لەففەی فیكه
سەلام عەبدوڵڵا
لە دنیای دیموكراتیدا، مرۆڤ دەبێ چاوەڕێی هەموو پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراو یان داهێنانی نوێ بكات، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ من و هەزارانی وەكو من(لەففەی فیكە) خواردنێكی نوێ بوو، دەتوانم بڵێم داهێنانبوو لە بواری خواردەمەنی سەرپێیدا. بە قاچاغ بردنی هەندێ كەرەسەی بە بەهاو تێپەڕاندنی لە كۆنترۆڵ بە سەركەوتنێكی گەورە بۆ قاچاغچییان لە قەڵەمدەدرێ و رەنگە بەوپێیەش ببنە خاوەن سامانێكی خەیاڵی، بەڵام بە قاچاغبردنی فیكە لە نێو سەموونداو بۆ نێو پەرلەمان - گەر فیعلەن بۆ خواردن نەبێ- چ سوودێكی دەگەیاند بە ئەندامانی پەرلەمان؟ كەس تائێستا بە سەموون و فیكە تێربووە؟ یان فیكە لێدەدرێ و پاشان سەموون دەخورێ یان بە پێچەوانەوە. كورد دەڵێ سیر بخۆ و زوڕنا لێبدە.تۆ بڵێی ئەمانیش ویستبێتیان ئەو پەندە بە پراكتیك و لە پەرلەماندا كە (ماڵی شەعبە) جێبەجێبكەن و سەموون بخۆن و فیكە لێبدەن.پرسیارێكە لەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە دەكرێ كە خەریكبوو لەفەی فیكەو سەموون بخۆن.




