٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هێشتا لە مەرحەلەی یەكەمی قۆناغی چارەسەریدان

سەرچاوە: KDP.info

فواد قایمان

سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان لە كاتی كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكەی خۆی لەگەڵ كۆمیتەی عەقڵمەنداندا رایگەیاند كە  هێشتاكە كۆتایی بە مەرحەلەی یەكەمی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد نەهاتووە و رەنگە تا پائیزی ئەمساڵ مەرحەلەی یەكەم درێژەی هەبێت و هاوینێكی زۆر زەحمەت لە پێشمانەوەیە.
كۆمیتەی عەقڵمەندان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی توركیادا دوایین كۆبوونەوەی خۆی لە رێكەوتی 26ی حوەزیراندا ساز كرد. لە یەكەمین كۆبوونەوەی كۆمیتەی عەقڵمەنداندا ترس، دڵەراوكێ، بێ متمانەیی و دڵگرانی هەبوو. بەڵام لە دوایین كۆبوونەوەدا بۆ قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتەوایی توركیا فكرێكی هاوبەش و هیوایەكی گەش هەبوو. لە كۆبوونەوەكەدا راپۆرتی هەفت ناوچەی جیاجیا خوێندرانەوە و گفتووگۆیان لە بارەیەوە كرا. یەك خاڵی زۆر گرنگی هاوبەش لە نێو راپۆرتی هەر هەفت ناوچەكەدا هەبوو و ئەویش ئەوەیە كە نەهاتنەوەی جەنازە و روو نەدانی شەڕ و توندوتێژی كلیلی سەرەكی چارەسەر كردنی پرسی كورد و سەركەوتنی قۆناغی چارەسەرییە.
ئەم چەند مانگە كە بە بێ شەڕ و هەواڵی مردنی سەرباز و كەسانی دیكە لە توركیا تێپەڕیوە بووەتە هۆكاری زۆرتر بوون و بەهێزتر بوونی هیواكانی چارەسەری و سەرۆكەوتنی پرۆسەی ئاشتەوایی، بەڵام هاوكات بێ متمانەییەكیش لە نێو كۆمەڵگەدا هەبوونی خۆی نیشان دەدات. هیوا و بێ متمانەیی دوو هەستی سەرەكەی كۆمەڵگەن كە پێكەوە گەشەیان كردووە، لە نێو هەستی بێ متمانەییدا ترس و دڵگرانی هەیە، ترس لە دابەش كردن و پارچە كردنی توركیا، فیدراسیون، ناسنامەی توركیایەتی و تەعویز دان بە پەكەكە و ئوجەلان، سیستەمی سەرۆكایەتی و سەركەوتن و سەرنەكەوتنی پارتی داد و گەشە پێدان. خەڵكی رۆژئاوای توركیا  هەرچەند هیوای بە قۆناغی چارەسەری هەبێت بەڵام لە بەرامبەر ئەم خاڵانەدا ترس و دڵەڕاوكێ هەیە. لە بەرامبەریشدا خەڵكی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ ترسی ئەوەیان هەیە كە ئایا قۆناغی چارەسەری پەرتەواز دەكرێت؟ ئاكەپە دەست بە رێفورمی دیموكراتیك دەكات؟ ئایا لە بواری یەكسانی، هاووڵاتی بوون، مافی پەروەردە بە زمانی زگماكی و لاواز كردنی دەسەڵاتی ناوەندی و بەهێزتر كردنی دەسەڵاتە هەرێمییەكاندا ئاكەپە دەتوانێت هەنگاوی گرنگ بنێت؟ ئایا ئاكەپە دەتوانێت درێژە بە هەوڵەكانی بۆ ئامادە كردنی دەستوورێكی نوێ دیموكراتیك بدات؟
هەستی گەش بوونی هیوایش هەستێكە كە لە سەرانسەری توركیادا بە شێوەیەكی یەكسانە گەشەی كردووە. كۆمەڵگە زۆر بە ئازادانە دەتوانێت لە هەر شوێنێكدا باس لە سەر كێشەیەك بكات و چۆنیەتی چارەسەر كردنی كێشەكە بنرخێنێت. كۆمەڵگە و پێكهاتە جیاجیاكانی كۆمەڵگە چەندە لە سەر ئەم كێشەیە و چۆنیەتی چارەسەر كردنی گفتووگۆ بكات ئەوا هەر ئەوندە نزیكی یەكتر دەبنەوە و هەست بە هەبوونی یەكتر و داواكاری و بیروڕای یەكتر دەكەن و ئەمەیش بۆ توركیا زۆر زۆر گرنگتر لەوەیە كە ئێمە بیری لێ دەكەینەوە.
لە لایەكی دیكەوە كۆمەڵگە هەستی بەوە كردووە كە چەك و قۆناغی چەكداریش شوێنی خۆی بە قۆناغی بێدەنگ كردنی چەكەكان و ئاگربەستی هەمیشەیی داوە و ئەمەیش هاندەرێكە بۆ بەرز بوونەوەی ورەی كۆمەڵگە. چوونكە كۆتایی هاتن بە چەك و قۆناغی چەكداری و شەڕ، دەبێتە هۆكاری كردنەوەی رێگا یاساییەكان و بەمجۆرەیش رێكخراو و دامەزراوە مەدەنییەكانی دیكەیش دەتوانن هاوكاری و پشتگیری لە قۆناغەكە بكەن و بەمجۆرەیش سیاسەت و دانووستان وردە وردە شوێنی چەك و شەڕی چەكداری دەگرنەوە.
بە پێ راپۆرتی هەفت ناوچەی جیاجیای توركیا كە لە لایەن كۆمیتەی عەقڵمەندانەوە ئامادە كراوە، مەرحەلەی یەكەمی قۆناغی چارەسەری مەرحەلەیەك بووە كە هیوا و بێ متمانەیی لە نێو كۆمەڵگەدا پێكەوە گەشەیان كردووە. ئەمرۆیش دەتوانین بڵێن كە ئەنجامەكانی مەرحەلەی یەكەم ئەوەن كە هەر كەس دەزانێت لە توركیا كۆتایی بە سەردەمی چەك و شەڕی چەكداری هاتووە و بۆ قۆناغی چارەسەری دەست بە واز هێنان لە شەڕ و دەست پێكردنی سیاسەت و گفتووگۆ كراوە.
لە ئەنجامی ئەم گفتووگۆیانەدا تا ئێستە چەندین هەنگاوی گرنگ و ئیجابی نراون و دەست بە ئامادەكاری بۆ دەست پێ كردنی مەرحەلەی دووەم كراوە و داواكاری هەرە سەرەكەی رای گشتیش لە مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری دەستوورێكی نوێ مەدەنی و سەردەمییانەیە. هاوكات حكوومەتیش هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كە پەكەكە هەر هەمووی هێزەكانی خۆی لە توركیا دەربخات و لە پەرلەمانیش دەست بە گفتووگۆ كردنی لە سەر چەندین پاكێجی دیكەی رێفۆرم بكات، هاوینێكی زۆر گەرم چاوەروانی توركیایە و لەگەڵ كۆتایی هاتنی هاویندا بەرهەمی هەوڵدانەكانیش دەردەكەوێت.


سەرچاوە: میللیەت








 

هەواڵی پەیوەندیدار