ئەو دیوی رووداوەكانی لیجە
ئوكای گونەنسێن
تا دوو مانگ لەمەوبەر توركیا وڵاتێك بوو كە توانی بوو گەورەترین ئاگری كۆمەڵایەتی و سیاسی نێوخۆیی خۆی كونترۆڵ بكات، بەڵام ئەمرۆ كاتێك كە سەیری باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی توركیا، رۆژئاوای توركیا و پایتەخت و شارەگەورەكانی توركیا دەكەین دەبینین كە ئەم ئاگرە دووبارە گۆڕی گرتووەتەوە و لە هەر چوارلاوە دەستی بە سۆتاندنی توركیا كردوو و بەمجۆرە دووبارە توركیا بووەتە یەكێك لەو وڵاتانە كە بارودۆخی ئاڵۆز و مەترسیدارە.
رووداوەكەی لیجە هەر چەند نیشانەی بەهێز بوونی ناكۆكییەكانی نێوان حكوومەتی و هاووڵاتییانی توركیایە و بووەتە هۆكاری گۆڕتر بوونی ئاگری نێو خۆیی، هاوكات پشتگیری كردنی ئەو كەس و لایەنانە كە لە دژی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردن لە رووداوەكەی لیجە بووەتە هۆكاری ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بەرفراوان لە نێو توركیادا.
چە جۆرە فكرێكی كۆمەڵایەتی و هێزێكی سیاسی و ئابووری لە پشتی رووداوەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیمەوە بوو، دیارە كە هەر هەمان فكر و بەرەی كۆمەڵایەتی و هێزی سیاسی و ئابووری پشتگیری لە رووداوەكانی لیجەیش دەكات.
| رووداوەكەی لیجە هەر چەند نیشانەی بەهێز بوونی ناكۆكییەكانی نێوان حكوومەتی و هاووڵاتییانی توركیایە و بووەتە هۆكاری گۆڕتر بوونی ئاگری نێو خۆیی |
ئەم بەرە كۆمەڵایەتییە و هێزە سیاسی و ئابوورییە، جۆرەیەك پێكهاتووە كە ژیان و مان و نەمانی گرێدراوی ناكۆكی و ئاڵۆزییە نێوخۆییەكانی توركیایە. ئەم بەرەیە هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە كە زمانێكی توند و پڕ لە رەق و كین لە نێو كۆمەڵگە و پێكهاتە جیاجیاكانی كۆمەڵگەدا بەكار بهێنێت تا بەمجۆرە نەتەنیا خۆی و لایەنگرانی خۆی بەهێزتر بكات بەڵكو ئەو كەسانە یا ئەو پێكهاتانە كە لە هیچ بەرەیەكدا جێ ناگرن رووبەرووی ترس و دڵەڕاوكێ ببنەوە. بۆیە یەكێك لە تاكتیكەكانی ئەم بەرەیە ئەوەیە كە ئەو لایەنانەی كە بە هیچ شێوەیەك نەبوونە لایەنێكی ملمڵانی، بیانكێشێتە نێو ململانێ و ناكۆكییەكانەوە و ئەم تاكتیكەیش بۆ گەرم وگۆڕتر كردنی ناكۆكییەكان و بە گژی یەكتردانی پێكهاتەكاندا تاكتیكێكی یەكجار سەركەوتوو بووە.
لە كاتێكدا كە حكوومەت و كۆمەڵگەی توركیا و پێكهاتە جیاجیاكانی ئەم كۆمەڵگەیە بریاریان داوە كە ئاڵۆزترین پرسی توركیا لە رێگای دیالوگ و دانووستانەوە چارەسەر بكەن، بەرەی ناوبراو هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كە هەست و حەساسیەتەكانی كۆمەڵگە بە شێوەیەكی دیكە بەكار بهێنێت و تا بەمجۆرە دووبارە زمانی توندوتێژی لە نێو كۆمەڵەگە و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەدا زیندوو بكاتەوە.
تۆپباران كردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتەوایی توركیا بە زمانی توندوتێژی یەكێكە لە هەوڵدانەكانی ئەو بەرەیە كە دەیەوێ توركیا هەمیشە لە نێو ئاژاوە و شەڕدا بێت. لە بارودۆخی ئەمرۆی توركیادا دوو رێبازی زۆر لە یەك جیاواز پەرەیان سەندووە. یەكەم رێباز رێبازی ئاشتی و دیالوگە و رێبازی دووەمیش رێبازی بەكار هێنانی زمانی توندوتێژییە. تا دوو مانگ لەمەوبەر رێبازی ئاشتی و دیالوگ لە سەرانسەری توركیا پەرەی سەندبوو و كۆمەڵگەیش بە هەر هەمووی پێكهاتەكانی خۆیەوە پشتگیری لەم رێبازەی دەكرد. بەڵام بە دەست پێكردنی رووداوەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم و دواتریش رووداوەكانی لیجە، رێبازی زمانی توندوتێژی دووبارە سەری هەڵدایەوە و هەر چەندە ئەم رێبازە لە توركیا پەرە دەستێنێت هەر ئەوەندە قۆناغی چارەسەری و هەوڵدانەكانی دیموكراتیزە كردنی توركیا دەكەونە مەترسییەوە.
| تۆپباران كردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتەوایی توركیا بە زمانی توندوتێژی یەكێكە لە هەوڵدانەكانی ئەو بەرەیە كە دەیەوێ توركیا هەمیشە لە نێو ئاژاوە و شەڕدا بێت |
ئەوەی دیار و جێگای سەرنجە ئەوەیە كە لە پشتی رووداوەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم و لیجەدا هێزێك هەیە كە پلانێكی بۆ داهاتووی توركیا ئامادە كردووە و نایەوێ توركیا ببێتە توركیایەكی دیموكرات و پێشكەوتوو و دوور بێت لە شەڕ و نائارامی و ئاژاوە. بۆیە لەم رۆژانەی دواییدا بۆ پەرتەواز كردن و تێكدانی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد ئەوەی لە دەستی هاتووە ئەنجامی داوە و هاوكات سەرقاڵی ئەوەیە كە بەرنامەیەك بۆ ئەوە دابنێت كە بزانێت حكوومەت لە چە بوارێكدا بەهێزە، لەو بوارەدا هێرش بكاتە سەر حكوومەت و حكوومەت لاواز بكات و بۆ ئەم مەبەستەیش تا ئێستە كار و بەرنامەیەكی زۆر باشیان جێبەجێ كردووە.
باش دەزانن كە ئەگەر توركیا لە زمانی ئاشتەوایی و دیالوگ دوور بكەوێتەوە ئەوا هیواكانی كۆمەڵگە بۆ ئاشتی و چارەسەر كردنی ئاشتییانەی كێشەكان بە با دەچن و بەمجۆرە بە سەدان رووداوی دیكە وەكو رووداوەكەی لیجە روو دەدەن و بەرەی ئاژاوەگێر چەندین كاناڵی دیكە بۆ خۆی دەكاتەوە و هەر رۆژ شانۆیەكی تراژیك پێشكەشی توركیا دەكات.
تەنیا ئەو ئیرادە سیاسییەی پشتی رووداوەكەی لیجە دەتوانێت شك و گومانەكانی كۆمەڵگە سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری لە ناو بەرێت. سیاسی ئیرادە دەتوانێت بە رێگای جۆراوجۆر ئەوە بسەلمێنێت كە ئەم رووداوە هیچ جۆرە كاریگەرییەكی لە سەر قۆناغی چارەسەری نەكردووە. لە ناو بردنی زمانی توندوتێژیی و هەڵوەشاندنەوەی دەرفەتەكانی ئافراندنی ترس و دڵەڕاوكێ لە نێو كۆمەڵگەدا، بۆ حكوومەت كارێكی زەحمەت نییە و حكوومەت زۆر بە ئاسانی دەتوانێت ئەم كارانە جێبەجێ بكات و سوور بوونی خۆی لە سەر قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتەوایی و دیموكراتیزە كردنی توركیا بسەلمێنێت.
سەرچاوە. وەتەن




