٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دیموکراسی بە شەرتی بۆکس

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

بۆ کوردستان گرینگە، لە رێگەی کامێرا و رۆژنامەکانەوە هەموو ئەو رووداوانە دەگوازنەوە کە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان روودەدات و هاووڵاتیان بە راشکاوی و شەفافانە ببینین چی روودەدات.  رۆژی ٣٠ حوزەیراندا لەرێگەی کەنالەکانی راگەیاندن شەڕە بوتل و هێرشکردنە سەریەکتری هەندێک ئەندام پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان و لیستی کوردستانیمان بیست. ئیدی ئەو رۆژە ئەمە هەواڵی سەرەکی و بەردەوامی دەزگاکانی راگەیاندن بوو، ئەم وێنەیە کە هەندێک پێیان وایە دەبێت بەردەوامی پێبدرێت، دیموکراسییە و پێویستە بکرێتە میتۆدی کاری پەرلەمانی و  هەندێکی دیکەش ئەمە بە ئاژاوە و تێکدانی رەوشی یاسایی و کاری پەرلەمانی دەزانن.

لای من وانییە، ئەمە کاردانەوەیە بۆ کارەکانی پێشتر، پرسی سەرەکی لەوەیە ئەوانەی دەدۆڕێن کێن و ئەوانەی دەبەنەوە کێن؟  گرینگ کارەکە بە ئیحترامەوە بەرێوەچوو.. ئەو ئەندام پەرلەمانەی  بە راشکاوی لە رێگەی تەلەڤیزۆنەکانەوە گوتی "من لەرێگەی بۆکسەوە داکۆکی لە مافی خەڵک دەکەم" پێدەچوو هەموو عەقڵ و مەنتیق و بەرنامەکانی خۆی لەم بۆکسە کۆکردبێتەوە. بەرانبەرکەشی هەر تەنیا سەیر کەر نەبوون، ئەوانیش لەگەڵ بۆکسێکی فیزیکی، بۆکسێکی سیاسی بە‌هێزیان لەسەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دا. ماوەی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ دوو مانگ و سەرۆکایەتی هەرێمیان بۆ دوو ساڵ بە پێی یاسا درێژ کردەوە.

 ئیدی یارییەکە گەرمە، ئۆپۆزسیۆن بە توڕەیی و هەڵچوون و بۆکس وەشاندن بەڕێوەی دەبەن، لیستی کوردستانیش بە هێمنی و لە رێگەی رێوشوێنە دەستورییەکان هەنگاو دەنێن، لەجیاتی بۆکس وەشاندن، بە بردنەوەی پرۆسە و پرۆگرامەکان لە قازانجی خۆیان وەڵامی ئۆپۆزسیۆنیان دایەوە.

بەرای من ئەمە گەلێک جاران لە پەرلەمانەکانی ئەوروپاش روودەدات، ئەوان دیموکراسین، ئێمەش دەمانەوێت دیموکراسی بین. بەڵام بەهیچ شێوەیەک لێکچوون لە نێوان دیموکراسیەتییەکان نییە. گرینگ لە بیری نەکەین هەرچەندە کوردستان زۆری ماوە بگاتە ئاستی مێژوویی  و کەلچەری ئەوروپا و ئەمەریکا لەرووی دیموکراسییەوە، بەڵام زۆر جێی خۆشحالییە، ئەم رووداوەی ٣٠ حوزەیرانی پەرلەمانی کوردستان، بە هێمنی و دوور لە کۆنترۆلی پۆلیسی بەرێوەچوو. ئەی ئەم جیاوازی نییە لەگەڵ  وڵاتەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست.

من لەئەنجامی ئەم  رووداوانە نیگەران نیم، ئەوەی نیگەرانم دەکات ئەو گوتارە سواو کلاسیکییەیە، کە ئەندام پەرلەمان ئیرادە بکات و بەدەنگی بەرز بڵێت خەڵكینە من بە بۆکس مافت دەسێنم، کەچی هەمان کەس و لەهەمان کاتدا لایەنە سیاسییەکانی دیکە بە توندڕەو نادیموکرات وەسف دەکات. ئەمە گاڵتەجاری دیموکراسییەتەکەی لای ئێمەیە. رەنگە بۆ کەسانێکی خوێندەوار و سیاسی نۆرمال بێت، بەڵام بۆ کەسانی ئاسایی و نەخوێندەوار کارەساتێکی ترسناکە. بۆ؟ لە ئەوروپا مرۆڤ لە منداڵییەوە لەسەر ئەوە رادەهێنرێت کە چۆن بتوانن لە کاتی لەیەکتر نەگەیشتن و خراپ بەکارهێنانی مافەکانیان لە دژی کەسانی دیکە، بە  بەتەنیا وشەی (داوای بوردن) چارەسەری هەڵە و پێشێلکارییەکانیان بکەن. بەڵام ئەمە بۆ  هەندێک سیاسی و بۆ هاووڵاتیانی کۆمەلگەی کۆلۆنیالکراوی کوردستان، قورسە! ترسەکە لەوەیە نوێنەرەکانی بەشێکی خەڵک لە پەرلەمان بانگەشەی (دیموکراسیەتی بۆکس !!!) بکەن. ناپرسن ئەو کۆمەلگەیەی کە گوایە (پارتی و یەکێتی) تێکیان داوە و توندوتیژیان کردووە، چۆن لە سایەی فەلسەفەی سیاسی (بۆکس وەشاندن) چارەسەر دەکرێت. لەم حالەتەدا لە جیاتی بیناکردنی کۆمەڵگەیەکی ئارام و تەندروست، کۆمەلگایەکی توند و پڕ لە کاردانەوە و بۆکس وەشاندن دروست دەکەین..

هەواڵی پەیوەندیدار