كورد لە تاقی كردنەوەكانی پاركی گەزی چۆن دەرچوو؟
عەمبەرین زەمان
لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیمدا حەرەكەتی كوردی بە هۆی ئەوەیەوە كە بەشداری لە خۆپێشاندانەكان نەكرد و خۆی لەو خۆپێشاندانانە بە دوور گرت، رووبەرووی رەخنەی زۆر توندی پارت و رێكخراوە مەدەنییەكانی توركیا بوویەوە. بە تایبەتی دوای لێدوانەكانی هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش كە گوتی: ئێمە وەكو حەرەكەتی كوردی لەگەڵ رەگەزپەرەستەكاندا لە یەك شوێن كۆ نابینەوە، بوونە بە هۆكاری بە با چوونی خەیاڵی ئەو كەس و لایەنە دیموكرات و ئازادیخوازانەی كە لە پاركی گەزی كۆ ببوونەوە. بەڵام ئەم هەڵوێستەی حەرەكەتی كوردی لە بەرامبەر خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزیدا هەر زوو گۆڕانی بە سەردا هات و كاتێك كە رۆحی خۆپێشاندانەكان و ئامانجی خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزی بۆ حەرەكەتی سیاسی كوردی روون بوویەوە، ئەوا حەرەكەتی كوردیش بە خێرایی هەڵوێستی خۆی گۆڕا و ئەندام پەرلەمانەكانی بەدەپە زۆر بە توندی رەخنەیان لە پولیس و بەكار هێنانی هێز لە لایەن پولیسەوە كرد و خاوەنداریەتییان لە داواكارییە دیموكراتیكەكانی خۆپێشاندەرەكان كرد. دواتر كورد و هاووڵاتییە كوردەكانیش بە بەرز كردنەوەی ئاڵا و سەمبۆلەكانی خۆیان لە پێشەوەی خۆپێشاندەرەكان رێزیان بەست و دەستیان بە پشتگیری كردنی خۆپێشاندانەكان كرد و دواتر ئوجەلانیش لە رێگای سەلاحەدین دەمیرتاشەوە سڵاوی خۆی ئاراستەی خۆپێشاندانەكان كرد. ئوجەلان دوای ئەوەی كە خۆپێشاندەرەكانی ئاگادار كردبوویەوە كە نابێت هیچ كەس و لایەنێك زەمینە بە رەگەزپەرەست و ئاژاوە گێڕەكان بدات كە ئاراستەی خۆپێشاندانەكان بگۆڕن و ئەجەندای خۆیان بە سەر خۆپێشاندانەكاندا بسەپێنن، بە شێوەیەكی جیاواز و تایبەتی خۆی سڵاوی خۆیشی ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی توركیا كردبوو. گوتە توندەكانی سەرۆك وەزیری توركیا و هەڵوێستی رەگەزپەرەستە توركەكان بوون بە هۆكاری ئەوەی كە كورد و حەرەكەتی كوردی كونترۆڵی بارودۆخەكە و هەڵوێستە توندەكان بكات كە رۆژ لە دوای رۆژ روویان لە زیاد بوون كردبوو.
دواتر بەرپرسی یەكەمی پەكەكە موراد قەرەیڵان لە لێدوانێكدا رەخنەی زۆر توندی ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی توركیا و سەرۆك وەزیری توركیا رەجەت تەییب ئەردوغان كرد. قەرەیڵان ئاماژەی بەوە كرد كە گەلی كورد بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد لە مەرحەلەی یەكەمی قۆناغی چارەسەریدا هەنگاوی زۆر گرنگ و ئیجابی ناوە بەڵام تا ئێستە دەسەڵاتی سیاسی توركیا هیچ جۆرە هەنگاوێكی نەناوە بۆیە، ماوەی دوو حەفتەیە ئێمە وەكو پەكەكە لە نێو خۆماندا دەستمان بە گفتووگۆیەكی زۆر بەرفراوان و گرنگ كردووە. قەرەیڵان لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە فرۆكە جەنگییەكانی توركیا هەر رۆژ لە سەر ئاسمانی قەندیل دەسووڕنەوە و حكوومەت دەستی بە ئامادەكاری بۆ شەڕێكی بەرفراوان كردووە و لە بەرامبەریشدا پەكەكە مافی بەرگری كردن لە خۆی هەیە و ئەگەر بارودۆخەكە بەمجۆرە بەردەوام بێت ئەوا ئەو ئاگربەستە كە لە مانگی نیساندا راگەیندرابوو كۆتایی پێ دێت.
ئەم لێدوانانەی موراد قەرەیڵان بوون بە هۆكاری ترس و دڵەراوكێ لە ئەنقەرە، بەڵام بەرپرسانی ئەنقەرە سەرەتا نەیاندەویست ئەم ترس و دڵەڕاوكێیە ئاشكرا بكەن. دواتر سەلاحەدین دەمیرتاش لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی حورریەت ئاماژەی بەوە كرد كە خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم كاریگەرییەكی زۆر نەباشیان لە سەر قۆناغی چارەسەری پرسی كورد هەبووە و دەسەڵات هەر هاتووچۆی بە قۆناغە كردووە.
سەلاحەدین دەمیرتاش باسی ئەوەی كرد كە حكوومەت بۆ چارەسەر كردنی ئەو ئاستەنگ و كێشانە كە كەوتوونەتە بەردەم قۆناغی چارەسەری لە رۆژانی داهاتوودا لە یاسای دژە تیرۆر و دۆزەكانی كەجەكەدا دەست بە گۆڕانكاری زۆر گرنگ و ئیجابی دەكات و شوێنی ئوجەلان دەگۆڕێت و ئەو گیراوانەیش كە باری تەندروستییان باش نییە ئازاد دەكرن. رەد نەكردنەوەی ئەم ئیدیعایانە لە لایەن حكوومەتەوە ئەوە دەگەینێت كە لە نێوان حەرەكەتی كوردی و حكوومەتی توركیادا جۆرەیەك پێكهاتن هەیە لە سەر ئەم بابەتانە.
كاتێك كە هەر هەمووی ئەم رووداوانە هەڵدەسەنگێنن، بۆمان روون دەبێتەوە كە حەرەكەتی كوردی لە خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیمدا دەستكەوتێكی زۆر باشی بە دەستەوە هێناوە. كورد توانی بە پێكهێنانی هاوسەنگی لە نێوان خۆپێشاندەرەكان و دەسەڵاتی توركیادا ئاراستەی رووداوەكان و بارودۆخەكە بۆ بەرەژوەندییەكانی خۆی كونترۆڵ بكات و بەمجۆرە كورد دووبارە هێزی خۆی نیشانی دەسەڵاتی توركیا و رای گشتی توركیا دا. دەسەڵات ویستی كورد بۆ لای خۆی رابكێشێت و خۆپێشاندەرەكانیش هەر بەمجۆرە ویستیان كورد بۆ لای خۆیان رابكێشن بەڵام كورد گرنگی نە بە داواكارییەكانی دەسەڵات دا نە بە داواكارییەكانی خۆپێشاندەرەكان بەڵكو تەنیا گرنگی بە ئاشتی و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا و چارەسەر كردنی پرسی كورد دا.
سەرچاوە. تەرەف




