٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دکتۆر فوئاد حوسێن بۆ رۆژنامه‌ی"هه‌ولێر":مالیكی به‌رده‌وام هه‌واڵ ده‌نێرێ، به‌ڵام هه‌مووان مكوڕن له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌

سەرچاوە: Hewler

دکتۆر فوئاد حوسێن سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان له‌ دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "هه‌ولێر" باسی زۆر بابه‌تی په‌یوه‌ست به‌ ڕه‌وشی کوردستان، عێراق و ناوچه‌که‌ ده‌کات و ئه‌وه‌ش ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق وه‌ربگرنه‌وه‌.

ئه‌مه‌ ده‌قی دیمانه‌که‌یه‌:

دیمانه‌ی: هاوده‌نگ فارووق

 

* سەرۆك بارزانی كەی سەردانی ڕووسیا دەكات؟
- ئەو كاتەی كە وەزیرێكی ڕووسیا بۆ ئێرە هاتبوو، بە فەرمی داوەتی جەنابی سەرۆكی كرد، بەڵام تا ئێستا كاتێكی دیاریكراو بۆ سەردانەكەی نییە، وەلێ سەردانەكەی هەر ئەمساڵ دەبێ.

*  ئەگەر سەردانەكە ئەنجام بدرێت، لەسەر چ ئاستێك دەبێت و بە چ مەبەستێكە؟
- پێم وایە لە ئێستادا زووە باس لەوە بكەین كە لە چ ئاستێكدا دەبێ، بەڵام مەسەلەی ڕووسیا ئاشكرایە، كە جێگری یەكیەتیی سۆڤیەتە و مێژوویەكی لەگەڵ گەلی كورد و بنەماڵەی بارزانی و پێشمەرگەكانی كۆماری مەهاباددا هەیە، بە تایبەت ئەوكاتەنەی كە چوون بۆ وڵاتی ڕووسیا و ئەوانەیش هەموو مێژوویەكن.

هەروەها مێژوویەكیش لە نێوان ڕوسیا و یەكیەتیی سۆڤیەتی كۆن و بزووتنەوەی كوردیدا هەیە و كوردێكی زۆریش ئێستا لە ڕووسیادا هەن، بە بڕوای من پێوەندیی كورد و سۆڤییەت دەبووایە زووتر بووایە نەك ئێستا، بەڵام ئێستایش هەر گرنگە هەبێت.

*  ڕووسیا ئەزموونێكی درێژخایەنی لە بارەی نەوت و گازەوە هەیە، ئایا هەرێمی كوردستان بەنیازە هەندێك لە ئیمتیازات بە كۆمپانیاكا گەورەكانی ڕووسیا بدات، بۆ ئەوەی لە سەرمایەكانی خۆیان لەو بارەیەوە سوودمەند بن؟
- سیاسەتی ئێمە دەربارەی نەوت و گاز، سیاسەتێكی كراوەیە، كە كۆمپانیاكانی جیهان دێن و ڕێگەیان پێ دراوە، كە گرێبەست لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا مۆر بكەن.

یەكێكیش لەوانە ڕووسیایە، كە ئەزموونی خۆی هەیە لەم بوارەدا و خاوەنی كۆمپانیای خۆیەتی، هەروەها كۆمپانیای حكوومییشی هەیە، ڕووسیا یەكێكیشە لە دەوڵەتە گەورەكانی جیهان لە بەرهەمهێنانی نەوت و گازدا، بۆیە پێوەندیی ئێمە لەگەڵ ڕووسیا لەم بوارەدا گرنگە، جگە لەمەیش ئەگەر كۆمپانیایەكی ڕووسی بۆ بەشداریكردن لە دۆزینەوەی نەوت بێت، ئەوكات لە ڕووی سیاسییەوە بۆ ئێمە گرنگە، هەروەك وڵاتانی جۆراوجۆر كە دێن بۆ كوردستان، بە ڕای من هاتنی ئەوانیش بۆ كوردستان مایەی خۆشحاڵییە.

*  دوایین هەواڵ كە لە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتـدا بڵاو بووتەوە، دەڵێت: مالیكی نامەیەكی بۆ سەرۆك ئۆباما ناردووە كە ئەگەر ڕێككەوتنی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل لە كوردستان ڕانەگیرا، ڕەنگە جەنگ دروست ببێت. تێبینیی ئێوە چییە؟

- من نازانم ئەو نامەیە نێردراوە یان نا، یان ئەو نامەیە نامەیەكی شەفەهییە یاخود نووسینە، بەهەر حاڵ ئەگەر ئەوان وای دەبینن یان مالیكی وای دەبینێت كە گرێبەستێك لەگەڵ ئیكسۆن مۆبیل دەبێتە شەڕی ناوخۆ، ئەوا لێكدانەوەیەكی نادروستە، چونكە ئەوەی كە كراوە، لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستاندا كراوە، ئەو كۆمپانیا گەورانەیش خۆیان یاساناسی گەورەیان هەیە، بەپێی دەستوور كار دەكەن، ئەگەر بزانن شتێك دژی دەستوورە، ئەوكات ئەوانیش نەدەهاتن، بەڵام ئەوەی شەڕ دروست دەكات دكتاتۆرییەت وگرتنەبەری رەفتاری دكتاتۆریانەیە، حكوومەتی عێراق خۆیشی گرێبەستی لەگەڵ ئیكسۆن مۆبیل دا هەیە، بۆیە ئەوەی شەڕ دروست دەكات ئەوەیە كە مافی خەڵك نەدەی و دژی دەستوور كار بكەی، هەروەها ئەگەر بەڵێنێك بدەی و دواتر جێبەجێی نەكەی، ئەوانە شەڕ دروست دەكەن. شەڕدروستكردن لە عێراقدا بەردەوام هەبووە، ئەگەر سەیری مێژووی كۆن و نوێ بكەیت، ئەو ڕاستییەت بۆ ڕوون دەبێتەوە.

*  ئایا بڕیارێك هەیە بۆ ئەوەی بەر لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، بۆ بانگهێشتكردنی مالیكی و لێسەندنەوەی متمانە لێی، كۆبوونەوەیەك لە نێوان سەركردەكانی عێراقدا بكرێت؟

- هەوڵێك هەیە، بەڵام كاتەكەی نازانم، چونكە ڕۆژی پێنجشەممە پەرلەمان دەست بە دانیشتنەكانی دەكات، تا دوای دانیشتنی پەرلەمان ئەو كۆبوونەوەیە نابێ، بەڵام بە ڕای من گرنكە دوای ئەوەی كە پەرلەمان دەست بە دانیشتنەكانی دەكات، كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەم سێ هێزەدا هەبێ كە ئێستا پێكەوەن، كە بریتین لە عێراقییە و تەیاری سەدری و هاوپەیمانیی كوردستان.

*  تا ئێستا هەموو ئەو لایانانەی كە باست كردن، لە لیژنەكانیاندا كار دەكەن و سوورن لەسەر سەندنەوەی متمانە لە مالیكی؟
-بەڵێ. لەسەر سەندنەوەی متمانە لە مالیكی مكوڕن.

*  سەردانێكی نەوشیروان مستەفا و عەلی باپیر و محەممەد فەرەج تان كرد، چ پەیامێكی سەرۆك بارزانی یان سەرۆكایەتیی هەرێمتان گەیاندە ئەم بەڕێزانە؟
- من چەند جارێك سەردانی ئەم بەڕێزانەم كردووە، دوایین سەردانیشم لە دوای سەردانەكەی دوكان بوو، كە بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆككۆمار بوو. هەروەها 30 تا 40 كەس لە ڕەوتی سەدر و عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستان تێدا ئامادە بوون، هەر دوای كۆبوونەوەی دوكان، من هەر هەمان ڕۆژ چووم بۆ خزمەتی كاك نەوشیروان مستەفا و دانیشتنێكی دوورودرێژمان هەبوو، ئەو بابەتەی كە لە دانیشتنەكەدا هەبوو خستمە بەرچاو، هەروەها باسی ئەوەمان كرد كە بڕیار هەیە متمانە لە مالیكی وەربگیرێتەوە و هەوڵی ئەوە لە ئارادایە، كە ئیمزا لە دژی كۆ بكرێتەوە و بدرێت بە بەڕێز سەرۆككۆمار، بۆ ئەوەی سەرۆككۆماریش نامەی خۆی بنووسێت بۆ پەرلەمان و پاشان كە هاتمەوە، چوومە خزمەتی مامۆستا محەممەد فەرەج و مامۆستا عەلی باپیر، جگە لەمانەیش كۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێز حەمەی حاجی مەحموود كردووە و هەمان بابەتم باس كردووە.
*  تێبینی به‌ڕێز نەوشیروان چی بوو لەسەر ئەو هەوڵەی كە ئێوە دەستتان پێ كردووە؟
- ئەو كۆمەڵێك پرسیاری هەبوو، بۆ مەسەلەی ئیمزاكۆكردنەوەكە بە منی گوت كە لێكۆڵینەوە دەكەن و ئەوكات وەڵام دەدەنەوە.

*  چەندە قەناعەتتان بەوە هەیە لە كاتی دەنگداندا پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەنگ بە لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی بدەن؟
- من بڕوام وایە نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەگەنە قەناعەتێك و یەكهەڵوێستن.

*  گوایە مالیكی پەیامێكی بە بەڕێز مام جەلال ناردووە، كە تێیدا داوای كردووە بیبینێت و هەندێك لە بەڵێنەكان جێبەجێ بكات، ئەو قسەیە تا چەند ڕاستە؟

- من ئەو پەیامەی كە لە ڕێی جەنابی سەرۆككۆمارەوە هاتووە ئاگادار نیم، بەڵام ئەوەی ئاگادارم مالیكی لە ڕێگەی كەسانێكی زۆرەوە هەواڵ دەنێرێ، كە ئەو ئامادەیە بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات، یان جارێكی دیكە دانیشتن لە نێوانیاندا هەبێت، بەڵام باوەڕ ناكەم هیچ دانیشتنێك لە نێوان سەرۆكی هەرێم و مالیكی دا هەبێت.

*  داوایشی كردووە كە بێت سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكات؟
-نەخێر، ئەوەم نەبیستووە.

*  ئەگەر لە حاڵەتێكدا بێت، ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بیبینێت؟
- ئەوەیان تەنیا ئەگەرە، بەڵام ئەوەم نەبیستووە كە بێت و سەردانی هەرێم بكات.
*  ئەگەر مالیكی بە هەر شێوەیەك لە شێوازەكان لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە، ئایا لە ساڵی داهاتوودا پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا بە چ ئاقارێكدا دەڕۆن؟
- ئەوەی ئێستا لە ژێر دەستە و كاری بۆ دەكرێت، ئەوەیە كە نابێ مالیكی لە پۆستەكەیدا بمێنێت، كە تۆ باسی بانگهێشتكردن دەكەی بۆ پەرلەمان و داوای سەندنەوەی متمانە دەكەیت، واتە داوای ئەوە دەكەیت كە ئەو لەم پۆستەدا نەمێنێتەوە.

*  بەڵام لە سیاسەتدا بەردەوام گۆڕانكاری ڕوو دەدات؟
- جا ئەوكات كە گۆڕانكاری ڕووی دا، دەتوانین وەڵامی ئەو بابەتە بدەینەوە.
*  بە مانەوە یاخود نەمانەوەی مالیكی پێت وایە لە كۆتایی مانگی 6ـدا 2013 هەڵبژاردن لە عێراقدا بكرێت؟
- بە بڕوای من ئەگەر مالیكی بمێنێتەوە، ئەوا هەڵبژاردن ناكرێت و ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێ، تاكوو كۆمیسیۆنی باڵا نەگۆڕێ و تەواو كۆنتڕۆڵی نەبێ لەسەر كۆمیسیۆنی باڵا و هەڵبژاردنێك بكات بە دڵی خۆی!، هەڵبژاردن نابێت، ئەو هەڵبژاردنەی ئەو دەیەوێ، دەبێ هەڵبژاردنی مالیكی بێت!!.
*  لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، شەڕێكی ڕاگەیاندن لە نێوان هێزە كوردستانییەكاندا دروست بوو و تەنانەت لە كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە كەركوك بە جیاواز چوونە ناو هەڵبژاردنەوە، پێت وایە هێزە كوردستانییەكان ئەزموونێكیان لەو مەسەلەیە وەرگرتبێ، كە ئەم جارەیان لە كەشێكی ئارامتردا ئەم هەڵبژاردنە بكرێت؟
- هیوادارم كە شتێك ڕوو دەدات، بتوانرێت وانەیەكی لێ وەرگرین. لە هەڵبژاردنی پێشوودا دوو شت هەبوو، كە یەكەمیان یاسای هەڵبژاردن بوو، كە زۆر مەترسییە بۆ ئێمە و پێویستە پێش هەڵبژاردن، یەكەم شت كە بكرێت و پێوەندی هەبێ بە هەڵبژاردن، یاساكە بگۆڕدرێت، كە ئەمە یەكێكە لە خاڵەكان و لەسەری ڕێك كەوتووین لەگەڵ مالیكی و لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانی و لەگەڵ هەموو عێراقییەكدا، كە لەگەڵ ئەوەن یاسا بگۆڕێت، یاساكە ببێتە بازنەیەك، بازنەی عێراق، ئەوە یەكێكە لە خاڵەكان كە پێویستە هێزە سیاسییەكانی كوردستان، هەوڵی بۆ بدەن. دووەم ئێمە پێویستە لەسەر ئاستی عێراقی پێكەوە بین، ئەو ئەزموونەی لە كەركووكدا پێكەوە نەبووین، نیشانی دا كە چەند زەرەرمەند بووین.

*  پێش ماوەیەك، نامەیەك لە ئێرانەوە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆككۆمار و ڕەوتی سەدر هاتووە، دواتر موقتەدا سەدر سەردانی ئێرانی كرد، بەڵام بڕیار بوو به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی  مەلا بەختیارسەردانی ئێران بكەن، ئەمە هەڵەوەشێندرایەوە، بۆچی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەی هەڵوەشێندرایەوە؟
- ئەو شاندەی كە پێویست بوو بچێت بۆ ئێران، بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێم بەڕێزنێچیرڤان بارزانی و لە لایەنی یەكێتییش بەڕێزان مەلا بەختیار و د. نەجمەدین كەریم و لە پارتییش بەڕێزان فازڵ میرانی و ئازاد بەرواری، هەروەها منیش وەك سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، بەڵام پێویست بوو كە ئەو سەردانە لە دوای ئەو نامەیە بێت، كە بەڕێز سەرۆككۆمار بینووسێت، كە پێوەندی بە سەندنەوەی متمانە لە مالیكی هەبوو، كە نامەكەی سەرۆككۆمار نەبوو، سەردانەكەیش نەكرا.

*  ئێران لە بارەی مالیكییەوە چ داوایەكی لە سەركردایەتیی كورد كردووە؟
- نەك تەنیا لە سەركردایەتیی كورد، بەڵكوو بە گشتی سیاسەتی ئەو پشتگیرییە لەوەی كە مالیكی بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەدان كە دەرفەتێكی دیكە بە مالیكی بدرێت، كە دەست بە چاكسازییەكان بكات و ئەو ڕێككەوتننامانەی ئیمزای كردوون، بتوانێت جێبەجێیان بكات، واتە ئێران لەگەڵ ئەوەدایە دەرفەتێكی دیكە بە مالیكی بدرێت، بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت و كارەكان جێبەجێ بكات.

*  بەڵام بە شێوەیەكی كاتی ئێران داوای كردووە دەرفەتێكی پێ بدرێت؟
- من نازانم، بەڵام ئەو باسانە كراون و دەڵێن با ماوەیەك بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكان بدرێت.
*  باس لەوە دەكرێ كە ئەمەریكا لەو تەنگژەیەی لە عێراقدا هەیە بێلایەنە، بە ڕای ئێوە تا چەند ڕاستە؟
- بەڵێ. ئەمەریكا ڕایگەیاندووە كە بێلایەنە، چونكە ئەمەریكا نایەوێ كێشەیەك لە عێراقدا دروست بێت و پێوەندیشی بە عێراقەوە نییە و پێوەندی بە هەڵبژاردنی ئەمەریكاوە هەیە، چونكە ئێستا كێشەیەك لە عێراقدا ڕوو بدات، دەبێتە بابەتێك لە میدیاكانی ئەمەریكا، كە دۆخی عێراق تێك چووە و ئەمەیش وا دەكات كۆمارییەكان دژ بە دەستەڵاتی سەرۆك ئۆباما بەكاری بێنن.

ئەمەریكییەكان ئەولەویەتییان ئەوەیە ئارامی لە هەموو شوێنێكدا هەبێت، تاكوو كاری خۆیان لە هەڵبژارندا بكەن، هەڵبژاردنەكەیش لە مانگی نۆڤەمبەر واتە مانگی 11ـدایە، لەوەیش گرنگتر، ئەوان دەترسن ئەگەر كێشەیەك لە عێراقدا ڕوو بدات، كاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەبێت، ئەگەر نرخی نەوت بەرز بێت ئەوكات هەناردەكردنی كەم دەبێت و كاریگەری لەسەر نرخی بەنزین و سووتەمەنی لە ئەمەریكادا دەبێت، ئەم بەرز و نزمییەی نرخی بەنزین و سووتەمەنییش زۆر كاریگەری لە مەسەلەی هەڵبژاردن و دەنگدانی خەڵكدا دەبێت، بۆیە دەیانەوێ سەقامیگری و ئارامی هەبێت، نەوت بەردەوام بێت، نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە تا كاتی هەڵبژاردن، بۆیە كە ئەمەریكا باس لە عێراق دەكات، سەرەتا لە سیاسەتی بەرژوەندیی خۆیانەوە باسی لێوە دەكەن، كاتێك گۆڕانێكیش لە دەستەڵاتدا ڕووی دا، بە هێمنی بێت ئاساییە.
*  لە ژێر پەردەدا لە چیدیکه‌ ئەمەریكا دەخوێندرێتەوە؟
- تەنیا مەسەلەی نەوت و ئارامییە و هیچی دیكە نا.

*  هه‌واڵێک هه‌بوو جۆو بایدنبێت بۆ عێراق، هیچ زانیارییەكت لەسەر سەردانەكەی هەیە؟
- نەخێر، ئەو هەواڵە هەر زۆر لە ڕاستییەوە دوورە، بەڵام تۆنی بلینكن هات كە ڕاوێژكاری ئەمنی قەومیی جۆو بایدنە، كە هات بۆ بەغدا بۆ سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی، دەیویست ڕێگەیەك بدۆزینەوە بۆ چارەسەری كێشەكان و لە هەمان كاتدا دەیگوت: كورد هەمیشە دۆستی ئێمەیە، هەروەها ئێمەیش لە ئەمەریكا خۆمان بە دۆستی ئێوە دەزانین، هەر كارێكیش لە چوارچێوەی دەستوور بێت، پڕۆسەی دیموكراتی بێت، ناتوانین ئێمە دژی بوەستین، ئەو كارەی ئێوەیش كردووتانە لە چوارچێوەی دەستووردایە.

*  ئەوان هیچ نیگەرانییەكیان لە مالیكی یان له‌ ئێوه‌ هەبوو؟
- ئەوان دەزانن مالیكی كێییە و ئێمە كێین، لە خۆیان بپرسە.
*  كاتێك كە ئێران حەكیم و هەروەها حزب و لایەنی دیكەی هەیە، مالیكی چی بۆ ئێران كردووە كە ئێران بەرگریی لێ دەكات؟
- ئەو قسەیە دروست نییە، كە بڵێی ئێران بەڕێز حەكیمی هەیە و لایەنی دیكەی هەیە، چونكە ئەمانەیش كەسایەتین، هێزی سیاسین و سیاسەتی خۆیان هەیە. لەم كاتەدا كە ئێران بۆچی مالیكیی دەوێت، پێویستە ئەو پرسیارە ئاڕاستەی ئێران بكرێت، چونكە هەر كەسێك ڕاوبۆچوونێكی خۆی هەیە، بەڵام ئەمە پرسیارێكە بەرەو ڕووی ئێرانییەكان دەكرێتەوە.

ئێمە وەكوو كورد، لە عێراقین و دەبینین ئەو تەنگژەیەی لە عێراقدا هەیە، كێشەیەكە هیی ئەوە نییە بەرگە بگیرێت، تا ئێستا كارەبا نەبووە و نیوەی بەغدایش ئاوی نییە، حكوومەتێكی شكستخواردووە، دەبێ مرۆڤ لە خۆی بپرسێت، ئایا ئەم حكوومەتە فاشیلە یان نا؟، چەند پڕۆژەی كردووە و چی بۆ عێراق كردووە؟، كوا پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبا؟، كوا پڕۆژەكانی دیكە؟، هیچ پڕۆژەیەك پێشكەش نەكراوە، خۆ ئێستا لە خەڵكی بەغدا بپرسیت دەبینی لە دۆزەخن، جگە لەمانەیش مەسەلەی سەقامگیری، هەموو دۆسییەكان لەژێر دەستی خۆیەتی كەس ناتوانێت كارێك بكات بێ ئەو، هیچ پارەیەكیش سەرف ناكرێت بێ ئاگاداریی ئەو، بەرامبەر هەموو وەزارەتێك وەزارەتێكی لە نووسینگەی خۆیدا داناوە، با بڵێین: وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان لە ژێر دەستی ئەودا نین، كە ئەو دەڵێ لە ژێر دەستی مندا نین و لە دەستی سەدریەكانە، با وابێت، لە ژێر دەستی سەدرییەكانە یان هاوپەیمانیی كوردستان، بەڵام خۆ وەزارەتە ئەمنییەكان هەمووی لە دەستی خۆیدان، كەچی بەر لە چەند ڕۆژێك لە 30 شوێن تەقینەوە بووە، ئەگەر هەست بە بەرپرسیارێتی بكات دەبێ بۆ میدیاكانی ڕوون بكاتەوە و بڵێت: بمبوورن من سەرنەكەوتم، من پێوەندیم بە سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیهانییەوە نییە. وەكوو هاووڵاتییەكی عێراقی كە بیر بكاتەوە، دەڵێت: ئەمە چییە، ئەو حاڵە بەرەو كوێ دەچێت؟، ئەو هەموو پارە و بودجەیە كوا بۆ كوێ دەچێت؟.

*  ئێوە وەكوو لایەنی كوردی، باستان لە دۆكیومێنت و بەڵگەكانتان لەسەر مالیكی كردووە، ئایا لە ڕۆژی لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەماندا، موفاجەئە بەڕێوەیە؟
- دەزانی خۆ ئەگەر ئێمە حسابی ئەوە بكەین لە سیستەمێكی دیموكراسیدا دوو هاوپەیمان كە ڕێك نەكەون لە كاركردن پێكەوە، هەریەكەیان دەبێ بڵێن خواحافیز، ناتوانن بگونجێن. دووەم سەرۆكوەزیران نایەوێ لەگەڵ كەسدا كار بكات، باشە ئەوە كورد بە جیا، ئەی عێراقییە، ئەی سەدر چی، لیژنەی باڵایش بە جیا بە عەقڵییەتی خۆی، ئەگەر بەدواداچوون بۆ ئەو شەخسە بكەیت، خۆی بڕیار دەدات، خۆی پیادەی دەكات، حكوومەتەكەی بە دەست نووسینگەكەیەتی، لەشكریش لە دەست خۆیەتی.

*  جۆرێك لە ڕاڕایی هەیە، كە ئەو هەوڵە لەناو پەرلەمان نەتوانێ سەركەوێ و شكست بێنی، ئێوە دڵنیان و پێتان وایە كە دەنگی پێویست ئامادە دەبێت؟
- من ئەوە نازانم، پەرلەمان بڕیاری خۆی دەدات، ئەوەیش نازانم خەڵك چۆن لەنێو پەرلەماندا ڕەفتار دەكات، بەڵام ئەوەی من دەزانم ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئیمزایان كردووە، لای منە. ئێستا 174 ئیمزا هەیە كە دووانیان بەڕێوەیە و نەهاتووە، بۆیە 172 ئیمزا لای من هەیە.

ئەمە بە بێ ئیمزای گۆڕان و بە بێ ئیمزای پەرلەمانتارانی گرووپێكی مەسیحی، ئینجا كە بچنە نێو هۆڵی پەرلەمان و ڕایان بگۆڕن ئەوكات شتێكی دیكەیە، بەڵام بە دەستنووسی خۆیان ئیمزایان كردووە.

*  ئاشتی هەورامی بۆچی سەردانی نەوشیروان مستەفای كرد؟
- لە كاك ئاشتی بپرسە. سەردانەكەی بۆ ئەوەیە كە تا ئێستا سیاسەتی نەوتی عێراق ڕوون نییە، مەسەلەی نەوت ئاڵۆزە، هەروەها مەسەلەی دارایی، مەسەلەی نەوت و سیاسەتی نەوت دەبێ ڕۆژانە بۆ سەركردە سیاسییەكان ڕوون بكرێتەوە، كاك نەوشیروان مستەفایش سەركردەیەكی سیاسییە، سەركردەی بزووتنەوەیەكی سیاسییە. برادەرانی گۆڕان ڕەخنەیەكی زۆریان لە وەزیری سامانە سرووشتییەكان هەیە، بە بڕوای من چووە بۆ ئەوەی بۆیان ڕوون بكاتەوە.

*  بۆچی حاڵی حازر هێرشێكی توند هەیە، كە دەڵێن وەزارەتەكەی لەناو جانتا ڕەشەكەیەتی و بە ناشەفاف و بە هەموو شێوەیەك تۆمەتبار دەكرێ، بۆچی ئەم وەزیر و ئەم وەزارەتە لای خەڵك ڕوون نین؟
- دەبێ تۆ ئەو پرسیارە ئاراستەی ئەو كەسانە بكەی كە بەو شێوەیە بیر دەكەنەوە، هەڵبەت وەڵامەكەش دەبێ لای ئاشتی هەورامی بێ نەك لای من، بەڵام پرسی نەوت هەر لە سەرەتای دۆزینەوەی لە عێراق لە كۆتایی بیستەكانی سەدەی رابردوو سەری هەڵداوە، كە لە خانەقین و كەركووك بووە و وەك ئاشكرایە ئەم پرسە هەمیشە بووەتە كێشە بۆ ئێمە و سەركوتكردنی گەلی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێناوە، هەڵبەت لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا پرسی نەوت سیاسەتێكی نهێنی بۆ پەیڕەو كراوە، بۆیە هەتا ئەو رژێمە نەڕووخا و كۆمپانیاكان نەهاتنە كوردستان نەمانزانی خاكی كوردستان ئەوەندە دەوڵەمەندە.

*  دەستپێشخەریی لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكیلە لایەن كێوە پێشنیاز كرا؟
-خۆی لە ڕاستیدا كۆدەنگییەك بۆ ئەم مەسەلەیە هەیە، ئاڕاستەی كۆبوونەوەكان بۆ ئەوە ڕۆییشتووە كە بڕیار بدرێت لە پێناو لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی، یەكهەڵوێستیی هەبێت.

*  باس لەوە دەكرێت كە سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەی هەولێردا داوای لە سەرۆككۆمار كردووە كە نامەی سەندنەوەی متمانە لە مالیكی واژۆ نەكات؟
*  كە ئەو نامەیە نووسرا لە سەرەتادا مام جەلال گوتی كە وەكوو سەرۆككۆمار بێلایەنە و لە كۆبوونەوەكەدا دانیشت، وەلێ جەنابی سەرۆك پێی گوت كە بەو پێیەی مام جەلال سەرۆككۆمارە با واژۆی نەكات و لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە جێگەی هاوپەیمانیی كوردستانی واژۆی كرد.

دانیشتنەكە زۆرتر هیی لایەنە سیاسییەكان بوو نەك پۆستی فەرمی، چونكە خودی موقتەدا سەدرـیش بەرپرسیارێتیی سیاسی و فەرمیی نییە، تەنیا سەركردەیەكی سیاسییە و لە دەوڵەتدا نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا راستە جەنابی سەرۆك ئەوەی بە سەرۆككۆمار گوت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار