕ دەبێت. بەو ماناییە كە ئەگەر ئەمرۆ لە توركیا هەر یەك لە پارتەكانی ئوپوزسیون ( جەهەپە و مەهەپە) بیانەوێ بە تەنیا یا پێكەوە هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی ئاكەپە بدەن ئەوا بە هیچ شێوەیەك ناتوانن سەركەوتن بە دەستەوە بهێنن، بەڵام ئەگەر هەر یەك لەم پارتانە سیاسەتی كوردی و پێگەی جەماوەری حەرەكەتی كوردی بۆ لای خۆی رابكێشێت و لەگەڵ جەماوەری حەرەكەتی كوردیدا هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی ئاكەپە بدات ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانێت هەڵی بوەشێنێتەوە. چوونكە حكوومەت و دەسەڵاتی ئەمرۆی توركیا زیاتر لەوەی كە مەشرووعیەتی خۆی لە بە دەستەوە هێنانی سەدا 50ی دەنگەكان وەردەگرێت، هاوكات نیشاندانی ئیرادە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی توركیاوە بۆ چارەسەر كردنی ئاشتییانەی پرسی كورد بووەتە پشتیوانێكی زۆر بە هێزی دەسەڵاتی سیاسی توركیا. هۆكاری سەرنەكەوتنی رووداوەكانی پاركی گەزیش هەر پەیوەندی بە حەرەكەتی كوردی و پێگەی جەماوەری حەرەكەتی كوردییەوە هەیە، كورد و سیاسەتی كوردی هەر لە سەرەتایەوە زۆر بە هۆشیاری نزیكی رووداوەكانی پاركی گەزی بوویەوە، ئەگەر حەرەكەتی كوردی و سیاسەتی كوردیش پشتگیرییان لە رووداوەكانی پاركی گەزی كردبایا ئەوا ئەنجام شتێكی زۆر جیاواز دەبوو، بەڵام بە هۆی هەڵوێستی حەرەكەتی كوردی لە بەرامبەر پاركی گەزیدا، دەسەڵات زۆر بە ئاسانی توانی لە رێگای چەند پولیسێكەوە خۆپێشاندانەكان سەركۆت بكات.
سیاسەتی كوردی بیری ئەوەی دەكردەوە كە رووداوەكانی پاركی گەزی هەر چەند زەرەرێكی ئەوەتۆیان بۆ قۆناغی چارەسەری نەبێت و نەبنە هۆكاری تێكدانی قۆناغەكە ئەوا هیچ جۆرە سوودێكیشیان بۆ حەرەكەتی كوردی نییە، بۆیە هەڵوێستێكی ئەوەتۆی لە بەرامبەر پاركی گەزیدا نیشان نەدا.
بەڵام دواتر كۆڕ و كۆبوونەوە و میتینگە جەماوەرییەكانی ئاكەپە كە بە ئارمانجی هاندانی رەگەزپەرەستەكان و زیندوو كردنەوەی رەگەزپەرەستی توركیا ساز كران بوون بە هۆكاری سەر لێ شێوایی حەرەكەتی كوردی و دواتر حەرەكەتی كوردی هەستی بەوە كرد كە لە بەرامبەر رووداوەكانی پاركی گەزیدا هەڵوێستێكی راستی نەنواندووە.
چوونكە حەرەكەتی كوردی بە هەر دوو باڵی خۆیەوە ( بەدەپە و پەكەكە) زۆر بە باشی دەزانن كە ئاكەپەیەكی لاواز ناتوانێت قۆناغی چارەسەری بە باشی بەرێوە ببات و ئەو ئاكەپەیە كە رووی لە رەگەزپەرەستی توركیش كردووە نایەوێ پرسی كورد چارەسەر بكرێت. لە گەرماو گەرمی قۆناغی چارەسەریدا ئاكەپە توانی بە دوو جۆر خۆی نیشانی حەرەكەتی كوردی و ئوپوزسیۆنی توركیا بدات. ئاكەپەیەكی نەرم و لاواز كە پشتگیری لە دانووستان دەكات و ئاكەپەیەك بەهێز و توندرەو كە پشتگیری لە رەگەزپەرەستی توركی دەكات. هاوكات لەگەڵ نیشان دانی ئەم دوو هەڵوێستە لە لایەن ئاكەپەیەوە، ئەو سەرباز و پولیسانە كە دەست درێژی جنسییان لە سەر كچێك كردبوو ئازاد كران و ئەمەیش وەكو گۆرزێك بوو بۆ قۆناغی چارەسەری. لە لایەكی دیكەیشەوە سەرۆك وەزیر بانگەشەی ئەوە دەكات كە هیچ جۆرە پاكێجێكی رێفۆرم لە لایەن حكوومەتەوە ئامادە ناكرێت و رێژەی سەدا 10ی هەڵبژاردنەكان هەڵناوەشێتەوە و پرۆژەی دامەزراندنی قەرەقووڵ و بنكەی نوێ سەربازی و بەنداوەكانیش بەردەوام دەبێت. بۆیە لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەی ئاكەپەدا حەرەكەتی كوردی ناچار كرا كە هاوسەنگییە سیاسییەكان دووبارە رەچاو بكات.
ئەگەر ئاكەپە داواكارییەكانی هاووڵاتییە كوردەكان لە قۆناغی چارەسەریدا جێبەجێ بكات ئەوا حەرەكەتی كوردی پشتگیری لە قۆناغی چارەسەری دەكات بەڵام ئاكەپە و دەسەڵاتی سیاسی توركیا بۆ جێبەجێ كردنی داواكارییەكانی كورد ئەمرۆ سبێ بكات ئەوا حەرەكەتی كوردیش ناچار دەبێت بچێتە پاركی گەزی و پشتگیری لەو كوالیسیونە دەكات كە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی ئاكەپە دەستی بە چالاكی كردووە.
سەرچاوە: زمان




